سەرەکی » راپۆرت » ״وەفدی حكومەتی هەرێم لە بەغدا (بودجە و سەرژمێری و شایستە داراییەكان) تاوتوێ دەكات״

بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بكات

״وەفدی حكومەتی هەرێم لە بەغدا (بودجە و سەرژمێری و شایستە داراییەكان) تاوتوێ دەكات״

راپۆرتی، سەرەتای هەفتە

بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 ی عیراق و شایستە داراییەكانی هەرێم و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان كە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بكرێت. ئەمەش بەپێی لێدوانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم و راگەیەنراوی دواكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.

ناوەڕۆكی گفتوگۆكان
لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا كە رۆژی 11/9/2019، بەڕێوەچوو، هاتووە «بڕیاردرا لەم هەفتەیەدا وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بەمەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی سەبارەت بە پرسی بودجە و بەشداریی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی 2020، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە».
دوای كۆبوونەوەكەش، د.جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات. ئامانجی سەردانەكەش تایبەت دەبێت بە پرسی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە و پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان. راشیگەیاند: هەر لەو سەردانەدا وەفدەكەی حكومەتی هەرێم لەبارەی شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێم و مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، بەوپێیەی حكومەتی فیدرال زیاتر لە هەشتا ملیار دۆلاری حكومەتی هەرێم قەرزارە كە بەهۆی بڕینی بودجەوە نەدراوە.
دەستپێكردنی خولێكی نوێی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەرێم لەكاتێكدایە پێدەچێت دۆسێی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراق، دۆسێیەكی قورس بێت، چونكە ژینگەیەكی سیاسی لە بەغدا هەیە كە زۆر كەیفی بە داخوازییەكانی كورد و بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا نایەت.

گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هەرێم بەردەوام دەبن
هەروەها رۆژی 8/9/2019، لە هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان، كۆبوونەوە و تەئكیدیان لە «چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور» كردەوە و ئاماژە بەوەشدرا «گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لەسەر دۆسێكانی دارایی و بودجە، نەوت وگاز، قەرزەكان، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەو ئاراستەیەی كە بتوانین بگەینە رێكەوتن لەسەر بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2020 و كاركردنی بەردەوام لەسەر چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەو دۆسیانە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی هاوبەش».
بەپێی زانیارییەكانیش «حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرنامەیدایە رێكەوتنێكی چوار ساڵی لەگەڵ حكومەتی عیراقدا بكات»، بەڵام پێدەچێت قورسترین دۆسێی ئەو بوارە، پرسەكانی بودجە و نەوت بێت، چونكە هێشتا فەزای رێكەوتنێكی باش لەوبارەیەوە جێگیرنەكراوە.

بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكان
لەلایەكی دیكەوە، لە دواكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە رۆژی 7/9/2019، لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تەئكید لە یەكڕیزیی گەلی كوردستان ‌و تەبایی ‌و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە ئاست پرسە چارەنووسسازەكانی عیراق‌ و ناوچەكە لەپێناوی بەدیهێنانی مافە دەستووری‌ و دیموكراسییەكانی گەلی كوردستان، كرایەوە.

كار بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەكرێت
لەبارەی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ بەغدا، شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەك نوێنەرانی كورد لە بەغدا چاوەڕوانی سەردانی وەفدی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ حكومەتی فیدرال كۆببێتەوە، ئەمەش سەردانێكی پێویستە، چونكە ئێستا عیراق كار بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو دەكات.
هەرلەوبارەیەوە، پەرلەمانتار د.بەختیار شاوەیس بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هیوادارین سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا سەركەوتوو بێت، بەتایبەتی لەبارەی بودجەی عیراق و پشكی هەرێمەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمرالی ئـۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی شەشەم ...