سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » هاوپەیمانی عەرەبی و شوورەییەكی …

هاوپەیمانی عەرەبی و شوورەییەكی …

هاوپەیمانی عەرەبی و شوورەییەكی سەربازی و سیاسی

رۆژی 25 ی ئازاری 2015 پرۆسەی _ عاصفة الحزم _ بە سەركردایەتی سعودیە لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی بە هێرشی ئاسمانی بۆسەر بنكە و سەربازگەی حوسییەكان و هێزەكانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە سەنعای پایتەختی یەمەن و شاری سەعدەی باكووری یەمەن كە مەڵبەندی حوسییەكانە و هەموو ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی هێزەكانی ئەو دوو لایەنەدا بوون، لەیەمەن دەستیپێكرد.
هاوپەیمانی عەرەبیش پێكهاتووە لەم وڵاتانە:
سعودیە _ كوێت _ بەحرەین _ ئوردن _ میسر _ سودان _ مەغریب _ قەتەر _ موریتانیا _ سەنیگال و هاوكاریی دەریایی و بواری ئاسمانی سۆماڵ و بە پشتگیریی لوجستی و هەواڵگریی و راوێژكاریی ئەمریكا و بەریتانیا.
مەبەستی راگەیەندراوی دەستپێكردنی ئەم جەنگە، بەرگرتن بوو لە هێزی حوسییەكان و هێزەكانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، تاكو دەست بەسەر هەموو یەمەندا نەگرن و هەروا رێگرتن لە دەستتێوەردانی ئێران لە یەمەن كە دەكاتە سنووری باشووری سعودیە.
بۆردومانی ئاسمانی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانیی عەرەبی نزیكەی مانگێكی خایاند و لە 21ی نیسانی 2015 هاوپەیمانی راگرتنی هێرشی ئاسمانی راگەیاند و پرۆسەیەكی تری دەستپێكرد بەناوی _ گێڕانەوەی هیوا _ بەپێی راگەیاندنی ئەوكاتەی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی، پرۆسەی یەكەم ئامانجەكانی خۆی پێكاوە لە تێكشكان و لەناوبردنی هێزی ئاسمانی و موشەكی و دەریایی حوسییەكان و هێزەكانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و سەرجەم بنكە و سەربازگەكانی ئەو هێزانەی تێك و پێك داوە و بەپێی ئاماژەكانی هاوپەیمانییەكە، لایەنە ركابەرەكانی هیچ هێز و توانایەكی ئەوتۆیان نەماوە و جەنگەكە بە قازانجی هاوپەیمانی پاش كەمتر لە یەك مانگ تەواو بوو.
بەڵام لە راستیدا ئەمە وا نەبوو، ئەو جەنگە ئەوە بۆ نزیكەی 5 ساڵە بەردەوامە. سعودیە و هاوپەیمانەكانی بە هەموو هێز و توانایەكی خۆیان شەڕی حوسییەكان و هێزە هاوپەیمانەكانیان دەكەن، هێشتا بەشێكی گەورەی خاكی یەمەن بەسەنعای پایتەخت و شاری سەعدە و بەندەری حودەیدە و چەند ناوچەیەكی تر لەژێر دەستی حوسییەكان و هێزە هاوكارەكانیاندایە ئەمە جگە لەوەی بەشێكی خاكی یەمەن بەدەست قاعیدە و داعشەوەیە. رۆژانە شەڕ لەسەر سنوری سعودیە لە نێوان حوسییەكان و سوپای سعودیە روودەدات. باشووری یەمەن بە گشتی و بە تایبەتی شاری عەدەن لەژێر دەستی حكومەتی ئینتیقالی باشووردایە و لەم دواییەدا بە هاوكاریی ئیمارات جوداخوازەكانی باشوور دەستیان گرت بەسەر زۆربەی زۆری بنكە و بارەگا سەربازییەكانی عەبد رەبە مەنسور هادی كە بە سەرۆكی یەمەن ناسراوە. هەروەها لەچەند كردەیەكی سەربازیی تایبەتدا و لە ماوەی ئەم یەك دوو مانگەی دواییدا، حوسییەكان لەڕێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەكی بالەستییەوە چەندین دامەزراوەی گرنگی سەربازی و ئابووریی سعودیەیان كردۆتە ئامانج و زەرەر و زیانی گەورەیان پێ گەیاندووە و هەرە نوێکەشیان و پڕ زەرەریشیان ئەو هێرشەی حوسییەكان بوو كە رۆژی شەممە 14/9/2019 كردیانە سەر دامەزراوە نەوتیەكانی ئارامكۆ و كارگەكانی بقیق و خریص لە رۆژهەڵاتی سعودیە لە دووریی زیاتر لە 1000 كم لە سنووری یەمەنەوە، بە 10 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كە هەندێكیان بەپێی لێدوانی حوسییەكان یەكەم جارە بەكاردێن.
ئەم هێرشەی رۆژی شەممە، لە هەموو هێرشەكانی پێشتری حوسییەكان بەهێزتر و فراوانتر و بەزەرەر تر بوو بە شێوەیەك، نیوەی بەرهەمی نەوتی خاوی سعودیەی راگرت و زەرەر و زیانێكی مادیی گەورەشی بە دامەزراوە بۆمباران كراوەكان گەیاندووە بەشێوەیەك بەپێی راپۆرتی پسپۆڕان چاككردنەوەی زیانەكان نزیكەی شەش مانگی دەوێ و سعودیە بەهۆی ئەو هێرشانەوە سەدان ملیۆن دۆلار زەرەر دەكات.
لە وردبوونەوە لەو هێرشە بەرفراوان و بەهێز و بە دیقەتی حوسییەكان بۆ سەر ئەو دامەزراوە گرنگ و ستراتیژیانەی سعودیە، ئەم پرسیارانە لامان دروست دەبێ:
_ ئەنجامی ئەو هەموو بۆردومانە رۆژانەیەی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر بنكە و بارەگا و كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی حوسی و هاوپەیمانەكانیان چییە؟
_ لە بوونی ئەو هەموو كەشتی گەل و فڕۆكەی سیخوڕی و بنكە سەربازییەی هاوپەیمانەكانی سعودیە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ناوچەكە، چۆن دەبێ، نە رادارێ، نە فڕۆكەیەكی سیخوڕی، نە سەتەلایتێكی چاودێری، نە بنكەیەكی سەربازی لە ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، سعودیە، نە راداری پاتریۆتەكان، هەستی بەو 10 فڕۆكەیە نەكردبێ كە لەو دوورەوە بەڕێكەوتوون؟
_ سعودییە بە دەیان ملیار دۆلار چەك و تفاقی لە ئەمریكا كڕیوە و لە نێویاندا موشەكی پاتریۆت و راداری پێشكەوتوو هەیە، چۆن نەیانتوانی ئەو فڕۆكانە بدۆزنەوە و پێش گەیشتنە ئامانجەكانیان بخرێنە خوارەوە.
_ ئەگەر ئەمریكا و هێزەكانی لە كەنداو لە قەتەر و لە سعودیە زانیبێتیان و سعودیەیان ئاگادار نەكردبێ، مەبەستیان چی بووە؟
_ لە هەمووش گرنگتر، سەرۆكی ئەمریكا چەندین جار وتویەتی، ئەمریكا لە خۆڕا سعودیە و دەوڵەتانی تری کەنداو ناپارێزێ، لە بەرامبەر پاراستنیان، پارەی دەوێ و سعودیەش دەیان ملیار دۆلاری داوە بە ئەمریكا، ئەی پاراستن بۆ كەی دەبێ؟ و چۆن ئەمریكا پێشوەخت رێی لەو فڕۆكانە نەگرت؟
هەموو ئەوانە پرسیارن و دەیان پرسیاری تریش هەن، بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێ و تەئكیدی لێ بكرێتەوە ئەوەیە كە ئەو هەڕەشە و ئەو ئەنجامەی لێی كەوتەوە، شورەییەكی گەورەی سیاسی و سەربازییە بۆ سعودیە و هاوپەیمانیی عەرەبی، سیاسی لەوەی ماوەی پێنج ساڵە هەوڵە دیبلۆماسییەکانی سعودیە و هاوپەیمانەكانی و هەروەها دامودەزگاكانیان رادەگەیەنن كە حوسییەكان هێز و توانایان نەماوە و هێندەیان نەماوە لەناو بچن، هەرچی سەربازیشە لەوەی ئەو هەموو توانا سەربازییەی سعودیە و هاوپەیمانیی عەرەبی و هاوكارەكانیان تا ئێستا ناتوانن رێگریی لە بەئامانجگرتنی گرنگترین و گەورەترین ژێرخانی ئابووریی سعودییە بکەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دڵی گه‌وره‌ی یه‌كێتی و به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌

ئه‌وه‌ی به‌دیقه‌ت و به‌ وردی و به‌ ئنصاف و واقعییانه‌ ...