سەرەکی » ئاراستە » له‌ یادی 32 ساڵه‌ی شه‌هیدی فه‌رمانده‌ خالیده‌ڕه‌ش دا

له‌ یادی 32 ساڵه‌ی شه‌هیدی فه‌رمانده‌ خالیده‌ڕه‌ش دا

هه‌ژار خالید*

یه‌كێك له‌ بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ر و شۆڕشگێڕه‌كانی كوردستان، بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدی فه‌رمانده‌ خالیده‌ڕه‌شه‌، كه‌ خه‌ڵكی گوندی (بنمێرده‌)ی دۆڵاكۆ، ناوچه‌ی رواندزن، ئه‌و بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌ خاوه‌نی زیاتر له‌ 10 شه‌هیده‌، له‌وانه‌ خاتوو (سه‌روه‌ر)ی هاوسه‌ری خالیده‌ڕه‌ش كه‌ ساڵی 1985 شه‌هیدبووه‌، خالیده‌ڕه‌ش 1987 شه‌هیدكراوه‌، خاڵه‌سیسۆی برای خالیده‌ڕه‌شیش ساڵی 1991 له‌ كاتی گرتنی شاری كه‌ركوك شه‌هیدكرا.
باسكردن له‌ تێكۆشان و قوربانییه‌كانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌، نه‌ به‌زمان وه‌سف ده‌كرێت و نه‌ قه‌ڵه‌میش توانای نووسینه‌وه‌ی سه‌ربورده‌كانی هه‌یه‌ وه‌كخۆی، دروود بۆ گیانی شه‌هیدانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ و تێكڕای شه‌هیدانی كوردستان.
شه‌هید خالیده‌ڕه‌ش
شه‌هیدی فه‌رمانده‌ خالید عه‌زیز مه‌عروف ناسراو به‌ خالیده‌ڕه‌ش، ساڵی ١٩٥٧ له‌ گوندی (بنمێرده‌)ی دۆڵاكۆ له‌دایكبووه‌، هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌ستێكی خاوێن و پڕ له‌گیانبازیی كوردانه‌ی هه‌بووه‌، له‌ هه‌ڕه‌تی لاویدا ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول تا كاتی هه‌ره‌سی 1975، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێدا به‌زوویی په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و ساڵی ١٩٧٧یش ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان.
خالیده‌ڕه‌شی فه‌رمانده‌ ئه‌ندامێكی دڵسۆزو گورجوگۆڵی رێكخستن و دواتریش پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌یه‌كی ئازاو ناوداری نێو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوو.
له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا چه‌ندین به‌رپرسیارێتی بینیووه‌ و دووجاریش بریندار بووه‌، بۆته‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رتی ٤ی شه‌هیدانی تیپی ١٢ی سۆران كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌رته‌ چالاكه‌كان و ژماره‌یه‌كی زۆری پێشمه‌رگه‌ی هه‌بووه‌.
شه‌هید خالیده‌ڕه‌ش به‌ هۆی ئه‌زمونی خه‌بات و تێكۆشانی و ئاوێته‌ بوونی له‌ گۆڕه‌پانی خه‌باتدا، هه‌روه‌ها به‌هۆی تێگه‌یشتنی زۆری له‌ بورای كۆمه‌ڵایه‌تی و تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، ببووه‌ كه‌سێتییه‌كی به‌هێزو رێزلێگیراو، ئه‌و هه‌ر خۆیشی به‌ سرووشت خاوه‌ن پێگه‌و كه‌سێتیی سه‌نگین بوو، هه‌میشه‌ جێگه‌و رێگه‌ی تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ و میوانانی هه‌بووه‌، چه‌ندین كێشه‌ی ئاڵۆزی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ماڵ و جێگه‌ی ئه‌و و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و چاره‌سه‌ر كراوه‌.
شه‌هید خالید وه‌ك فێرگه‌یه‌ك بووه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌زمون و ئه‌و لاوانه‌ی تازه‌ رویانده‌كرده‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات، خه‌ڵكیش وه‌ك مامۆستاو فه‌رمانده‌یه‌كی قاڵبووی كۆڕی تێكۆشان، لێیان ده‌ڕوانی.
شه‌هید خالید به‌شداریی زۆربه‌ی شه‌ڕ و داستانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشی كردووه‌، جار هه‌بووه‌ چه‌ندین مانگ له‌ جه‌وله‌ و ئه‌ركی پێشمه‌رگانه‌دا بووه‌، هاوسه‌ره‌كه‌شی كه‌ ئه‌ندامی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووه‌ به‌رده‌وام هه‌واڵ و ده‌نگوباسه‌كانی ئه‌وكاته‌ی له‌ نێوان شاره‌كان و دۆڵاكۆدا ده‌گه‌یانده‌ پێشمه‌رگه‌و رێكخستنه‌كان.
ساڵی ١٩٨٥ رژێمی به‌عس تۆپبارانی گوندی (بنمێرده‌) ده‌كات و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و ژنه‌ تێكۆشه‌ره‌، واتا (سه‌روه‌ر وه‌سمان)ی هاوسه‌ری خالیده‌ڕه‌ش شه‌هید ده‌بێت، هه‌ر له‌وكاته‌دا خالیده‌ڕه‌ش خۆیشی له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ بوو بۆ به‌رگریكردن له‌ دۆڵاكۆ، ئیدی خه‌می له‌ ده‌ستدانی هاوسه‌ر و په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندنی سێ منداڵه‌كه‌ی ( نارین و پشتیوان و هه‌ژار) هێنده‌ی تر ئه‌ركی سه‌رشانی خالیده‌ڕه‌شی فه‌رمانده‌ قورس ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و دۆخه‌ش، ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌كۆڕی تێكۆشاندا.
به‌داخه‌وه‌، دووساڵ دواتر و له‌ شه‌وی 7\8/9/ ١٩٨٧، خالیده‌ڕه‌شیش له‌ داستانی دۆڵی خانه‌قا شه‌هیدكراو گه‌یشته‌ كاروانی سه‌روه‌رانی نیشتمان.

*كوڕی شه‌هید خالیده‌ڕه‌ش

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ڵمه‌تبه‌ری‌ شاخ و پارێزه‌ری‌ ئارامیی شار

ئالان حه‌مه‌جه‌زا سه‌وڵجانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان شۆڕشگێڕترین حزبه‌ كه‌ زۆرترین ...