سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » تراژیدیای فارك و كۆمیدیای ئیسكۆبار

كۆڵۆمبیا؛

تراژیدیای فارك و كۆمیدیای ئیسكۆبار

سەبارەت بە جەنگی خوێناوی و درێژخایەنی نێوان بزووتنەوەی هێزە چەكدارە شۆڕشگێڕەكانی كۆلۆمبیا (فارك) و حكومەتی ئەو وڵاتە، كە فارك بە پاساوی وەرگرتنەوەی مافی هەژاران دامەزرا، بەڵام ئەویش بووە بارێكی گرانی دیكە بەسەر سەری هەژارانی ئەو وڵاتە و هەرچەندە بزووتنەوەیەكی چەپ بوو، بەڵام بە جۆرێكی دیكە جووتیارانی ئەو وڵاتەی كردە كۆیلە.
وڵاتی خوێن و كۆیلە و شۆڕش و ئەفیون
لەو بارەیەوە عەبدولڕەحمان شلقم وەزیری دەرەوەی لیبیا و نێردراوی پێشووی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان بابەتێكی بە ناونیشانی (كۆڵۆمبیا، تراژیدیای فارك و كۆمیدیای ئیسكۆبار) لە پێگەی شەرقولئەوسەت نووسیوە و سەرەتا دەڵێت: كۆماری كۆلۆمبیا، دوا چارۆكەی كەشتییەكانی كریستۆفەر كۆلۆمبۆس دۆزەرەوەی ئەمریكا، وڵاتی خوێن و كۆیلە و شۆڕش و ئەفیون.
دەشڵێت: فارك، بزووتنەوەی هێزە چەكدارە شۆڕشگێڕەكانی كۆلۆمبیا كە باڵی چەكداری حزبی شیوعی كۆلۆمبی بوو، پاشماوەی هەڵچوونی شیوعی پۆپۆلیستی چەكدار لە كیشوەری ئەفسانەی سیاسی و ئابووری و ئیتنی، ساڵی 1964 بە سەركردایەتی مانوێل مارۆلاندا دامەزرا، كە كۆمەڵێك جووتیاری لە خۆگرتبوو، دروشمەكەی دژایەتی كەمینەی بۆرژوازی بوو كە دەسەڵات و سامانی وڵاتی لە ژێر دەستدا بوو.
عەبدولڕەحمان شلقم لە بابەتەكەیدا نووسیویەتی: مارۆلاندا لە بەیاننامەیەكدا وتی: ئێمەی شیوعییەكان، ماركسییەكان، لینینییەكان، بۆلیڤارییەكان، لە پێناوی رزگاركردنی جووتیارە هەژارەكاندا چەكمان هەڵگرتووە، كە دەسەڵاتی بۆرژوای زۆردار كردوونی بە كۆیلە و چەكی ئایدیۆلۆژیای لە نێو جووتیارە هەژارەكاندا زاڵ كردووە.
نووسیویشیەتی: گەنجەكانیان هێزی میلیشیایان رێكخستبوو كە بەردەوام شەڕی لە دژی سوپای رەسمیی وڵاتدا دەكرد، لە چەند ساڵێكی كەمدا بزووتنەوەكە بوو بە دەوڵەتێك لە ناو دەوڵەتدا و جوڵانەوەكەی بانگەشەیەكی فراوانی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریكای لاتین بۆ كرا و گەنجانی توندڕەو و خوێنگەرم لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە پەیوەندییان پێوە كرد.
فارك گۆڕدرا بۆ ئیمپراتۆریەتی كۆكایین
نووسەر روونیكردۆتەوە: كۆمارەكانی مۆز، ناونیشانی مینڕێكراو، كەپسولێكی تەقێنەر بوو كە سیاسەتی پاشكۆیەتی لاتینی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان پارچە پارچە كرد، بەرەنگاربوونەوەی نێوان كوبا و ئەمریكا سووتەمەنی كرد بە سەر ئاگری جەنگی چەپەكاندا لە بەرامبەر سیستمە دژەكاندا و لەگەڵ فراوانبوونی جەنگ لە ڤێتنام، گڕی شۆڕش لە ئەمریكای لاتین كڵپەی سەند.
دەشڵێت: سووتەمەنیی جەنگی ئەهلی بریتییە لە مرۆڤ و پارە و ئەقڵە خەسێنراوەكان، فارك كە بە ناوی بەرگریكردن لە جووتیاران و لە پێناوی گەڕاندنەوەی مافەكانیان دەستیپێكرد، گۆڕدرا بە گروپی چەكدار كە جووتیارانی بۆ بەرهەمهێنانی كۆكایین بەكارهێنا، تۆڕی فراوانی سنوور بڕی بۆ پەیداكردنی بازاڕ دامەزراند، شەڕی ناوخۆیی لە نێوان سەركردەكانی شۆڕش لە سەر سامان و مادەی هۆشبەر هەڵگیرساند.
عەبدولڕەحمان شلقم ئاماژەی بەوەكردووە: لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا دەوڵەتی فارك گۆڕدرا بۆ ئیمپراتۆریەتی كۆكایین كە شەڕی پێدەكرد و لە پێناویدا دەكوژرا. هەروەها حزبی شیوعی كۆلۆمبی لە توانایدا نەبوو ئەو حەقیقەتە لە بەردەم هەمواندا پشتگوێ بخات و بێبەری بوونی خۆی لە فارك راگەیاند.
كۆكایین و خوێن و شۆڕش كۆمەڵگەیەكی دیكەی لە وڵاتدا خوڵقاند، كوشتن و رفاندن و ئاوارە بوون و تاوان ئاسایی نەبوون، بەڵكو گۆڕدرا بۆ بڕوایەك بۆ كۆنترۆڵی رەفتاری زۆرێك لە ژیانی رۆژانەیاندا.
دەشڵێت: 260 هەزار كوژراو و حەوت ملیۆن ئاوارە و ژمارەیەكی زۆر لە رفێنراوان، حكومەت بە پاڵپشتی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین، پانتایی بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ فارك زیاد كرد، بەڵام حكومەتی كۆلۆمبیا سیاسەتێكی دووفاقی گرتەبەر، چڕكردنەوەی پرۆسە سەربازییەكان لە دژی بزووتنەوەكە لە لایەك و درێژكردنی دەستی ئاشتی لە لایەكی دیكەوە.
سوپایەك بۆ دابەشكردنی چەندین تۆن لە كۆكایین
نووسەر ئاماژەی بەوەكردووە: كوبا رۆڵی نێوەندگیری نهێنیی بینی لە دانوستانی نێوان هەردوولادا، خوان سانتۆس وەزیری بەرگری كە پلانی بۆ فراوانكردنی پرۆسە سەربازییەكان لە دژی فارك دادەنا، دوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆك كۆمار لە ساڵی 2014 دا، سەركردایەتیی پرۆسەی ئاشتی كرد و پلانێكی گشتگیری بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێكردنی ئاشتی داڕشت، میلیشیاكە رازی بوو بە دانانی چەك و بۆ حزبێكی سیاسی گۆڕدرا، بەو مەرجەی لە پێش هەڵبژاردندا 10 كورسی كۆنگرێسیان بدرێتێ و مافیشیان هەبێن كە لە رێگەی دەنگدانەوە كورسی دیكە بە دەست بهێنن، حكومەتیش رازیبوو بە تاوتوێكردنی پرۆژەكە، كە لەلایەن فاركەوە دەربارەی ریفۆرمی گشتگیری ئابووری پێشكەش كرابوو.
روونیشیكردۆتەوە: گڕكانی خوێن لە كۆلۆمبیا یەك لولەی هەیە، (هەژارەكان) بەڵام ئاوی ئاگر لە رەنگێك زیاتری هەیە، پابلۆ ئیسكۆبار ئیمپراتۆری تاوان نەك لە جیهاندا بەڵكو لە مێژوودا، بە سەر هەموو مافیاكانی جیهاندا باڵادەست بوو، خوێنی كرد بە دەریایەك بۆ خۆی كە بەرەو هێزو پارە مەلەی تێدا دەكرد، چیای لە كۆكایین دروست كرد و بە كەللەسەر و جەستەی هەژارەكان دەوڵەتی لەسەر دەوڵەت دروست كرد.
دەشڵێت: پابلۆ ئیسكۆبار دووانە و زڕبرای فاركە، سەرەتای تەمەنی لەو كۆمەڵگە هەژارانەدا ژیاوە كە بژێوی ژیانیان لە پاشماوەی خۆراك كۆدەكردەوە، ئیسكۆبار لەو جێیەدا كانێكی گرنگی بینی كە دەتوانێت لە رێگەی رێكخستنی توندوتیژی رەهاوە سوپایەكی بۆ پارە و هێز لێ دروست بكات، كە ناونیشانەكەی بریتی بوو لە گەڕاندنەوەی مافی هەژاران و هەزاران هەژاری لە چاندن و پیشەسازیی كۆكاییندا رێكخست، هەروەك لە رێگەی رێكخراوی چەكدارەوە سوپایەكی گەورەی سنووربڕی دروستك رد بۆ دابەشكردنی چەندین تۆن لە كۆكایین.
ئیسكۆبارو ژمارەیەكی پێوانەیی
باسی لەوەشكردووە: ئیسكۆبار ژمارەیەكی پێوانەیی لە كۆلۆمبیا بە دەستهێنا، یەكەم بەرهەمهێنی كۆكایین لە جیهاندا، كە سامانەكەی گەیشتە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار، لەبەرئەوەی كاتی نەبوو بۆ بژاردنی، پارەی كێشانە دەكرد، 80%ی مادەی هۆشبەر لە جیهاندا هی ئەوە.
دەشڵێت: دەوڵەت شەڕێكی گشتگیری لە دژی راگەیاند، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە دووەم قوربانیی بوو، هێزێكی نهێنی و ئاشكرای بۆ بەرەنگاربوونەوەی دروست كرد، جەنگێكی راستەقینەی لە دژی بەرپا كرد، ئەویش جەنگی كۆكایین بوو كە لە جەنگی دژی ئەفیون لە بەرامبەر چین زیاتر بوو.
عەبدولڕەحمان شلقم لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا روونیكردۆتەوە: ئیسكۆبار لە كۆلۆمبیا بووە پاڵەوانێكی میللی و لە پێناوی هەندانی هەمیشەیی بۆ كارەكەی، خوێندنگە و خانوو و نەخۆشخانەی بۆ هەژاران دروست كرد، بە پارە و هێز توانیی دەوڵەت شەكەت بكات، كە جەنگێكی توند و درێژخایەنی لە دژی میلیشیاكانی فارك بەرپا كردبوو، ئیسكۆبار دەوڵەتی لەسەر دەوڵەت دروست كرد، سێ كاندیدی بۆ سەرۆكایەتی و وەزیری دادو ژمارەیەك رۆژنامەنووسی كوشت، لە هەمان كاتیشدا توانیی شتێك لە دەسەڵات بپچڕێت و بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و پلانی بۆ سەرۆكایەتیی وڵات داڕشت. حكومەتیش ناچار بوو بیخاتە زیندانەوە، بەڵام لە زیندانی كەرتی تایبەتدا كە بە پارەی خۆی و لە لایەن خۆیەوە دروستكرابوو و دەستەیەك لە چەكدارانی خۆی پاسەوانی بوون.
كۆلۆمبیا لە نێوان فارك و ئیسكۆباردا
هەروەك ئاماژەی بەوە كردووە: كۆلۆمبیا لە نێوان فارك و ئیسكۆباردا ببووە شوێنی زۆرانبازیی گا، كە فارك رۆڵی ئەو سوارانەی دەبینی تیر لە جەستەی (گا) كە دەدەن و دوای ئەوەی شەكەت و لاواز دەبێت، ئیسكۆباری زۆرانباز دێت و شمشێر لە ملی دەدات.
دەشڵێت: كۆلۆمبیا خاكی تراژیدیا و كۆمێدیا، لە مێژوویدا لە نێوان دوو میراتی ئیتنی و كلتووری و كۆمەڵایەتی شێواودا گیری خواردووە، هەژاری توێژی تووڕەیی و رەشبینی بەرهەمهێنا، ئایدیۆلۆژیا چەپەكان چوونە بن كڵێشەی، كینەی چینی چەكدار لە ژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا جەنگی ناوخۆی رانەگرت.

عەبدولڕەحمان شلقم وەزیری دەرەوەی لیبیاو نێردراوی پێشووی ئەو وڵاتەیە بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان.

 564 جار بینراوە