سەرەکی » راپۆرت » ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان

ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان

دوێنێ 25/11، د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار به‌سه‌ردانێكی چه‌ند رۆژه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، گه‌یشته‌ سلێمانی‌و به‌رنامه‌و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌شی چه‌ند باسێك له‌خۆی ده‌گرێت. له‌میانی سه‌ردانیشیدا بۆ سه‌ر مه‌زاری سه‌رۆك مام جه‌لال؛ تاجه‌گوڵینه‌ی رێزو وه‌فاو هاوڕێیه‌تیی له‌سه‌ر مه‌زاری به‌ڕێزیان دانا.
ئامانج‌و مه‌به‌ستی

سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆمار
سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌عسوم بۆ زیاتر خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵ‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانه‌ بۆ به‌هێزكردن‌و به‌رده‌وامبوونی كه‌شوهه‌وای متمانه‌‌و لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، بۆ چالاككردنی په‌یوه‌ندیی برایانه‌ی مێژوویی‌و خه‌باتی هاوبه‌شی نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی ناكۆكییه‌كانی پێشو‌و و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ كارگێڕی‌و دارایی‌و ئه‌منییه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان، به‌وجۆره‌ی خزمه‌ت به‌پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی وڵات‌و گه‌شه‌پێدانی سیستمه‌ دیموكراسییه‌ فیدراڵییه‌كه‌ی بكات‌و په‌یوه‌ندیی یه‌كڕیزیی‌و هاوكاریی نێوان هه‌موو عیراقییه‌كان زامن بكات.

سه‌ردانی ئارامگه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال
پێشنیوه‌ڕۆی دوێنێ، د.فوئاد مه‌عسوم؛ سه‌ردانی ئارامگای كۆچكردووی مه‌زن مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری پێشووی عیراقی كرد له‌ده‌باشان‌و تاجه‌گوڵینه‌ی له‌سه‌ر مه‌زاری پیرۆزی دانا.
له‌وته‌یه‌كیشدا، سه‌رۆك كۆمار، ستایشی هه‌ڵوێستی نیشتمانیی سه‌رۆك مام جه‌لال ‌و رۆڵی دیاری له‌بنیاتنانی پرسه‌ی سیاسی‌و دیموكراسی‌و كاركردن بۆ یه‌كڕیزیی‌و پته‌وكردنی خۆشویستن‌و برایه‌تی له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی وڵاتدا، كرد.

كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، سه‌رۆك مه‌عسوم؛ سه‌ردانی ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال-ی كرد‌و له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی (ی.ن.ك) به‌ئاماده‌بوونی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عیراق‌و هه‌رێم‌و ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و كۆسپانه‌ی روبه‌ڕوی پرسی سیاسی ده‌بنه‌وه‌، تاوتوێكرد.
لای خۆیەوە سه‌رۆك مه‌عسوم؛ گرنگیی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌كانی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌تایبه‌ت قه‌یرانه‌كانی ئێستای نێوان به‌غداو هه‌رێم. ئاماده‌بووانیش، گرنگیی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك كۆماریان دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ده‌یخاته‌گه‌ڕ بۆ لێكنزیكخستنه‌وه‌ی روانین‌و بۆچوونه‌كان‌و باشتركردنی كه‌شوهه‌وای سیاسی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگی بنیاتنه‌ر به‌ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ جێناكۆكه‌كان.

هاوكاریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان پێویسته‌
له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌شییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك مه‌عسوم، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا، ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ له‌م سه‌ردانه‌یدا گفتوگۆی جددی له‌سه‌ر سێ پرسی سه‌ره‌كی ده‌كات، كه‌ یه‌كه‌میان: دۆخی ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و ئه‌و كێشانه‌یه‌ روبه‌ڕوی بۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان ده‌كه‌م. دووه‌م: مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌شاره‌كه‌داو پرسی سێیه‌میش: كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێمی كوردستانه‌و ده‌مانه‌وێت هه‌ردوولا زیاتر له‌یه‌كتر نزیكببنه‌وه‌و كێشه‌كانی نێوانیان به‌گفتوگۆ‌و دانوستان چاره‌سه‌ربكه‌ن، كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پرسانه‌ش په‌یوه‌ندییان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌، وتیشی: له‌م گه‌شته‌مدا سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م‌و ئومێده‌وارم به‌هاوكاریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین‌و هه‌وڵ‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیشم وه‌ك سه‌رۆك كۆمار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌كارده‌هێنم‌و ئێستاش بارودۆخ‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات.

لیژنه‌ بۆ لێکۆڵینەوە لەپێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان
سه‌باره‌ت به‌پێشێلكارییه‌كانیش، د.فوئاد مه‌عسوم؛ رایگه‌یاند: پێویسته‌ پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییه‌كان باسبكرێن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار بۆ به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی به‌نده‌، پێكهێنراوه‌و به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ ته‌واوی ئه‌و پێشێلكارییه‌ ده‌ستوورییانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ساڵی 2005ه‌وه‌ تائێستا له‌هه‌موو عیراقدا كراون.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌، سه‌رۆك مه‌عسوم؛ له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێرێك له‌گه‌وره‌ پسپۆڕانی ده‌ستوورو قانوون، ئه‌و رێوشوێنانه‌ی له‌گه‌ڵدا تاوتوێكردن، كه‌ فاكته‌ری به‌هێزكردنی پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوورو چاودێریكردنی پێشێلكاری‌و سه‌رپێچییه‌كانن له‌ده‌ستووردا له‌ته‌واوی دامه‌زراوه‌كاندا. ئاماژه‌شیكرد بۆ زیادكردنی هه‌وڵه‌كان بۆ چاودێری‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ده‌ستوورییه‌كان، پێویستیی په‌له‌كردن له‌ده‌ركردنی چه‌ندین قانوونیشی دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ ده‌ستووریش بڕیاری لێداوه‌ به‌تایبه‌ت قانوونی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی، نه‌وت‌و گاز‌و خزمه‌ت (راژه‌)ی فیدراڵی، له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ ده‌ستوورییه‌كان.

راپۆرت‌و ده‌رئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونه‌كان
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش، زانا رۆستایی ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: به‌پێی ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار پارێزه‌ری ده‌ستووره‌و زۆرجار له‌كاتی‌ پێشێلكارییه‌كاندا داوای‌ لێده‌كرێت هه‌ڵوێستی‌ خۆی بنوێنێت، بۆیه‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ له‌وجۆره‌ كارێكی‌ زۆر باشه‌‌و ده‌توانێ ده‌ستنیشانی‌ هه‌موو ئه‌و مادده‌ ده‌ستووریانه‌ بكات كه‌ پابه‌ندی پێوه‌ نه‌كراوه‌، هۆكاره‌كانی‌ پابه‌ندنه‌بوون‌و لایه‌نه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كانیش ده‌ستنیشانبكات. وتیشی: دوای‌ ته‌واوبوونی‌ كاره‌كانی به‌دوادواچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ش، لیژنه‌كه‌ راپۆرت‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانی بۆ سه‌رۆك كۆمار‌و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و دادگای‌ فیدراڵی‌و داواكاری گشتی‌ ده‌نێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ریه‌كه‌یان لای خۆیانه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان بنێن.

كاتێكی گونجاوه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌
یاساناس كاردۆ محه‌مه‌د، لەلێدوانێکدا بۆ كوردستانی‌ نوێ، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو هه‌ر هه‌نگاوێكی چاودێریكردن بۆ رێگاگرتن له‌پێشێلكاریی‌ ده‌ستوور، گرنگه‌، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ بێت، كه‌ پارێزه‌ری ده‌ستووره‌. وتیشی: ئێستا كاتێكی گونجاوه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌، چونكه‌ عیراق له‌قه‌یران‌و ململانێیه‌كی‌ تونددایه‌و به‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌توانرێ به‌رگریی له‌مافی پێكهاته‌كان‌ بکرێت، كه‌ دواجار كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رای گشتی‌‌و راگه‌یاندن‌و ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ده‌بێت‌و جۆرێك له‌فشار ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ پابه‌ندبوون به‌ده‌ستووره‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان له‌عیراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

هه‌رێمی كوردستانیش
هه‌روه‌ها، فه‌رهاد عه‌لائه‌دین راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌PUKmediaی راگه‌یاندووه‌: ئه‌و لیژنه‌یه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ پێكهێنراوه‌، بۆ به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستوور كراون له‌ساڵی 2005وه‌و به‌دواداچوون‌و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ته‌واوی عیراق ده‌گرێته‌وه‌ به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌‌و پاشانیش راپۆرتی تایبه‌ت له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كان ده‌درێته‌ سه‌رۆك كۆمار‌و خودی لیژنه‌كه‌ش راسته‌وخۆ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون ده‌كات‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویشی ده‌بێت.

 328 جار بینراوە