سەرەکی » مانشێت » (هاوپەیمانیی كوردستانی) لیستی لایەنە كوردستانییەكانە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان

(هاوپەیمانیی كوردستانی) لیستی لایەنە كوردستانییەكانە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان

(هاوپەیمانیی كوردستانی) لیستی لایەنە كوردستانییەكانە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان

نۆ لایەنی كوردستانی بڕیاریاندا بە یەك لیست، (لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی) بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بكەن لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین.

لایەنە بەشداربووەكان
دوێنێ لە هەولێر حزب و لایەنە سیاسییەكان (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، حزبی شیوعیی كوردستان، حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان) كۆبوونەوە.

 لە بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هاتووە «دوێنێ 28/9/2019، نۆ هێزی كوردستانی كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین. لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا كە بە یەك لیست لە ژێر ناوی (لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی) بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەین، بانگێشتی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكانی تریش بكەین بۆ بەشداریكردن لە هاوپەیمانێتییەكە».
لە بەشێكی دیكەی بەلاغەكەدا ئاماژەبەوەدراوە «بەشدارانی كۆبوونەوەكە تەئكیدیان كردەوە لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان لە پێش هەڵبژاردنەكان، جەختكرایەوە بۆ بەدواداچوون بۆ تانە پێشكەشكراوەكان لە دادگای فیدرالی لەسەر یاسای هەمواركراوی ئەنجومەنی پارێزگاكان»، هەروەها «بۆ راپەڕاندنی كارەكان، دەزگای هەڵبژاردنی حزبەكان راسپێردران بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست». كۆبوونەوەكە تەئكیدیشیكردەوە لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێكهاتەكان لەم پارێزگایانەدا.
شایانی باسە، بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە مانگی نیسانی 2020، بەڕێوەبچێت.

یەكێتی و كۆمەڵ كۆبوونەوە
هەردوێنێ لە سلێمانی وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانی كرد.
دوای كۆبوونەوەكە رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا پرسە گرنگەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تاوتوێكران، وتیشی: لەگەڵ یەكێتی پرسی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانمان تاوتوێكرد و تەئكیدمان كردەوە یەكڕیزیی لەو ناوچانە لە بەرژەوەندیی كوردە.
پاشان لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: یەكێتی لەگەڵ یەكڕیزیی نیشتمانیدایە و لە كۆبوونەوەش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی لە زۆر بواردا هاوڕابووین و خاڵی هاوبەشمان زۆرە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*