سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » خوێنی‌ كوردانپەڕە 3

خورجە

خوێنی‌ كوردان

1
ئه‌م هه‌موو لاوه‌ نه‌مامن نێژران له‌م باخچه‌یه‌
ریشه‌یی‌ كوردایه‌تی‌ بوو یانی‌ بۆ مان نێژران
بڕواناكه‌م له‌ هه‌موو دنیادا ئه‌وه‌نده‌ی‌ مامه‌ڵه‌ به‌ خوێنی‌ كورده‌وه‌ ده‌كرێت، مامه‌ڵه‌ به‌ خوێنی‌ كه‌سی‌ تره‌وه‌ كرابێت، كێشه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ وڵاتانی‌ زل هێزو نه‌ته‌وه‌گه‌ره‌ كوێربینه‌كانی‌ سه‌رده‌ست له‌ بری‌ ئێمه‌ چاره‌نووسمان دیاری‌ ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش جگه‌ له‌ قوربانیه‌ك،كه‌ ماوه‌ماوه‌ له‌سه‌ر ته‌ختی‌ شه‌تره‌نجه‌كه‌ به‌رمانده‌ده‌نه‌وه‌ هیچ رۆڵێكی‌ ئه‌وتۆی‌ ترمان نیه‌، ئایه‌ ئه‌م قه‌ده‌ره‌ ده‌بێت هه‌ر به‌م جۆره‌ بێت یان ده‌كرێت بیگۆڕین، گۆڕینی‌ ئه‌م قه‌ده‌ره‌ ئازار به‌خشه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دوو ئه‌گه‌ره‌وه‌، یه‌كه‌م: ئێمه‌ ده‌توانین له‌ كوێی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ زلهێزه‌كاندا بین، دووه‌م : ئایه‌ ناكرێت كێرڤی‌ خواسته‌كانمان له‌وه‌ به‌رزتر بكه‌ینه‌وه‌ تا راده‌ی‌ خۆخاوه‌نی‌، مائه‌وانی‌ تر چیان له‌ ئێمه‌ زیاتره‌ ؟

2
ناكرێت هه‌موو ساڵ و سه‌رده‌مێ‌ ئێمه‌ بۆ كوشتن ئاماده‌ بكرێین هۆیه‌كه‌شی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بێت داوای‌ ئازادی‌ و هه‌ناسه‌ دانی‌ ئازادانه‌ بكه‌ین له‌ كوێش له‌ سه‌ر خاكی‌ خۆمان، خاكێك من تێیدا نامۆو وه‌ك شاعیر ده‌ڵێت « ئه‌وی‌ تر تێیدا خاوه‌ن ماڵه‌ « بیركردنه‌وه‌ له‌ گۆڕینی‌ ئه‌م دۆخه‌ ئه‌ركی‌ هه‌موو ئازادیخوازانه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌ركی‌ هه‌موو كوردێكه‌، له‌ ئازایه‌تی‌ كێشه‌مان نیه‌، له‌ قوربانی‌ دان، له‌ شه‌ڕی‌ ده‌سته‌و یه‌خه‌، له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ دوژمن، له‌ رابردوودا زۆر سته‌مكارو چه‌ته‌مان ناوه‌ته‌ چاڵ، له‌م شه‌ڕانه‌ی‌ رابردووی‌ رۆژئاواشدا هه‌موو دنیا گه‌واهیمان بۆ ده‌ده‌ن، ده‌ی‌ كه‌واته‌ بۆ ده‌بێت هه‌میشه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ خاڵی‌ سه‌ره‌تا !!.

3
بێكه‌سی‌ شاعیر گوتی‌:

نێرو مێ‌ هه‌ردوو به‌ جووته‌ بۆ وه‌ته‌ن هه‌وڵێ‌ نه‌ده‌ن
دووره‌ ده‌رچوونی‌ له‌ دیلی‌ مه‌ل به‌ باڵێ‌ نافڕێ‌
ئێمه‌ ده‌مێكه‌ ته‌واره‌كانمان هاوشانی‌ به‌ورو عه‌گیده‌كان له‌ شه‌ڕدان، ئه‌وه‌ی‌ كچه‌ شه‌ڕوانه‌ ئازاكانی‌ كورد له‌ كۆبانی‌ كردیان له‌ دیرۆكا بێوێنه‌ بوو، ده‌ی‌ كه‌واته‌ بۆ تا ئێستا «وه‌ته‌ن دیل و ئێمه‌ دیل و دنیا كه‌ڕ» بیركردنه‌وه‌ له‌مه‌ پێویستی‌ به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ كورد، ژیانه‌وه‌ی‌ كورده‌واری‌، هێنانه‌ گۆی‌ ئازادیخوازان بۆ گه‌یشتن به‌و رۆژه‌ی‌ ئیدی‌ ئێمه‌ له‌ نێو به‌رداشی‌ رۆم و عه‌جه‌م و عه‌ره‌بدا وردو خاش نه‌كرێین، كورد نایه‌وێت به‌و جۆره‌ له‌ ته‌ك نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌كاندا بژێت، یان پێكه‌وه‌ ژیانی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ئاكاری‌ یان جیابوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ باكورو بۆ رۆژئاوا له‌ پێش باشوورو رۆژهه‌ڵاته‌وه‌یه‌، چ گه‌مژه‌ییه‌كه‌ تۆ خۆت به‌ سه‌رۆكی‌ وڵاتێك بزانیت و باسی‌ پانكردنه‌وه‌ی‌ سه‌ری‌ مرۆڤ بكه‌ی‌، چ گه‌لحۆییه‌كه‌ بڕوابوون به‌م جۆره‌ جانه‌وه‌رانه‌ .

 322 جار بینراوە