سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » حه‌سه‌ن بارام: ده‌بێت حه‌شدی‌ توركمانی‌ له‌ شاره‌كه‌ دووربخرێته‌وه‌ و قه‌ره‌بووی‌ زیانلێكه‌وتووان بكرێته‌وه‌

دۆخی‌ خورماتوو چۆن ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌؟

حه‌سه‌ن بارام: ده‌بێت حه‌شدی‌ توركمانی‌ له‌ شاره‌كه‌ دووربخرێته‌وه‌ و قه‌ره‌بووی‌ زیانلێكه‌وتووان بكرێته‌وه‌

دیداری، یادگار عه‌لی‌

دوای‌ زیاتر له‌ مانگێك به‌سه‌ر ئه‌و پیلانگێڕییه‌ی‌ به‌رامبه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و عیراق كرا، جیاواز له‌ ناوچه‌كانی‌ تر، تائێستا بارودۆخی‌ سیاسی و ئه‌منیی‌ قه‌زای‌ خورماتوو ئاسایی‌ نه‌بۆته‌وه‌ و هیچ ئاسۆیه‌كیش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ژیان له‌و قه‌زایه‌ نابینرێت.
به‌مه‌به‌ستی‌ زانینی‌ دوا پێشهاته‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كانی‌ قه‌زاكه‌، بارودۆخی‌ ئاواره‌كان و چاره‌سه‌ره‌ بنچینه‌ییه‌كان بۆ دۆخی‌ خراپی‌ سیاسی و ئه‌منیی‌ خورماتوو، (كوردستانی‌ نوێ‌) ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی‌ له‌گه‌ڵ (حه‌سه‌ن بارام) جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ حه‌مرینی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ئه‌نجامداوه‌.

دوو جه‌وله‌ی‌ شه‌ڕی‌ خوێناوی‌
له‌باره‌ی‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی و سیاسیی‌ قه‌زای‌ خورماتوو له‌ پێش پیلانگێڕی‌ 16 ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌و وتی‌: دوای‌ ساڵی‌ (2014)، رێكخراوی‌ تیرۆریستیی‌ داعش وه‌ك زۆرێك له‌ ناوچه‌كان، په‌لاماری‌ قه‌زای‌ خورماتووی‌ دا و به‌شێك له‌ ناوچه‌كه‌ی‌ داگیركرد، به‌شه‌كه‌ی‌ تریشی‌ كه‌ سه‌نته‌ری‌ قه‌زاكه‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تر بوون، به‌هیمه‌تی هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان و خۆبه‌خشه‌كان له‌ په‌لاماری‌ داعش پارێزران و تا مانگی‌ ئابی‌ (2014) خورماتوو له‌ ده‌ستی‌ كورددا بوو، پێشمه‌رگه‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌ پارێزگاری‌ له‌ كورد، عه‌ره‌ب و توركمان كرد. له‌ دوای‌ ئه‌و مێژووه‌وه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی و له‌نێویشیدا حه‌شدی‌ توركمانیی‌ دروستكرا، ئه‌م گروپه‌ سه‌ربازییه‌ له‌سه‌ره‌تادا ده‌ستیانكرد به‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوان و ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر عه‌ره‌به‌ سووننه‌كان و هه‌رچی‌ له‌ده‌ستیانهات له‌ رفاندن، تیرۆر كردن، سووتاندنی‌ ماڵ و دوكان كردیان. دوای‌ عه‌ره‌بی‌ سوونه‌، حه‌شدی‌ توركمانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ ده‌ستیكرد به‌ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌مان سیاسه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ كورد و بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵ زوڵم و سته‌میان له‌ هاووڵاتیانی‌ كورد كرد، هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ خورماتوو دوو جه‌وله‌ی‌ شه‌ڕی‌ خوێناوی‌ نێوان حه‌شدی‌ توركمانی‌ و هاووڵاتیانی‌ كوردی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌.
له‌باره‌ی‌ قۆناغی‌ دواتر و ده‌ركه‌وته‌كانی‌ دوای‌ پیلانگێڕیی‌ (16) ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ حه‌مرینی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، ده‌ڵێت: جیا له‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر، له‌ قه‌زای‌ خورماتوو چه‌كداره‌ خۆبه‌خشه‌كان و هاووڵاتیان رووبه‌ڕووی‌ حه‌شدی‌ توركمانی‌ بوونه‌وه‌، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ نۆ هاوڵاتیی‌ خۆبه‌خش شه‌هید بوون، (50) پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیی‌ خۆبه‌خش برینداربوون و (44) ی‌ تریشیان لێ‌ به‌دیلگیرا، به‌ڵام به‌هۆی‌ نابه‌رامبه‌ری‌ هێز و گه‌وره‌یی‌ ئه‌و پیلانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر به‌و ناوچانه‌ نه‌خشه‌ی‌ بۆ داڕێژرا بوو، سه‌رله‌به‌یانی‌ (16/10/2017) قه‌زاكه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی ئه‌و گروپه‌.
وتیشی‌: ئه‌وان كه‌ هاتن، ده‌ستیانكرد به‌ ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر ئابڕووی‌ هاووڵاتیانی‌ كورد، زیاتر له‌ دوو هه‌زار ماڵیان تاڵان كرد، (100) خانوویان سووتاند، (400) دوكان و مۆڵیان گڕتێبه‌ردا، (19) كارگه‌ی‌ گه‌وره‌ و بچووكیان تاڵان كرد. هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و شاڵاوه‌ دڕنده‌یه‌وه‌ زیاتر له‌ (50) هه‌زار هاووڵاتی‌ كوردی‌ ره‌سه‌نی‌ قه‌زاكه‌، به‌ناچاری‌ ئاواره‌ی‌ كه‌لار و كفری‌ و سورداش بوون.

دڵسۆزانه‌ هاوكاریی‌ ئاواره‌كانی‌ خورماتوویان كردووه‌
له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ بارودۆخی‌ هاووڵاتیانی‌ خورماتوو كه‌ ئێستا ئاواره‌ی‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوون، حه‌سه‌ن بارام وتی‌: له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی‌ وه‌رزی‌ زستان و بارانبارین و سه‌رما، بارودۆخی‌ ئاواره‌كان به‌ره‌ و خراپتر چووه‌، ئه‌وان پێویستیان به‌ خۆراك، نه‌وتی‌ سپی‌ و زۆپا هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عیراق و رێكخراوه‌ فریاگوزارییه‌كان وه‌ك پێویست به‌هانایانه‌وه‌ نه‌هاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ و نه‌بوونی‌ هیچ هه‌وڵ و ئاسۆیه‌كیش بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ ئه‌منیی‌ قه‌زاكه‌یان، وایكردووه‌ رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ باروگوزه‌رانی‌ ئاواره‌كان ناهه‌موار و دژوارتر بێت.
له‌باره‌ی‌ پێشوازیی‌ ئیداره‌ و خه‌ڵكی‌ گه‌رمیان له‌ میوانانی‌ خورماتوو كه‌ ئێستا روویان له‌ كه‌لار و كفری‌ و رزگاری‌ و سه‌رقه‌ڵا كردووه‌، جێگری‌ لێپرسراوی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ حه‌مرینی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ده‌ڵێت: كاك سه‌ڵاح كوێخا سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان، داموده‌زگا حكومییه‌كانی‌ سه‌رقه‌ڵا، كه‌لار و رزگاری‌ و و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و هاووڵاتیانی‌ ئه‌و ناوچانه‌، زۆر دڵسۆزانه‌ هاوكاریی‌ ئاواره‌كانی‌ خورماتوویان كردووه‌ و به‌ده‌میانه‌وه‌ هاتوون، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ توانای‌ ماددی‌ پێویست له‌به‌رده‌ستی‌ داموده‌زگاكان، نه‌توانراوه‌ زۆرشت بۆ ئاواره‌كان بكرێت كه‌ ده‌بوو بكرایه‌.
سه‌باره‌ت به‌ده‌ستپێشخه‌ری‌ هێنانی‌ چه‌ند فه‌وجێك له‌ لیوای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ كۆمار بۆ قه‌زاكه‌ و سپاردنی‌ مه‌له‌فی‌ ئه‌منیی‌ قه‌زاكه‌ پێیان، ئه‌و وتی‌: ئه‌وه‌ هه‌وڵێكی‌ باش بوو، خه‌ڵك ئومێدێكی‌ زۆری‌ پێی‌ هه‌بوو، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌شی‌ كه‌ هه‌موو شتێك نییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیسان له‌لایه‌ن توركمانه‌كان و شیعه‌كانه‌وه‌ كێشه‌ بۆ هاتنی ئه‌و هێزه‌ دروست كراوه‌ و تائێستا هیچ رێككه‌وتنێك بۆ هاتنیان نه‌كراوه‌.
چاره‌سه‌ره‌ بنچینه‌ییه‌كان
ئه‌و به‌رپرسه‌ حزبییه‌ی‌ قه‌زای‌ خورماتوو كه‌ زۆرجار وه‌ك چاودێری سیاسیی‌ و نووسه‌ریش كارده‌كات، له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ چاره‌سه‌ره‌ بنچینه‌ییه‌كان بۆ دۆخی ئه‌منیی‌ و سیاسیی‌ قه‌زای‌ خورماتوو، ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵێك ده‌كات، له‌وانه‌: داماڵێنی‌ قه‌زای‌ خورماتوو له‌ هه‌موو گروپ و هێزێكی‌ چه‌كدار، له‌نێویشیاندا دوورخستنه‌وه‌ی‌ حه‌شدی‌ توركمانی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌. هه‌روه‌ها جێگیركردنی‌ هێزی‌ ئه‌منیی‌ هاوبه‌ش له‌ ناوه‌ندی‌ قه‌زاكه‌ و راده‌ستكردنی مه‌له‌فی‌ ئه‌منیی‌ پێیان. هاوكات گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ بۆ داموده‌زگا حكومییه‌كانی‌ خورماتوو، به‌تایبه‌ت ده‌زگای‌ پۆلیس، چونكه‌ ناهاوسه‌نگییه‌كی‌ ئێجگار زۆری‌ تێدایه‌، بۆ نموونه‌ له‌ كۆی‌ (900) پۆلیس ته‌نها (120) پۆلیسی‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌، له‌ كۆی‌ (50) ئه‌فسه‌ری‌ پۆلیس ته‌نها یه‌ك ئه‌فسه‌ر له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ باره‌كه‌ ناهاوسه‌نگ بێت و لایه‌نێك كۆنترۆڵی‌ داموده‌زگاكان بكات. یه‌كێكی‌ تریش له‌ هه‌نگاوه‌ بنچینه‌ییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌ره‌بووی‌ خه‌ڵكی‌ لێقه‌وماوی‌ خورماتوو بكرێته‌وه‌ و لایه‌نی‌ سه‌رپێچیكار سزا بدرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومه‌ر ئۆسێ‌: سیاسه‌تی شۆڤینی له ‌سوریا هەیە، بڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پاكتاوی ره‌گه‌زی

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی ...