سەرەکی » ئابووری » پرسی دەستپێكردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی هەرێمپەڕە 19

پرسی دەستپێكردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی هەرێم

لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، بەبڕیاری حكومەتی عیراقی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەكان داخرا و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنێت: رێگاچارە نێودەوڵەتیەكانیش بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم سوودی نەبووە.

رێگاچارە نێودەوڵەتییەكان
مەولود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە: «نازانم كەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەكاندا دەكرێتەوە، چونكە خەڵكی كوردستان دەزانن لەیەكەم رۆژەوە هەموو راستیەكانم خستۆتە بەردەمیان و وە هەوڵی جدیم داوە تەنانەت بەهەموو جۆرەكانی پەیوەندی، پەیوەندی دەكەین بە وەزیری گواستنەوەی عیراقەوە، بەڵام ئەو دەڵێت (لەدەست سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە)، ئەویش وەڵام ناداتەوە».
وتیشی: «هەرێمی كوردستان پەنای بردۆتە بەر ئەو رێگاچارە نێودەوڵەتیانەش، بەڵام ئەوان بە تەنها وتیان «مەلەفەكەمان بەدەستگەیشتووە»، هەر ئەوەندە بوو وەڵامەكەیان، چونكە ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانەش دەوڵەتان تێیدا ئەندامن و مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتدا دەكەن».

مامەڵە لەگەڵ ئەو  رادارانە ناكەن
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەكردەوە، هیچ رێگاچارەیەك بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم سودی نییە بە تەنها بەغدا نەبێت كە دەتوانێت بڕیار لەوبارەیەوە بدات.
سەبارەت بەدانانی راداری تایبەت بە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، مەولود باوەموردا وتی: «لەڕووی تەكنیكیەوە ئەوە ئاسانە، چونكە ئێمە لەهەرێمی كوردستان ئەندازیاری بە توانامان هەیە لەو روەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە فڕۆكەكان و كۆمپانیاكان مامەڵە لەگەڵ ئەو رادارانە ناكەن، بەڵكو پێویستیان بە راداری عیراقییە، چونكە عیراق وەك دەوڵەت خاوەنی سەروەری زەوی و ئاسمانە».

تەنها هەرێم زیانی نەكردووە
مەولود باوە موراد رەتیشیكردوە، هیچ كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی نێودەوڵەتی بێ رەزامەندی حكومەتی عیراقی بتوانێت گەشتی فڕۆكەكانی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانییەوە دەست پێ بكاتەوە، ئەوەشی لەسەرەتای بڕیاری داخستنەكە دەیانوت فڕۆكەكانمان لەگەشت بەردەوام بوو راست نەبوو تەنها بۆ ئەوەبوو كە كڕیارەكانیان لەدەست نەدەن و وایان زانی بڕیارەكە بۆ چەند رۆژێكە.
ئەوەشی خستەروو: «بە تەنها هەرێم نییە زیانی كردووە، بەڵكو زیانی گەورە بەر كۆمپانیاكان و تەنانەت هێزەكانی هاوپەیمانان و یوئێنیش كەوتوە، یوئێن تەلفۆن بۆ ئێمە دەكات كە گەیشتینە كوێ بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان؟ ئێمەش بەوان دەڵێین ئەی ئێوە گەیشتنە كوێ؟».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*