سەرەکی » ئابووری » سێكتەری بازرگانیی هەرێم لە بەرەوپێشچووندایە

سێكتەری بازرگانیی هەرێم لە بەرەوپێشچووندایە

راپۆرتی: فەتاح حەسەن قەڵاتی

لەئێستادا هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەش‌و قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێت‌و قەیرانی دارایی بەرەو كۆتایی دەچێت‌و شەڕی داعش كۆتایی پێ هاتووەو رەوشی بازرگانی هەرێمیش لەبەرەو پێشچووندایە، بەمەش رۆژانەش كۆمپانیا بیانیەكان روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن‌و دەیانەوێت كاری وەبەرهێنان لەناوچەكەمان ئەنجام بدەن.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی
ئەیاد حەسەن سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی دهۆك، بەكوردستانی نوێی راگەیاند، هەرێمی كوردستان ماوەی چوار ساڵی قەیرانی سەختی ئابووریی تێپەڕاندو كۆتایی هات، هەردوو حكومەتی هەرێم‌و عیراقیش توانیان بگەنە رێكەوتنێكی گونجاو بۆ چارەسەری كێشە دارایی‌و ئابوورییەكانی نێوانیان، ئەمەش وایكردووە كە كاریگەریەكی راستەوخۆی لەسەر رەوشی بازرگانی‌و ژیانی هاووڵاتیان هەبێت، لەهەمان كاتیش ئەم رێكەوتنە هۆكارێكە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابوورییەكانی نێوان هەردوولادا.
وتیشی: «ئێستا پەیوەندییە ئابووری‌و بازرگانیەكانی نێوان هەرێم‌و توركیا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایكردووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا خێراتر بێت‌و گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، هەردوولاشمان پێویستیمان بە یەكتر هەیە، بۆیە دەبێت هەموو ئەو گرفت‌و ئاستەنگانە لابەرین كە دێنە بەردەم بەرەوپێشچوونی رەوشی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا».

هەڵكەوتەی جوگرافی توركیا
باسی لەوەشكرد، وەكو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی دهۆك ستراتیژو پلانی داهاتوومان بریتییە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی عیراق لەلایەك‌و توركیا لەلایەكی ترەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەبەرنامەماندایە كە وەفدێكی بازرگانی هەرێم سەردانی توركیا بكات بۆ ئەوەی لەنزیكەوە بتوانین هەموو ئەو كێشەو گرفتانە چارەسەر بكەین كە دێنە بەردەممان، هاوكات بۆ ئەمساڵ لەهەوڵداین كە كۆنفرانسێكی بازرگانی فراوان لەهەولێر ئەنجام بدەین.
ئەوەشی خستەڕوو، هەڵكەوتەی جوگرافی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو لەڕووی بازرگانی‌و ئابوورییەوە ناوچەكەمان بەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا دەبەستێتەوە، لەهەمان كاتیشدا لەڕووی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و بازرگانی‌و گەشتوگوزارەوە گرنگی زۆری هەیە، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەین پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابوورییەكانمان بەرەو پێشبەرین.
راشیگەیاند، لەهەوڵداین كە كۆمەڵگایەكی گەورەی پیشەسازی لەسنووری پارێزگای دهۆك دابمەزرێنین بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمی پیشەسازی خۆماڵی خۆمان زیاد بكەین‌و پەرەی پێ بدەین، هاوكات بتوانین بەرهەمی كشتوكاڵی خۆماڵی زیاد بكەین‌و وەكو كەرەستەی خاوی كشتوكاڵی خۆماڵی پشتی پێ ببەستین لەبواری وەبەرهێنانی پیشەسازیدا، ئەمەش وادەكات كە لەداهاتوو پشت بەخۆمان ببەستین‌و بەرهەمی پیشەسازی خۆراكی خۆماڵی بێتە بەرهەمهێنان، هەروەها كاریش بۆ ئەوە دەكەین كە چوارچێوەی كارو چالاكییەكانی ژوورەكەمان فراوانتر بكەین بۆ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەیەكمان ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردووە.
ئاماژەشی بەوەكرد، تەنیا لەسنووری پارێزگای دهۆك، نزیكەی (700) كۆمپانیای بازرگانی‌و (800) كارگەی پیشەسازی جۆراو جۆر هەیە كە كاری بەرهەمهێنانی خۆراك‌و هاوردەكردنی خۆراك‌و كاڵای بازرگانی دەكەن، هەروەها نزیكەی (12) هەزار بازرگان‌و خاوەن كاری بازرگانی لەسنوری ژووری بازرگانیەكەمان تۆمار كراون.

بەرەو ئاسۆیەكی گەش‌
لای خۆیەوە، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی، پێی راگەیاندین، هەمیشە لەهەوڵداین بۆ بەرەو پێشبردنی هەردوو سێكتەری بازرگانی‌و پیشەسازی لە سنووری پارێزگاكەمان، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لەكۆبوونەوەكانماندا چەندین رێنمایی پێویستمان دەركردووە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی پیشەسازی‌و ئاسانكاری كردن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەی پیشەسازی‌و دامەزراندنی كارگەی تازەو رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان، هەوڵیشمان داوە بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە بكەین كە دەیانەوێت كارگەی تازە دابمەزرێنن‌و زەوی پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
وتیشی: «ئێستا هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەش‌و قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێت‌و قەیرانی دارایی بەكۆتایی دێت‌و شەڕی داعش كۆتایی پێهاتووە، بۆیە رۆژانە كۆمپانیا بیانیەكان روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن‌و دەیانەوێت كاری وەبەرهێنان لەناوچەكەمان ئەنجام بدەن، بۆیە پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین سەرمایەو داهاتی ئابووری هەرێم نەڕواتە دەرەوەو هەمووی لەڕێگەی سەرمایەگوزاری‌و وەبەرهێنانی ناوخۆ سوودی لێ وەربگیرێت‌و ژێرخانی ئابووریی وڵاتەكەمان ببوژێنینەوەو هەموو سێكتەرەكانی كشتوكاڵ‌و ئاوەدانكردنەوەو رێگاوبان‌و پیشەسازی‌و گەشتوگوزارو پەروەردەو تەندروستی‌و بانكی بەرەو پێشەوە بەرین».

(13) هەزار خانووی پلاستیكی
باسی لەوەشكرد، بازاڕی عیراق‌و هەرێم دەروازەیەكی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی لەناوچەكە، هەموو وڵاتانی دەوروبەرو ناوچەكە چاویان بڕیوەتە خێرو بێری ئەم بازاڕە، بۆیە پێویستە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان ئەم بازاڕە بەلای خۆماندا راكێشین‌و سوود لە خێرو بێرەكانی وەربگرین‌و بتوانین لەم رێگەیەوە هەموو سێكتەرە ئابوورییەكانمان بەرەو پێشەوە بەرین. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە وەكو ژوورە بازرگانیەكەمان پەیوەندی بازرگانی‌و پیشەسازیمان لەگەڵ زۆربەی ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی دەوروبەرو ناوچەكە لەئاستێكی باشدایە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ، لەماوەی رابردوودا رووپێوێكی فراوانمان بۆ هەریەك لەخانووە پلاستیكیەكان‌و پڕۆژە پەلەوەریەكان ئەنجامدا كە خۆی لەنزیكەی (13) هەزار خانووی پلاستیكی دەبینێتەوە، لەم رووپێوانەماندا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە بەرهەمی كشتوكاڵی خانووە پلاستیكیەكان‌و پڕۆژە پەلەوەریەكان چەندەو خواستی ناوخۆ لەسەر ئەم بەرهەمانە چەندەو چەندیشی پێویستە رەوانەی بەشەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق بكرێت، بڕیاریشوایە هەموو ئەو راسپاردەو پێشنیارانە ئاراستەی حكومەتی هەرێم‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ ئەوەی كاری پێویستی لەسەر بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرهەمی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی لە كوردستان زیادی کردووە

یەکەی ئابووری كەرتی كشتوكاڵی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بارانێكی زۆر ...