سەرەکی » مانشێت » ئەنجومەنی مەڵبەندی هەولێر تاوتوێی كۆنگرەی كرد

ئەنجومەنی مەڵبەندی هەولێر تاوتوێی كۆنگرەی كرد

دوێنێ لەهۆڵی شەهیدانی ١ی شوبات لەهەولێر، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر، بەئامادەبوونی عەدنان موفتی‌و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و د.ڕێواز فایەق، ئارێز عەبدوڵڵاو هەرێم كەمال ئاغا ئەندامانی سەركردایەتی، لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندی هەولێر كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا بەوردی تاوتوێی دۆخی ناوخۆی یەكێتی‌و هەنگاوەكان بەئاراستەی بەستنی كۆنگرەیەكی تەندروست و سەركەوتوو، بەشداریی كارای یەكێتی لەجومگەكانی حوكمڕانی‌و رۆڵ‌و پێگەی هەولێر لەنێو هاوكێشە سیاسییەكاندا، كرا.
‎كۆبوونەوەكە بەچەند ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، دواتر شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، وتەیەكی پێشكەشكردو ئامانجی كۆبوونەوەكەی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی هەولێر روونكردەوەو وتی: دەمانەوێ سەرجەم ئۆرگان‌و كادیرانی یەكێتی بەشداربن لەچۆنێتی گەڵاڵەكردنی بەرنامەیەكی گشتگیری یەكێتییانە بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆنگرەیەی، كە هەموومان بەزەرورەتی دەزانین بۆ ئێستای یەكێتی‌و وتیشی: ئەنجامدانی كۆنگرە بۆ هەموو حزبێكی سیاسی یەكێكە لەپرەنسیپەكانی دیموكراسی‌و هەوڵدان بۆ نوێبوونەوەی حزب‌و ئۆرگانەكانی‌و چۆنێتی بەرنامەو شێوازی كاركردنی.


دواتر، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو دیدو تێڕوانینی خۆی سەبارەت بەدۆخی ئەمڕۆی یەكێتی‌و رۆڵی لەكوردستان‌و عیراقدا خستەڕوو و دووپاتیشیكردەوە كە ئەم جۆرە كۆبوونەوانە بەئامانجی وەرگرتنی دیدو بۆچوونی سەرجەم كادیرانە بەجۆرێك كە بتوانرێ باشترین‌و واقیعیترین پێشنیازەكان بخرێنە نێو بەرنامەی ئەنجامدانی كۆنگرەوە.
پاشان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكان، وتەیەكی پێشكەشی كادیران‌و ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی هەولێر كردو كورتەباسێكی لەبارەی دۆخی كوردستان‌و پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و لایەنە سیاسییەكان، خستەڕوو و تەئكیدی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەنجامدانی كۆنگرە بۆ یەكێتی هەنگاوێكی گرنگەو پێویستە بنرێ، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەم كۆنگرەیە، كۆنگرەیەكی تەندروست بێ‌و بتوانێ یەكێتی بخاتەوەسەر شاڕێگای خۆی.
لای خۆیانەوە، د.ڕێواز فایەق، هەرێم كەمال ئاغا‌و ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامانی سەركردایەتی، دیدو بۆچوونی خۆیان خستەڕوو و دووپاتیانكردەوە كە ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، ئامانجێتی كۆنگرەیەكی سەركەوتووی سەردەمیانە ئەنجام بدات و دیدو تێڕوانینی سەرجەم ئۆرگانە جیاوازەكانی یەكێتی لەبەرچاوبگیرێ.
لەكۆتا بەشی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆیەكی وردو هەڤاڵانە لەبارەی پرسی كۆنگرەو رۆڵی یەكێتی لەحوكمڕانیی هەرێمی كوردستان‌و چاكسازی‌و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، كراو ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندی هەولێر، دیدو بۆچوونی خۆیان خستەڕوو و گفتوگۆی هەڤاڵانەی لەبارەوە كرا، هەموو لایەكیش دووپاتیانكردەوە كە ئەم جۆرە كۆبوونەوانە بەردەوام بن‌و دیدو بۆچوونی هەموو هەڤاڵان بەهەند وەربگیرێت.

print

 177 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*