سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » بۆریس جۆنسۆن پەیمان دەدات پڕۆسەی برێکست تەواو بکات

لە رۆژنامەنووسییەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

بۆریس جۆنسۆن پەیمان دەدات پڕۆسەی برێکست تەواو بکات

دوێنێ پارتی پارێزگارانی بەریتانیا «بۆریس جۆنسۆن» سیاسەتمەداری رادیکاڵی وەکو سەرۆکی پارتەکە هەڵبژاردو هاوکات بەپێی نەریتی وڵاتەکە، دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەو لەشوێنی «تێرێزا مەی» دەستبەکاردەبێت.
پارتی پارێزگارانی بەریتانی لەکۆی 159 هەزار ئەندام، بەدەنگی 92153، «بۆریس جۆنسۆن»ی وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیای کردە سەرۆکی پارتەکەو رۆژێک دوای ئەوەش لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی تیرازا مەی لەلایەن ئەلیزابێسی دووەمەوە رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ، چونکە بەپێی نەریت، لەم وڵاتەدا سەرۆکی پارتی براوەی هەڵبژاردنەکان راستەوخۆ لەلایەن پارتەکەیەوە کاندید دەبێت بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت. ئەرکە لەپێشینەکانی ئەو سەرۆک حکومەتە، بریتی دەبن لەبەجێهێنانی پڕۆسەی چوونە دەرەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا «برێکست»و چارەسەرکردنی تەنگژەی نێوانیان لەگەڵ ئێران.

بریکست
ئەو کەسایەتییە یەکێکە لە داکۆکیکەرە سەرسەختەکانی پڕۆسەی برێکست‌و پێیوایە دەبێت زوو جێبەجێبکرێت، چونکە لەڕاپرسی سێ ساڵی رابردوودا، %52ی بەریتانییەکان دەنگیان پێداوەو تائێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی چەند لەمپەرێک، لەوانە سنووری وڵاتەکە لەگەڵ ئێرلەندا، چونکە ئێرلەندا دوو بەشە، بەشی باکووری سەر بە بەریتانیایەو باشووریش وڵاتێکی سەربەخۆو ئەندامی یەکێتیی ئەوروپایە. دەبوو ئەو کێشەیە تا 29ی نیسانی ئەمساڵ یەکلایی بکرابایەوە، بەڵام بۆ 31ی مانگی ئۆکتۆبەر دواخراوە. کێشەیەکی تریش ئەوەیە کە یەکێتییەکە داوای 39 ملیار جونەیهی ئوستەرلینی دەکات وەک مەرجێکی چوونە دەرەوە، ئەوەش بۆتە تەگەرەو بەریتانیا بەوە رازی نەبووەو دەیەوێت بەبێ هیچ مەرجێک لە یەکێتییەکە بچێتە دەرەوە.
ئەو سیاسەتمەدارە لەوتاری راگەیاندنی سەرکەوتنەکەیدا، تەواوکردنی پڕۆسەی برێکستی ئاشکراکردو رایگەیاند کە دەبێت بەریتانیا زوو بچێتە دەرەوەو پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا بکات.

تەنگژەی لەگەڵ ئێران
لە دوو هەفتەی رابردوودا هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەرووی هورمز دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانیدا گرت، لەسەر ئەمە جۆنسۆن زۆر بێزارەو دوور نییە بە پڕۆسەی سەربازی‌و پێکدادان کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە، هەرچەندە خۆی لەچەند بۆنەیەکدا پشتیوانی هەڵمەتی سەربازی ئەمریکییەکانی لەدژی ئێران نەکردووە، بەڵام ئێستا کە مەترسی کەوتۆتە سەر سەروەرییەکانی وڵاتەکەی، بەتایبەتیش کە زۆرێک لەوڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرەی ئێراندان‌و لۆمەی ئەمریکییەکان دەکەن لە مەیلیان بۆ پڕۆسەی سەربازی‌و دەیانەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.

بۆریس جۆنسۆن کێیە؟
ئەو پیاوە لەساڵی 1964دا لە نیویۆرک لەدایکبووە، دایکی بەڕەگەز تورکەو هەر لەمنداڵییەوە هێناویەتییە بەریتانیا، ماوەیەک لەڕۆژنامەی دەیلی تەلەگراف رۆژنامەنووس بووەو بۆتە پەیامنێری یەکێتیی ئەوروپای هەمان رۆژنامە. دواتر لەچەند رۆژنامەیەکی تریشدا کاریکردووەو ئەو پیشەیەی بۆتە دەروازەیەک بۆ تێکەڵاوبوون بە کاری سیاسی. بەم جۆرە لەساڵی 2001 دا لەسەر لسیتی پارتی پارێزگاران بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە 2004 کراوەتە وەزیری دەوڵەت بۆ هونەرو کلتوور، ژمارەیەک بەرهەمی نووسین‌و کتێبی بڵاوکردۆتەوە، لەوانە مێژووی رۆماو لەندەن، لە 2009-2012، کراوەتە پارێزگاری لەندەن‌و لە 2015ش بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لە 2016 پۆستی وەزیری دەرەوەی پێدراوە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی برێکست ساڵی پار دەستی لەکارکێشایەوە.
جۆنسۆن به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ دۆستی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌و لە ساڵی 2015 سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە، دواتر بەهاوڕێیەتی «قوباد تاڵەبانی» سەردانی سەنتەری شاری هەولێری کردو لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنەی زۆریان بڵاوکردەوە .

یەکێتیی ئەوروپا
ئەو پیاوە ژیانی پر بووە لەملانێی سیاسی‌و چەند جارێک لەکارەکانی دەرکراوە. زۆر دژی یەکێتیی ئەوروپایەو بەپڕۆژەیەکی نازییەکانی دەزانێت، پەلەیەتی لەچوونە دەرەوەی وڵاتەکەی لەو یەکێتییەدا، بەڵام کێشەی زۆری لەبەردەمدایە، چونکە لەنێوەندی سیاسیدا هێشتا ئەو مەسەلەیە بەتەواوی یەکلایی نەبۆتەوە. بەرەیەک هەن دەیانەوێت پەشیمان ببنەوەو راپرسییەکی تری بۆ بکەن، ژمارەیەک بەرپرس‌و دەسەڵاتداری ناو ئەو وڵاتە زۆر لەدژی ئەو پیاوەن‌و هەندێکیان هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوەیان کردووە کە ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆک وەزیران‌و سیاسەتەکانی پیادە بکات.

سەرچاوە: ئێندیپێندت، دۆیچەڤێللا، شپیگل ئۆنلای

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قەیرانی گەروی هورمز تا دێ ئاڵۆزتر دەبێت

بە ئاڵۆزبوونی كێشە سیاسییەكانی نێوان وڵاتان و بردنی ئەو كێشانە ...