سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

بەشی بیست و دووەم

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕاوەو لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیشدا لە قووتابخانەکان دەخوێنرێت. جگە لەوەش ئەم کتێبە چەندینجار کراوەتە فیلم و شانۆ و چەندین خەڵاتی جیهانی لەسەر وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا دە جار کراوەتە فیلم و دوایین جاریش ساڵی 2016 بوو، کە لە جیهاندا بەیەکێک لە فیلمە سەرکەوتووکان دانرا.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە باس لە حکایەتی تراژیدیای گەلی جوولەکە دەکات لە سایەی رژێمی نازی ئەڵمانیدا، لەهەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆیی ئەو سیستەمە فاشیستە دەخاتە ڕوو، کە جوولەکەی کردبووە ئامانج و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدان. بەگشتیش ئەم چیرۆکانە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بۆئەوەی لە ئەزموونی گەلانی جیهان فێربین، لە هەمانکاتیشدا گرنگە بزانین چۆن ئەوان توانیویانە مەسەلەی پاکتاوکردنیان بە جیهان بناسێنن. ئێمەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان، چەندینجار رووبەروی پاکتاوی نەژادی بوینەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیوە وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، ئەو حکایەتە پڕ ئازارانەمان بۆ جیهان بگێڕینەوە.
ئانا فرانک، لە ١٢ / ٧ / ١٩٢٩ لە دایک و باوکێکی جوولەکە، لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین)، لەدایک بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ دایکوباوکی لەدەست نازییەکان بەرەو ئەمسته‌ردام هەڵهاتوون، پاش ئەوەی سوپای نازییەکان لەساڵی ١٩٤٠ هۆڵەندایان داگیرکرد، پاشانیش لەساڵی ١٩٤٢ رێکاری زۆر توندوتیژیان بەرامبەر بە جوولەکەکان نا، بنەماڵەی فرانک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان لە دیوی پشتەوەی باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی (پرنسنگراخت) لە ئەمستەردام، خۆیان پەنادا. هەموو ئەوانەی لەو پەناگەیەدابوون لە ئابی ١٩٤٤ لەلایەن سیخوڕی نازییەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو (ئاوسشڤیتز) پەلکێشکران. ئانا فرانک لە ئاداری ١٩٤٥ لە شاری (بێرگن بێلزن) مرد،)رۆژی مردنەکەی بەتەواوی نازانرێت). لە ئێستادا ئەو ماڵە بۆتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتەکانی ئانا فرانک و خانەوادەکەی تێدا پارێزراوە.
ئانا فرانک لە ١٢/٦ /١٩٤٢ ه‌وە تاکو مانگی ئابی ١٩٤٤ یاداشتەکانی نووسیوە. ئەو تاکو سەرەتای ١٩٤٤ لەشێوەی نامە تەنها بۆ خۆی دەینوسین، تاکو رۆژێکیان لە پەخشی رادیۆی لەندەن گوێی لە وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەبێت کە ئەویش لەوێ پەنابەرە وباسی لەوە کردووە، پاش کۆتایی جەنگ هەموو ئەو نوسینانەی دەربارەی بەسەرهات و نەهامەتی خەڵکی هۆڵەندی لە ژێر زەبری داگیرکاریی ئەڵمانیادا نوسراون، کۆدەکاتەوە وبڵاویان دەکاتەوە، لەوانە بۆ نموونە ئەو یاداشت و یادەوەرییانەی خەڵکی نوسیونین. ئەم قسانەی وەزیر کاردەکەنە سەر ئانا فرانک، بڕیار دەدا پاش تەواو بوونی جەنگ بیانکا بە کتێبێک وبڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتەکانی دەکاتە بەردی بناغەی کتێبەکە.
لە رووی شێوازی نوسینیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسان نووسراون و گوزارشت لە تێڕوانین و دونیابینی کچێکی مێرد منداڵ دەکات.
ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێڕی هێژامان کاک کەریم مەلا رەشید لەزمانی ئەڵمانییەوە، واتە لە زمانی یەکەمەوە کراوەتە کوردی. ئێمەش لە کوردستانی نوێ، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵ دەدەین بە ئەڵقە ئەم کتێبە گرنگە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزمان.

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

کەریم مەلا رەشید

بیست و دوو سێشەممە، ٩/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
لە نووسینی چیرۆکی (Allen, die Fee) بوومەوە. لەسەر کاغەزێکی جوان نووسیومەتەوە و بەمەرەکەبی سوور رازاندومەتەوە و پەڕەکانیم لێک دووریون. بە گشتی زۆر جوان دەرهاتووە. بەڵام ئاخۆ ئەوە کەم نییە بیکەم ب بە دیاریی رۆژی لە دایک بوونی باوکم؟ یاخود ئایا (مارگۆت) و دایکیشم چیرۆکیان بۆ لە دایکبوونی ئامادەکردووە.
ئەمڕۆ بەڕێز (کوگلەر) هەواڵی ئەوەی بۆهێناین کە خاتوو (برۆکس) «ئەو کارگەرێکی پێشووی ئێرە بووە» رۆژانە لێرە دوو کاژێر پشووی نیوەڕوان بەسەردەبا. جا بیهێنە بەرچاوت! چیتر نابێ کەس هاموشۆی ئێرە بکات، چیتر پەتاتەمان بۆ ناێت، (بیپ) خواردنی بۆ ناێی، ئێمە بۆمان نییە بچینە سەرئاو، نابێ جووڵە و هتد، هتد، بکەین. ئێمە هەموو ئەگەرەکانمان تاوتووکرد، بۆ ئەوەی رێگا لەوە بگرین. (ڤان دان) پێیوابوو ئەگەر شتێکی رەوانکەر بخرێتە قاوەکەیەوە رەنگە کۆمەک بکات. (کلایمان) هەڵیداێی و گوتی «نەخێر، تکایە، دوایی تەختوتاراجی شاهانە بەرنادا!» خاتوو (ڤان دان) دای لەقاقای پێکەنین و پرسی «تەختی شاهانە! ئەوە مانای چییە؟»
پرسیارێکی نابەڵەدی بەدوادا کردەوە: «ئەی مرۆڤ دەتوانێ هەمیشە ئەو دەستەواژەیە بەکاربهێنێ؟»
بەناسکە کەنینەوە (بیپ) هاتە وه‌ڵام و گوتی: «بیری لێبکەنەوە، کاتێ ئەو لە (بیەنکۆرف) دەسووڕێتەوە، دەپرسێ ئەرێ تەختی شاهانە لەکوێیە؟ خۆ ئەوسا کەس لێی تێناگات»
(دوسێل) رۆژانە رێک لە کاژێری دوانزەونیودا دەچێتە «سەر تەختی شاهانە»، بۆ ئەوەی ئەو دەستەواژەیە لەبیرنەکەم. ئەم نیوەڕۆیە بەدڵوداو کاغەزێکی پەمەییم هێنا و لەسەریم نووسی:
پلانەکانی چوونە ئاودەست
بەڕێز کاک دوکتۆر!
بەیانیان 7.30 – 7.15
نیوەروان پاش کاژێری یەک
وای دیکە بەپێی پێویست
پارچە کاغەزەکەم بە دەرگای توالێتەکەوە لکاند، ئەوکاتەی (دوسێل) هێشتا لەسەر توالێت بوو. دەبوایە ئەم رستەیەشی لەسەر بنووسم:
ئەگەر ئەو بنەمایە پێشێل بکرێ، ئەوا
سزای داخستنی دەرگاکەی بەدواوە دێت،
چونکە توالێتەکە لە دیوی دەرەوە و ناوەوە دادەخرێ
ئێستاش، تۆ و نوێترین نوکتەی (ڤان دان):
بە بۆنەی وانەی ئینجیل و چیرۆکی ئادەم و حەوا، کوڕێکی سێزدە ساڵی لە باوکی دەپرسێ و دەڵێ: «پێم بڵێ بابە من چۆن لە دایک بووم؟»
باوکی دەڵێ» چی بڵێم کوڕم، حاجی لەقلەق تۆی لە نێو زەریا دەرهێنا و فڕێی دایتە سەر جێگاکەی دایکت و بەخورتی لە کۆشی نای و ئەویش بە هۆیەوە برینداربوو و خوێنی لەبەر رۆیی چەند هەفتەیەک لە جێگادا کەوت»
بۆ ئەوەی زیاتر دڵنیابێت، کوڕەکە چوو بۆ لای دایکی و گوتی:
دایە، پێم ناڵێی تۆ چۆن لەدایک بووی و من چۆن لەدایک بووم؟»
دایکی هەمان چیرۆکەکەی باوکی بۆ گێڕایەوە. بۆ زیاتر دڵنیابوون چووە لای باپیرەی و لێی پرسی:
«باپیرە، دەتوانی پێم بڵێی تۆ چۆن لە دایک بووی و کچەکەت چۆن هاتە دونیاوە؟» بۆ جاری سێهەم هەمان چیرۆکی بۆ دووبارە کرایەوە.
ئەویش ئێوارێ لە کتێبی یادداشتەکەیدا نووسی:
«پاش لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری بۆم دەرکەوت کە لە خێزانەکەی ئێمەدا بە درێژایی سێ نەوەی دوای یەکتر، هیچ ژن و پیاوێک لاقەی یەکدیان نەکردووە.»
ئاخ، کیتی، بەڕاستی کەشوهەوا خۆشە، ئەگەر بمتوانیبا پیاسەیەکی دەرێم کردبا.
ئانا م. فڕانک

چوارشەممە، ١٠/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
دوێنێ ئێمە لەسەربان دانیشتبووین، سەرقاڵی فێربوونی زمانی فەڕەنسی بووین، لەپڕ لەپشتمەوە دەنگی شوڕەی ئاو هات. لە (پیتەر)م پرسی ئەوە چی بوو، بەڵام ئەو بە بێ ئەوەی وه‌ڵام بداتەوە یەکسەر بەڕاکردن چووە سەروتر بۆ سەرچاوەی کارە نال ەبارەکە، چونکە ده‌یزانی مەسەلەکە چییە، تومەز پشیلەکە دوور لەو جێگایەی بۆ ئەو مەبەستە بۆی تەرخانکراوە، بەخۆیدا کردووە. زرمەیەک هات وپشیلەکە پاش ئەوەی کارەکەی جێبەجێ کرد هاتە خوارەوە. جا بۆ ئەوەی پشیلەکە خۆی ماندوو نەکات، لە نێو وردە دارەکان بۆ کەتنەکەی دانیشتبوو، بەڵام پاشەڕۆکەی لەقەڵەشی دارەکانەوە رێچکەی کردبووە خوارەوە و بەشێکی رژابووە سەر پەتاتەکان.
باوکم پەتاتەکان و ئەو دارانەی پیوەی ببون هێنایە خوارێ بۆ سوتاندنیان. پشیلەی داماو؟ تۆ بەچی بتوانی خۆڵەمێش لەشتی تر جیابکەیتەوە بۆئەوەی خۆتی لەسەر بەتاڵ بکەی.
ئانا

پێنجشەممە، ١١/٥/١٩٤٤ شتێکی نوێی بۆ پێکەنین!
دەبوایە (پیتەر) قژی بتاشرێ. سەرتاشیش وەک هەمیشە دەبێ دایکی بێت. پێنج خولەک پێش حەوتونیو بەرەو ژوورەکەی ون بوو، حەوتونیوی رێک پەیدابۆوە، بەڵام بە نیمچە رووتی، تەنها بە شۆرتێک و کاڵەیەک،پەیدابۆوە.
«لەگەڵمدا دێی؟» بەدایکی گوت.
دایکی گوتی: «بەڵێ، بەڵام با جارێ مەقەستەکە بدۆزمەوە»
(پیتەر)یش بە نیازی یارمەتیدان بۆ گەڕان بە دوای مەقەستدا، دەستی لە نێو سنووقی، کەرەستەی جوانکاری دایکی وەردا. دایکی بۆڵەی لێ هەڵسا و گوتی:
«(پیتەر)٠ هەموو شتەکانم لێ مەشێوێنە».
لە وه‌ڵامەکەی (پیتەر) تێنەگەیشتم، چی گوت، بەڵام پێدەچوو بێڕێزی کردبێ، چونکە دایکی شاپێکی پێدا کێشا، ئەویش پێیدا کێشایەوە. پێداکێشان دووپات کرایەوە و (پیتەر) بەروخسارێکی سەیرەوە گوتی:
«دەی وەرە پێرەژن!»
خاتوو (ڤان دان) لە جێگاکەی خۆی نەبزاوت، ئەویش هەردوو مەچەکی دەستداێی و بەژوورەکەدا پەلکێشی کرد. خاتوو (ڤان دان) دەستی بەگریان کرد، دوایی دای لە قاقای پێکەنین، جنێوی پێدا و کەوتە پەلەقاژێ، بەڵام چارەی نەکرد. (پیتەر)یش بەندییەکەی تا پلیکانەکانی بەرە و سەرەوە پەلکێشکرد، لەوێ دەبوو بەری بدات. خاتوو (ڤان دان) گەڕایەوە نێو ژوورەکە و هەناسەسوار خۆی بەسەر قەفەفەکەدادا.
بە گاڵتەوە گوتم: «ئەمەش دیمەنی رفاندنی دایکێکە». ئەویش هاتە وەڵام و گوتی: «بەڵێ، بەڵام ئەو ئازاری پێگەیاندم.»
منیش تەماشایەکم کرد و بە چۆڕێک ئاو مەچەکە سوور هەڵگەڕاوەکانیم سارد کردەوە. (پیتەر) کە هێشتا لەسەر پلیکانەکان بوو بڕستی لەبەر بڕا و پشتێنەکەی دەست داێی، مانەندی راهێنەری ئاژەڵان خۆی کردەوە بە ژوورێ. بەڵام خاتوو (ڤان دان) لەگەڵی نەچوو و لەپاڵ مێزەکە مایەوە و بەدوای دەستەسڕەکەیدا دەگەڕا. گوتی: «تۆ پێویستە پێشتر داوای لێبوردنم لێبکەی.»
«دەباشە دەی، من داوای لێبوردنت لێدەکەم، ئەگینا درەنگمان بەسەردێ.»
خاتوو (ڤان دان)یش، بە بێ خواستی خۆی، دەبوایە پێبکەنێ، هەڵستایە سەرپێ و بەرەو دەرگاکە ملی رێگای گرتەبەر. لێرەدا هەستی کرد بێگاری پێدەکرێ، ویستی روونکرنەوەیەکمان بداتێ، ئه‌وانه‌ی لەوێ بووین بریتی بوون لە: باوکم، من ودایکم کە لەپاڵەوە خەریکی قاپ شۆری بووین. بەم جۆرە تێهەڵچوو و گوتی: «ئەو لەماڵی خۆمان وای نەدەکرد، چونکە لەوێ لێم دەدا وبە پلیکانەکاندا تووڕم دەدایە خوارێ(!). ئەو هەرگیز بەوجۆرە بێڕێزی نەکردووە، چونکە ئەگەر وایکردبا زیاتر بێراز دەکرا. ئەمەی ئێستا ئاکامی پەروەردەی مۆدێرنە. بەڵێ، مناڵی مۆدێرن! من هەرگیز لە خۆم رانەدەدی بەوجۆرە لە تەک دایکم هەڵسوکەوت بکەم و لێی بدەم. ئایا ئێوە بەوجۆرە هەڵسوکەوتان لەگەڵ دایکتاندا دەکرد، بەڕێز (فڕانک)؟» خاتوو (ڤان دان)، ئەو زۆر بە شڵەژاوی ئەو قسانەی دەکرد، بە ژوورەکەدا دەهات و دەچوو، فڵانی دەپرسی و فیساری دەگوتەوە بەڵام بێهوودە بوو، تا لە دواییدا رۆیشت. پێنج خولەکی پێنەچوو، بە رووخسارێکی گرژ و مۆنەوە بەپەلە پڕووزی بەپلیکانەکاندا هاتەوەخوارێ و دەسماڵەکەی تووڕدایە سەر زەوی، لە وەڵامی پرسیارەکەی من، ئاخۆ کارەکەی ئەنجامداوە، گوتی: نەخێر دەبوایە بەپەلە بێمەوەخوارێ، ‌ئەوەندەی پێنەچوو وەکوو گەردەلوول بەرەو پلیکانەکان چۆوە. تا کاژێری هەشت دەرنەکەوتەوە، ئەوکات لەگەڵ مێردەکەی پێکەوە هاتنەوە خوارێ. (پیتەر)یان لەسەرەوە هێنایە خوارێ و بەدەنگی بەرز کەوتنە وێزەی. ئەم وشانەیان بەسەردا باراند: «هەی بەلەسەی بێڕێز، وێنەی لاوێکی خراپی، ئانا وەهایە … مارگۆت وەهادەکات …» من لەناوەکانی خۆمان بەولاوە چی تر تێنەگەیشتم. پێموابێ هەر ئەمڕۆ دیسان ئاشتدەبنەوە.
ئانا م. فڕانک

تێبینی: ئێوارەی سێشەممە و چوارشەممە، خاتوو شاە-ی خۆشەویستمان قسەی بۆ کردین. ئەو بە پشوویەک حەسانەوە، گەشتێک دەکا، بۆ ئەوەی پاشان بە گڕوتینێکی بەتوانا بگەڕێتەوە بۆ هۆلەندا. هەروەها باسی ئەمانەی کرد: «گەڕانەوەی بەمزوانە … ئازادییەکی نزیک … نەبەردی و کۆڵنەدان و فشارێکی بەگوژم.»
پاشان گوتارێکی وه‌زیر (گێربراندی) بەدواداهات، بە دوعاونزا و لەخودا پاڕانەوە کۆتا کرا، بۆ پاراستنی جولەکە و ئەو مرۆڤانەی لە بنکەکانی کۆکوژی و لەگرتووخانەکانی ئەڵمانیا بەندکراون.پێنجشەممە،

١١/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
لەم کاتەدا زۆر سەقاڵم، لەوانەیە بەلاتەوە سەیربێ گەر بڵێم، کاتم زۆر کەم بەدەستەوەیە بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم بەسەر کۆساری ئەو کارەدا سەرکەوم. دەتەوێ پێت بڵێم بەنیازم چ کارێک بکەم؟ کەواتە وا پێت دەڵێم: تا بەیانی دەبێ بەشی یەکەمی مێژووی ژیانی (گالیلیۆ گالیلای) بخوێنمەوە چونکە یەکێکە لە کتێبەکانی کتێبخانە و دەبێ بدرێتەوە. من دوێنێ دەستم بەخوێندنەوەی کرد، ئێستا لەلاپەڕەی 220 م. کتێبەکە 320 لاپەرەیە. هەفتەی داهاتوو دەبێ کتێبی (فەڵەستین لەبەردەم دووڕیانێکدا) و بەشی دووەمی کتێبەکەی (گالیلیۆ) تەواو بکەم. جگە لەوەی دوێنێ بەشێکم لە بیوگرافی تزار (کارڵ ڤ.) تەواوکرد و دەبێ بەپەلە بەپێی ئەو تێبینی و سەرنجانەی گیرم هێناون کار لەسەر تەواوکردنی سەرجەلەکان بکەم. پاشان سێ لاپەڕەم لەوشەی بێگانە پڕکردۆتەوە کە لە کتێبی جۆراوجۆر دەسکەنەم کردوون و پێویستە فێریان بم. کاری ژمارە چوار ئەستێرەی فیلمەکانمن، زۆر بەناڕێکی تێکەڵ پێکەڵ بوون، دەبێ رێکیان بخەمەوە، بەڵام ئەوەش چەند رۆژێک دەخایەنێ، چونکە وەک گوتم پرۆفیسۆر ئانا لەنێو کارکانیدا نوقم بووە، بۆیە ئەو ناتەکوزی و شێوانە بۆ ماوەیەک درێژەی دەبێ. هەروەها (تیسیۆس)، (پیلیوس)، (ئۆرفیوس)، (لاسۆن) و (هێرکولێس) چاوەڕوانی رێکخستنەوەیەکی ریشەیین، چونکە پاڵەوانی ئەوان وەکوو تانوپۆی داوی رەنگاوڕەنگ لەمێشکمدا ئاڵۆسکاون. هەروەها (مایکۆن) و (فیدیاس) پێویستیان بەچارەسەرییە بۆئەوەی پەیوەندی نێوانیان لێک نەترازێن. بەهەمان شێوەش جەنگی حەوت ساڵە و نۆساڵە. بەو ئاوایە هەموو شتەکانم تێکەڵ پێکەڵ کردوون. بەڵێ، جا مرۆڤ بە هۆش و بیرێکی ئاوا لەکوێڕا دەتوانێ دەستپێبکا؟ تۆ بیهێنە بەرچاوت ئاخۆ من لەتەمەنی هەشتا ساڵی دەبێ چیم بە بیر بێتەوە و لەیادیان نەکەمەوە! ئاخ، ئەی ئینجیل! خۆ زۆرم نەماوە بگەمە بەسەرهاتەکەی (سوزانە)؟ هەروەها تاوانەکانی (سۆدۆم) و (گۆمۆراە)؟ ئاخ، هێشتا گەلێ زۆر کەرەستە ماون کە مایەی پرسیار و شایانی فێربوونن! جارێ کتێبەکەی (لیزالۆتەی پفالس)م بەتەواوی پشتگوێی خستووە!
کیتی، پێتوایە من بڕێک زێدەرۆییم کردبێ؟
ئێستاش دێمە سەرباسێکی تر: دەمێکە تۆش لەوە ئاگاداری کە گەورەترین هیوای من لەژیاندا ئەوەیە ببم بە رۆژنامەنووس، پاشان ببم بە نووسەرێکی بەناوبانگ. بەدیهێنانی ئەو حەز و هیوایە بێئەنداز شێتانەیەم، هێشتا ماوێتی بۆ ئەوەی دەرکەوێت، بەڵام لە ئێستاوە بابەتم زۆرن. پاش کۆتایی جەنگ کتێبێک بەناوی (پەناگە)ەوە دەنووسم. ئاخۆ ئەوە دێتەدی یان نە‌و، هەڵبەتە مایەی پرسیارە، بەڵام ئەم رۆژانەیەم هەر دەبێتە بەردی بناغە بۆ ئەو کتێبە.
ئانا-ی تۆ

شەممە، ١٣/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
دوێنی ساڵرۆژی لەدایکبوونی باوکم بوو. دایکوبابم نۆزدە ساڵە هاوسەرن. ژنە کارگوزارەکەی خوارەوە نەهاتبوو، رۆژەکەش هەتاو بوو، تیشکەکەی هێندە بەجۆش بوو کە لەساڵی 1944 دا بێهاوتابوو. شکۆفە سەراپای درەختە کەستانییەکەی پۆشیوە، لەساڵانی رابردوو زۆر جوانتر خەمڵیوە.
باوکم لەلایەن (کلایمان)ەوە بیوگرافیەکی لە بارەی ژیانی (لینایوس)ەوە پێگەیشتووە، (کوگلەر) کتێبێکی لەبارەی مێژووی سروشتەوە بۆهێناوە، لەلایەن (دوسێل)ەوە کتێبی «ئەمستردام و ئاو»ی بۆهاتووە، ماڵباتی (ڤان دان) پاکەتێکی قەبەی زۆرجوان رازاوەیان بەدیاری داێی، تێدا سێ هێلکە، بوتڵێک بیرە، شوشەیەک ماست و کەرواتێکی سەوزڕەنگ. شتەکانی ئەوان بۆڕیان بە شوشە مورەباکەی ئێمە دا. گوڵەباخەکانی من زۆر لە گوڵە مێخەکە سوورەکانی (میپ و پیپ) بۆنیان خۆشتر بوو. دیاریەکان تاڕادەیەک باش بوون. لەلایەن نانەواکەوە پەنجا پارچە پسکتی بچووکی بۆهات، کارێکی بێ وێنەیە! جگە لەوانەش باوکم بەخۆی کێک و بیرەی بەسەر پیاوەکان بەخشییەوە، بۆ هەر ژنێکیش پەرداخێک ماستێک. هەموو لایەک بەختەوەربوو!ئانا م. فڕانک

سێشەممە، ١٦/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
لەبەر ئەوەی دەمێکە ئەوجۆرە بابەتانەمان باس نەکردووە، دەمەوێ مشتومڕێکی بچووکی دوێنێ ئێوارەت بۆ بگێڕمەوە، لەنێوان بەڕێز (ڤان دان) و ژنەکەی.
خاتوو (ڤان دان): «هەڵبەتە ئەڵمانەکان لەم ماوەیەدا (دیواری ئەتلەنتیک («Atlantik-Wall»)یان باش قایم کردبێ. ئەوان بەدڵنیایی ئەوەی لە توانایاندابێ بەخەرجی دەدەن بۆ ئەوەی رێگا لە ئینگلیزەکان بگرن. هەڵبەتە هێزی سەبازی ئەڵمان لەپێوان ناێی.»
بەڕێز (ڤان دان): «ئا، بەڵێ وایە، زۆر ترسناکە!»
خاتوو : «ئاە – ئاوا!»
بەڕێز: «بەڵێ، لەئاکامدا ئەڵمانەکان لەم جەنگە سەردەکەون، چونکە زۆر بەهێزن.»
خاتوو: «بەڕاستی بۆی هەیە وابێ، من تائێستاش پێچەوانەی ئەوە بەدی ناکەم.»
بەڕێز: «پێم باشە، چیتر وەرامت نەدەمەوە.»
خاتوو: «تۆ هەمیشە وەرامم دەدەیتەوە، خۆ تۆ خۆت ناگری.»
بەڕێز: «نەخێر وانییە، من بەدەگمەن وەرامت دەدەمەوە.»
خاتوو: «بەڵام تۆ هەمیشە وەرامم دەدەیتەوە، هەردەم قسەکانی خۆت پێ راستە! پێشبینییەکانت دەمێکە مەرامەکانیان ناپێکن.»
بەڕێز: «پێشبینییەکانم تا ئێستا هەردەم راست بوونە!»
خاتوو: «ئەوە راست نییە. بە بۆچوونی تۆ دەبوایە هێرشەکان لەساڵی رابردوودا کرابان، دەبوایە لەگەڵ فینلەندییەکان ئاشتی بەرقەرار بوایە، دەبوایە ئیتالیا لەزستاندا نسکۆی هێنابا، رووسەکان دەبوایە ئێستا لە (لێمبێرگ) بوونایە! ئۆە نەخێر، من هەرگیز گرەو لەسەر پێشبینییەکانی تۆ ناکەم!»
بەڕێز (ڤان دان) هەڵسایە سەرپێ: «ئیدی بەسە و ئەو لچە هەراشانەت لێک بنێ! من دەبێ جارێکی تر راستی قسەکانمت بۆ بسەلمێنم. بۆ جارێکیش بێت دەبێ بە تێروتەسەلی تێبەگەی، من چیتر توانای گوێگرتنی ئەو هەرزەبێژییەی تۆم نەماوە. دەبێ لووتت لەو گاڵتەجاڕییانەی دەیانکەی وەردەم!»
کۆتایی – پەردەکان دادەرێنەوە.
لەڕاستیدا دەبوایە من قاقاپێبکەنم، بەهەمان شێوەش دایکم، (پیتەر)یش خەریک بوو لەگرێژەنە بترازێ. ئای بەساڵاچووانی گەوج، چاکتر وایە تێبکۆشن بۆئەوەی پێشتر خۆتان فێربکەن، ئینجا بۆتان هەیە لۆمەی منداڵەکانتان بکەن!
ئانا-ی تۆ

هەینی، ١٩/٥/١٩٤٤ کیتی گیان!
دوێنێ بەدبەخت بووم، سەرئێشە، رشانەوە، ژانە سک و هەموو ئازارێکی تر کە بەخەیاڵتا بێن. ئەمڕۆ زۆر باشترم. زۆرم برسییە بەڵام ئەوەم باشترە لەخواردنی ئەو فاسۆلیا قاوەییەی ئەمڕۆ لێنراوە.
من و (پیتەر) زۆر گونجاوین. ئەو داماوە زۆر لەمن پتر پێویستی بە سۆز هەیە. هەموو ئێوارەیەک کە ماچی-شەو-باش لێکتردەکەین سوور هەڵدەگەڕێ و بۆ ماچێکی تر دەکڕوزێتەوە. تۆبڵێی ئەو منی بەجێگرەوەی پشیلەکە دانابێ؟ ئەگەر وەهاشبێت هەر خراپ نییە. ئەو لەوکاتەوەی دەزانێ کەسێک خۆشی دەوێ هەست بە کامەرانی دەکا.
پاش ئەو هەوڵ و تەقەلا سەختەی دام بۆ ئەوەی بکەوێتە داومەوە، هێشا تا ڕادەیەک، من بەسەر دۆخەکەدا زاڵم. بەڵام وامەزانە گڕی خۆشەویستیم دامرکاوەتەوە، نەخێر ئەو زۆر خۆشەویستە، بەڵام من هەر زوو کڵۆمی رازەکانم لەڕووی داخستەوە. ئەگەر بیەوێ جارێکی تر بیترازێنێ ئەوا دەبێ پەنا بۆ ئاسنێکی زۆر تۆکمە و بەهێز ببات!
ئانا م. فڕانک

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رقصە اخیلتی

رقصە اخیلتی دیوانە شیعرێكی شاعیر عەلی مەعروف بەهروردییە، عەبدولستار شارباژێری ...