سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانکپەڕە 2

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید

بەشی هەژدە

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕاوەو لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیشدا لە قووتابخانەکان دەخوێنرێت. جگە لەوەش ئەم کتێبە چەندینجار کراوەتە فیلم و شانۆ و چەندین خەڵاتی جیهانی لەسەر وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا دە جار کراوەتە فیلم و دوایین جاریش ساڵی 2016 بوو، کە لە جیهاندا بەیەکێک لە فیلمە سەرکەوتووکان دانرا.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە باس لە حکایەتی تراژیدیای گەلی جوولەکە دەکات لە سایەی رژێمی نازی ئەڵمانیدا، لەهەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆیی ئەو سیستەمە فاشیستە دەخاتە ڕوو، کە جوولەکەی کردبووە ئامانج و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدان. بەگشتیش ئەم چیرۆکانە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بۆئەوەی لە ئەزموونی گەلانی جیهان فێربین، لە هەمانکاتیشدا گرنگە بزانین چۆن ئەوان توانیویانە مەسەلەی پاکتاوکردنیان بە جیهان بناسێنن. ئێمەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان، چەندینجار رووبەروی پاکتاوی نەژادی بوینەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیوە وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، ئەو حکایەتە پڕ ئازارانەمان بۆ جیهان بگێڕینەوە.
ئانا فرانک، لە ١٢ / ٧ / ١٩٢٩ لە دایک و باوکێکی جوولەکە، لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین)، لەدایک بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ دایکوباوکی لەدەست نازییەکان بەرەو ئەمسته‌ردام هەڵهاتوون، پاش ئەوەی سوپای نازییەکان لەساڵی ١٩٤٠ هۆڵەندایان داگیرکرد، پاشانیش لەساڵی ١٩٤٢ رێکاری زۆر توندوتیژیان بەرامبەر بە جوولەکەکان نا، بنەماڵەی فرانک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان لە دیوی پشتەوەی باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی (پرنسنگراخت) لە ئەمستەردام، خۆیان پەنادا. هەموو ئەوانەی لەو پەناگەیەدابوون لە ئابی ١٩٤٤ لەلایەن سیخوڕی نازییەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو (ئاوسشڤیتز) پەلکێشکران. ئانا فرانک لە ئاداری ١٩٤٥ لە شاری (بێرگن بێلزن) مرد،)رۆژی مردنەکەی بەتەواوی نازانرێت). لە ئێستادا ئەو ماڵە بۆتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتەکانی ئانا فرانک و خانەوادەکەی تێدا پارێزراوە.
ئانا فرانک لە ١٢/٦ /١٩٤٢ ه‌وە تاکو مانگی ئابی ١٩٤٤ یاداشتەکانی نووسیوە. ئەو تاکو سەرەتای ١٩٤٤ لەشێوەی نامە تەنها بۆ خۆی دەینوسین، تاکو رۆژێکیان لە پەخشی رادیۆی لەندەن گوێی لە وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەبێت کە ئەویش لەوێ پەنابەرە وباسی لەوە کردووە، پاش کۆتایی جەنگ هەموو ئەو نوسینانەی دەربارەی بەسەرهات و نەهامەتی خەڵکی هۆڵەندی لە ژێر زەبری داگیرکاریی ئەڵمانیادا نوسراون، کۆدەکاتەوە وبڵاویان دەکاتەوە، لەوانە بۆ نموونە ئەو یاداشت و یادەوەرییانەی خەڵکی نوسیونین. ئەم قسانەی وەزیر کاردەکەنە سەر ئانا فرانک، بڕیار دەدا پاش تەواو بوونی جەنگ بیانکا بە کتێبێک وبڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتەکانی دەکاتە بەردی بناغەی کتێبەکە.
لە رووی شێوازی نوسینیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسان نووسراون و گوزارشت لە تێڕوانین و دونیابینی کچێکی مێرد منداڵ دەکات.
ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێڕی هێژامان کاک کەریم مەلا رەشید لەزمانی ئەڵمانییەوە، واتە لە زمانی یەکەمەوە کراوەتە کوردی. ئێمەش لە کوردستانی نوێ، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵ دەدەین بە ئەڵقە ئەم کتێبە گرنگە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزمان.

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

چوارشەممە، ٢٩/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
دوێنێ ئێوارێ لەپەخشی بەرنامەی (Oranje) (بۆلکشتاین)ی وەزیر باسی ئەوەی کرد کە کۆبەندێک لە نامە و یادەوەرییەکان، ئەوانەی ئێستا لەم دەمەدا نووسراونەتەوە، بڵاودەکرێنەوە. بێگومان هەمووان ئاماژەیان بۆ یادەوەرییەکانم کرد. بیری لێبکەوە چەند سەیروسەمەرە دەبێ ئەگەر من رۆمانێک لەبارەی (پەناگە)کە بڵاوبکەمەوە، هەڵبەتە خەڵکی بە ناوی کتێبەکەوە پێیان وایە ئەوە رۆمانێکە لەبارەی پۆلیسی نهێنی.
جا لەڕاستیدا نزیکەی دە ساڵ پاش کۆتایی جەنگ خەڵکی پێیان سەیردەبێ ئەگەر باسی ئەوەیان بۆبکەی جوو چۆن لێرە ژیاون، خواردنیان خواردووە و قسەیان کردووە؟ چەند زیاتر باسی ژیانی ئێرەت بۆبکەم، هێشتا بایی تۆزقاڵێک لەژیانی ئێرەی ئێمە ئاشنات دەکەم. تۆ دەزانی ژنەکانی ئێرە چەند دەترسن، کاتێ بۆمبابارانمان دەکەن، بۆنموونە رۆژی یەکشەممە ٣٥٠ فڕۆکەی بەریتانی نیوملیۆن تۆن دینامێتیان بەسەر (Ijmuiden)دا باراند، بە پاڵەپەستۆی هەوای تەقینەوەکان خانووەکان دەلەرینەوە، ئەگەر دەزانی چەندین جۆر نەخۆشی بڵاوبۆتەوە …
تۆ ئاگاداری ئەم هەموو شتانە نیت، ئەگەر هەموو وردەکارییەکانت بۆ بگێڕمەوە ئەوە دەبێ رۆژه‌کە سەراپا بەنووسینەوە خەریکبم. خەڵکی ریزدەبن بۆ ئەوەی سەوزە یاهەرشتێکی تریان چنگ کەوێ. پزیشکەکان ناگەنه‌ نەخۆشەکانیان چونکە ئۆتۆمبێلەکانیان، ئەگەر هەیانبێ، یا پاسکیلەکانیان دزراون. دزی و بڕینێکی هێندە زۆر دەکرێ مرۆڤ دەخاتە گومانەوە و بپرسێ، دەسپاکی مرۆڤی هۆڵەندی چی بەسەرهات، هەموو ئاوا بەجارێک بوون بەدز. مناڵانی تەمەن هەشت تا یازدەساڵی شووشەی پەنجەرەی ماڵان دەشکێنن و هەرچیەکیان دەست بگاتێ دەیبەن. کەس لەخۆی رانابینێ ماڵەکەی بۆ پێنج خولەکیش جێهێڵێ چونکە گسکی بۆ لێدەدەن. رۆژانە داواکاریی لە رۆژنامەکاندا بڵاودەکرێتەوە بۆ پاداشتکردنی ئەوکەسانەی شتە دزراوەکانی وەکو دەزگای تایپ، فەرشی ئێرانی، کاتژمێری کارەبایی، کوتاڵ … هتد، بۆ خاوەندەکانیان بگێڕنەوە. کاتژمێرە کارەباییەکانیان بە دیوارەکانەوە نەهێشتۆتەوە، تەلەفوونی سەرجادەکانیان بە دوا وایەرەوە بردووە. دۆخی خەڵکی بەرەوخراپی دەڕوا، هەموو کەسێک برسییە. بەشەخۆراکی هەفتانە بەشی دوو رۆژ ناکات. هێرشی سەربازی دواکەوت، پیاوەکان دەبەنە ئەڵمانیا. مناڵەکان لەبەر کەموکوڕی خۆراک نەخۆشدەکەون و تێکڕایان بە پۆشاک وپێڵاوی شڕ پۆشراون. یەک تاکە ژێر پێڵاوی (رەش) بە حەوت خولدن ونیوە. زۆربەی پینەدۆزەکان خەڵکی بەڕیدەکەن یا دەبێ چوارمانگ چاوەڕوانی پێڵاوەکەت بکەی کە لەوانەیە لەوماوەیەدا هەر ئاسەوارشی نەمابێ.
ئەمانە هەموو لایەنێکی ئەرێنیان هەیە، ئەویش بەهێزبوونی بشێویە دژ بە دەسەڵات، ئەوەندەی خۆراک کەم بهێنێ بەو ئەندازەیەش دەسەڵات زۆر بۆ خەڵکی دەهێنێ. بەرپرسانی دابەشکردنی خۆراک، پۆلیس، فەرمانبەران بەشی هەرە زۆری ئەوانە کۆمەک بەخەڵکی دەکەن، هەندێکیشیان زمانیان لێدەدەن و بەگرتیان دەدەن. خۆشبەختانە بەشێکی زۆر کەم لە هۆڵەندییەکان تای خراپەکارانن.
ئانا-ی تۆ
هەینی، ٣١/٣/١٩٤٤
کیتی گیان!
هێشتا کەشوهەوا تاڕادەیەک ساردە، بەڵام مانگێک زیاترە خەڵکێکی زۆر بەبێ رەژوو گوزەران دەکەن. زۆر سەختە، وانیە؟ خەڵکی بەگشتی ورە بەرز و گەشبینن بە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە رووسیا، ئەوان هەنگاوی بێ هاوتا دەنێن! ئەگەر چی من زۆر باس لە سیاسەت ناکەم، بەڵام ئەوەت پێ ڕادەگەێنم کە ئێستا بەرەکانی شەڕ بە چ ئاستێک گەیشتوون، دەتوانی بڵێی خەریکە لەدەسەڵاتی گشتی نزیک دەبنەوە ولە وڵاتی رۆمانیا لە (پروت)ن. لە (ئۆدێسا)ش زۆر نزیکبوونەتەوە، (ترانپۆل)یان ئابلۆقە داوە. لێرە هەموو ئێوارەیەک چاوەڕوانی پەیامێکی تایبەت دەکری لە لایەن (ستالین)ەوە بڵاوبکرێتەوە.
لەمۆسکۆ هێندە تۆپی خۆشی دەتەقێننەوە، شارەکە رۆژانە لەبەر گرمەگرم دەلەرێتەوە، پێدەچێ پێیان خۆشبێ بەوجۆرە نیشانی بدەن کە لە جەنگەوە نزیکن، یاخود نازانن بەجۆرێکی تر خۆشی دەربڕن، من سەریان لێدەرناکەم! هێزەکانی ئەڵمان هەنگاریایان داگیرکرد. لەوێش یەک ملیون جولەکەی لێیە، هەڵبەتە ئەوانیش بەهەمان دەردە دەچن.
لێرە لەپەناگە گۆڕانێکی ئەوتۆ لەئارادا نییە. لەمڕۆژەدا بەڕێز (ڤان دان) هاتۆتە دونیاوە. دوو باکێت تووتن، بەشی یەک کوب قاوە (ئەوەش ژنەکەی پاشەکەوتی کردبوو)، شەرابی لیمۆ لەلایەن (کوگلەر)ەوە، ماسی ساردین لەلایەن (میپ)ەوە، لەلایەن ئێمەوە، کۆلۆنیا وگوڵ. بیرم نەچی، تورتەیەکی پڕ لە تووتڕک-یش، بەهۆی خراپی ئاردەکە و نەبوونی کەرە تۆزێک رەق هەڵاتبوو، بەڵام زۆر بەتام بوو.
هاژوهوژ لەبارەی من و(پیتەر)ەوە تۆزێک دامرکاوە. ئەم ئێوارەیە دێ بەدوامدا، بۆ ئەو کارێکی سەختە و دەیکا، کەسێکی کۆکە، تۆش پێتوانییە. ئێمە ئێستا دوو هاوڕێی زۆر باشین، زۆر پێکەوەین قسەوباس لەهەموو بارەیەکەوە دەکەین. مەزنی لەوەدایە کاتێ باس لە بابەتێکی هەستیاریش دەکەین، ترسم لەوەنییە دەستبزێوی بکات، وەکوو ئەوەی کوڕانی تر هەوڵیان بۆ دەدا. بۆ نموونە باسی سووڕی مانگانە وخوێن لەبەرچوونمان کرد. ئەو ژنانی بەلاوە زۆر ئازا و بەجەرگن چونکە بەرگەی ئەو دیاردەیە دەگرن. ئەو منیشی بەلاوە ئازا بوو! نازانم بۆچی؟
ژیانم لێرە زۆر لەجاران هەموارترە. خودا تەریکی نەکردم و هەرگیز تەریکم ناکات.
ئانا م. فڕانک- تۆ

شەممە، ١/٤/١٩٤٤
کیتی گیان!
شتەکان هێشتا دژوارن. هەڵبەتە تۆ بەدڵنیایی دەزانی من مەبەستم چییە، وانیە؟ من تامەزرۆی ماچێکی ئەوم، ئەو ماچەی لەمێژە دواکەوتووە. ئەگەر ئەو هێشتا وەکو هەڤاڵێک لێم دەڕوانێ؟ ئەوا دەمێکە من ئەو تێڕوانینه‌م لەگۆڕناوە؟
تۆ دەزانی، خۆشم دەزانم، من کەسێکی بەهێز و سەربەخۆم، هەموو بارگرانییەکم لەئەستۆ گرتووە و فێری چواردەستەکی نەبوومە، بەهێچ جۆرێکیش خۆم بە دایکمەوە هەڵنەپەساردوە. بەڵام ئێستا زۆرم پێخۆشە سەرم بە شانێ یەکێکەوە هەڵپەسێرم.
هەرگیز ئەو خەوەم بیرناچێتەوە کە بە روومەتی (پیتەر)ەوە بینیم، کتومت دەڵێی راستییە! ئاخۆ ئەویش بەپەرۆشەوە بێت؟ یاخۆ راڕایە و ناتوانێ رازوخۆشەویستی دەربڕێ؟ باشە، بۆچی ئەو دەیەوێ ئاوا بەزۆری بچم بۆلای؟ ئاە، بۆچی زمانی گۆ ناکا؟
دەمەوێ پەردەی ئەو بێدەنگییە هەڵدڕم. نەخێر، کۆڵ نادەم، چونکە ددان بەخۆداگرتن، بەرامبەره‌کەت رام دەکات. بەڵام … ناهەموارییەکە لێرەدایە: وا دەردەکەوێ کە من ناچاری ئەو بم، چونکە هەردەم دەبێ من بچمە سەرێ بۆلای و ئەو ناێی بۆلام. گرفتەکە پەیوەستە بە دابەشکردنی ژوورەکانەوە، هەڵبەتە دەبێ ئەویش لە بۆچوونەکانی من بگات، بەڵێ هەڵبەتە ئەو لەوەش زیاتر تێدەگات.
ئانا م. فڕانک-ی تۆ

دووشەممە، ٣/٤/١٩٤٤
شیرینترین کیتی!
بەدەر لەوەی من لەسەری راهاتووم، بە دووروودرێژی باسی خواردنت بۆدەکەم، چونکە نەک هەر پەناگە بەڵکوو سەرجەم وڵاتی هۆڵەند، بگرە سەراپای وڵاتانی ئەوروپا و هەموو جێگایەکی تر دووچاری دۆخێکی سەخت و دژوار بوونە.
لەماوەی ئەو بیست ویەک مانگەی لێرە بەسەرمان بردووە چەندین جۆر نۆرە-خۆراکمان تێپەڕاندووە. جا ئەمە مانای چییە، ئەوا ئێستا بۆتی ڕوون دەکەمەوە. لە دەستەواژەی (نۆرە-خۆراک) واتێگەیشتووم کە نۆرەی تەنها یەک جۆر خۆاردن یا سەوزەیە، لەوە بەولاوە هیچ جۆرێکی تر ناێتەدەست. بۆ نموونە ماوەیەکی دوورودرێژ رۆژانە بەپێی وەرزی ساڵ تەنها یەک جۆر سەوزیمان دەخوارد، جار هەبوو لمی پێوەبوو، جاریش هەبوو تەمیس بوو، جاروباریش پەتاتەی لەگەڵدا لێدەنرا. دوای ئەوە نۆرەی سپێناخ دەهات، پاشان ترپە سپی، تووری رەش، ئاروو، تەماتە، کەلەرمی سوێرکراو … هتد.
لەڕاستیدا زۆر ناجۆرە ئەگەر تۆ رۆژانە هەموو نیوەڕۆ و ئێواریەک بۆ نموونە تەنها کەلەرمی سوێرکراو بخۆی، بەڵام مرۆڤ، ئەگەر برسی بوو ئەوا تەقەلای زۆر شت دەکا. بەڵام ئێستا بە خۆشترین نۆرەی خواردندا دەڕۆین، چونکە بەهیچ جۆرێک سەوزیمان چیتر چنگ ناێی.
لیستی هەفتانەی خۆراکمان بەم جۆرەیە: نیوەڕوان فاسوڵیای قاوەیی، شلەی ماش، پەتاتە و کفتەی ئارد، پەتاتەی برژاو، سوپاس بۆ خودا جاروبار شێلم و گێزەری گەنیویان دێتەپاڵ، پاشان دووبارە تەنها فاسولیای قاوەیی. لەبەر بێ نانی لە هەموو ژەمەکاندا، لە خوانی بەیانیانەوە، پەتاتە دەخۆین بەڵام لانیکەم بەیانیان تۆزێک دەیبرژێنن. بۆ سووپ فاسوڵیای قاوەیی وسپی، پەتاتە وپاکەتێک سووپی (Julienne-, Königen-,). هەڵبەتە فاسولیای قاوەیی هەردەم ئامادەیی هەیە، تەنانەت لەنێو نانەکەشدا. ئێواران هەمیشە پەتاتە و سوپی پیشەساز و سەلاتی چەوەنەر، ئەوەی خۆشبەختانە هێشتا لێمان نەبڕاوە، دەخۆین. لەبارەی کفتەی ئاردەکە دەمەوێ شتێک بڵێم: ئێمە لە ئاردی «میری» و هەویرترش دروستی دەکەین. کفتەکە تابڵێی لینج و سفتە، هەردەڵێی بەردە لەسکماندا دەمێنێ، جا قەیچێکا، خۆ هەرباشە!
مەزنترین شادی ‌هێنەر لە هەفتەکەدا، لەتێک سۆسەچی جگەر و مورەبا بوو ئەوەشمان بەنانی وشکەوە خوارد. بەڵام ئەوە گرینگە چونکە ئێمە هێشتا دەژین، شتەکانیش بە تاموچێژن.

چوارشەممە، ٥/٤/١٩٤٤
کیتی گیان!
ماوەیەکی زۆربوو ئیدی نەمدەزانی من بۆچی لەسەر کارەکانم بەردەوامم. خۆ کۆتایی جەنگ هێشتا زۆر دوورە و بووە بە مەتەڵێکی رازاوە و نادیار. ئەگەر لە مانگی سپتامبەر جەنگ کۆتایی پێ نەێی ئەوە من چیتر ناچم بۆ قوتابخانە چونکە نامەوێ دووساڵ لە دواوە بم.
رۆژانی رابردووم تەنها لە (پیتەر) پێکاهتبوون، لە ئەو بەولاوە چیتر نەبوون، لەخەونەکان و بیرکردنەوەکانمیشدا تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەسامناکی لێ دەبزڕکا. کاتێ لای (پیتەر) بووم لەگەڵ ئەسرینەکانم دەجەنگام بۆئەوەی نەڕژێن، بەڵام یه‌کجار زۆر پێکەنیم کاتێ لەگەڵ خاتوو (ڤان دان) بەدەم نۆشینی شەرابی لیمۆوە دانیشتین، ئەو زۆر شاد و زامدار دیاربوو. بەڵام هاکا بەتەنیا بووم، دەمزانی دەبێ بەکوڵ بگریم. بە پیژامەی نوستن خۆم لەسەر بە زەویدا دا، نوێژێکی زۆر دوورودریژ وچڕوپڕم کرد، پاشان بەکوڵ دەستم بەگریان کرد و دەستەکانم لەسەرم وەرنا و هەردوو چۆکم جووتکرد، خۆم بە سەریاندا گرمۆڵەکرد و لەسەر ئەو زەویە رەقوتەقە دانیشتم. تینی هەنسکی گریان تۆزێک بەخۆی هێنامەوە، دەمویست فرمێسکەکانم بەرزەفت بکەم بۆئەوی ئەوانی دی گوێیان لێم نەبێ. پاشان ورەی خۆمم هاندەدا و لەبەر خۆمەوە دووپاتم دەکردەوە و دەمگوت: «من دەبێ، من دەبێ، هەر دەبێ …» بەهۆی ناقۆڵایی دانیشتنەکەمەوە بەتوندی بەسەر سووچی تەختە خەوەکەمدا کەوتم، بەبەردەوامیش لەجەنگدابووم، تا نزیکی دەونیو، پاشان چوومە سەر جێگاکەم. لەوێ شتەکان کۆتا بوون!
ئێستاش بەتەواوی کۆتاییان پێهات. دەبێ کۆشش بکەم بۆ ئەوەی کاڵفام نەبم و بەرەوپێش بچم، بۆ ئەوەی دوارۆژ ببم بە ژۆرنالیست، بەڵێ ئەوەم دەوێ! دەزانم من توانای نووسینم هەیە. خۆ نووسینی چەند چیرۆکێک خراپ نییە، باسەکانم لەبارەی پەناگە پڕن لە گاڵتەوگەپ، یاداشتەکانم زۆر زیندوون، بەڵام ئاخۆ من بەهرەدارم یان نا، ئەوا ئەوە دوارۆژ دەریدەخات. (خەونەکانی ئیڤا) باشترین چیرۆکن لەلام، سەیرەکە لەوەدایە تائێستا من نازانم لەکوێوە بۆم هاتووە. زۆر بڕگەی (ژیانی کێدی)یش بەچاکی نووسراون، بەڵام بەگشتی کتێبێکی پووچەڵە. لێرە من بەهێزترین رەخنەگری خۆمم، زۆر بەچاکی دەزانم چی بەباشی نووسراوە وچی بەخراپی. کەسێک ئەگەر بەخۆی نەنووسێ درک بە مەزنی کاری نووسین ناکا. جاران زۆر خەمباربووم بەوەی ناتوانم نیگارکێشی بکەم، بەڵام ئێستا لەوپەڕی خۆشیدام چونکە لانیکەم دەتوانم بنووسم.
ئەگەرچی بەهرەی نووسینی بابەتی رۆژنامەگەری و کتێبم تێدانییە، خۆ دەتوانم بۆ خودی خۆم بنووسمەوە. بەڵام خوازیاری پێشکەوتنی زیاترم. من هەرگیز ئەوەم ناێتە بەرچاو وەکوو دایکم و خاتوو (ڤان دان) وژنانی دیکە بژیم، ئەوانەی پاش جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەتەواوی لەبیردەچنەوە. من جگە لە مێرد و مناڵ دەبێ شتێکم هەبێ پێی پڕبایەخ وشکۆداربم! بەڵێ، من نامەوێ بەخۆڕایی، وەکوو زۆربەی مرۆڤەکان، بژیم. من دەخوازم ئەو مرۆڤانەی لە دەوروبەرم دەژین وهێشتا نامناسن، دەمەوێ سود و بەختەوەرییان پێ ببەخشم. من دەمەوێ لەپاش مردنیشم هەر بە زیندووی بمێنمەوە. هەربۆیە من زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم کە بۆ رۆژی لەدایکبوونم ئەگەری ئەوەی پێبەخشیم گەشە بەخۆم بدەم وبنووسمەوە وهەرچیم لەناخدایە دەربڕم.
کاتێ دەنووسمەوە گرفتەکان هەمویان ئاوێتەی نەمان دەبن، خەمەکانم دەڕەوێنەوە و ورەم بەرزدەبێتەوە. بەڵام، پرسیاری هەرە مەزن لێرەدایە، تۆبڵێی بتوانم بابەتێکێ پڕمانا بنووسمەوە، ئاخۆ دەتوانم رۆژێک لەرۆژان ببم بە نووسەر و ژۆرنالیست؟ هیوادارم، بەڵکوو پڕبەدڵ ئاواتی بۆ دەخوازم! بە نووسینەوە دەتوانم هەموو شتەکان دەربڕم، بیروبۆچوون، بەهاکان، خەون و ئەندێشەکان.
دەمێکە بەلای (ژیانی کێدی)دا نەچوومە. لەمێشکی خۆمدا لێکدانەوەی تەواوم بۆ پێشهاتەکانی هەیە، بەڵام لەکاتی نووسینەوەیاندا کەندوکۆسپم دێنەڕێ. بۆی هەیە قەت کۆتایی نەێیت، یا لەوانەیە سەرئەنجام لە سەبەتەی خۆڵەکە یا لەنێو فڕنەکەدا خۆیان ببیننەوە. هەڵبەتە ئەوە بیرکردنەوەیەکی ئارام بەخش نییە، بەڵام پێموانییە «بەتەمەنی چواردەساڵی و بە شارەزاییەکی هێندە کەمەوە بتوانی بەشێوازێکی فەلسەفی شت بنووسیتەوە»
کەواتە بەرەوپێشەوە و بە ورەیەکی نوێوە. هەڵبەتە ئەو ئاواتەم هەر دێتەدی، چوونکە نووسین ویستی خۆمە!
ئانا م. فراک-ی تۆ

پێنجشەممە، ٦/٤/١٩٤٤
تۆ لەبارەی حەز وئارەزووەکانم پرسیارت لێکردم، منیش لێرەدا وه‌ڵامت دەدەمەوە. بەڵام وەریابە نەتۆقی چونکە ئێکجار زۆرن.
بە پلەی یەکەم: نووسین. بەڵام نووسین ناچێتە خانەی ئارەزوەوه‌.
دووەم: کۆکردنەوەی سەرجەلەی میر وپادشاکان. لەنێو رۆژنامە وکتێب ونوسراوەکاندا بەدوای سەرجەلەی بنەماڵەی میرەکانی ئەڵمان، ئیسپان، ئینگلیز، ئوتریش، رووس، سکەندەناڤی و هۆڵەندییەکاندا دەگەڕێم وکۆیاندەکەمەوە. لەزۆربەیاندا هەنگاوی باشم روووەوپێش ناوە چونکە من هەمیشە تێبینی دەنووسمەوە کاتێ کتێبی مێژوو یا ژیاننامەیەک دەخوێنمەوە، تەنانەت جاری واهەیە بڕگەیەکی تەواویان لەبەر دەنووسمەوە.
ئارەزووی سێهەمم: هەڵبەتە دەبێ مێژوو بێ. باوکم ئەوەندەی کتێب بۆ کڕیوم، بڕواناکەم رۆژێک لەرۆژان لەکتێبخانەی گشتی پێویستم بەوە بێ بەدوای کتێبدا بگەڕێم.
چوارەم ئارەزووم: بەدواداچونی ئەفسانەکانی یۆنان و ڕۆم. لەوبارەوەش کتێبی جیاوازم هەن. مۆزەخانە نوێیەکان، حەوت گراوەکەی (زیۆس)، یا ژنەکانی (هێراکلس) و … هتد، هەر بەئاسانی دەتوانم لەبەر بۆتی بڵێمەوە.
ئارەزوویەکی ترم ئەستێرەی فیلمەکان و وێنەی خێزانەکانە. جگە لەوەش من خولیای خوێندنەوە و کتێبم و زۆرم حەز لە مێژووی هونەر، نووسەر، هۆنەر و ونیگارکێشیە. لەوانەیە دوارۆژ ژەنینی موزیکیشی بچێتە پاڵ. هەندێک ناتەباییم لەگەڵ وانەی جەبر، ئەندازیاری و ژمێریاری هەیە. تێکڕای وانەکانی دیکەی قوتابخانە زۆر بەخۆشی فێردەبم، لەسەرووی هەمووانەوە مێژوو!
ئانا م. فرانک

سێشەممە، ١١/٤/١٩٤٤
کیتی گیان!
سەرم لێشێواوە، بەڕاستی نازانم لەکوێوە دەستپێبکەم. پاش نیوەڕۆی رۆژی هەینی هەروەها رۆژی شەممەش پێکەوە یاریمان کرد. رۆژەکان بەپەلە گوزەران.
پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، پیتەر بەدەنگ داواکەمەوە هات بۆلام، پاشان پێکەوە چوینە سەربانەکەی پێشەوە، تاکو کاژێری شەش ماینەوە. لە شەشەوە تا حەوتوچارەک لەڕادیۆ کۆنسێرتێکی زۆر خۆشی مۆزارتی پەخش کرد، بڕگەی (کورتە موزیکی شەو)م بەتایبەتی زۆر بەدڵ بوو. من ناتوانم بەچاکی گوێ بگرم ئەگەر کەسێکی ترم لەلاوە بێ، چونکە موزیکی بەچێژ زۆر دەمبزوێنێ.
ئێوارەی یەکشەممە من و(پیتەر) چوینەوە سەربانەکەی پێشەوە، بۆ ئەوەی لەسەر ڕەقانی دانەنیشین چەند گۆشەیەکی قەنەفەی ژوورەکەمان لەگەڵ خۆ برد بۆئەوەی لەسەریان دانیشین. سندوقێکمان هێنا و لەسەری دانیشتین. جێگاکەمان زۆر تەنگ بوو، بۆیە زۆر نزیک دانیشتبووین و پشتمان به‌ کۆشەکانی ترەوە نابوو. (ماوشی)یشمان لەگەڵدابوو. کەواتە بەبێ چاودێر نەبووین. کتوپڕ لە کاژێری نۆ چارەککەمدا بەڕێز (ڤان دان) فیکەیەکی کێشا وپرسی ئاخۆ ئێمە سەرینێکی (دوسێل)مان بردبێ. هەردوکمان هەڵبەزینەوە وبەسەرین و پشیلەکە و بەڕێز (ڤان دان)ەوە بەرەوخوارە چوین. ئەو سەرینانە تراژیدییەکی تەواویان لێکەوتەوە، (دوسێل) تووڕە بوو چونکە سەرینەکەیمان بردبوو و ترسی ئەوەی هەبوو کێچیان تێکەوتبێ. لەسۆنگەی سەرینەکان هەموو ماڵەکەی وروژاند! لەتۆڵەی ئەو کارە قێزەوەنەی من و(پیتەر) دوو دانە فرچەی زبرمان خستە نێو جێگاکەیەوە و زۆر بەو بەزمەی پێکەنین.
هەڵبەتە شادی وخەندان زۆر ناخاێنێ. کاژێری نۆونیو (پیتەر) بە ئاسپایی لە دەرگاکەی باوکمی دا و داوای لەباوکم کرد ئەگەر خێرا لەگەڵی بڕوا و یارمەتی بدات لە وەرگێڕانی چەند دێڕێکی سەختی زمانی ئینگلیزی.
«ئەوە رێی تێناچێت» بە (مارگۆت)م گوت. «بڕوبیانوویەکی زەقە. پیاوەکان بەجۆرێک دەدوێن کە دز هاتبن.»
مەزەندەکەم تەواو بوو، کۆگاکەیان بڕی بوو. بەخێرایی باوکم، ڤان دان، دوسێل و پیتەر چوونە خوارێ. چوار ژنە ترسنۆکەکەش لەترساندا دەبوایە قسان بکەن، تاکوو لە خوارەوە گوێمان لە شڵپەیەک بوو. پاش ئەوە هەموو شتێک بێدەنگ بوو، کاتژمێر دە چارەک کەمی نیشاندەدا. رەنگ بە رووخسارمانەوە نەمابوو، وێڕای ترس وسەرسوڕمان، هێشتا هەر هێمن بووین. ئەرێ پێاوەکان چییان لێ بەسەرهات؟ باشە ئەو تەقەیە چی بوو؟ تۆبڵێی لەگەڵ دزەکان دەستەویەخە بووبنەوە؟
کاژێری دە: ترپەی پێ لەسەر پەیژەکان دەهات. باوکم سپی هەڵگەڕاو هاتە ژوورێ و (ڤان دان)ی بەدواوە. «چراکان خامۆشکەن، بەبێدەنگی بچنە سەرێ، لەوانەیە پۆلیس بێنە ماڵێ!»
کاتی ترس ولەرز بەسەرچوو. یەکسەر چراکان خامۆشکران، چاکەتێکم دەست داێی و یەکسەر چوینە سەرێ»
«باشە چی روویدا؟ خێرا پێمان بڵێن!»
بەڵام کەسی لێنەما، پیاوەکان چوونەوە خوارێ. دە و دە خولەک هەرچواریان هاتنەوە سەرێ، دوانیان چوونە بەر پەنجەرە واڵاکەی ژووری (پیتەر)، بۆ ئەوەی ئێشک بگرن. دەرگای سەر پەیژەکە داخرا، دەرگا سووڕاوەکەش مکووم بەسترا. بلووزێکمان بەسەر گڵۆپی شەواندا دا، ئەوانیش دەستیان بەگێڕانەوەی رووداوەکە کرد:
(پیتەر) گوێێ لە دەنگی دوو زرمەی گەورە بووە، خێرا چووەتە خوارێ، دەبینێ لای چەپی دەرگای کۆگاکە بەربەستە گەورەکەی پێوە نەماوە، بەپەلە دەچێتەوە سەرێ و هێزی چەکدارانی خێزان ئاگاداردەکاتەوە، هەرچواریان بەرەو خوارەوە شۆڕدەبنەوە. کاتێ دەگەنە نێو کۆگاکە دەبینن دزەکان سەرقاڵی کارەکانیانن. بەبێ لێکدانەوە (ڤان دان) یەکسەر دەقیڕێنێ «پۆلیس!» دەزەکانیش بەغاردان بەرەو دەرێ هەڵدێن. جا بۆئەوەی پاشان پۆلیسەکان درک بەو کونە نەکەن کە لەدەرگاکە کراوە، ئەوان دیسانەوە پارچەکەی پێوەدەنێن. بەڵام دووبارە لەدەرەوەڕا پێلەقەیەکی بەهێزی لێدەدەنەوە وبەریدەدەنەوە. ئەو کارە نابەجێیە پیاوەکان زۆر تووڕە دەکا ئارەزووی لەناوبردنیان لای (ڤان دان) و(پیتەر) دەبزوێنێ. بەڕێز (ڤان دان) بەتووندی قازمەکە بەزەویدا دەدات سەرئەنجام هەموو شتەکان هێوردەبنەوە. لەکاتێکدا پارچەکەیان پێوە دەنایەوە، دیسانەوە لێیان دەقەومێ چونکە ژنومێردێک بەوێدا تێدەپەڕین و لایتیان لێدان بەوەش هەموو کۆگاکە رووناک دەکەنەوە. یەکێک لەپیاوەکان پرتەیەک دەکا و هەموویان رۆڵی خۆیان گۆڕی و لەپۆلیسەوە بوون بەدز و بەرەو سەرەوە رایانکرد. (پیتەر) دەرگا و پەنجەرەکانی چێشتخانە و بیرۆی تایبەتی کردەوە و تەلەفوونەکەی بەزەویدا کێشا سەرئەنجام هەموویان لەپەناگە خۆیان پەنادایەوە.
بۆی هەیە ئەو ژنومێردە پۆلیسیان ئاگادارکردبێتەوە. ڕوداوەکە لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بوو، لە پشووی رۆژی رۆژهەڵاتدا. لەدووەم رۆژی پشووەکەش کەس نەهات بۆ بیرۆ، واتە ئێمە تا رۆژی سێشەممە جوڵەمان لێبڕابوو. بێهێنە بەرچاوت، دوو شەو و یەک رۆژ بەترس و لەرز بەسەربەری! ئێمە بەهیچ جۆرێک دەرنەکەوتین و لەتاریکیەکی ئەنگوستەچاودا دانیشتین، چونکە خاتوو (ڤان دان) لەترسانا گلۆپەکەی بەتەواوی دەرهێنابوو، تەنها بە چپەچپ قسەمان دەکرد، هەر دەنگێک بەرگوێ کەوتبا بەیەکترمان دەگوت «پست! پست!»
کاژێر گەیشتە دەونیو پاشان بوو بە یازدە، هیچ دەنگ نەبوو. باوکم و (ڤان دان) بەنۆرە سەریان لێدەداین. یازدەوچارەک دەنگێک هات لەخوارەووە. جوڵەمان لەبەربڕایەوە بەڵام گوێت لە هەناسەبڕکێی هەریەکێکمان دەبوو. گوێمان لە ترپەی پێ بوو لەخوارەوە، لە بیرۆ و لە چێشتخانەکە … پاشان لەسەر پەیژەکانی بەرەو لای ئێمە. چیتر گوێت لەهەناسە بڕکێی نەدەبوو بەڵکوو گوێت لە ترپەی لێدانی دڵ دەبوو. دەستیان بەدۆڵابی بەر دەرگانهێنییەکەی پەناگەکەوە هێنا. هەڵبەتە ئەو چرکەساتە لەباسکردن ناێی.
لەبەرخۆمەوە گوتم «هەموومان فەوتاین» یەکسەر خۆمانم بەجۆرێک هاتە بەرچاو کە ئەوشەوە هێزەکانی «گیستابۆ» پێشیان داوین. دووجاری تر دەستیان بە دۆڵابی بەر دەرگانهێنییەکەدا هێنا، شتێک بەربۆوە، شەقاوەکانیان دوورکەوتنەوە. لەو چرکەساتەدا هەستمان بە رزگاری کرد. هەموومان دەلەرزین من گوێم لە تەقەی ددانی یەکێکمان بوو لێکیان دەدا، هێشتا کەس ورتەی لێوە ناێی. هەر بەوجۆرە تا یازدەونیو ماینەوە.
لەماڵەکەدا چیتر دەنگ نەدەهات، بەڵام راستەوخۆ لەپێش دۆڵابی دەرگانهێنییەکەی پەناگە چرایەک رۆشن کرا. تۆ بڵیی لەبەر ئەوەبێ کە ئەو دۆڵابەیان بەلاوە سەیر دەرکەوێ؟ یا بڵێی پۆلیسەکان بیریان چووبێ چراکە خامۆش بکەن؟ هەڵبەتە هەر دەبێ کەسێک بگەڕێێتەوە و چراکە خامۆش بکا؟ گرێی زمانمان کرایەوە، ماڵەکە کەسی لێنەماوە، بەڵام لەوانەیە کەسێکیان بۆ چاودێری لەبەر دەرگای دەرێ هێشتبێتەوە.
ترس هەموومانی هێنابووە لەرزین و دەبوایە بچینە سەرئاو، سەتڵی مەبەستیش ئەوکات لەسەربان بوو، بۆیە دەبوایە تەنەکەی خۆڵەکەی (پیتەر) بۆ ئەومەبەستە بەکاربێت، بەڕێز (ڤان دان) دەستپێشخەر بوو پاشان باوکم چوو، دایکم شەرمی دەکرد بۆیە باوکم تەنەکەکەی بۆ بردە ژوورێ، هەرلەوێ (مارگۆت) وخاتوو (ڤان دان) ومنیش بەکارمان هێنا. کاغەزی خۆسڕینەوە کەمی هێنا، خۆشبەختانە من هەندێکم لەگیرفاندا هەبوو.
تەنەکەکە بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێدەهات، هەموو بە چپەچپ بۆڵەیان لێوە دەهات، یه‌کجار ماندوو بووین، کاژێر دوازدە بوو.
«هەمووتان لەسەر زەویی راکشێن وبنوون!» من و(مارگۆت) سەرین وپەتۆمان بۆهات. مارگۆت لەتەنیشت کاندینەکەوە راکشا ومنیش لەژێر مێزەکە لەنێوان پێیەکانی. کاتێ راکشاین بۆنەکە هێندەی زۆر بۆ نەدەهیناین وەک ئەوەی بەپێوە بووین، سەرەڕای ئەوە خاتوو (ڤان دان) هەندێ کلۆری بەسەرداکرد و بە شڕە پەڕۆیەک زاری تەنەکەکەی داپۆشی.
بۆڵەبۆڵ، چپەچپ، ترس، بۆنێکی ناخۆش، ڕەشەبا و بەردەوام یەکێک بەڕێگاوە بوو بۆ سەر تەنەکەکە! جا ئەمانە و خەویان گوتووە! کاژێری دوونیو زۆر ماندوو بووم بۆیە تا سێ ونیو گوێم لەهیچ شتێک نەبوو. کاتێ خەبەرم بۆوە خاتوو (ڤان دان) سەری لەسەر لاقم بوو.
منیش بەتکاوە داواملێکرد: «تکایە شتێکم بده‌یێ بەخۆمی دابدەم». شتێکم دراێی بەڵام لێم مەپرسە چی بوو! پانتۆڵێکی خوری ڕێس، بلووزێکی سوور و تەنورەیەکی رەش، چەند گۆرەوییەکی سپی و چەند کۆلۆنێکی دڕاویش بەسەریانەوە.
خاتوو (ڤان دان) چوو لەسەر تەختەکە دانیشت، بەڕێز (ڤان دان) لەسەر زەوییەکە راکشا و ئەویش سەری خستە سەرپێم. منیش بیرم لەهەموو شتێک دەکردەوە و هێشتا بەڕادەیەک دەلەرزیم کە بەڕێز (ڤان دان) خەو نەیدەبردەوە. لەبیری خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەری گەڕانەوەی پۆلیسەکان. ئەوکات پێیان دەڵێین ئێمە خۆمان پەناداوە. ئەوانیش ئەگەر لە هۆڵەندییە باشەکان بن ئەوە ئێمە رزگار دەبین یاخود ئەگەر نازییەکان بن ئەوکات دەبێ بەرتیل خۆریان بکەین.
خاتوو (ڤان دان) بە پییشخواردنەوە گوتی: «ئەو رادیۆیە بشارنەوە» پیاوەکەی وەڵامی دایەوە: «بەڵێ بیخەنە نێو تەباخەکەوە، جا ئەگەر ئەوان ئێمەیان دۆزییەوە خۆ رادیۆکەش دەدۆزنەوە.»
باوکیشم کەوتە نێوەوە و گوتی: خۆ کتێبی رۆژنووسەکەی ئانا-ش دەدۆزنەوە.»
یەکێک لە هەرە ترسنۆکەکان هاتە دەنگ: «دە ئەویش بسووتێنن.»
ئەو چرکە ساتە و ئەوەی کە پۆلیسیەکان دەستیان بەدەرگای پەناگەکەوە دەنا ترسناکترین چرکەساتم بوون.
« نەخێر، نووسینی رۆژانەکانم نا! من و ئەو کتێبە هەمیشە پێکەوەین!» خۆشبەختانە باوکم وەڵامی نەدامەوە. هێندە گوتراوە، بۆیە دووبارە کردنەوەی ئەو قسانەی گوێمان لێبووە هیچ ئاکامێک نابەخشێ. بۆ رەوینەوەی ترسەکەی، دڵی خاتوو (ڤان دان)م دەدایەوە. قسەمان لەسەر هەڵاتن و لێکۆڵینەوەکانی گستاپۆ لەگەڵمان و چۆن لەئێستادا پێویستیمان بە ئازایەتی و ورەبەرزییە.
«خاتوو (ڤان دان)، ئێمە ئێستا دەبێ وەکوو سەرباز هەڵسوکەوت بکەین. ئەگەریش تیاچووین، ئەوا چارمان چییە، ئەوە لەپێناو شاژن و وڵاتە، لەپێناو ئازادی، راستی و مافە، هەروەک چۆن لە بەرنامەی (Oranje) هەمیشە پەخشی دەکەن. تەنها ناخۆشی لەوەدایە کە ئێمە ئەوانی تریش لەگەڵ خۆمان بەدبەخت دەکەین.»
بەڕێز (ڤان دان) جێگاکەی لەگەڵ ژنەکەیدا گۆڕێوە. باوکم هاتە لای منەوە. پیاوەکان بەبێ وچان جگەرەیان دەکێشا. ناوبەناو گوێت لە پییشخواردنەوەیەکی قووڵ دەبوو، پاشان یەکێکیان دەچووە سەرئاو، بەوجۆرە شتەکان سەرلەنوێ دووپات دەبوونەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان بەشی بیست و هەشت لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» ...