سەرەکی » دۆسێ » ئێران دەستگیركردنی17سیخوڕی ئەمریكایی راگەیاند

ترەمپ وەڵامدەداتەوە

ئێران دەستگیركردنی17سیخوڕی ئەمریكایی راگەیاند

رەوتەكان-

میدیاكانی ئێران دەستگیركردنی 17 سیخوڕی ئەمریكایی لەئێران راگەیاند كە بەپێی میدیاكان «بەشێكیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە».
ئاژانسی هەواڵی (میهر) لە 22ی تەمموزی 2017 لە ڕاپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە»بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەی دژە سیخوڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، رایگەیاندووە، لەم رۆژانەدا ژمارەیەك سیخوڕی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەمریكایی لە ئێران دەستبەسەر كراون».
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە»سیخوڕەكان لە ناوەندە هەستیارەكان و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی پەیوەست بەو ناوەندانەدا چالاكبوون».
بەڕێوەبەری دژە سیخوڕی وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، باسی لەوەكردبوو كە 17 دەستگیركراوەكە سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەمریكایی «سی. ئای ئەی» بوون.

ترەمپ وەڵام دەداتەوە
دوابەدوای ڕاگەیاندنی دەستگیركردنی 17 سیخوڕی ئەمریكایی لەلایەن ئێرانەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو»دوایین راپۆرتی ئێران سەبارەت بە دەستگیركردنی سیخەڕەكان كە كارییان بۆ بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی بیانی تر كردووە جگە لە درۆ چی دی نییە».
ئەم لێدوانەی سەرۆكی ئەمریكا لە كاتێكدابوو كە تاران دەستگیركردنی ژمارەیەك لە سیخوڕە ئەمریكاییەكان و سیخوڕی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەكانی لە ناوەندە هەستیارەكان لە ناوچە جیاجیاكانی وڵاتەكە و رادەستكردنیان بە دادوەریی وڵاتەكە راگەیاندبوو».
ترەمپ لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندبوو»هەواڵی دەستگیركردنی 17 سیخوڕ كە كارییان بۆ بەرژەوەندی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكایی (سی ئای ئەی) كردبێت، جگە لە پڕوپاگەندەیەكی دەسەڵاتی ئاینی زۆر شكستخواردوو بەولاوە چی دی نییە كە نازانێت چی بكات».
بە گوتەی سەرۆكی ئەمریكا»دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام پڕوپاگەندەی درۆ بڵاودەكەنەوە، وەك خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ئەمریكایی بێفڕۆكەوانە» .
ترەمپ دەڵێت»ئابوری ئێرانی ئابورییەكی مردووە، رەوشی وڵاتەكە لە خراپەوە بەرەو زیاتر خراپبوون دەچێت، ئێران لەئێستادا لە حاڵەتێكی پشێوی و بێسەروبەرەدا دەژی».
پێشتر مەحمود عەلەوی، وەزیری ئاسایش و هەواڵگری ئێرانی رایگەیاندبوو»تاران ژمارەیەك سیخوڕی دەستگیركردووە كە كارییان بۆ بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی بیانی كردووە، و زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە ئاشكرا دەكەن».
عەلەوی رایگەیاندبوو»دوای ئەوەی رێوشوێنی یاساییان لەدژ گیرایەبەر، سیخوڕەكان رادەستی دەسەڵاتی دادوەریی كران».
وەزیری ئاسایش و هەواڵگری ئێرانی دەڵێت»وڵاتەكەی توانیویەتی زۆرێك لە سیخوڕە ئەمریكاییەكان ئاشكرا بكات و دەستگیرییان بكات، وێڕای سیخوڕەكانی سەر بە دەزگا هەواڵگرییە بیانییەكانی تر كە دەستگیركراون و رادەستی دادوەریی كراون».
ئەمەش لەكاتێكدایە كە تەنگژەكان لەم ماوەیەی دواییدا لەنێوان ئێران و بەریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاڵۆزتربوون، دوای ئەوەی تاران دەستیگرت بەسەر نەوتهەڵگرێكی بەریتانی لە ئاوەكانی كەنداو.
لە ساڵی 2011دا وەزارەتی هەواڵگری ئێرانی رایگەیاندبوو»تۆڕێكی سیخوڕی و كاریی تێكدەرانەی پەرەسەندووی سەر بە ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكایی ئاشكراكردووە و توانیویەتی 30 سیخوڕی ئەمریكایی دەستگیربكات».

ئۆپەراسیۆنی ئەمریكایی
هەر لەبارەی تەنگژەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، لەم چەند رۆژەی دواییدا، فەرماندەی ناوەندی ئەمریكا رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی كەنداو و رێڕەوە ئاوییەكان، بەنیازە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی گەورە بەناوی (گاردیان) ئەنجام بدات.
فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنی گاردیان، بەمەبەستی پەرەپێدانی چاودێرییە ئەمنییەكانە لە رێڕەوە ئاوییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، و بۆ پاراستنی ئەو كەشتیانەیە كە لە ئاوەكانی كەنداودا هاتووچۆ دەكەن.
فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا دەڵێت، ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە لەچوارچێوەی رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانەیە كە لەم چەند رۆژەی ڕابردوو لە ناوچەكەدا رویاندا كە رێگریكردن بوو لە چەند كەشتییەكی نەوتهەڵگر، دیارترین ئەو رووداوانەش دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانیا بوو لە نۆكەندی هورمز لەلایەن هێزە دەریاییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران.

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*