سەرەکی » مانشێت » قوبادی مام جه‌لال تاڵه‌بانی: به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی ئاسایی

قوبادی مام جه‌لال تاڵه‌بانی: به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی ئاسایی

قوبادی مام جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌باره‌ی پێویستیی به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی ئاسایی (ی.ن.ك)ه‌وه‌، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
یه‌كێتییه‌ دڵسۆز و دڵگران و خه‌مخۆره‌كان..
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیانلێكه‌وتوانی كیمیابارانكردن، ئه‌ندامانی پێشمه‌رگه‌و رێكخستنه‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتی
كه‌م ئه‌ندامی سه‌نگه‌رو زیندانه‌ سیاسییه‌كانی یه‌كێتی
كادرو ئه‌ندام و لایه‌نگران و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و ڕاگه‌یاندنكاران و دڵسۆزانی ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال..
هه‌ڤاڵانی ئازیز..
سڵاوێكی مام جه‌لالانه‌تان لێبێت..
شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كێتیه‌كه‌مان له‌ دۆخێكی سه‌خت و دژوارو ناله‌باردایه‌، رووبه‌رووی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی گه‌وره‌ی ده‌ره‌كی و نێوخۆی و نێوخودیش بوینه‌ته‌وه‌. له‌به‌رده‌م خواست و نیگه‌رانی زۆرینه‌ی كادر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانداین. به‌ڵێ‌، ئێستا رووبه‌رووی گله‌یی زۆری‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان به‌تایبه‌ت، بووینه‌ته‌وه‌.
له‌ غیابی هه‌ڤاڵی دڵسۆزتان و رابه‌ری گه‌وره‌مان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، یه‌كێتی تووشی نه‌خۆشی چاوه‌ڕوانكراو بوو. له‌ غیابی مام، كوردستان و عێراق دووچاری كێشه‌و شه‌ڕ و مه‌ترسی گه‌وره‌ بووه‌، مه‌ترسییه‌كی‌ وا گه‌وره‌ كه‌ به‌ بێ یه‌كێتیه‌كی یه‌كڕیز و یه‌كده‌نگ و به‌هێز، له‌وانه‌یه‌ كوردستان به‌رگه‌ی نه‌گرێت، چونكه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌مانێك یه‌كێتیی‌ ناو ڕیزه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌ بۆته‌ ڕێچكه‌ی‌ یه‌كێتیی‌ ڕیزه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان، هه‌میشه‌ یه‌كێتی بۆته‌ باڵانسی هێزی دیموكراسی و ئاشته‌وایی بۆ گه‌له‌كه‌مان.
بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كی و نێوخۆییانه‌دا و خه‌بات بكات له‌ پێناوی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی كوردستان و ده‌ربازكردنی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ نه‌خوازراوه‌دا، كاتی هاتووه‌ یه‌كێتی دڵسۆزانه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خۆی بكات، به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و ده‌ست بخاته‌ سه‌ر برینه‌كانی‌ و چاره‌سه‌ری‌ بۆ بدۆزێته‌وه‌، دان به‌ هه‌ڵه‌كانیدا بنێت و خۆی ئاماده‌ بكات بۆ قۆناغی نوێی خه‌باتی سیاسی له‌ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌مان.
دڵسۆزانی یه‌كێتی له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا چه‌ندین پێشنیاز و داواكاریان پێشكه‌ش كردوه‌ بۆ چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردنی حزبه‌كه‌یان، به‌ڵام به‌شێكی زۆری ئه‌م پێشنیازانه‌ په‌رده‌پۆشكردنه‌ له‌و كێشه‌ جه‌وهه‌ریانه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌وه‌ یه‌كێتیه‌كه‌مانی پوكاندۆته‌وه‌، به‌ ئاڵوگۆركردنی چه‌ند ده‌موچاوێك، به‌مشێوه‌یه‌ له‌م كات وساته‌دا هیچ له‌ هیچ ناگۆڕێت، نه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ متمانه‌ی كادیران و ئه‌ندامان و تێكۆشه‌ره‌كانمان ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌، نه‌ یه‌كێتیه‌ برینداره‌كه‌مان باشتر ئاماده‌ ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو.
تاكه‌ هه‌نگاو كه‌ یه‌كێتیه‌كه‌مان ده‌خاته‌ سه‌ر ڕێچكه‌یه‌كی دروست و ته‌ندروست، به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی ئاساییه‌. كۆنگره‌یه‌ك كه‌ وه‌ك دروشمه‌كه‌ی‌ مام «یه‌كێتیی‌ ناو ڕیزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌» بپارێزێت، نه‌ك ته‌نها له‌ پێناو گۆڕینی ده‌موچاوی‌ ئه‌م ٥٠ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌ به‌رێزه‌ی ئێستا به‌ ٥٠ ده‌موچاوی نوێ، نه‌خێر، ده‌بێت كۆنگره‌یه‌ك بێت له‌ پێناوی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری به‌ هه‌یكه‌لیه‌ت و شێوازی كاركردن و بڕیاردان و په‌یڕه‌و و كارنامه‌ی حزبه‌كه‌مان، ئینجا ببێته‌ هۆكارێك بۆ ده‌رفه‌تدان به‌ كادر و ئه‌ندامه‌ دڵسۆز و پسپۆڕ و سه‌رده‌میه‌كانی حزبه‌كه‌مان تا بێنه‌ پێشه‌وه‌ و شانبه‌شانی تێكۆشه‌ره‌كان ڕۆڵیان هه‌بێت له‌ هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

هه‌ڤاڵانی‌ تێكۆشه‌ر و پابه‌ندبووان به‌ ڕێبازه‌كه‌ی‌ مام..
كۆنگره‌یه‌كمان ناوێت بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و یه‌كتر سڕینه‌وه‌، كۆنگره‌یه‌كمان ده‌وێت كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ببنه‌ هۆكاری به‌هێزبوونی یه‌كێتیه‌كه‌مان، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌سازی ده‌وێت. ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ شپرزه‌یی و به‌ نیه‌تی كوده‌تا بمانباته‌ ناو كۆنگره‌، ئه‌وه‌ له‌ ڕاستیدا ده‌یه‌وێت به‌ لێكترازان و شپرزه‌یی، لێی ده‌رچین و كۆنگره‌ش بكه‌نه‌ مه‌یدانی ململانێی كه‌سیه‌تی و مینبه‌رێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌ته‌كانیان.
له‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌بێت له‌ خۆمان بپرسینه‌وه‌، یه‌كێتی بۆچی؟ روونی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كێتین؟ ته‌نها له‌به‌ر رابردووه‌كه‌ی؟ یان له‌به‌ر روئیاكه‌ی بۆ ئاینده‌؟ كاتی هاتووه‌ ڕێز له‌ رابردووه‌ پڕ سه‌روه‌ری‌ و قاره‌مانیه‌تی یه‌كێتییه‌كه‌مان بگرین و هاوكاتیش خه‌بات بكه‌ین بۆ دووباره‌ ناساندنه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ پابەندبوون به‌ پرەنسیپه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان كه‌ یه‌كێتی له‌ پێناویدا دروست بوو، به‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكردنی روئیایه‌ك بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌داو مه‌ترسیه‌كانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌كه‌مان.
با چیتر یه‌كتر نه‌شكێنین، واز له‌تۆمه‌تی‌ بێ‌ بنه‌ما بهێنین، چیتر درۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتریش نه‌كه‌ین، سه‌رنجی‌ كامێراكان ڕانه‌كێشین و وێنه‌ی چه‌واشه‌كاری له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بگرین تا وا له‌ كادیره‌كانمانی بگه‌یه‌نین كه‌ كێشه‌مان نیه‌ و هه‌موو شتێك ئاساییه‌، ئه‌ندام و كادیره‌كانمان زۆر له‌وه‌ وریاترن، ئه‌وه‌ ئه‌وانن قۆناغ به‌ قۆناغ ده‌رفه‌تی‌ زیاتریان به‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ ناو یه‌كێتی، ئه‌ندام و كادیر و لایه‌نگری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌موكورتیه‌كانی حزبه‌كه‌مان په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن و ماڵ به‌ ماڵ، گه‌ڕه‌ك به‌ گه‌ڕه‌ك، ناحیه‌ به‌ ناحیه‌ و قه‌زا به‌ قه‌زا و پارێزگا به‌ پارێزگا ده‌گه‌ڕێن و ده‌نگ بۆ یه‌كێتی كۆده‌كه‌نه‌وه‌. سنگیان ده‌ده‌نه‌ به‌ر گوله‌ی دوژمنه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، جنێو و قسه‌ نه‌شیاوه‌كانی سۆشیال میدیایان پێ ده‌وترێت، هه‌مووشی له‌ پێناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌.
بۆیه‌ لێره‌وه‌، وه‌ك هه‌ڤاڵێكی دڵسۆزتان، وه‌ك یه‌كێتیه‌كی به‌وه‌فا، وه‌ك پارێزه‌رێك له‌ رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی باوكم، داوا له‌ سه‌رجه‌م ئۆرگان و دام و ده‌زگاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌م، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌م سه‌ركرده‌ یان ئه‌و سه‌ركرده‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌م باڵ، یان ئه‌و باڵ، یان هیچ ماڵێك، به‌ڵكو له‌به‌ر خاتری ئه‌و كادیر و ئه‌ندام و تێكۆشه‌رانه‌ی یه‌كێتی، به‌ فه‌رمی و به‌ ده‌نگی دلێره‌وه‌، داوای به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی ئاسایی‌ بكه‌ین، فشار بكه‌ین كه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ تاوه‌كو كۆتایی مانگی یه‌ك (كانونی دووەم) ببه‌سترێت، داوا بكه‌ن چیتر به‌ ناو و هه‌وڵی جیا جیا‌وه‌ رێگری له‌ نوێكردنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌مان و په‌یمان و روئیای حزبه‌كه‌مان نه‌گیرێت، با داوای به‌ستنی كۆنگره‌ی ئاسایی بكه‌ین تاكو به‌ ده‌نگێكی زوڵاڵ بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی ئاشكرا بكه‌ین، كه‌ «یه‌كێتی بۆ ئاشتی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی چاره‌ی خۆنووسین و دادپه‌روه‌ری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی و بۆ درێژه‌پێدانی رێبازه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، له‌ خزمه‌تتاندا ده‌بێت».
به‌ وته‌یه‌كی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كۆتایی به‌م نوسراوه‌م ده‌هێنم، كه‌ فه‌رموی « پێمخۆشه‌ شتێكی كه‌ش بڵێم، ڕوم بكه‌مه‌ ئه‌ندام و كادیره‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ به‌و جۆش و خرۆشه‌ی ئێسته‌وه‌ هه‌ڵمه‌ت به‌رن به‌ره‌و كۆنگرێسی داهاتوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌و جۆش و خرۆشه‌وه‌ خه‌بات بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی كۆنگرێسی داهاتوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگرێسی پته‌وكردن و چه‌سپاندنی یه‌كێتیی ناو یه‌كێتی بێت، هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردایه‌تی شایسته‌ی یه‌كێتیی بێت و خوێنێكی نوێ بكرێته‌ له‌شی یه‌كێتیه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ ژنان، گه‌نجان سه‌ربخرێن به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تی».

به‌ره‌و رۆژێكی نوێ و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش، به‌ره‌و رووناكیی یه‌كێتی.
دروود بۆ گیانی پاكی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان.
هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتوو بن

دڵسۆزتان
قوبادی مام جه‌لال تاڵه‌بانی

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*