سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » برا… نەڕۆۆۆپەڕە 18

لە یەکەمین ساڵیادی کاکە خەسرەوی برامدا

برا… نەڕۆۆۆ

ئەنوەری رەشی عەوڵا

ئەگەر تۆ بڕۆی.. ناحەوێمەوە
هەتا دەگەڕێیتەوە، دەبێ وەک توتکێکی تاک و تەنها
لەبەردەم داڵانی چاوەڕوانیدا، هەر قروسکەم بێ
چون لەگەڵ ژیانێکدا، رانەهاتووم، تۆی تیا نەبیت.
ئەگەر تۆ بڕۆی.. لەم ژاوەژاو و قەرەباڵغییە خەمهێنەی دنیادا
چەنێ لە
تەنیایی، تەنیاترم.
کە دەتزانی ئەوەنە چاو لە دواتم
نەدەبوو بڕۆی.
ئاخر تۆ، کوڕی ئاسمان… ملی رێت گرتەبەر، و ئیتر ئاوڕێکیشت نەدایەوە
توو ئەسحابە، پێمناڵێی تۆ بۆ کوێ سەری خۆتت هەڵگرت..؟
یان ئەو رۆیشتنەت، ئەوەی دەهێنا،
ئەو هەموو دڵانە لە بێخەوە بلەرزێنی کە تۆیان خۆش دەویست…؟
تۆ نەدەبوو بەدوای بەختخوێنێکی فریودەردا بڕۆی.. ئازیز.
من هەندێ فڕ و فێڵی ئەو دەجالە دەناسمەوە: لەو کاتانەدا دێ، هیچ پێویستیەکت پێی نییە
کەچی وەک ئاگری قورەت لێت پەیا دەبێ و زۆر خاکەڕا و لە خۆباییانە پێتدەڵێ: دەنکێک لە گوڵەگەنمی روحتم پێببەخشە،
من دەغڵێک لە فیردەوسی جاویدانی
لە رەنگی خەونە بەباچووەکانی
ژیانێکی سەرمەدییت، پێدەبەخشمەوە.
ئەوەی لەگەڵی چووبێ نەگەڕاوەتەوە.
دەی ئەو راوگەیەی ئەو دەینێتەوە، چی بیت، هەر پێوەی دەبی
دەی ئەو لێزانییەی ئەو
ئەگەر بۆ گیانی تۆ رەها بوونێک بێ، لە عەزابی دونیا
من بە دڵ تەمەننای ئەو ئازاد بوونە رۆحیەت بۆ دەکەم، ئازیزم.
دەی کە مەرگ، دوا سرەوتن بێ
دەیسا پێمبڵێن.. بۆچی لە دوای هەر لێکدابڕانێک، ئەم هەموو دڵانە دەشکێن و
خوێنی حەسرەت دەدەڵێننەوە..؟
مەرگی هیچ ئازیزێکت لە مەرگی ئەوی تریان ناچێ
هەریەکەیانت بە جۆرێ لێ بزر دەکا.
زوخاوی هەریەکەیانت بە جیا پێدەنۆشێ.
من هیچ ناڵێم!
تۆ بڕوانە، لە دوای رۆیشتنە بێگەڕانەوەکەت
ئیتر ئەستێرەکانی کەشکەشان ناتوانن پەپوولە کریستاڵییەکانی جاری جاران بن
چۆنت بۆ بڵێم… بەگیانت قەستەم،
چقڵ و چەقۆی ئەڵماسی و وردە شووشەی شکاون، بەسەر دڵما هاڕڕڕە ئەکەن
دەی کە هەموو ئازای بەیەنم خەڵتانی خوێن بێ
لەو خوێنرۆیینە روحییەدا
بڕوا ناکەم باران، چیتر میلۆدییەک بێ، لە ترپە ترپی دڵی خودایەکەوە هاتبێ
وردە بزماری کەوش و دڕکەزین، بێپەروا دەمگەزن
بێڕەحمانە
بە نەرمایتریین، پەڕەی رۆحمدا، دادەچەقێن.
لە وەحشەتێکی ئاوادا، بە چ زمانێک لەگەڵ مەرگدا بدوێم..؟
بە راست مەرگ بە چ زمانێک دەدوێ..؟
بە زمانی بەرد…؟
ئەی بۆ، بەرد بە بەردی خۆیەوە
باران بە تەڕی خۆیەوە
باڵندە بەوپەڕی خۆشخوانیی خۆیەوە
لە دواجاردا رەدووی دەکەون..؟
گەر مردن رەنگ چونەوەی گشت رەنگەکان بێ
مردن دوا وەستانی هەموو جوڵەکان بێ
ئەو هەموو بونیایەمانە، چەنێ لەگەڵی ناجسنییەکانیشیدا بەشەڕ دێن
کەچی هەر و هەر رەدووی دەکەون و رەدووی دەکەون..؟
دەی.. هەر ئەم هەقیقەتە تاڵەی،
تازەیی و کۆنیی بۆ نیە و بەس تام چێژی خۆی بە رەسمی دەناسێ
شێت و وێتی کردوومەتەوە.
توانای ئەوەم نیە، هەموو شتێکت بۆ بدرکێنم بە کورتی و کوردی
برام تۆ نەدەبوو رەدووی کەوی
بۆ خاتری خوا
تۆ نەدەبوو، ئاوا کڵاو بچێتە سەرت و
فریووی بخۆیت.
ئەوەم لێدیویت، لە زۆر لالەزاری ئازارەکانی زیندەگیتدا،
بێ هیچ لاف و گەزاف لێدانێک
بە کردەوە..
لە بادی سەبادا، هەناسەت هەڵمژیووە، ژیانی خۆتت کردووە
مەسەلەن.. زەردەخەنەی کیژێکی کۆڵانەکەمان بەس بووە،
لە خۆشیدا دڵت قریووەی بێ
ئەو لەحزەیەی، بە لەونێکی تر
گوێت لە هەناسە و ئاوازی ژیان بوبێتەوە.
خۆت بیڵێ خەسرەو گیان
تۆ لە کوێ، گاڵتەت بە ئەتواری مردن نەهاتووە..؟
کەچی ئێستا، خۆش… خۆش
نەک بەدوایدا دەڕۆی
خۆتت، بە بنجی هەبوونایەتی خۆتەوە، دایە دەستی!
بەهەرحاڵ، گەردنت خۆش و ئازاد بێ
بەڵام نازانم بۆ، تاک و تەنها
من وێڵی تونێلێکی تری، مەرگێکی ناکەسبەچە دەکەی..؟
سەرم لەگەڵ سەری نەعلەتیەکی ئاودا گیرببێ،
کە هیچ، حەزم بە چارەی چاوی نییە.
دەبێ بێ ئیختیاری خۆت، بە ناویا هەڵبێیتەوە، هەتا بگەیتە جێیەک.
کە ناگەیت.
باشە ئەوا گەیشتیشمە جێیەکیش!
بە چ زمانێک بیدوێنم..؟
ئەو غەوارەیە غەریبە… هەرجارە و بە زمانێک دەدوێ
ئەو غەوارەیە، کۆن و تازەی نییە
هەرجارەو بە جۆرێکی جیاواز زامارت دەکا
ئەو غەوارەیە
هەرجارە و بە جۆرێکی جانانەتر دەتفریوێنێ
گومڕات دەکا.
دەی ئەوا بینیم
چی بە مردن بڵێم..؟
بۆ مەرگ گوێ لە قسەی کەس دەگرێ..؟
ئاخ ئەگەر مەرگ.. جارێک گوێی لێم بگرتایە
هیچ گفتوگۆیەم لەگەڵدا نەدەکرد
وەک تەڕە عەشایەرێک
پەڕ و بێخی حەیسیەت،
حەیاو شەرەفم پێوە نەدەهێشت
جارێ حەسرەتی هەموو ئەو دڵە جوانانەم دەدایەوە بە چاویدا
لە ئەزەلەوە
لە سەردابەکانیدا،
نامورادانە بە خاچەکانی ئەوەوە بوون.
خەجاڵەت و شەرمەزارم دەکرد بەوەی
ئەم خۆ نواندنانەت، کە ئەدا دەکەی؟
لە شەهامەتی روحی تۆ دەوەشێتەوە
کامیان بیت
شکاندنی شکۆ
یان…
شکۆفەپێکردنەوەی ژیان ..؟
خۆم دەردی خۆم باش دەزانم،
ئەم هەناسە ساردییەی من،
بۆ ئەو ناجسنە، بێ ئەسڵ و فەسڵە
هیچ جێیەک ناگرێ.
هەزار ئاخ و داخ… گەر دەمم پێی رادەگەیشت،
نا بڕوات بێ، پیایدا هەڵنەدەشاخام
تەنها دەمگووت:
کابرا تۆ بۆ جارێکیش بێ، شەرم و حەیا بتگرێ
ناکەس بەچە، تۆی
هەتیوو مچە، تۆی
وەرە کابرا.. پریاسکەکەت هەر لە پڕیی بێ و،
کەچی
ئەو چاڵە قووڵەی دەروونتی پێ پڕ نەبێتەوە
وەک بڵێی ئەو سیخناخ بوون نازانێ چییە..؟
وەک تێر نەخۆرە بانگی کردبێت
ئەو تەرەسی کارخانەچییە
ورگی… پڕ نابێ و پڕ نابێ
لەو نەوعانەیە
هەتا پڕ تر بێ
بەتاڵتر دەبێ…!
تۆ چەند جوان بوویت، براکەم
لە هەموو دنیا تووڕە ببوویتایە
لەگەڵ مندا لێبووردە بوویت
ئا.. تۆ زۆر لێبووردە بوویت
لەسەرە گێژییەکانم
لە بێدەنگییەکانیشم دەبوورایت
هەتا مردن سوپاس
لە گوێگرتنت، بۆ دنیا پڕ وەسوەسەکانی من،
ئاخر.. لەم دنیا بێ ئەدەبەدا
زۆر خراپ
ئاغر، بەئەدەب و بە لوتف بوویت
دوای ئەو دڵبڵندی و
روحە باڵایەی تۆ
بەو هەموو برینانەی نێو رۆحمەوە،
لەبەرامبەر ئەو مردوخانەیەدا، تاک و تەنها چیبکەم…؟
من چیم لە دەست دێ..؟
ئاخر ئازیزەکەی دڵ
خوداکەی غەریبی من، تۆ نەدەبوو ئاوا بێباکانە، ملی رێ بگریت و
بێ ئاوڕدانەوە،
بڕۆی و
بڕۆی و
بڕۆی و
ئەشێ تۆش لە دۆخێکدابووبی،
هەقی خۆت بێ
گوێ بە قسەی هیچ کەس و ناکەسێ نەدەیت!
ماڵوێران خۆم
چ وەحشەتێک بێ
هیچ خودایەک گوێ نەگرێ
مردن بە مردنی خۆیەوە، گوێ نەگرێ
تۆش بە جۆرێک خوڵقی ئەوان بگریت و
ئامادە نەبی، گوێم لێبگریت و هەروا سووک و ئاسان بڕۆی!
براکەم، ئەی گوڵەگەنمی روحی من
دەبوو بە نەسیمێکی دیکەی هەناسەم
بشەکێیتەوە
نەک
بە رۆیشتنت بشکێیتەوە.
برا… نە ئاوا ناوادە
ئاوا بێخەیاڵانە، نەڕۆۆۆۆ
برا نەڕۆ
دەستم دامێنت… نەڕۆ
« خەبەر بەرن بۆ خزمانم
ئاگر بەربووە لە خەرمانم «

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*