سەرەکی » ئاراستە » ئاوایی‌ قه‌ڵا مكائیل_ سه‌ر چه‌می‌ رۆخان_ هۆزی‌ شێخان

ئاوایی‌ قه‌ڵا مكائیل_ سه‌ر چه‌می‌ رۆخان_ هۆزی‌ شێخان

حه‌سه‌ن مه‌لا

ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل یه‌كێك له‌و ژماره‌ گوندانه‌ی‌ سه‌ربه‌ هۆزی‌ شێخانی‌ قادركه‌ره‌مه‌ له‌مێژوه‌وه‌ نیشته‌جێی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ن. له‌م سنووره‌ دوو گوند نزیك و هاوسنوری‌ یه‌ك به‌ناوی‌ گونده‌كانی‌ قه‌ڵامكائیل له‌سه‌ر چه‌می‌ ڕۆخانه‌ هه‌ن.

مێژوووی‌ ئاوه‌دانی‌
مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ و نیشته‌جێ‌ بوونی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ پێش سه‌رده‌می‌ ئیماراتی‌ میر سمایلی‌ زه‌نگنه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئاوه‌دانی‌ هه‌بوو، دواتر له‌ نه‌وه‌كانی‌ میر محمد به‌گی‌ برای‌ میر سمایلی‌ سه‌رۆكی‌ هۆزی‌ زه‌نگه‌نی‌ ئه‌و كات، دوو كه‌س به‌ ناوه‌كانی‌ ( میكائیل و جوبرائیل) كه‌ برا بوون له‌ گوندی‌ قه‌ڵامائیلی‌ ئێستا نیشته‌جێبوون به‌پێی‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ مێژووی‌ ئاوه‌دانی‌ بۆ (1900) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ نیشته‌جێبوون و ئاوه‌دانی‌ كردونه‌ته‌وه‌.

ناوی‌ گونده‌كه‌ له‌ چیه‌وه‌ هاتووه‌ ؟
دانیشتوانی‌ هه‌ردوو ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ ناوی‌ باپیره‌ گه‌وره‌ی‌ خه‌ڵكی گونده‌كه‌وه‌ ناو نرا ئه‌وه‌ش ناوی‌ (میكائیل) ده‌بێت . هاوكات دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كاتێك ئه‌و كه‌سی‌ ناوی‌ مكائیل بووه‌ هاتووه‌ وه‌ك هێمایه‌ك و ده‌ه‌سته‌ڵاتێك قه‌ڵایه‌ك ده‌روست ده‌كات دواتر پێی‌ گوتراوه‌ قه‌ڵای‌ مكائیل له‌ پاشان به‌پێی‌ زه‌مه‌ن گۆرا وه‌ بۆ قه‌ڵامكائیل .

پێگه‌ی‌ جوگرافی‌ گوندی‌ قه‌ڵامكائیل
ئه‌م گونده‌ به‌ دووری‌ حه‌وت كیلۆ مه‌تر له‌ سه‌نته‌ری‌ ناوه‌ندی‌ ناحیه‌ی‌ قادر كه‌ره‌مه‌وه‌ دووره‌ ، هاوكات هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ گونده‌كانی‌ (قه‌شقه‌ ، چه‌م سورخاو ، شاووك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ گوندی‌ گه‌ڕاو و قایته‌وه‌ن، له‌ باكوری‌ گوندی‌ وێڵه‌یه‌)، جێگای‌ باسه‌ هه‌ردوو قه‌ڵامكائیل كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌ ژماره‌ (6) ئێستا ئه‌م دوو گونده‌ به‌ ناوه‌كانی‌ گونده‌كانی‌ قه‌ڵامكائیلی گه‌وره‌ و قه‌ڵامكائیلی‌ خواروو ناو ده‌برێت جگه‌ له‌وه‌ش لای‌ دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل هه‌ندێك جاربه‌ ناوی‌ ( قه‌ڵامكائیلی‌ هه‌رده‌كه‌) ناوی‌ ده‌ركردوه‌.

قه‌ڵامكائیل له‌ ڕووی‌ ڕۆشنبیرییه‌وه‌
ئه‌گه‌ر ئاورێك له‌ مێژووی‌ گوندی‌ قه‌ڵامكائیل به‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی‌ باسه‌ڕه‌ كه‌ له‌ شاردێی‌ قادركه‌ره‌م ده‌رچوو له‌لایه‌ن (شاكر فتاح) زۆر به‌ ڕوونی‌ باسی‌ ڕۆشنبیری‌ و كردنه‌وه‌ی‌ خوێندنگای‌ قه‌ڵامائیل ده‌كات. هه‌ر لێره‌ له‌لایه‌ن شێخه‌كانی‌ ته‌ریقه‌تی‌ قادری‌یه‌وه‌ ته‌كێیه‌ك له‌م گونده‌ بنیاد نراوه‌ له‌لایه‌ن ( شێخ محمدی‌ كورشی‌ شێخ عبدالكریمی‌ قادركه‌ره‌م) سه‌ر په‌ره‌شتی‌ كراوه‌ ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل له‌ مێژوودا قه‌ڵه‌می‌ جوان و نووسه‌ری‌ باشی تێدا هه‌ڵكه‌وتوو له‌وانه‌ حه‌سه‌ن محێدین و ئیبراهیم محمد و نووسه‌ری‌ دیاری‌ شاری‌ كه‌ركوك مامۆستا مه‌لا محمد سه‌ید عبدالكریم. بۆ یه‌كه‌مجار له‌ گوندی‌ قه‌ڵامكائیل له‌ ساڵی‌ 1942 له‌ سه‌رده‌ستی‌ شاكر فتاح قوتابخانه‌ی‌ تێدا كراوه‌ته‌وه‌ له‌ یه‌كه‌مینه‌كانی‌ مامۆستایانی‌ ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ بریتین له‌ مامۆستایانی‌ خوالیخۆش بوو ئیبراهیم محمد و بابان ره‌سوڵ
ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل له‌ ڕووی‌ ئه‌ده‌بیشه‌وه‌ چه‌ندین شاعیری باش و ناسراوی‌ تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌وانه‌ هه‌ریه‌ك له‌ « عبدولله‌ فاته‌ و مه‌حمود عون الله‌ و شاعیر سه‌ید عبدالرحمان محمد « .

گوندی‌ قه‌ڵامكائیل له‌ ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌
دانشتوانی‌ ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل خاوه‌نی‌ چه‌ندین بنه‌ماڵه‌ و تیره‌ن كه‌ هه‌موویان سه‌یدن و خۆیان سه‌ر به‌ هۆزی‌ شێخانی‌ گه‌رمیان ده‌زانن ، ئه‌م ئاواییه‌ له‌سه‌رژمێری‌ ساڵانی‌ ( 1957) رێژه‌یی‌ دانیشتوانی‌ هه‌ردوو قه‌ڵامكائیل بریتی ده‌بێت له‌ (182) كه‌س له‌ قه‌ڵامكائیلی‌ سه‌روو هه‌روه‌ها له‌ قه‌ڵا مكائیلی‌ خواروو رێژه‌یی‌ دانیشتوانی‌ بریتی‌ ده‌بێت له‌ (130) كه‌س له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زن، گوندی‌ قه‌ڵامكائیل خاوه‌نی‌ چه‌ندین شوێنه‌واری گرنگ له‌وانه‌ «قه‌ڵای‌ مكائیل و خرابه‌ خه‌زنه‌ و بیان « كه‌ له‌ساڵی‌ (1950) له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراق و شوێنه‌واری‌ عێراق تۆمار كراون، بۆیه‌كه‌جاریش له‌ ساڵی‌ 1961 له‌لایه‌ن هاولاتێك به‌ناوی‌ عه‌بدولعزیز ئیسماعیل ڕادیو هاتووته‌ ئاوایی‌ .

گوندی‌ قه‌ڵامكائیل له‌ ڕوی‌ كشتوكاڵه‌وه‌
له‌ڕووی‌ كشتوكاڵه‌وه‌ دانیشتوانی‌ ئاواییه‌كانی‌ هه‌ردوو ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل له‌ پێش تاوانی‌ مه‌رگه‌ساتی‌ ئه‌نفال به‌ كاری‌ كشتوكاڵی گه‌نم و جۆ هه‌روه‌ها به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئاوی‌ ڕۆخانه‌ به‌ ناو گونده‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ سوودیان لێوه‌رگرته‌وه‌ بۆ به‌رهه‌می‌ مه‌ره‌زه‌ كه‌ برنجی‌ خۆماڵی‌ زۆریان چاندووه‌ كه‌ برنجی‌ زۆر باش ناسراوه‌ و میوه‌ و سه‌وزی‌ زۆر كراوه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ وه‌رزی‌ هاویندا به‌هۆی‌ جۆگه‌ و بار له‌سه‌ر ڕوباری‌ ڕۆخانه‌ هه‌ڵ به‌ستراوه‌ به‌رهه‌می‌ وه‌ك كاڵه‌ك و شووتی‌ و لۆبیا زۆری‌ دیكه‌ به‌رهه‌م هێناوه‌ ، ئه‌م جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئاژڵداری‌ وه‌ك مه‌ر و بزن ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو بۆ بژێوه‌ی‌ ژیانیان هه‌روه‌ها له‌وه‌ی‌ خاوه‌نی‌ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی‌ ئاوی‌ دیكه‌یه‌ وه‌ك كانی‌ و بیر. گوندی‌ قه‌ڵامكائیل له‌ ڕووی‌ جینۆساید دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ قه‌ڵامكائیل هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شۆڕش و كوردایه‌تی‌ بوون له‌وانه‌ له‌سه‌رده‌می‌ شۆڕشی‌ شێخ محمودی‌ نه‌مر سه‌ید ئه‌حمدی‌ خانه‌قا به‌شداری‌ شۆڕشی‌ شێخی‌ نه‌مری‌ كردوه‌ چه‌كداری‌ بووه‌ ئه‌م جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ شه‌ڕی‌ شوعه‌یبه‌ به‌شداری‌ كردوه‌، هه‌روه‌ها عاره‌به‌ داگیر كه‌ره‌كان به‌ ده‌رووشمی‌ (احنا بدو وین العدو احنا العرب اهل الغیره‌ ، نطرد الكراد من هلدیره‌) له‌ ساڵانی‌ 1963 ده‌ستیان كرد به‌ سووتاند و ماڵ وێران كردن و تاڵانكردنی‌ مه‌ر و ماڵیاتی‌ ئاوایی‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ داگیر كه‌رانی‌ خاك و ئاو و مرۆڤی‌ كوردی‌ نیشیمانی‌ خۆی‌ جینۆساید كراون له‌وانه‌ له‌ ساڵانی‌ 1966 و ساڵی‌ 1974 به‌ هۆی‌ هێرش و فرۆكه‌كانی‌ به‌عسی‌ عاره‌بی‌ دانیشتوانی‌ ئاوایی‌ ڕوو به‌ڕووی‌ سووتان و ماڵكاولی‌ و شه‌هید و بریندار بوونه‌ته‌وه‌، تا له‌ ساڵی‌ 1988 له‌ ئه‌نفالی‌ ناوچه‌ی‌ قادركه‌رم و هۆزی‌ شێخان ئه‌م ئاواییه‌ تێكۆشه‌ر به‌ر شاڵاوی‌ ئه‌نفال ده‌كه‌وێت ، گوندی‌ قه‌ڵامكائیل خاوه‌نی‌ 54 ئه‌نفال و نۆ شه‌هیدی‌ سه‌نگه‌ره‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تریفه‌ی‌ مانگی‌ ئاكۆیان

ئازاد سه‌راوی شۆڕش هه‌ڵچون و داچونه‌، هه‌ندێك جاران ڕوبارێكی‌ به‌لرفه‌یه‌، ...