سەرەکی » دۆسێ » بەشداریی ژن لە ئیدارە و سیاسەتدا

بەشداریی ژن لە ئیدارە و سیاسەتدا

ئەمەل جەلال

سەرەتا دەبێت لەوە تیبگەین كە نە سیاسەت بە بێ‌ ئیدارە و نە ئیدارەش بە بێ‌ سیاسەت بەڕێوە دەچێت،بۆیە ناكرێت لە یەكیان دابڕینین بە جیا پێناسەیان بۆ بكەین هەردووكی تەواوكەری یەكترەو پێویستی بە لێهاتویی و تواناو ئەزمون و سەلیقەیی و پسپۆری و شارازایی و هونەرییەوە هە یە وەك چۆن دەوتریت سیاسەت هونەری تواناییە ( السیاسە فن الممكنات )كەواتە سیاسەت و بەرێوەبردن ژن بێت یاخود پیاو پێویستە ئەو پێوەرانەی تیادا كۆبێتەوە .
بەشداری ژنان لە ڕووی وەزیفییەوە شتێكی تازەو نامۆ نییە وەك فەرمانبەری جێبەجێ‌ كار واتا تەنانەت لە ڕووی ڕێژەییشەوە ژمارەیان كەم نییە بە بەراورد بە پێگەو بەشدارییان لە ناوەندەكانی بڕیار كە لە ئاستێكی زۆر كەمدایە ! لە كاتێكدا ئەو ژمارە كەمەی لە ناوەندی بڕیاری كارگێڕی و بەرێوەبردندا ئەزمون كراون وێنایەكی بەرزی بەرێوەبۆدن ودڵسۆزیی و لێهاتوییان بەرجەستە كردووە كە دەكرا ئەوە پێوەرێكی ئەساسی هەڵسەنگاندنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بوایە بۆ تێپەراندنی ئەو قۆرخكارییە ڕەگەزییەی كە هەژمون و كاریگەری كردۆتە سەر یەكلایی كردنەوەی كاندیدانی پاڵێوراو بۆ پۆستە جیاوازەكانی دام و دەزگا فەرمی و نا فەرمییەكان و یەكلایی كردنەوەی بە قازانجی ڕەگەزێك و پەراوێزخستنی ڕەگەزی بەرامبەر كە هاوبەشێكی سەرەكییە لە پڕۆسەی پەڕێوەبردن.
لە كاتیكدا كەم نین ئەو بەرێوەبەرانەی كە گومانی گەورەو بێ‌ متمانەیی زۆریان بە نەزاهەت و دڵسۆزی كاری دامەزراوەكان دروست كردووە كە كەمترین ڕیژەی ژن ئەو گومان و بێ‌ متمانەیە دەیگرێتەوەو تەنانەت لە تێوەگلانیشیان لەو گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی نیشتمانیش ژنان زۆر بە دەگمەن ناویان هاتوە بۆیە بە بڕوای من ژنان لە ڕووی پەرۆشی و خزمەتكردنەوە باشتر دەتوانن سەركەوتوبن لە ئیدارەدانی خەڵك و دامەزراوەكانەوە.
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كەواتە لەگەڵ بونی ئەو ڕاستیانەش بەڵام بە شداری ژنان لە كایە سیاسی و ئیدارە ییەكاندا زۆر لە و ڕێژەیە كەمترە كە مایەی هەڵسەنگاندن و پیاچونەوە بیت لە كاتێكدا ژنان ڕەگەزێكی گرنگی كۆمەڵن و ڕۆڵی تەواوكاری دەگێڕن لە تەواوی ئۆرگانەكان و جومگەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەگەر هەل و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، بەڵام بە داخەوە هەژمونی عەقڵی باوی كۆمەڵایەتی داسەپاوو بەكاربەر، بەشێكی زۆری ئەم تواناو هێزەی لە كارخستووەو بە پاساوی بیری تەسكی كۆنەپارێزی هەمیشە وەڵامێكی پێچەوانەی هەیە بۆ داخوازی و هەوڵ و تێكۆشانی ژنان هەمیشە پاڵێوراوانی ژنان لە پەراوێزی بڕیار و ڕاسپاردەكانی سەركردایەتی بڕیار بەدەستە بۆیە لە كۆی پرۆسەی سیاسیدا جگە لە دەسەڵاتی تەشریعی كە بە یاسا ئەو مافە زامن كراوە بۆ ژنان كە پشكی ژنان بە ریژەی 30% كەمتر نەبێت چەسپێنراوە، لە كاتێكدا ناڵێت لەو رێژەیە زیاتر نەبێت، ئەڵێ كەمتر نەبێت بەڵام نابینین لەو رێژەیە زیاتر بكریت لە كاتێكدا ئەو یاسایە10 ساڵی تێپەراندوە دەبوایە ئێستا تەواوی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە %30 لە بەركەتەی ژنانی تێپەڕاندایە و بەرەو قۆناغێك و سەردەمێكی جیاوازتر هەنگاومان بنایە . بەڵام بە داخەوە پێچەوانەكەی دەبینین
كاتێك باس لە بەشداری ژنان دەكەین لە سیاسەت و بەرێوەبردن، دەبیت هەموو ئەو فاكت و بەربەست و ئاستەنگانە تێپەرێنین كە هۆكارگەلێكن بۆ چەقبەستوویی و سنورداركردنی ئاستی بەشداری كردنی ژنان لە سیاسەت و بەرێوەبردن، كەواتە ئیمە باسی چ جۆرە بەشدارییەك دەكەین ؟؟؟ بەهای بەشداریكردنی ژنان دەبێت لە تەواوی قۆناغەكانی داڕشتنی سیاسەت و دروستكردنی بڕیار و دەركردنی بریارەكان و جێبەجیكردنیشدا بێت ئەو كات دەتوانین بۆ نمونە وەك ژنان لە داڕشتنی سیاسەتی ئابوری بەشداربین و بەشێك بین لەو نەخشە ڕیگایەی كە ئاستی بەرهەم هێنان لە زیادكردنی دەستی كار و بە تایبەتیش هێنانە پێشەوەی ژنان بۆ ناو بازاڕی كار كە بە داخەوە ئامارەكان پێمان دەڵێن كە ژنان بە رێژەی%14 لە كەرتی گشتیدا و لە كەرتی تایبەت %1 بەشدارن لە كاتێكدا دەرچوانی كچان و ژنان لە زانكۆو پەیمانگاكان ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نییە لە ڕەگەزی بەرامبەر .
لایەنیكی تری ئەم پرسە پەیوەستە بە و دابەشكارییە نا هاوسەنگییەی كە لەنێوان هەردوو رەگەزدا هەیە كە پەیوەستە بەو تێگەیشتنە باوەی كە پێیوایە هێشتا ژنان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی كە سەركردایەتی دامەزراوەو ئۆرگانە جیاوازەكانی وڵات بكات، تەنها لە یەك ڕوانگەی كۆمەڵایەتیەوە رایەكی گشتی هەیە كە ژنان دەتوانن لە دامەزراوە پەروەردەیی و كۆمەلایەتی و تەندروستی دەتوانن كار بكەن، بەو پێیەی كە ژن كارەكتەرێكی كۆمەڵایەتیە و باشتر لە ڕەگەزی بەرامبەر دەتوانێت رەفتار بكات لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگە، بەڵام ئەو تێگەیشتنە پەیوەستە بەو بیركردنەوە چەوت و باوانەی كە دەسەڵات و توانایەكی ڕەها دەبەخشێت بە رەگەزی بەرامبەر و مافی ژنان لە گۆشەیەكی زۆر تەسكدا دادەنێت، بۆیە دەبێت كار بكرێت بۆ زەمینە سازی بۆدروستكردنی ژینەگەیەكی تەندروست بۆ هێنانە پیشەوەی كچان و ژنان لە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیدا و لابردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە ژیانی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ژنی سەخت كردووە كە لە ڕووی دەرونی و تەندروستی و كۆمەڵایەتیدا بارگرانی زۆرتر لە سەر ئەو ژنانە دروست دەكات كە لە یەك كاتدا دەبێت وەك لێپرسراو و سەركردەیەك ئەركەكانی ڕاپەڕێنی و لە هەمانكاتدا دەبێت وەك دایك و هاوسەر رۆڵ و ئەركەكانی راپەرێنیت، لە كاتێدا دەبێت ئەو ئەركە هاوبەش بیت لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا تا ژنان بتوانن وزە و تواناكانیان بخەنە گەڕ ببنە بەشێكی كاریگەر و گرنگ لە پرۆسەی پەرەپێدان و پێشخستی كوردستان .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*