سەرەکی » وتار » دوو سیمای زۆر خۆشەویست

دوو سیمای زۆر خۆشەویست

رەشاد مستەفا سوڵتانی

لەم وێنەیەدا، لە ڕاستەوە دکتۆر ئیبراهیم یونسی و لای چەپەوە شاعیری مەزنی گەلی کورد شێرکۆ بێکەس پیشان دەدات کە لە تاران ساڵی 2001 بە دیداری یەکتر گەیشتوون.
-1 شێرکۆ بێکەس ئاستێکی بەرز و ڕچەیەکی مودێرن و تازەی لە هەڵبەست و کۆپلە شیعری، ئەدەبیاتی کوردیدا شکاند. ڕاسپاردەی تایبەتەکانی بۆ هەژاران لە هەڵبەستەکانیدا، شەپۆل دەدا. هەمیشە بە داخەوە بوو کە پارتەکانی کوردستان ناتوانن جەماوەر ڕێکبخەن و هەر خەریکی حیزبایەتین و میعمارانی بە توانای دیواری حیزبیش بیری نوێ و ڕیفورمخواز دەکوژن و ناڕاستەوخۆ خزمەت بە داگیرکەران دەکەن. لە باخچەی زمانی کوردی وشەی ناسک و جوانی هەڵگرتووە و نەیهێشتووە گەنجینەی زمان، کە چەندە شیرین و بە پێزە لە بیر بچێنەوە. دیوانەکانی شێرکۆ پاسەوانی هەمیشەیی زمانی کوردین. بۆ هەموو تراژیدیاکانی کوردستان، لە فورم و شێوەی هەڵبەست، هەڵویستی مرۆڤدۆستانە و ڕادیکاڵی خۆی پێشکەش کردووە. بە تایبەت سەبارەت بە یاسا بەکەڵک نەهاتووەکانی سەردەم و ئەو کەسانە بانگەواز بۆ پیاوسالاریی و داسەپاندنی ئایین و ئایینزاکان بە سەر کۆمەڵگەی سەدەی بیستویەکدا دەکەن، بە دەنگی بەرز و بوێرانە هاوار و ئیعتراز دەکات. لە هەڵسەنگاندنەکانی شێرکۆ بێکەس، دین و مەزهەب تەنیا پەیوەندی تایبەتی مرۆڤەکان لەگەڵ کردگارە، و ئاواتە خوازی دیزانێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە تێدا قەوارەی جیوگرافیای دەوڵەتی کوردی دیاری بکرێ. شێرکۆ وەک پەنابەر لە وڵاتی سوید گیرسایەوە. لە لایەن ئینگوار کارلسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدەوە، قەدرزانی لێکرا و خەڵاتی وەرگرت کە، بە هیمەتی هومەر شێخموس ڕێگاکە هەموار کرا. شێرکۆ هەڵبەستێکی بە ناوی «بەیان» کە کچە پێشمەرگەیەکی ناو ڕێزەکانی «کۆمەڵە» بوو، هۆنیوەتەوە و چڵەپۆپەی هەڵوێستی ڕادیکاڵی شاعیرێک پیشاندەدا. لە زانستگەی ستۆکهۆڵم شیعری «زام پێوان» ی بە بۆنەی یادی سی ساڵەی کاک فوئاد پێشکەش کرد، کە یادگاری یادگارەکانە. هەڵبەستەکانی شێرکۆ تێماندەگەیەنێت چ تارماییەکی ڕەش و بەسام و مۆتەکەیەکی خوێنمژ هەڕەشەمان لێدەکات. ئاسکە ونبووەکان چارەنووسی هەژدە کچی گەنجی گەرمیانە کە لە لایەن حکومەتی دڕندەی بەعس ـەوە، دیل و ئەسیر کران و ناجوامێرانە بە وڵاتانی عەرەبی فرۆشران. دەبوا حکومەتی هەرێمی باشوور پەیکەی ئەم شاعیرە مەزنە لە شارەکان دامەزرێنیت و زانکۆی ئەدەبیاتی سلێمانی و هەولێر بە ناوی شێرکۆوە ناو بنرێن.
-2 ئیبراهیمی یونسی: یەکێک لە گەورە وەرگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە لە نێوان فەرهەنگە پێشکەوتووەکانی دونیا پردی پەیوندی بوو. خزمەتێکی بە نرخی بە فەرهەنگ و ئەدەبیات کرد. زۆر بەرهەمی بەنرخ و جیهانیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. لە شاری بانە لەدایکبووە، لە سەقز دیپلومی وەرگرتوە و پاشان لە زانکۆی ئەفسەری وەرگیراوە. لە ساڵی 1954 زیندانی کراوە و ساڵی 1962 ئازاد کراوە. لە زیندان زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی فێربووە. ساڵی 1977 لە زانستگەی سۆربۆنی فەڕەنسا لە زانستی ئابووریی دکتۆرای وەرگرتووە. ئەم کتێبانەی وەرگێڕاوە یان نووسیوە: ئارەزووە گەورەکان‌ی چارلز، سپارتاکۆس، خەیاتی جادوو کراو، بیرەوەرییەکانی خورۆشچۆف، هونەری چیرۆکنووسی، مێژووی ئەدەبیاتی ڕووسیا، یونان، ئافریکا، شەڕی گەورەی نیشتمانیی (کە ڕۆڵی سوپای سوور پیشاندەدا) گۆڕستانی غەریبان، دادە شیرین، کڵاولار و قەرەچی. دوکتور یونسی پێی وایە هەڵبەست لە ئێران ڕێگای نۆرماڵی خۆی پێواوە، بەڵام داستان و چیرۆک ئەو ڕێگایەی هێشتا بە چاکی نە پێواوە. دەڵێت وەرگێڕ دەبێ نیمچە نووسەرێک بێت. و دەڵێت زمانی شیعر نا ڕاستەخۆیە بەڵام زمانی پەخشان ڕاستەوخۆیە. و ئامێری تەلەڤیزیۆن کۆسپێکی گەورەی بۆ «خوێندنەوەی کتێب» خوڵقاندووە. چونکە تەلەڤیزیۆن ئامێری دەستی دیکتاتۆر و حکومەتەکانە و بانگەواز بۆ دەسەڵات دەکات. نووسینی ڕۆمان تازە لە ئێران دەستی پێکردووە و لەدایکبووە و خەریکە ڕێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە.
دکتۆر یونسی مرۆڤێکی ڕادیکاڵ، زانا، خۆنەویست، زمانزان، کۆمەڵناس و خەمخواری هەژاران و بێکەسانی کۆمەڵگە بوو.
بە داخەوە بیۆگرافی جەنابی «محەمەد قازی» م دەست نەکەوت دەنا ئەویش یەکێکی تر لە گەورە وەڕگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.

ئێوە لە بیر نەکراوەکانی مێژوون!
3/8/2017

سەرچاوە:
zagrospost.com

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ترەمپ بۆ وای کرد؟

ئارام وەڵەدبەگی زۆر کەس بەسەرسوڕمانەوە لە سیاسەتی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان ...