سەرەکی » وتار » یادی 28 ساڵەی دامەزراندنی تەلەفزیۆن و چەند سەرنجێک

یادی 28 ساڵەی دامەزراندنی تەلەفزیۆن و چەند سەرنجێک

کاروان شێخ عوسمان

لێرەدا زۆر ناچمە ناو وردەکارییەکانی مێژووی دامەزراندنی ئەوکەناڵەی کە لە پاش ڕاپەڕین وەک یەکەمین کەناڵی بینراوی کوردستانی توانی ببێتە سەکۆی تەعبیری راستەقینەی خواستەکانی بینەری ئەو ناوچانەی کە بە چەند قۆناغێک پەخشەکەیان گەیشتێ ، هەروەها بە هۆی فەوتانی بەشێکی زۆری ئەرشیفی بەرهەم و کارەکانی لە ڕوداوەکانی ساڵی 1996 دا نەمتوانی چاوێک بەو کارانەدا بخشێنمەوە و ئەوە دەهێڵمەوە بۆ بینەرەکانی ئەوکات و سەردەمانە کە شاهیدیی لەسەر بدەن.
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لەو ماوەی چەند ساڵ کارکردنەیدا کە هێشتا کرانەوەی تەکنەلۆژیای سەتەلایت و ئینتەرنێت بڵاونەبوبۆوە، هەر هیچی نەکردبێت توانیویەتی بەو توانا کەمە دارایی و تەکنیکیە سادانەوە ڕۆڵێک ببینێت لە ئاگادار بونی بینەران لە ڕوداوە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەکان و وشیارکردنەوەی زیاتری کۆمەڵگا لە زۆربەی کایەکانی ژیان و بەخشینی زانیاری گشتی ، لەو میانەیەدا و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بەو پەڕی هەست کردن بە مەسئولیەتەوە بەرامبەر بە کۆمەڵگا بە دور بوە لەهەر هەواڵ و بەرنامەیەک کە ببێتە هۆی مەترسی بڵاوکردنەوەوشڵەژان یان کێشە نانەوەیەک لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا .
بەڵێ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کەناڵێکی ناو دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندن و دواتر مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوە بەڵام هەر لەسەرەتاوە چەندین ڕۆشنبیر و نوسەر و هونەرمەندی بیر و ڕا جیاواز و وەک ئامادەکار و پێشکەشکار و لە بوارەکانی تردا کاریان کردوە و حزوریان هەبوە ئەمانە توانیویانە بە سود وەرگرتن لە ئەدەبیاتی ڕاگەیاندنی شاخ زمانێکی پاراو لە نوسین و ئاخاوتندا بچەسپێنن و ئەمەش بوە قوتابخانەیەک بۆ زۆر کەناڵی بینراو و بیستراو ونوسراوی تر .
ئەو کاتانەی کە هێشتا بەشی ڕۆژنامەنوسی لە پەیمانگا و بەشی راگەیاندن لە زانکۆکاندا نەکرابۆوە هەر ئەم کەناڵە توانی شتێک لە جێگەی ئەوان بگرێتەوە و بەپێی ئەزمونی کارکردن چەندین کادری میدیایی پێبگەیەنێت کە ئێستا زۆریان لە کەناڵ یان کۆمپانیا یاخود دەزگا میدیاییەکانی تردا برەو بە کارەکەیان دەدەن .
لەگەڵ هاتنە کایەی کەناڵی (فەزایی) سەتەلایت دا . تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە کاروانەکە بە جێ نەما و شان بەشانی کەناڵە فەزاییە کوردییەکان بەردەوام بوو لە کارکردن و لە کوێ ئەوان حزوریان هەبوبێت پەیامنێر و ڕێپۆرتەری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانیش حزوری هەبوە .
ململانێ دەرەکی و ناوخۆییەکان هۆکارێک بون بۆ کەمێک وەستانی ئەم کەناڵە لە جێگەی خۆیدا ، بەڵام کادر و کارمەندەکانی لە کار وبەخشش نەوەستان و لە ڕوماڵ و تیشک خستنە سەر زۆر ڕوداوو وروژاندنی زۆر هەواڵدا گەلی کوردستان هەر هەنگاوی ناوە نمونەش لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق تیمەکانی ئەم کەناڵە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دا پێشەنگ بون لە چونە ناوچە رزگارکراوەکانی خانەقین و کەرکوک و تەنانەت بەغدای پایتەختی عێراق ، هەروەها لە ڕوبەڕوبونەوەکانی هێزی پێشمەرگە بەرامبەر داعش ئەوە لە بەرچاوی زۆرێک ماوە کە ئەم کەناڵە چ رۆڵێکی هەبوە .


ئێستاش کە 28 ساڵ تێدەپەڕێنین و پێ دەنێینە ناو 29 ساڵەی دامەزراندنی ئەم کەناڵەوە بۆ وەڵامی پرسیار گەلێکی بینەران کە دەڵێن ئەم کەناڵە بۆ وەک جاران نیە ؟! پێویست دەکات ئەوە بڵێین کە پێش هەموو شت بۆ بینی هەر کەناڵێک کوالێتی بە کوردییەکەی ڕەنگ و ڕووەکەی مەرجی سەرنج ڕاکێشان و ڕاوەستانیەتی لەسەر ئەو کەناڵە ، بۆیە گۆڕینی سیستمی پەخشی ئەم کەناڵە بۆ (HD) هەنگاوێکی تر دێتە پێشەوە کە ئەمەش دابین کردنی خەرجییەکەی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە . جگە لەوە کرانەوەی زیاتر لە نێو هەواڵ و بەرنامەکاندا مەرجێکی ترە کە بتوانرێت دەست بخرێتە سەر زۆر برین بۆ سارێژ کردنیان و (تداخل) دەست تێوەردانی ئەم و ئەویش نەهێڵرێت و مادام ئەم کەناڵە لێپرسراوی مەکتەبی هەیە و بەرێوەبەری گشتی هەیە بڕیار و ئاراستەکردنەکان لای ئەوان بێت و بەس . خەوشێکی تر کە نەک هەر کەناڵی گەلی کوردستان، بەڵکو زۆر کەناڵی تریش بە دەستیەوە دەناڵێنێت کەمی کادری بە توانای بوارە جیاجیاکانی تەلەفزیۆنە کە بە داخەوە هەم پەیمانگا و هەم زانکۆش لە بەشەکانی راگەیاندن و ڕۆژنامەنوسیدا وەک پێویست نەیانتوانیوە کادری وا پێبگەیەنن کە کاتێک خوێندن تەواو دەکەن وەک کادرێکی پڕۆفیشناڵ یەکسەر دەست بە کار بکەن و ئەوەی لە هەگبەیاندایە زیاتر تیورییە ولە پراکتیکدا شارەزاییەکی ئەوتۆیان نیە و کە دێنە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانەوە دەبێت بچینەوە سەر ئەلف و بێ . بۆ ئەوەش پێدەچێت ئەو ناوەندانەش گرفت و لەمپەڕیان هەبێت .
کەواتە کەناڵی گەلی کوردستان چەندە مێژویەکە لە میدیای کوردیدا ، لەبەر ئەوەی گیانێکی زیندو و جۆشدراویی پەرۆشی تێدایە دەشتوانێت بە بەرگ و ڕەنگ و دەنگێکی نوێوە برەو بە کاروانەکەی بدات .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سـەرزەمـیـنی ئـافـاتێكی بـێـكـۆتا

پەیڤێک وا بۆ هەشت ساڵ دەچێت لیبیا رووبەروی پشێویی و ...