سەرەکی » دۆسێ » هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئیسرائیل بەردەوامنپەڕە 2

رەنگە نەتانیاهۆ نەتوانێت كابینەی نوێ‌ پێكبهێنێت

هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئیسرائیل بەردەوامن

بنیامین نەتایاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆكی حزبی لیكود، و بینی گانتسسەركردەی حزبی (شین سپی)، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەیان بە درێژەدان بە هەوڵەكان كرد بۆ «پتەوكردنی یەكێتی و یەكڕیزی ئیسرائیلی»، لە دوایین پێشهاتیشدا سەرۆكی ئیسرائیل نەتانیاهۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ راسپارد.
بەر لەوە لیكود و (شین سپی)، رێكەوتبوون لەسەر كۆبوونەوەكانی تیمەكانی دانوستانی هەردوولا لە بارەگای روۆفلین ریڤلین، سەرۆكی ئیسرائیل كە داوای سازدانی چاوپێكەوتنی كردبوو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوان لە ئیسرائیل.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان رایانگەیاندبوو، خاڵی ناكۆكی سەرەكی لەنێوان هەردوو حزبدا، لەسەر گرتنەدەستی پۆستی سەرۆك وەزیرانە لەماوەی دوو ساڵی یەكەم، چونكە رێكەوتن لەسەر پرەنسیپی دەستاودەستپێكردن كراوە.
هەردوو حزبی سەرەكی ئیسرائیل شكستخواردووبوون لە دەستەبەركردنی زۆرینەی پێویست بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی، ئەمەش هەردوولا ناچار دەكات پەنا بۆ پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان ببەن، وەك باشترین رێگەچارە بۆ خۆلادانان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سێیەم لە ماوەی ساڵێك.
هەردوو حزبی سەرەكی لە ئیسرائیل بەردەوامن لە دانوستانەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی بنەفراوان كە لیكود بە سەرۆكایەتی نەتانیاهۆ بە 31 كورسی و حزبی شین سپی (كحول لاڤان) بەسەرۆكایەتی بینی گانتس سوپاسالاری پێشوو لەخۆبگرێت كە لە هەڵبژاردنەكەدا 33 كورسی پەرلەمان (كنێست)ی بەدەستهێنا كە لە 120 كورسی پێكدێت.
بەو واتایەی كە هیچ كام لەو دوو حزبە سەرەكییە ناتوانن بە تەنیا حكومەت پێكبهێنن، دوای ئەوەی خولی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی جیاوازیی وەهایان نەبوو لەگەڵ هەڵبژاردنەكەی مانگی نیسانی رابردوو كە تێیدا نەتانیاهۆ نەیتوانی حكومەتی ئیئتیلافی لەگەڵ حزبە ڕاستەڕەو و حزبە ئاینییە توندڕەوەكاندا پێكبهێنێت، ئەفیگدۆر لیبرمانی هاوپەیمانی و بەڕێوەبەری پێشووی نوسینگەكەی (سەركردەی حزبی ئیسرائیل بیتنا) كە زیاتر پشت بە كۆچبەرە روسەكانی سەردەمی یەكێتی سۆڤیەت دەبەستێت، بچێتە نێو حكومەتەكەی بەو هۆیەی لیبرمان سوربوو لەسەر گۆڕینی یاسای تایبەت بە بەسەربازكردنی خوێندكارانی خوێندنگە ئاینییەكان، ئەمەش لەلایەن دیندارەكانەوە رەتدەكرێتەوە كە هاوبەشی تەقلیدی نەتایاهۆن لە حكومەتی ئێستادا.
نەتانیاهۆ كە پێی باشتر بوو هەڵبژاردنی دووەم بكرێت لە دوا پێنج مانگی لە یەكەم هەڵبژاردن، گرەوی لەسەر راسپاردنی پێكهێنانی حكومەت كردبوو لەیەن سەرۆكی ئیسرائیلەوە، لە بری پتەوكردنی ئامادەگی حزبی لیكود لە كنێست، تا بتوانێت بەبێ‌ پشتوانی لیبرمان حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام دەورانەكە بە خواستی ئەو نەبوو، گرەوەكەی دۆڕاند لە دوایین هەڵبژاردندا، بەو شێوەیە لیكود بۆ پلەی دووەم پاشەكشەی كرد لە كنێست لە دوای حزبی (شین سپی).

هەوڵەكانی سەرۆكی ئیسرائیل
سەرۆكی ئیسرائیل كە پۆستەكەی بە تەشریفی دادەنرێت، بەردەوامە لە وتوێژەكانی لەگەڵ فراكسیۆنە پەرلەمانییە جیاجیاكان، پشتیوانی خۆشی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوان دەربڕی كە لە هەردوو حزبی سەرەكی پێكبێت، تائیستاش لەو بارەیەوە سەركەوتوو بووە لە كۆكردنەوزەی نەتانیاهۆ و گانتس.
ریڤلین لە دوایین كۆبوونەوەی لەگەڵ نەتانیاهۆ و گانتس، دەبوو یەكێكیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ رابسپێرێت، لە دوایین هەنگاویشدا لەو رووەوە نەتایاهۆ بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ راسپێردرا.
پێشتر چاوەڕوان نەدەكرا هەردوولا بگەنە رێكەوتنی كۆتایی لەو وادەیەدا، بەڵام لە بەیاننامەیەكی هاوبەشیاندا باسیان لە تاوتوێكردنی وردەكارییەكان كردبوو لەلایەن شارەزایان هەردوولاوە، و ئاماژەیان بە بەردەوامبوونی هەردوو حزبیش كردبوو لەماوەی چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوو.
بەپێی یاسای ئیسرائیلی، مۆڵەتی 28 رۆژ دەدرێتە ئەو كەسەی بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێردرێت، دواتر 14 رۆژی تری پێدەبەخشێت گەر هەلێكی راستەقینە بۆ پێكهێنانی حكومەت لەئارادابوو، بەڵام گەر لەو دوو ماوەیەدا شكستخواردوو بوو، پێویستە راسپاردەكە بۆ سەرۆكی دەوڵەت بگێڕدرێتەوە، تا كەسێكی تر رابسپێرێت.
ئەو كەسەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ رادەسپێردرێت، پێویستە لەلایەن 61 ئەندامی پەرلەمانەوە پشتیوانی لێبكرێت.
ریڤلین لە دوای كۆبوونەوەكانی لەگەڵ نەتانیاهۆ و گانتس رایگەیاندبوو، گەلی ئیسرائیل «چاوەڕوانی ئەوانە تا رێگەچارەیەك بدۆزنەوە و رێگە نەدەن هەڵبژاردنی سێیەم ئەنجام بدرێت، جا ئەوە لەسەر حیسابی تایبەتی ئێوە بێت یان لەسەر حیسابی ئایدۆلۆجی»، رەتیشیكردبووەوە «ئێستا كاتی بایكۆتكردن بێت»، وەك ئاماژەكردنێك بۆ ئامادەكارییەكانی حزبی (شین سپی) لەپێناو پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ لیكود بەبێ‌ نەتانیاهۆ.

لیستی عەرەبی هاوبەش
بەرەنجامی ئەو وتوێژانەی ریڤلین لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامیدا، دەستەبەركردنی راسپاردە و پشتیوانی 55 ئەندامی كنێست بوو بۆ نەتانیاهۆ لەبەرانبەر 57 ئەندام بۆ گانتس، كە بە خێرایی بۆ 54 كورسی پاشەكشەی كرد، دوای بڕیارەكەی گردبوونەوەی نیشتمانی دیموكراتی كە یەكێكە لە چوار حزبە عەرەبییە بەشداربووەكە لە لیستی عەرەبی هاوبەش كە 13 كورسی لە كنێست دەستەبەركرد و بووە حزبی سێیەم لە پەرلەمان.
هەڵوێستی لیستی عەرەبی لە پشتیوانی گانتس، بۆ چاودێران هەڵوێستێكی لەناكاو بوو، كە هەندێك وەك سزادانی نەتانیاهۆ بەرانبەر هەڵوێستەكانی دژ بە عەرەب، لێكدانەوەیان بۆ كرد.
ئەمە دووەم جار لە مێژووی حكومەتە ئیسرائیلییەكان كە لیستی عەرەبی بەشداریی لە راسپاردنی كاندیددا دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، دوای ئەوەی بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 ئیسحاق رابینی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپارد.
گردبوونەوەی نیشتمانی دیموكراتی، دوای چەند كاتژمێرێك لە راسپاردنی گانتس لەلایەن لیستی عەرەبییەوە، بەیاننامەیەكی دەركرد و رەتیكردەوە گانتس رابسپێرێت، بەوەش تۆمەتباری كرد كە هاوشێوەی نەتانیاهۆ رەگەزپەستە بەرانبەر بە هاووڵاتییە فەلەستینییە عەرەبەكان لەنێو هێڵی سەو كە هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلین، ئاماژەی بە هەڵوێستی سەرۆكی حزبی (شین سپی)ش كردبوو سەبارەت بە پشتیوانی بۆ لكاندنی قودس و جۆلان و جولەكەنشینەكان لە كەناری خۆرئاوا بە ئیسرائیلەوە.
گانتس وەڵامی لیستەكەی نەدابووەوە بۆ دانوستان لەبارەی داواكارییەكانەوە، هەرچەندە لەلایەن دە ئەندامی لیستی عەرەبی هاوبەشەوە پشتیوانی لێكرا. ئەوانەی لە گانتسەوە نزیكن دەڵێن، پشتیوانی پەرلەمانتارانی عەرەب لە سەرۆكی حزبی (شین سپی)، دەبێتە مایەی لاوازكردنی هەڵوێستی لەنێو جەماوەریی جولەكەدا كە بە رەنگە بەپشتبەستن بە دەنگی عەرەب تۆمەباری بكەن.
واپێدەچێت، بەرەی گانتس پاشەكشەی كردبێت لە هەڵوێستەكانی پێشووی بۆ پێكهێنانی حكومەت و لەئێستادا پێی باش بێت نەتانیاهۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێردرێت، بەو پێیەی پێشبینی دەكات نەتانیاهۆ شكستخواردوو دەبێت لە هەوڵەكانی، و هەڵوێستێكی لاوازی دەبێت، كاتێك راسپاردەكە بۆ سەرۆك ریڤلین دەگێڕیتەوە لە دوای كۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی.
بەپێی دوایین پێشهاتیش وەك چاوەڕوان دەكرا، حزبی (شین سپی)، بنیامین نەتانیاهۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ئیسرائیلی رادەسپێرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە زۆربەی پێشبینییەكان روولەوەن كە لە كاتی مۆمەڵەتی دیاریكراودا، نەتانیاهۆ نەتوانێت حكومەت پێكبهێنێت.

نەتانیاهۆ رادەسپێردرێت
لە دوایین پێشهاتیشدا لەو بارەیەوە، سەرۆكی ئیسرائیل ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكە دەسپێرێت، ئەمەش سەرەڕای یەكسانبونی لەگەڵ بە بینی گانتسی ركابەری.
روۆڤین ریڤلین، سەرۆكی ئیسرائیل لە 25ی ئەیلولی 2019 و لە مەراسیمی دەستنیشانكردنی پێكهێنەری كابینەی حكومەتی وڵاتەكە رایگەیاندبوو» من هەلی پێكهێنانی حكومەت بە بەرێزتان (ناتانیاهۆ) دەبەخشم».
لە 17ی ئەیلولی 2019، بۆ جاری دووەم لەمساڵدا هەڵبژاردنی گشتی لە ئیسرائیل بەڕێوەچو، تیایدا حزبی (شین و سپی) بە دەستبەركردنی 33 كورسی پەرلەمانی، پێش حزبی لیكودی دەسەڵاتدار كەوت، تائێستاش هاوپەیمانێتییەكەی ناتانیاهۆ 56 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە كە هێشتا زۆرینەی پەرلەمانی نییە.
لەدوای بەدەستهێنانی ئەنجامە چاوەڕواننەكراوەكانی لە هەڵبژاردندا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گەشتەكەی نیویۆرك لەپێناو بەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی كۆمەڵی گشتی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، هەڵوەشاندبووەوە.

 349 جار بینراوە