سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » خۆپیشاندانەكانی عیراق فراوانتر بوون

خۆپیشاندانەكانی عیراق فراوانتر بوون

ماوەی دوو رۆژە خۆپیشاندان لە بەغدا بەردەوامە و دوێنێش لە چەند پارێزگایەكی دیكەی عیراق خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، ئاماژەی بەوەداوە «خۆپیشاندان مافێكی سروشتییە، بەڵام هەندێك كەس رێڕەوی خۆپیشاندانی ئاشتییانەیان تێكداوە و دروشم و وتاری دژ بە یاسایان بەكارهێناوە»، عەبدولمەهدی بەڵێنیشیداوە «وەڵامی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بداتەوە».

خۆپیشاندان تەشەنەی كردووە
ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە: دوێنێ لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، هێزە ئەمنییەكان دەیانەوێت بەزەبری هێز ئەو ناوە بە خۆپیشاندەران چۆڵ بكەن، بەڵام هەوڵەكانیان بێهودەبوو. هەروەها لە كەركوك و بەسرە و ناسریە و زیقار و دیوانیە و چەند پارێزگایەكی دیكەی ناوەڕاست و باشووری عیراق خۆپیشاندان دەستیپێكرد و خۆپیشاندەران داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن كە خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن و رووبەڕووی گەندەڵكاران ببنەوە و دەرفەتی كاریش بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێنن.

كوژراو و بریندار هەیە
سەرچاوەكانی هەواڵ ئاشكرایانكرد: بەهۆی پێكدادان ‌و پێكهەڵپژانی نێوان هێزە ئەمنییەكان ‌و خۆپیشاندەران، لە یەكەم رۆژەوە تائێستا زیاتر لە 10 كەس كوژراون ‌و نزیكەی 200 كەسی دیكەش بریندار بوون ‌و لانیكەم 50 خۆپیشاندەریش دەستگیركراون.

راگەیەنراوی سەرۆك وەزیران
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەبارەت بە رەوتی رووداوەكان ‌و داخوازیی خۆپیشاندەران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند: خۆپیشاندان مافێكی سرووشتییە، بەڵام هەندێك كەس رێڕەوی خۆپیشاندانی ئاشتییانەیان تێكداوە و دروشم و وتاری دژ بە یاسایان بەكارهێناوە. سەرۆك وەزیرانی عیراق وتیشی: بەشێك لە خۆپیشاندەران بە چەكەوە هێرشیان كردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكان، كە ئەوەش بە سەرپێچییەكی دیاری یاسا و رێساكان لە قەڵەم دەدرێت. هاوكات عادل عەبدولمەهدی بەڵێنیشیدا وەڵامی سەرجەم داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بداتەوە و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش بۆ ئەو بابەتە پێكبهێنێت.

كۆبوونەوەی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی
هەر دوێنێش سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی ئەو دۆخەی هاتۆتە ئاراوە، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عیراقی كردووە ‌و نووسینگەی راگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەكات، بەبێ ئاشكراكردنی زانیاریی زیاتر.

كاردانەوە
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران داخوازیی مووچە ‌و هەلی كار ‌و گەندەڵییان لەبیر كردووە ‌و داوای دەست لەكاركێشانەوەی خودی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن. بەبۆچوونی شارەزایانی سیاسیش، پێدەچێت ئەوە دەستی ئەو لایەنە سیاسییانەی لەپشتەوە بێت، یان كاردانەوە بێت لە دژی دوورخستنەوەی عەبدولوەهاب ساعدی لە پۆستی فەرماندەی هێزی دژەتیرۆری عیراق كە بەفەرمانی خودی عەبدولمەهدی بووە.

ئەمریكا چاودێریی دۆخەكە دەكات
هەر سەبارەت بە رووداوەكانی بەغدا ‌و باشووری عیراق، دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، بە وردی چاودێریی خۆپیشاندانەكانی عیراق دەكەن.

نەتەوە یەكگرتووەكانیش نیگەرانە
دوێنێ خاتوو جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراقنێگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو توندوتیژییانەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی بەغدا ‌و پارێزگاكانی دیكەی عیراق كراون ‌و داوای دانبەخۆداگرتنی كردووە هاوخەمیشی بۆ قوربانیانی خۆپیشاندەران ‌و هێزە ئەمنییەكانیش دەربڕیوە.
خاتوو جینین هێنیس پلاسخارت ئاماژەی بەوە كردووە، كە هەر تاكێك بە گوێرەی یاسا مافی ئازادی رادەربڕینی هەیە، هەروەك داوای لە دەسەڵاتداران كردووە كە لەپێناوی سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران ‌و رێزگرتن لە یاسا ‌و پاراستنی خەڵك ‌و كەلەپەلی گشتی ‌و تایبەتیش، دانبەخۆیاندا بگرن.

سەرچاوە : ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دان بەخۆداگرتن، یان یاریکردن بە ئاگر؟

رۆژنامە عەرەبییەكان بەهەردوو بەشی ئەلیكترۆنی‌و كاغەزەوە بابەتیان لەسەر سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی ...