سەرەکی » دۆسێ » توركیا تەواوی وەجبەكانی (S-400)ی بەدەستدەگات

ئاماژە بە مانگی نیسانی داهاتوو دەكرێت

توركیا تەواوی وەجبەكانی (S-400)ی بەدەستدەگات

سەرۆك كۆماری توركیا پێشبینی دەكات تا مانگی نیسانی ساڵی 2020، سیستمی بەرگری موشەكی (ئێس-400) روسی بە تەواوی رادەستی وڵاتەكەی دەكرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا وتارێكیدا بەبۆنەی تێپەڕینی سێ‌ ساڵ بەسەر هەوڵی كودەتا سەربازیەكەی 15ی تەمموزی 2016، رایگەیاندبوو «بەپێی گرێبەست و رێككەوتنەكان، رادەستكردنی بەشەكانی تری سیستمی موشەكی (ئێس 400) بەردەوامدەبێت و پێشبینی دەكەن، تا نیسانی ساڵی 2020، تەواوی وەجبەكانی سیستمە موشەكییە بەرگرییە روسییەكە، رادەستی وڵاتەكەی بكرێت»
لە 12ی تەمموزی 2019، رادەستكردنی سیستمی (ئێس-400) بە توركیا لە لایەن روسیاوە دەستیپێكرد، وێڕای رێگرییەكان و هۆشدارییە توندەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانیش، توركیا كە ئەندامی هاوپەیمانە باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، بەردەوامە لەسەر وەرگرتنی ئەو چەكە روسییە كە لەلایەن هاوپەیمانییەكەوە بە مەترسیدار دادەنرێت.
ئەنقەرە لە ساڵی 2017 بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار رێككەوتنێكی لەگەڵ مۆسكۆدا ئیمزاكرد بە مەبەستی كڕینی سیستمی موشەكی( ئێس-400)، بەپێی رێككەوتننامەكەش توركیا بەشێك لەو بڕە پارەیە دەداتە روسیا و بەشەكەی تری لەبری ئەو قەرزەی كە روسیا لای توركیا هەیەتی، دادەنرێت.

هەشتەمین وەجبە گەیشتە ئەنقەرە
وەزارەتی بەرگری توركیا لە 15ی تەمموزی 2019 رایگەیاندبوو، هەشتەمین وەجبەی سیستمی بەرگری موشەكی (ئێس-400) لە روسیاوە گەیشتە ئەنقەرە.
رادەستكردنی بەشەكانی سیستمی بەرگری موشەكی (ئێس-400) بەردەوامە و لە 15ی تەمموزی 2019، هەشتەمین وەجبەی ئەو چەكە گەیشتە فرۆكەخانی میورتێد.
لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو «رادەستكردنی بەشەكانی سیستمی بەرگری موشەكی (ئێس-400) بەردەوامە و ئەمڕۆ هەشتەمین وەجبەی ئەو چەكە روسیە گەیشتە فرۆكەخانی میورتێد لە ئەنقەرە».
لە 12ی تەمموزی 2019، رادەستكردنی سیستمی ئێس-400 بە توركیا لە لایەن روسیاوە دەستیپێكرد و تا ئێستاش پرۆسەكە بەردەوامە، ئەمەش وێڕای دژایەتی و هۆشدارییە توندەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان، توركیا كە ئەندامی هاوپەیمانە باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، بەردەوامە لەسەر وەرگرتنی ئەو چەكە روسییە كە لەلایەن هاوپەیمانییەكەوە بە مەترسیدار دادەنرێت.

خۆرئاوا هۆشداریی دەدات
وەزیرەكانی دەرەوەی ئەڵمانیا و نەمسا لە یەكێتی ئەوروپا، ئاماژە بە سەپاندنی سزا دەكەن بەسەر توركیا، وەك یەكێك لەبژاردەكانی بەردەم كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا كە لە 15ی تەمموزی 2019 لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا سازكرا.
بەر لە كۆبوونەوەكە وەزیرەكانی دەرەوەی ئەڵمانیاو نەمسا لەیەكێتی ئەوروپا رایانگەیاندبوو، سەپاندنی سزاكان بەسەر توركیادا یەكێكە لەبژاردەكانی بەردەم كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا.
راگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان و كەمكردنەوەی هاوكارییە داراییەكان دوو بژاردەی گرنگی نێو پاكێجی سزاكانی یەكێتی ئەوروپایە لە دژی توركیا.
لەلایەكی ترەوە پێشتر یەكێتی ئەوروپا هۆشداریی دابووە توركیا تا كاری دەرهێنانی نەوت و غاز لەئاوەكانی قوبروسدا رابگرێت، چونكە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، لەو بارەیەشەوە ئاماژەیان بەسەپاندنی سزای زیاتر كردبوو بەسەر وڵاتەكەدا.
میشیل رۆز وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا لە یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندبوو، هەنگاوەكانی توركیا مایەی قبوڵكردن نییە، لەئێستاشدا لێكەتێگەشتنێكی زۆر باش لەنێوان ئەندامانی یەكێتی ئەوروپادا هەیە بۆ سەپاندنی سزاكانی بەسەر توركیا.
هەر لەو بارەیەوە پێشتر ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2019، پرۆژە یاسایەكی بۆ رێگرتن لە پێدانی فڕۆكەی جۆری (ئێف 35)ی بە توركیا پەسەند كرد.
پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بەهۆی هەندێك دۆسێوە لەوانە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە سوریا و ژمارەیەك سكاڵا لەدژی تورك و ئەمریكاییەكان كە لە هەردوو وڵات دەستگیركرابوون، ساردبوونەوەی بەخۆوەبینی، وێڕای كڕینی سیستمی بەرگی روسی لەلایەن توركیاوە كە هێندەی تر ئەو پەیوەندیەكانی نێوانیانی ئاڵۆزكرد.
یاساكەی ئەمریكا دوایین هەوڵ بوو لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێسەوە بۆ گوشارخستنە سەر توركیا كە هاوپەیمانی ئەمریكایە لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، تا پاشەكشە بكات لە كڕینی سیستمە موشەكییەكەی روسیا.
پلانی كڕینی سیستمی (ئێس 400) ناگونجێت لەگەڵ سیستمی هاپەیمانی باكوری ئەتڵەسی كە بووەتە مایەی نیگەرانی لای ئەندامانی هاوپەیمانێتییەكە.
كریس ڤان هوڵن سیناتۆری دیموكراتی كە پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە كردووە، دەڵێت “كڕینی ئەو سیستمە لەلایەن توركیاوە، دەبێتەهۆی ئەوەی روسەكان بەئاسانی هەڵسەنگاندن بۆ تواناكانی (ئێف 35) بكەن و خاڵە لاوازەكانی بقۆزنەوە، ئەمەش مایەی قبوڵ كردن نییە».
پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بە تەواوی لەسەر پرۆژە یاساكە رێكبكەون و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر بكات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك توركیا لە میانی سەردانەكەی ئەم دواییەی چین لەگەڵ ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە و لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە دەركردنی فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە بەرنامەی مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی (ئێف 35) كردبوو لەلایەن ئەمریكاوە.
لەو بارەیەوە بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاندبوو»ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕیاریداوە هیچ فڕۆكەوانێكی تورك وەرنەگرێت بۆ مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی جەنگی جۆری (ئێف-35)»، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی ڕوون بۆ ئەو ناكۆكیانەی لەسەر پلانەكانی ئەنقەرە هەن سەبارەت بە كڕینی سیستمی موشەكی ئاسمانی روسی.
ویلایتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوپاتیكردەوە، لە ئەگەری كڕین و وەرگرتنی چەكی بەرگری S400 لە لایەن توركیاوە، ئەو وڵاتە روبەڕوی سزای مترسیدار دەبێتەوە.
مۆرگان ئۆرتیگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، «ئەگەر سیستمی بەرگری S400 وەربگرێت، توركیا خۆی دەخاتە ناو مەترسیەكی گەورە و نەرێنیەوە، كە بەشێكیان پەیوەستە بە بەشداریكردن لە سیستمی ئێف-35».
ئاماژەی بەوەشكرد، «ئەمریكا روانگە و دیدی ئاشكرا و رونە لەبارەی ئەو پرسەوە».

ئەگەری سەپاندنی سزاكان بەسەر توركیا
ئاژانسێكی ئەمریكایی بڵاویكردووەتەوە، ئەگەر هەیە دوای گەیشتنی سیستمی بەرگری (ئێس 400)ی روسی بۆ توركیا، واشنتۆن سزای ئابووری بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنێت.
ئاژانسی (بلومبێرگ)ی ئەمریكایی لە ڕاپۆرتێكدا لە 16ی تەمموزی 2019 بڵاویكردەوە، واشنتۆن تەنیا بەوە واز ناهێنێت، كە توركیا لە بەرنامەی مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی (ئێف 35) دووربخاتەوە، بەڵكو ئەگەری هەیە بەگوێرەی یاسایەكی ئەمریكایی كە ناسراوە بە (كاتسا)، 12 جۆر سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت.
ئاژانسەكە لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت»سزاكانی ئەمریكا خۆی لە قەدەغەكردنی مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و سەپاندنی كۆتوبەند بەسەر وەبەرهێنانی سەنەكانی ئەمریكایی، و سەپاندنی كۆتوبەند بەسەر گەیشتنی كۆمپانیا توركییەكان بەكەرتی دارایی ئەمریكا دەبینێتەوە».
ئاژانسی (بلومبێرگ) پێیوایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەتوانێت داوا لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانی وەك سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بكات، قەرز نەدەنە دامەزراوە توركییەكان، رێگریش لە بانكە ئەمریكاییەكان بكات قەرز نەدەنە بانكە توركییەكان.

print

 29 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*