سەرەکی » ئاراستە » له‌ سلێمان په‌یامبه‌ره‌وه‌ بۆ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا

ناوی‌ سلێمانی‌

له‌ سلێمان په‌یامبه‌ره‌وه‌ بۆ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا

عومه‌ر ئیسماعیل مارف-قه‌ڵادزێ‌

ئه‌گه‌رچی‌ ده‌رباره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ ناونانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ كوردستان چه‌ندین بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی‌ جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی‌ راست و دروست شێوازی‌ ناونانه‌كه‌ لای‌ زوربه‌مان روون و ئاشكرا نیه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نووسه‌ره‌ بیانی‌ و عه‌ره‌به‌كان هۆی‌ ناونانه‌كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ ناوی‌ سلێمان پاشای‌ گه‌وره‌ی‌ والی‌ به‌غدا، به‌ڵام هه‌ندێك مێژوونووسی‌ كورد و به‌تایبه‌ت بابان به‌توندی‌ دژی‌ ئه‌م تێڕوانینه‌ن. ئێمه‌ لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین پشت به‌ست به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ هه‌مه‌جۆر چۆنیه‌تی‌ ناونانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بخه‌یه‌نه‌ روو، به‌هیوام ئه‌م وتاره‌ ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ زیاتر به‌دواداچوونی‌ نووسه‌ران و خه‌مخۆرانی‌ شار و له‌هه‌وڵی‌ ده‌ستخستنی‌ دیكۆمێنت و به‌ڵگه‌ی‌ تازه‌ و به‌هێزدابن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌تا ئێستا له‌به‌رده‌ستمانه‌ ته‌نها چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ جۆراوجۆره‌ و هیچی‌ تر.

سلێمانی‌ به‌ناوی‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غداوه‌ ناونراوه‌
یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ی‌ باوه‌ڕپێكراوی‌ نزیك له‌و رۆژگاره‌، گه‌شتنامه‌كه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتناسی‌ به‌ریتانی‌ (كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ1787-1821ز)ه‌، ئه‌و خۆی‌ هاتووه‌ته‌ سلێمانی‌ و رۆژی‌ (8-5-1820ز) هه‌تا (17-7-1820ز) ماوه‌ی‌ (2) مانگ و (9) رۆژ میوانی‌ (مه‌حموود پاشا1813-1841ز)ی‌ میری‌ بابان بووه‌(1). له‌ دیدارێكی‌ دا له‌گه‌ڵ مه‌حموود مه‌سره‌ف سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ میرنشینی‌ بابان، رۆژی‌ (22-5-1820ز) ئه‌م گفتوگۆیه‌ی‌ له‌گه‌ڵی‌ دا ئه‌نجامداوه‌ و نووسیوویه‌تی‌: مه‌حموود مه‌سره‌ف بۆمی‌ گێڕایه‌وه‌ كه‌ بیریه‌تی‌ چۆن (32) ساڵ! ]36 ساڵ[ له‌مه‌وبه‌ر سلێمانی‌ دروستكرا، كاتێك (برایم پاشا1782-1802ز)ی‌ میری‌ بابان ویستوویه‌تی‌ پایته‌ختی‌ میرنشینه‌كه‌ی‌ له‌ (قه‌ڵا چوالان)ه‌وه‌ بۆ جێگاكه‌ی‌ ئێستای‌ سلێمانی‌ بگوازێته‌وه‌، چونكه‌ حه‌زی‌ له‌ ناوبانگ ده‌ركردن و ئاره‌زوویه‌كی‌ زۆریشی‌ بۆ راوكردن هه‌بوو، هه‌روه‌ها ناوی‌ شاره‌كه‌شی‌ به‌ ناوی‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ به‌غداوه‌ ناونا(2)، هه‌روه‌ها محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حسێنی‌ مونشی‌ به‌غدادی‌ سكرتێره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی‌ ریچ كه‌ له‌و گه‌شته‌ی‌ دا بۆ سلێمانی‌ هاوه‌ڵی‌ بووه‌، ئه‌ویش له‌ سه‌فه‌رنامه‌كه‌ی‌ دا نووسیوویه‌تی‌: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ برایم پاشا شاره‌كه‌ی‌ دروستكرد، به‌ناوی‌ والی‌ به‌غدا ناونرا سلێمانی‌(3).
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، عه‌بدولقادر رۆسته‌م بابانی‌ له‌ كتێبی‌ ره‌وشی‌ كوردان دا كه‌ ساڵی‌ (1868ز) نووسیوویه‌تی‌ و به‌هۆی‌ مام و باوكیه‌وه‌ له‌ داموده‌زگاكانی‌ میرنشینی‌ بابان نزیك بووه‌، ده‌ڵێت: برایم پاشای‌ بابان به‌ناوی‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا شارێكی‌ دروستكرد به‌ناوی‌ سلێمانیه‌، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: به‌ناوی‌ سلێمان پاشای‌ كوڕی‌ خۆی‌ كردوه‌(4). جگه‌له‌وه‌، محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی‌ به‌گ له‌ كتێبی‌ تاریخی‌ سلێمانی‌ وه‌ وڵاتی‌ دا: پێیوایه‌ برایم پاشا به‌ناوی‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا شاره‌كه‌ی‌ ناونا سلێمانی‌(5)، هه‌روه‌ها ساڵح قه‌فتان-یش له‌ كتێبی‌ مێژووی‌ گه‌لی‌ كورددا: ئه‌م راستیه‌ی‌ دووباره‌كردوه‌ته‌وه‌(6).
هه‌رله‌وباره‌یه‌وه‌، له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تردا هاتووه‌: ده‌توانین پاشای‌ بابانی‌ به‌ پاشای‌ كوردستان ناو ببه‌ین، نیشانه‌یه‌كی‌ به‌هێزی‌ پاشاكانی‌ كورد ئه‌وه‌بوو یه‌كێكیان توانی‌ له‌ نیوه‌ی‌ دووه‌می‌ سه‌ده‌ی‌ هه‌ژده‌دا شاری‌ سلێمانی‌ دروست بكات كه‌ برایم پاشای‌ بابان بوو له‌ ساڵی‌ (1784ز)دا ته‌واوی‌ كرد و به‌ناوی‌ سلێمان پاشای‌ گه‌وره‌ی‌ والی‌ به‌غدا ناوی‌ لێنا(7).

له‌به‌رامبه‌ردا، قسه‌ی‌ تر هه‌یه‌
حسێن نازم به‌گ له‌ كتێبی‌ مێژووی‌ میرایه‌تی‌ بابان دا، نووسیوویه‌تی‌: له‌كاتی‌ دروستكردنی‌ شاره‌كه‌دا مۆرێك دۆزراوه‌ته‌وه‌ ناوی‌ (سلێمانی‌) له‌سه‌ر نه‌خشكرابوو، برایم پاشا ئه‌وه‌ی‌ به‌ نوقڵانه‌ی‌ خێرزانی‌ بۆ هه‌موو به‌ره‌كه‌ت و سه‌ركه‌وتنێك. جا هه‌روه‌ك شاره‌كه‌ی‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ناونا (سلێمانی‌)، كوڕێكی‌ خۆشی‌ كه‌ ئه‌و رۆژانه‌ له‌دایك ببوو ناونا سلێمان. سلێمان پاشای‌ والیشی‌ ئاگاداركرد كه‌ شاره‌كه‌ی‌ دروستكردوه‌ و ره‌فتارێكی‌ جوانی‌ به‌رامبه‌ری‌ نواند كه‌ ناوی‌ ئه‌وی‌ لێنا(8).
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، مامۆستا جه‌مال بابان جگه‌له‌وه‌ی‌ ناوی‌ سلێمان پاشای‌ كۆڵه‌مه‌ن و سلێمان پاشای‌ گه‌وره‌ی‌ والیه‌كانی‌ به‌غدای‌ تێكه‌ڵاوكردوه‌، به‌توندی‌ دژی‌ ئه‌وه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ برایم پاشا (سلێمانی‌) به‌ ناوی‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا كردوه‌ و نووسیوویه‌تی‌: له‌ بابانه‌كانی‌ پێش برایم پاشا كه‌ باپیرانی‌ ئه‌گرنه‌وه‌، سلێمان به‌به‌ی‌ كوڕی‌ فه‌قێ‌ ئه‌حمه‌دی‌ داره‌شمانه‌ و سلێمان پاشای‌ گه‌وره‌ی‌ قه‌ڵا چوالان هه‌بوون، جگه‌ له‌وان برایم پاشا خۆی‌ كوڕی‌ هه‌بووه‌ كه‌ ناوی‌ سلێمان بووه‌، زیاتر ئه‌م ناوانه‌ش به‌خۆشی‌ و پیرۆزی‌ سلێمان په‌یامبه‌ره‌وه‌ بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا، بۆ به‌هێزكردنی‌ بۆچوونه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت: خۆ ئه‌گه‌ر ناوه‌كه‌ بدرایه‌ته‌ پاڵ سوڵتان سلێمانی‌ قانونی‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ سوڵتانه‌ ناوداره‌ گه‌وره‌كانی‌ پێشووی‌ عوسمانی‌، زیاتر رێی‌ تێ‌ ئه‌چوو(9). له‌پاڵ ئه‌وه‌دا شوكروڵڵای‌ بابان، پشت به‌ست به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ عه‌بدولقادر رۆسته‌م بابانی‌ نووسیوویه‌تی‌: برایم پاشای‌ بابان ناوی‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ناوی‌ سلێمانی‌ كوڕی‌ ناونا(10). دكتۆر سه‌عید به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ریش ده‌ڵێت: ناوی‌ شاره‌كه‌ له‌سه‌ر ناوی‌ میری‌ پێشوو سلێمان پاشای‌ بابان دانراوه‌(11).
هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆچوونانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌دا رایه‌كی‌ جیاوازتر هه‌یه‌، ئه‌ویش مێژوونووسی‌ شاری‌ موسڵ (یاسین العمری‌1745-1816ز) له‌ كتێبی‌ (غایه‌ المرام فی‌ تاریخ محاسن بغداد دارالسلام)دا نووسیوویه‌تی‌: مه‌حموود پاشای‌ مامی‌ برایم پاشا ساڵی‌ (1782ز) ئه‌و قه‌ڵایه‌ی‌ له‌ نزیك دێی‌ مه‌ڵكه‌ندی‌ دروستیكرد به‌ فه‌رمانی‌ (سلێمان پاشای‌ جه‌لیلی‌1771-1789ز) فه‌رمانڕه‌وای‌ موسڵ بوو، دوای‌ ئه‌وه‌ برایم پاشا كه‌ سلێمانی‌ دروستكرد به‌ناوی‌ ئه‌و پیاوه‌وه‌ ناوی‌ نا(12).

سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا كێ‌ بووه‌؟
سلێمان پاشای‌ گه‌وره‌، له‌سه‌رده‌می‌ گه‌نجی‌ دا كۆیله‌ی‌ محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ ماردین بووه‌، دوای‌ مردنی‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ چووه‌ته‌ به‌غدا و لای‌ (سلێمان پاشا ئه‌بو له‌یله‌-كۆڵه‌مه‌ن1749-1762ز)ی‌ والی‌ به‌غدا گیرساوه‌ته‌وه‌. دواتر له‌سه‌رده‌می‌ (عومه‌ر پاشا1764-1776ز)ی‌ والی‌ به‌غدا بووه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ ناوخۆیی‌ و زیره‌كی‌ و وریاییه‌كی‌ زۆری‌ له‌ كاره‌كانی‌ دا به‌جێهێناوه‌. له‌به‌ر شایسته‌یی‌ خۆی‌، دواتر والی‌ به‌غدا له‌ ساڵی‌ (1765ز)دا، به‌ موته‌سه‌للیمی‌ به‌سره‌ دایمه‌زراندوه‌، به‌ڵام دوای‌ هێرشه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ سوپای‌ (كه‌ریم خانی‌ زه‌ند1747-1779ز)ی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ ئه‌و كاته‌ی‌ ئێران و گه‌مارۆدانی‌ به‌سره‌ بۆ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ (14) مانگ، سلێمان پاشا توانیوویه‌تی‌ به‌رگرییه‌كی‌ دلێرانه‌ له‌ شاره‌كه‌ بكات. سه‌رئه‌نجام، رۆژی‌ (21-4-1776ز) به‌سره‌ له‌لایه‌ن سادق خانی‌ برای‌ كه‌ریم خانه‌وه‌ داگیركراوه‌ و سلێمان پاشاش به‌ ده‌ستبه‌سه‌ری‌ ره‌وانه‌ی‌ شیرازی‌ پایته‌ختی‌ حكومه‌تی‌ زه‌ند كراوه‌، به‌ڵام دوای‌ مردنی‌ كه‌ریم خان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ ئامۆزاكانییه‌وه‌ به‌ ناوی‌ زه‌كی‌ خان، بڕیاردراوه‌ سلێمان پاشا له‌ زیندان ئازاد بكرێت و له‌گه‌ڵ دوو فه‌رمانبه‌ری‌ حكومه‌تی‌ ئێرانی‌ دا به‌ رێزه‌وه‌ نێردراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌سره‌. دوای‌ راكردنی‌ (حه‌سه‌ن پاشای‌ كه‌ركوكلی‌1778-1779ز) والی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ به‌غدا بۆ دیار به‌كر-ئامه‌د، سلێمان پاشا داوای‌ له‌ سوڵتان (عه‌بدولحه‌میدی‌ یه‌كه‌م1774-1789ز)ی‌ عوسمانی‌ كردوه‌ له‌ پای‌ ئه‌و گیان فیدایی‌ و خۆڕاگرییه‌ی‌ دا كه‌ له‌ به‌سره‌ و له‌ به‌رامبه‌ر سوپای‌ كه‌ریم خان دا نواندویه‌تی‌ به‌ فه‌رمی‌ بیكات به‌ والی‌ به‌غدا، ئه‌ویش له‌ (بابی‌ عالی‌)یه‌وه‌ فه‌رمانی‌ والییه‌تی‌ بۆ ده‌ركردوه‌ و له‌نێوان ساڵانی‌ (1780-1802ز) بووه‌ به‌ والی‌. دواجار به‌هۆی‌ ئیفلیج بوونی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ پێش نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ (7-8-1802ز)، كۆچی‌ دواییكردوه‌ و له‌ گۆڕستانی‌ ئیمامی‌ ئه‌عزه‌م-ئه‌بو حه‌نیفه‌ی‌ نوعمان له‌ به‌غدا به‌خاك سپێردراوه‌(13).

په‌یوه‌ندی‌ نێوان سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا و برایم پاشای‌ بابان:
سه‌ره‌تای‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی‌ سلێمان پاشا بووه‌ به‌ والی‌ به‌غدا، له‌ یه‌كه‌م كاری‌ دا بڕیاری‌ داوه‌ هۆزه‌ عه‌ره‌به‌ سه‌ره‌ڕۆ و یاخییه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست و باشووری‌ ئێستای‌ عێراق سه‌ركوت بكات و له‌ هه‌وڵدا بووه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاسایش و هێمنی‌ و دابینكردنی‌ ئارامی‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌، كه‌وتووه‌ته‌ گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی‌ كه‌ به‌دیهێنانی‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌یان مسۆگه‌ركردوه‌. نامه‌یه‌كی‌ بۆ (مه‌حموود پاشای‌ یه‌كه‌م1773-1782ز)ی‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ ئه‌و كاته‌ی‌ میرنشینی‌ بابان ناردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بێ‌ دواكه‌وتن به‌ هێزه‌كه‌یه‌وه‌ بگاته‌ به‌غدا، به‌ڵام مه‌حموود پاشا له‌ به‌رامبه‌ردا عوسمان به‌گی‌ كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ (500) سواره‌وه‌ ناردوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌، سلێمان پاشا له‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ مه‌حموود پاشا توڕه‌ و نیگه‌ران بووه‌ و بڕیاریداوه‌ له‌ ده‌رفه‌تێك دا تۆڵه‌ی‌ ئه‌و نا فه‌رمانییه‌ی‌ لێبكاته‌وه‌(14).
هه‌ربۆیه‌ سلێمان پاشا داوای‌ له‌ برایم به‌گی‌ كوڕی‌ (ئه‌حمه‌د پاشای‌ یه‌كه‌م1762-1778ز)ی‌ میری‌ پێشووتر و برازای‌ مه‌حموود پاشا كردوه‌ بچێت بۆ به‌غدا كه‌ له‌وكاته‌دا یه‌كێك له‌ دیارترین و به‌ناوبانگترین گه‌نجه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی‌ ناو بنه‌ماڵه‌ی‌ بابان بووه‌. دوای‌ گه‌یشتنی‌ برایم به‌گ، والی‌ داوای‌ لێكردوه‌ به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێت مه‌حموود پاشای‌ مامی‌ ده‌ستگیر بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و له‌ شوێنه‌كه‌ی‌ بكات به‌ میری‌ بابان، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ برایم به‌گ له‌ هه‌ڵوێستێكی‌ زۆر مه‌ردانه‌دا، ئه‌و به‌ڵێن و داوایه‌ی‌ والی‌ په‌سه‌ند نه‌كردوه‌ و به‌وه‌ وه‌ڵامی‌ داوه‌ته‌وه‌: (مه‌حموود پاشای‌ مامم له‌ شوێنی‌ باوكمه‌، مادام به‌سه‌ر زیندوه‌ من له‌ ئێستادا كاروباری‌ میرایه‌تی‌ وه‌رناگرم).
ئه‌گه‌رچی‌ سلێمان پاشا خۆشی‌ له‌و قسانه‌ی‌ برایم به‌گ نه‌هاتووه‌، به‌ڵام بڕیاری‌ داوه‌ ماوه‌یه‌ك له‌ به‌غدا بیهێڵێته‌وه‌(15) بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ژێر چاودێری‌ خۆی‌ دا په‌روه‌رده‌ی‌ بكات و بتوانێت تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی‌ به‌رامبه‌ر مامی‌ بگۆڕێت، دواتریش به‌ ئاسانی‌ پیلان و مه‌به‌سته‌كه‌ی‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت و ركابه‌رێكی‌ به‌ هێز له‌ به‌رامبه‌ر مه‌حموود پاشادا دروست بكات.
هه‌رزوو سلێمان پاشای‌ والی‌ توانی‌ خواست و مه‌رامه‌كانی‌ بهێنێته‌ دی‌، كێشه‌ و ناكۆكی‌ و ململانێ‌ بخاته‌ ناو بنه‌ماڵه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ بابان، چونكه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م توانیبووی‌ هه‌موو خوو ره‌وشتێكی‌ باش و ره‌سه‌نی‌ برایم به‌گ بگۆڕێت و تۆوی‌ هه‌ڵپه‌ و فراوانخوازی‌ له‌ ده‌رونی‌ دا بچێنێت، هه‌روه‌ها هه‌رچی‌ هه‌ست و سۆزی‌ رێز و خۆشه‌ویستی‌ برازا بۆ ئه‌و مامه‌ی‌ كه‌ له‌ شوێنی‌ باوكی‌ دا بووه‌ له‌ دڵی‌ ده‌ربهێنێت(16)! ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ مه‌حموود پاشا له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د پاشای‌ باوكی‌ برایم به‌گ له‌ یه‌ك دایكیش بوون(17). كاتێك والی‌ به‌غدا له‌وه‌ دڵنیابووه‌ برایم به‌گ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك بتوانێت نیاز و پیلانه‌كانی‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ به‌دی‌ بهێنێت، به‌نهێنی‌ له‌گه‌ڵی‌ دا رێككه‌وتووه‌ له‌ جێگای‌ مه‌حموود پاشای‌ مامی‌ دا بیكات به‌ میری‌ بابان. ساڵی‌ (1782ز) به‌ مه‌به‌ستی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر (قه‌ڵا چوالان)ی‌ پایته‌ختی‌ میرنشینه‌كه‌ و لادانی‌ مه‌حموود پاشا، به‌ سوپایه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌ هاتووه‌ته‌ كه‌ركوك. هه‌مان كات، برایم به‌گ كه‌ ماوه‌ی‌ ساڵێك بوو به‌ فه‌رمانی‌ سلێمان پاشا كرابوو به‌ موته‌سه‌ڕیفی‌ كۆیه‌ و هه‌ریر، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ خالد به‌گ و عه‌زیز به‌گی‌ برای‌ و حه‌سه‌ن به‌گی‌ كوڕی‌ شێر به‌گی‌ كوڕی‌ (به‌كره‌سوور1703-1714ز)ی‌ میری‌ پێشووتری‌ بابان و كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌وره‌ پیاوانی‌ لایه‌نگری‌ خۆی‌ به‌ هێزێكی‌ تۆكمه‌وه‌ چووته‌ كه‌ركوك و په‌یوه‌ستی‌ سوپاكه‌ی‌ سلێمان پاشا بووه‌(18).
دوای‌ گه‌یشتنی‌ ئه‌و هه‌واڵه‌، مه‌حموود پاشاش له‌گه‌ڵ عوسمان به‌گی‌ كوڕی‌ دا به‌ هێزێكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ ده‌ربه‌ندی‌ بازیان و سه‌نگه‌ری‌ به‌رگری‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان دروستكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر لوتكه‌ شاخه‌كانی‌ ده‌ربه‌نده‌كه‌وه‌ رێ‌ له‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ سوپای‌ والی‌ به‌غدا بگرن، به‌ڵام له‌وكاته‌دا و به‌ هۆی‌ تێكچوونی‌ ریزه‌كانی‌ هێزی‌ پاشای‌ بابان كه‌ زوربه‌ی‌ پیاوه‌ شه‌ڕكه‌ر و ناوداره‌كان له‌ مه‌حموود پاشا جیابوونه‌وه‌ و چوونه‌ته‌ پاڵ هێزه‌كه‌ی‌ برایم به‌گ، ناچار مه‌حموود پاشا بۆ رێگریكردن له‌ خوێن رشتن و روونه‌دانی‌ شه‌ڕ له‌ نێوان سه‌ربازانی‌ بابانی‌ دا، له‌گه‌ڵ ته‌واوی‌ ده‌ست و پێوه‌ند و پیاوه‌كانی‌ لایه‌نگری‌ خۆی‌ به‌ره‌و سنه‌ی‌ پایته‌ختی‌ میرنشینی‌ ئه‌رده‌ڵان كۆچی‌ كرد(19).
دوای‌ ئه‌وه‌، سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا فه‌رمانڕه‌وایی‌ میرنشینی‌ بابان و به‌ڕێوه‌بردنی‌ ناوچه‌كانی‌ كۆیه‌ و هه‌ریری‌ به‌ برایم به‌گ به‌خشیووه‌، ئه‌ویش وه‌كو میری‌ بابان له‌ ساڵی‌ (1782ز)دا، چووه‌ته‌ قه‌ڵا چوالان و ده‌سه‌ڵاتی‌ گرتووه‌ته‌ ده‌ست(20).

ده‌رئه‌نجام
وه‌كو له‌م رووداوانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، په‌یوه‌ندی‌ نێوان سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا و برایم پاشای‌ بابان له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ دوولایه‌نه‌ بنیادنراوه‌ و دواتریش په‌ره‌ی‌ سه‌ندوه‌. هه‌رچه‌نده‌ ده‌رباره‌ی‌ ناونانی‌ (سلێمانی‌) كۆمه‌ڵێك بۆچوون و سه‌رچاوه‌ی‌ جۆراوجۆر و دژبه‌یه‌كتریمان خسته‌روو كه‌ هه‌ندێكیان سه‌رچاوه‌ی‌ ره‌سه‌ن و نزیك له‌و كات و رۆژگاره‌ن و ئێمه‌ له‌باره‌یانه‌وه‌ هیچ كۆمێنتێكمان نیه‌، چونكه‌ بێگومان سلێمان پاشا كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی‌ برایم پاشا هه‌بووه‌، ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ برایم به‌گ له‌ به‌غدا ماوه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێز له‌نێوانیان دا دروست بووه‌ و له‌ژێر سایه‌ی‌ والی‌ دا به‌رێز و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ رۆژگاره‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ گه‌نجی‌ تێپه‌ڕاندوه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ریش دا، برایم پاشا هه‌میشه‌ رێزێكی‌ زۆری‌ له‌ بڕیار و فه‌رمانه‌كانی‌ والی‌ به‌غدا گرتووه‌. به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌و ساڵانه‌ش دا سلێمان پاشا، له‌ به‌غدا خوێندنگایه‌كی‌ به‌ ناوی‌ خۆیه‌وه‌ (سلێمانی‌) دروستكردوه‌(21)، پێده‌چێت برایم پاشا له‌وه‌وه‌ بیرۆكه‌ی‌ ناونانی‌ شاره‌كه‌ی‌ وه‌رگرتبێت و له‌دڵی‌ خۆی‌ دا شتێكی‌ وه‌های‌ بڕیاردابێت. یاخود له‌وكاته‌دا سلێمان پاشا، برایم به‌گی‌ راسپاردوه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا كارێكی‌ ئاوا بكات، ئه‌گه‌رچی‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كمان له‌به‌رده‌ست دا نیه‌ و ته‌نها گریمانه‌یه‌كه‌. دیاره‌ بۆ ئه‌و كاته‌، دروستكردن و بنیادنانی‌ ئاوه‌دانی‌ تازه‌ و شاری‌ نوێ‌ بووه‌ته‌ چاولێكه‌ری‌ و باو، ئه‌وه‌تا چه‌ند ساڵێك پێشتر و له‌ (1747ز)دا، شاری‌ دیوانیه‌ له‌لایه‌ن حمود ال حمد ال عباس سه‌رۆكی‌ هۆزی‌ خزاعیل بنیادنراوه‌، هه‌روه‌ها دوای‌ چه‌ند ساڵێكیش له‌ دروستكردنی‌ سلێمانی‌، ناصر پاشای‌ سه‌عدون شاری‌ ناصریه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ (1868ز)دا، دروستكردوه‌(22).
هه‌رچه‌نده‌ حسێن نازم به‌گ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیه‌ شاره‌كه‌ به‌ناوی‌ سلێمان پاشای‌ والیه‌وه‌ ناونرابێت، به‌ڵام دان به‌م راستیه‌دا ده‌نێت كه‌ دوای‌ ته‌واوبوونی‌، برایم پاشا نامه‌یه‌كی‌ بۆ والی‌ ناردوه‌ و موژدانه‌ی‌ ته‌واوكردنی‌ سلێمانی‌ و چۆنیه‌تی‌ ناونانه‌كه‌ی‌ به‌روونی‌ بۆ نووسیووه‌.
ده‌رباره‌ی‌ بۆچوونه‌كه‌ی‌ مامۆستا جه‌مال بابان كه‌ له‌بری‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا، بۆچی‌ شاره‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌ سوڵتان سلێمانی‌ قانونی‌ نه‌كردوه‌؟ ئاشكرایه‌ برایم پاشا ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كۆشكی‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا و له‌ ژیانێكی‌ خۆش و پێشكه‌وتووی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ به‌غدا به‌راورد به‌ ژیان له‌ قه‌ڵا چوالان گه‌وره‌بووه‌، به‌ڵام سلێمانی‌ قانونی‌ زیاتر له‌ دوو سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر سوڵتانی‌ عوسمانی‌ بووه‌. كه‌واتا جێگای‌ تێڕامانه‌، سوڵتانێك نه‌ له‌ رۆژگاری‌ برایم پاشای‌ بابان دا ژیاوه‌ و نه‌ سوود و سه‌ربه‌رزییه‌كی‌ بۆ ئه‌و هه‌بووه‌، شارێكی‌ به‌ناوه‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ به‌ ناوی‌ سلێمان پاشاوه‌ بێت كه‌ به‌رده‌وام پشت و په‌نای‌ ده‌سه‌ڵات و ناوبانگی‌ بووه‌.
له‌وه‌ڵامی‌ شوكروڵڵای‌ بابان-یش دا، پێمانوایه‌: برایم پاشا، سلێمانی‌ كوڕیشی‌ هه‌ر به‌ خۆشه‌ویستی‌ ناوی‌ سلێمان پاشای‌ والی‌ به‌غدا ناوناوه‌، چونكه‌ به‌م كاره‌ی‌ ویستوویه‌تی‌ له‌ به‌رامبه‌ر پێدانی‌ تاج و ته‌ختی‌ میرایه‌تی‌ بابان دا هه‌رده‌م به‌ وه‌فاداری‌ و سوپاسگوزاری‌ بمێنێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ د. سه‌عید به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ریش بڕوای‌ پێیه‌تی‌ كه‌ شاره‌كه‌ به‌ناوی‌ سلێمان پاشای‌ قه‌ڵا چوالان كرابێت، ئه‌وا هیچ رێی‌ تێناچێت. له‌ كاتێك دا برایم پاشا چاوی‌ بڕیبێته‌ شوێنه‌كه‌ی‌ مه‌حموود پاشای‌ مامی‌ كه‌ پێشتر وتوویه‌تی‌ له‌ شوێنی‌ باوكمه‌، ئه‌ی‌ چۆن له‌بیری‌ سلێمان پاشای‌ مامه‌كه‌ی‌ تریدایه‌ كه‌ (19) ساڵ پێشتر له‌ قه‌ڵا چوالان كوژراوه‌؟!
له‌كۆتایش دا، ئه‌و بۆچوونه‌ی‌ یاسین العمری‌ دووره‌ له‌ لۆژیك و رایه‌كی‌ زۆر لاوازه‌، چونكه‌ فه‌رمانڕه‌وایانی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ موسڵ و بابان هه‌ردووكیان سه‌ر به‌ والی‌ به‌غدا بوون و یه‌ك پێگه‌یان هه‌بووه‌، چۆن ده‌كرێت له‌ناو ئه‌و هه‌موو كه‌سایه‌تیانه‌دا والی‌ موسڵ گرنگتربێت!

سه‌رچاوه‌كان:
1-كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ: گه‌شتنامه‌ی‌ ریچ بۆ كوردستان (1820)، و: محه‌مه‌د حه‌مه‌ باقی‌، ب1، چ1، چاپخانه‌ی‌ شڤان، سلێمانی‌، 2012، ل25
2-كلۆدیۆس جه‌یمس ریچ: ب1، س.پ، ل139-140.
3-محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حسێنی‌ مونشی‌ به‌غدادی‌: سه‌فه‌رنامه‌ی‌ مونشی‌ به‌غدادی‌ له‌ته‌ك مسته‌ر ریچ دا، و: ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، چ1، چاپخانه‌ی‌ موكریانی‌، هه‌ولێر، 2014، ل54.
4-عه‌بدولقادر رۆسته‌م بابانی‌: ره‌وشی‌ كوردان مێژووی‌ كوردستان ئه‌رده‌ڵان بابان، و: كه‌ریم حیسامی‌، چ1، تاران، 1393ه، ل130.
5-محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی‌ به‌گ: تاریخی‌ سلێمانی‌ وه‌ وڵاتی‌، ئا: ره‌فیق ساڵح، ب3، چ2، بنكه‌ی‌ ژین، چاپخانه‌ی‌ شڤان، سلێمانی‌، 2006، ل66.
6-صالح قه‌فتان: مێژووی‌ گه‌لی‌ كورد، چ4، چاپخانه‌ی‌ چوارچرا، سلێمانی‌، 2012، ل242.
7-عه‌بدولعه‌زیز سلێمان نوار: داود پاشا والی‌ به‌غدا، و: عوسمان عه‌زیز عه‌للاف، چ1، چاپخانه‌ی‌ روون، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خانه‌ی‌ وه‌رگێڕان، سلێمانی‌، 2012، ل123.
8-حسێن نازم به‌گ: مێژووی‌ میرایه‌تی‌ بابان، و: حسێن حه‌سه‌ن كه‌ریم و سدیق ساڵح، بنكه‌ی‌ ژین، چاپخانه‌ی‌ شڤان، سلێمانی‌، 2013، ل152.
9-جه‌مال بابان: بابان له‌ مێژوودا و گه‌وره‌ پیاوانی‌ بابان، چ1، چاپخانه‌ی‌ ئه‌ندێشه‌، سلێمانی‌، 2018، ل412-413.
10-شوكروڵڵای‌ بابان: مێژووی‌ كورد و كوردستان، چاپخانه‌ی‌ شڤان، به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ گشتی‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌، سلێمانی‌، 2004، ل183.
11-سه‌عید به‌شیر ئه‌سكه‌نده‌ر: سه‌رهه‌ڵدان و رووخانی‌ سیسته‌می‌ میرنشینی‌ له‌ كوردستان، و: جه‌وهه‌ر كرمانج، چاپخانه‌ی‌ ده‌زگای‌ رۆشنبیری‌ گشتی‌، به‌غدا، 2016، ل145.
12-سه‌عدی‌ عوسمان هه‌روتی‌: كورد و كوردستان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان دا، چ1، چاپخانه‌ی‌ موكریانی‌، هه‌ولێر، 2014، ل111/ جه‌مال بابان: بابان له‌ مێژوودا و گه‌وره‌ پیاوانی‌ بابان، س.پ، ل413-414.
13-موسا كازم نورس: فه‌رمانڕه‌وایی‌ مه‌ملوكه‌كان له‌ عێراق دا (1750-1831ز)، و: عوسمان عه‌زیز عه‌للاف، چاپخانه‌ی‌ تاران، ناوه‌ندی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ مێژوویی‌ جه‌میل رۆژبه‌یانی‌، سلێمانی‌، 2017، ل42-55.
14-حسێن نازم به‌گ: س.پ، ل137.
15-حسێن نازم به‌گ: س.پ، ل140.
16-حسێن نازم به‌گ: س.پ، ل145.
17-محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی‌ به‌گ: س.پ، ل57.
18-نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین: به‌ده‌م رێگاوه‌ گوڵچنین، مێژووی‌ سیاسی‌، میرایه‌تی‌ بابان له‌ نێوان به‌رداشی‌ رۆم و عه‌جه‌م دا، ب1، كتێبی‌ سێیه‌م، الدار العربیه‌ للعلوم، بیروت، 2013، ل97.
19-حسێن نازم به‌گ: س.پ، ل147.
20-حسێن نازم به‌گ: س.پ، ل152.
21-موسا كازم نورس: س.پ، ل131.
22-جه‌مال بابان: س.پ، ل406.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تریفه‌ی‌ مانگی‌ ئاكۆیان

ئازاد سه‌راوی شۆڕش هه‌ڵچون و داچونه‌، هه‌ندێك جاران ڕوبارێكی‌ به‌لرفه‌یه‌، ...