سەرەکی » وەرزش » بۆچی یاریزانانی ژاپۆن تا ته‌مه‌نێكی زیاتر له‌ یاریكردن به‌رده‌وام ده‌بن؟

بۆچی یاریزانانی ژاپۆن تا ته‌مه‌نێكی زیاتر له‌ یاریكردن به‌رده‌وام ده‌بن؟

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ندین جار سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندن گرنگیان به‌ هه‌واڵی به‌رده‌وامبوونی چه‌ند یاریزانێكی ژاپۆنی تا ته‌مه‌نی سه‌رو 40 ساڵی له‌ یاریكردن داوه‌ به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی‌ یانه‌ی‌ یۆكۆهامای ئه‌و وڵاته‌ بۆندی له‌گه‌ڵ شوانسكۆ ناكامورای ته‌مه‌ن 42 ساڵ ئیمزا كرد كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ دووه‌م به‌ ته‌مه‌نترین یاریزانی ئه‌و یانه‌یه‌.
ناكامورا كه‌ ساڵانی پێشوو له‌ ریزی یانه‌ی‌ سه‌لتیكی سكۆتله‌ندی یاریی ده‌كرد به‌وه‌ ناسراو بوو لێدانه‌ راسته‌وخۆكانی هاوشێوه‌ی په‌نالتی مه‌ترسیدار بوون و ئێستاش له‌ پاڵ كازۆ میورای ته‌مه‌ن 52 ساڵ له‌ ریزی یۆكۆهاما یاری ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دوای به‌ ته‌مه‌نترین یاریزانی تۆپی پێیه‌.
چارلی هیوتۆن نووسه‌رێكی دیاری ئینگلیزیه‌ گه‌شتی كردوه‌ بۆ ژاپۆن بۆ ئه‌وه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكات به‌تایبه‌ت كه‌ بۆی ئاشكرا بووه‌ راهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه‌ ده‌توانێت به‌ پێكهاته‌یه‌ك یاری بكات كه‌ رێژه‌ی ته‌مه‌نی یاریزانه‌كانی 36 ساڵ و 5 مانگ بێت.
ئه‌مه‌ وای له‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئینگلیزیه‌ كردوه‌ به‌دوای هۆكاری به‌رده‌وامبوونی یاریزانانی ژاپۆن تا ئه‌و ته‌مه‌نه‌ بگه‌ڕێت به‌تایبه‌ت كه‌ یۆكۆهاما تاكه‌ یانه‌ نییه‌ و چه‌ندین یانه‌ی‌ تر یاریزانی به‌ ته‌مه‌نیان هه‌یه‌ كه‌ یاریكردنیان له‌ ئه‌وروپا ئه‌سته‌مه‌.

شێوازی ژیان و خواردن
له‌سه‌ره‌تای راپۆرته‌كه‌ی دا رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ باس له‌ درێژی ته‌مه‌نی ژاپۆنیه‌كان ده‌كات كه‌ ژاپۆنیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان درێژترین ته‌مه‌نیان هه‌یه‌ به‌ جۆرێك رێژه‌ی ته‌مه‌نی كه‌سه‌كان له‌و وڵاته‌ 84 ساڵ و 2 مانگه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێوازی ژیان و ئه‌و خواردنه‌ی‌ رۆژانه‌ ده‌یخۆن كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ خواردنه‌كه‌یان رێژه‌ی كۆلیسترۆلی كه‌مه‌ و گرنگی زۆر به‌ خواردنی ماسی و سه‌وزه‌ ده‌ده‌ن ئه‌مه‌ش واده‌كات ته‌مه‌نی یاریزانی ژاپۆنیش له‌نێو یاریگا له‌ شوێنه‌كانی تری جیهان زیاتر بێت.
هیوتن باسی له‌وه‌ش كردوه‌ داڤید مۆیس راهێنه‌ری دیاری پریمه‌رلیگ كاتێك بووه‌ته‌ راهێنه‌ری مان یونایتد هه‌وڵیداوه‌ هه‌مان كار بكات و خواردنی یاریزانه‌كانی بگۆڕێت، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی توڕه‌بوونی یاریزانان بوو به‌تایبه‌ت كه‌ خواردنی په‌تاته‌ی‌ سووره‌كراوی قه‌غه‌ده‌كردبوو.

پاڵپشتی ئیداره‌ و هانده‌ران
دووه‌م هۆكار كه‌ هیوتن له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ باسی ده‌كات مامه‌ڵه‌ی هانده‌رانی ژاپۆن و ئیدارییه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ یاریزانه‌ به‌ ئه‌زمونه‌كان كه‌ كاتێك یاریزانێك ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ سه‌رو 30 ساڵ وه‌كو رێزلێنان بۆندی له‌گه‌ڵ ئیمزا ناكه‌ن به‌ڵكو بۆندی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵدا ئیمزا ده‌كات و له‌كاتی یاریكردنیشی له‌ یانه‌كه‌ ئیداره‌ی یانه‌كان به‌هیچ جۆرێك به‌دوای جێگره‌وه‌ی‌ ناگه‌ڕێن.
هانده‌رانیش مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و یاریزانانه‌ ده‌كه‌ن و ده‌زانن به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نیان جوڵه‌یان هێواشتر ده‌بێت به‌ڵام رێزگرتن له‌ رابردووی ئه‌و یاریزانانه‌ وایان لێده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ ستایشیان بكه‌ن و له‌ یاریگادا هانیان بده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ به‌متمانه‌ی‌ زیاتره‌وه‌ یاری ده‌كه‌ن.
باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ بوو كه‌ له‌ ناكورا كرا كاتێك له‌ ته‌مه‌نی 42 ساڵی په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی‌ یۆكۆهاماوه‌ كرد و سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵیش گرنگیان زۆریان پێداو رێژه‌یه‌كی زۆری درێسه‌كانی فرۆشراوه‌و رێژه‌ی ئاماده‌بوونی هانده‌رانیش له‌ یارییه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌ زیادبوونی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینی.
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خوله‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌وروپا یانه‌یه‌ك یاریزانێكی به‌ته‌مه‌ن بكڕێت ئه‌وا هانده‌ران زۆر توڕه‌ده‌بن و راگه‌یاندنه‌كانیش باس له‌ خراپی ئیداره‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ ده‌كه‌ن و شیكردنه‌وه‌ش بۆ ئاستی ده‌كه‌ن و پێش ئه‌وه‌ی‌ یاری بكات ئه‌وا له‌ رووی ده‌رونییه‌وه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن.

مووچه‌ی زیاتر
سێیه‌م هۆكاریش كه‌ هیوتن خۆی به‌ گرنگترین هۆكاری ناوی بردووه‌ ئه‌و هۆكاره‌یه‌ كه‌ وا له‌ یاریزانی ژاپۆنی ده‌كات هه‌وڵێكی زیاتر بدات بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌ یاریكرن به‌رده‌وام بێت ئه‌ویش به‌دڵنیاییه‌وه‌ پاره‌یه‌.
جیاواز له‌ ئه‌وروپا له‌ ژاپۆن تا ته‌مه‌نی یاریزانه‌كه‌ زیاتر بێت ئه‌وا مووچه‌كه‌ی‌ زیاتر ده‌بێت و هیچ یانه‌یه‌ك ئاماده‌ نییه‌ به‌هۆی زۆربوونی ته‌مه‌نی یاریزانێك مووچه‌كه‌ی‌ كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌تا ناكامورا له‌ نێو یاریزانانی خولی پله‌ دووی ژاپۆن خاوه‌نی زۆرترین موچه‌یه‌ كه‌ 80 ملیۆن یه‌نه‌ و نزیكترین یاریزان لێیه‌وه‌ 60 ملیۆن یه‌ن بووه‌.
له‌ ژاپۆن چه‌ندین نموونه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌نت ئۆگاسورای ته‌مه‌ن 38 ساڵ كه‌ یاری بۆ یانه‌ی كاشیما ئه‌نتله‌رز ده‌كات له‌گه‌ڵ یۆشیتۆ ئیندۆی 39 ساڵ و یاریزانی گامبا ئۆساكا خاوه‌نی زۆرترین مووچه‌ن له‌ خولی ژاپۆن و موچه‌یان 150 ملیۆن یه‌نه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كینتا مویرای ئه‌ستێره‌ی دیاری هه‌ڵبژارده‌ی‌ ژاپۆن ته‌نها 40 ملیۆن یه‌ن وه‌رده‌گرێت.
له‌ ژاپۆن هیچ گوشارێك نییه‌ له‌سه‌ر یاریزان بۆ ئه‌وه‌ی‌ زوو وازبهێنێت و ماڵئاوایی له‌ تۆپی پێ بكات و رووبكاته‌ خوله‌كانی بوون به‌ راهێنه‌ر یاخود به‌شداری شیكردنه‌وه‌ی یارییه‌كان بكات وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئه‌وروپا زۆر به‌دی ده‌كرێت، له‌ ژاپۆن هیچ یاریزانێك به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نی و پێشكه‌ش كردنی ئاستێكی خراپ له‌ یارییه‌كدا له‌لایه‌ن هانده‌ران فیكه‌ی‌ ناڕه‌زایی بۆ لێنه‌دراوه‌ به‌ڵكو به‌ باشترین شێوه‌ له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ یاریگا پاڵپشتی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات ته‌مه‌نی یاریزانه‌ ژاپۆنییه‌كان له‌نێو یاریگا زیاتر بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سیمۆن بایڵز ژماره‌ی میداله‌كانی له‌ پاڵه‌وانێتی جیهان گه‌یانده‌ 25 میدال

سیمۆن بایڵزی كچه‌ وه‌رزشكاری ئه‌مریكی به‌رده‌وامه‌ له‌ نوسینه‌وه‌ی‌ مێژوو له‌ ...