سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » وڵاتانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كۆچه‌ران رێكه‌وتن

ئیتالیا بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد

وڵاتانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كۆچه‌ران رێكه‌وتن

چەند رۆژێک لەمەوبەر، له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا، وه‌زیرانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی نیوه‌ی زیاتری وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا كۆبوونه‌وه‌، بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی پێشنیاركراو له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساوه‌، بۆ كۆتاییهێنان به‌كێشه‌ی كۆچه‌ران و دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتییه‌كه‌دا، به‌ڵام نوێنه‌ری ئیتالیا بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كردو رایانگه‌یاند، وڵاته‌كه‌یان بۆته‌ ئۆردوگای برۆكسل و پاریس و به‌رلین بۆ وه‌رگرتن و داڵده‌دانی كۆچه‌ران، بۆیه‌ ئه‌وان چیدی ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ن و به‌شداریش له‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌دا ناكه‌ن.

ئه‌وه‌ی هاوكاری نه‌كات یارمه‌تییه‌كانی پێنادرێت
ئیمانوئێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا كه‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌كه‌یه‌ و 12 وڵاتی تریش پشتیوانی لێده‌كه‌ن، رایگه‌یاند: ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌دا كۆده‌نگ نین و هه‌ڵوێستی نه‌یاریان هه‌یه‌ له‌ دژی سیاسه‌تی و كۆچ و نایانه‌وێت ده‌ستباری یه‌كێتییه‌كه‌یان بگرن له‌و دۆسێیه‌دا وه‌ك هه‌ریه‌ك له‌ ئیتالیا و پۆڵه‌ندا و هه‌نگاریا و وڵاتانی تریش، ئه‌وا له‌و یارمه‌تیانه‌ بێبه‌ش ده‌كرێن كه‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا پێشكه‌شیان ئه‌كات.
ئاماده‌ن وه‌ریان بگرن
وتیشی: هه‌شت وڵات به‌جددی پشتیوانی له‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن و ئاماده‌ن به‌شی خۆیان له‌ كۆچه‌ران وه‌رگرن، له‌وانه‌، ئه‌ڵمانیا، كرواتیا، ئیرله‌ندا، لیتوانیا، فنله‌ندا، لۆكسمبۆرگ، پورتوگال و فه‌ره‌نسا، كه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌رێنییان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتییه‌كه‌ به‌یه‌كسانی و به‌پێی رێژه‌ی دانیشتووانیان ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ وه‌ربگرن، كه‌ له‌ ترسی شه‌ڕ و شۆڕ و نه‌هامه‌تییه‌كان وڵاتی خۆیان جێده‌هێڵن روو له‌ئه‌وروپا ئه‌كه‌ن.

لیبییه‌كان به‌لێشا و كۆچ ئه‌كه‌ن
ده‌رباره‌ی كۆچه‌رانی لیبیا كه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌لێشاو وڵاتی خۆیان جێده‌هێڵن و روو له‌ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، دیمتریس ئه‌فرامۆپۆلس كۆمسیاری یه‌كێتییه‌كه‌ بۆ كاروباری په‌نابه‌ران ئاشكرایكرد: وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان رێكه‌وتون له‌سه‌ر یارمه‌تیدانی كۆچه‌ران له‌ لیبیا و رێكخستنی گوستنه‌وه‌یان بۆ ده‌ره‌وه‌ و ناردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ش كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه‌. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ماكرۆنیش وتی: ئه‌وانه‌ی له‌ڕێی ده‌ریاوه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌ ئه‌وروپا، تووشی ده‌یان كاره‌ساتی تراژیدی و مردن ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ قسه‌مان كردوه‌ كه‌ فریای ژن و منداڵه‌كان بكه‌وین و بیانگه‌یه‌نینه‌ شوێنی ئارام.

ئیتالیا بۆته‌ وێستگه‌
ده‌رباره‌ی ئه‌و كۆچه‌رانه‌ش كه‌ به‌ناو ده‌ریای سووردا ره‌ت ده‌بن و ده‌یانه‌وێت سنووری ئیتالیا ببڕن، ئێستا تووشی ئاسته‌نگی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی سالفین-ی سه‌ره‌ك وه‌زیران بڕیاریداوه‌ هه‌ڵوێستی توند به‌رامبه‌ریان وه‌ربگرێ ‌و هه‌موو به‌نده‌ره‌كانی له‌به‌رده‌م داخستوون و كۆنترۆڵی ته‌واوی پانتایی ده‌ریاكه‌ی كردووه‌ و نایه‌ڵێت كه‌س سنوور ببه‌زێنێ و سزای توندیشی بۆ ئه‌و به‌له‌م و كه‌شتییانه‌ش داناوه‌ كه‌ سه‌رپێچی ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها سزاكان تیمه‌ فریاگوزارییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا به‌زاندنی سنووری ده‌ریایی به‌ره‌و ئیتاڵیا زه‌حمه‌ت بووه‌ و ده‌یان كاره‌ساتی مرۆیی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

ئیتالیا و فه‌ره‌نسا ناكۆكن
له‌سه‌ر سیاسه‌تی كۆچ، فه‌رنساو ئیتالیا كه‌ هه‌ردووكیان ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپان، گرژی و ئاڵۆزی له‌نێوانیان په‌یدابووه‌ و پاریس پێیوایه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ تونده‌ی حكومه‌تی ئیتالیا گرتوویه‌تییه‌به‌ر، زیان به‌پڕۆسه‌ی گه‌وره‌كردنی یه‌كێتییه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێ ‌و دووره‌ له‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌ له‌سه‌ری رێكه‌وتوون. حكومه‌تی رۆماش پێیوایه‌ كه‌ فشار خستنه‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یان و پڕكردنی ئیتالیا له‌ په‌نابه‌ر، زیانیان پێئه‌گه‌یه‌نێ و ئه‌وان ناتوانن ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ داڵده‌بده‌ن، بۆیه‌ ده‌رگای وڵاته‌كه‌یان ناخه‌نه‌ سه‌ر پشت بۆ خه‌ڵكی بیانی و فه‌ره‌نسا ده‌توانێت سیاسه‌تی خۆی جێبه‌جێ بكات.

سه‌رچاوه‌:
Euronews, Seitonline

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەرێمی کشمیر هەڵوەشێنرایەوە

سەرۆکایەتیی هیندستان مافی ئۆتۆنۆمی هەرێمی کشمیری هەڵوەشاندەوە و بارێکی نائاساییشی ...