سەرەکی » هەواڵ » یەكێتی پێداگری تەواو لەسەر دەستكەوت و مافە دەستوورییە‌كانی خەڵكی كوردستان دەكاتەوە

كۆسرەت رەسوڵ

یەكێتی پێداگری تەواو لەسەر دەستكەوت و مافە دەستوورییە‌كانی خەڵكی كوردستان دەكاتەوە

‎پەیامێك لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)ەوە

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان سڵاوێكی گەرمی خەباتكارانە
گەلی كوردستان وەك هەمیشە خوازیاری بوونی دەسەڵاتێكی دیموكراسیخوازە لە بەغداد و كاركردن بۆ بونیادنانی سیستمێكی لەوجۆرە بەبەردەوامی یەكێك بووە لە دروشمە زەق و دیارەكانی شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانی گەلی كوردستان، كە تیایدا و بە درێژایی چەند دەیەیەكە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی و ڕابەرایەتی تێدا دەبینێت. بۆیە پشتیوانی كردنی هەر هەوڵ و هەنگاوێك بەو ئاڕاستەیە بەئەركی سەرشانمان و بەبەشێك لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواكانی گەلەكەمان و تەواوی گەلانی عێراقیش دەبینین، چونكە ئەوە ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە كە شێوازی دەسەڵاتدارێتی لە بەغداد ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر جۆرو ئاستی پەیوەندیەكان و ڕادەی ئاشتەوایی نێوان ناوەندو هەرێم بە پارێزگاكانیشەوە هەبووە و هەیە بە هەرێمەكەی ئێمەشەوە، بەڵام سەرباری ئەوانەش ئێمە هیچ كات لەگەڵ شێوازی توندوتیژی نواندن نین و نەبووین لە هەر لایەكەوە پەیڕەوكرابێت و خوازیاری ئەوەین كە هاوڵاتیانی سڤیل بە شێوازێكی ئاشتیانە و خەباتی مەدەنیانە داوای مافەڕەواكانیان بكەن و لایەنی دەسەڵاتیش وەڵامدانەوەی پۆزەتیڤانەیان هەبێت و لەئاست جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانیان و فەرمانڕەوایەتیەكی ڕاست و دروستی وڵاتدا بن.
‎هەر لێرەشەوە ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە چۆن بەتوندی دژی فەسادی سیاسی و ئیداری و مالی و هەموو شێوازە جیاوازەكانی گەندەڵین، لە بەرامبەریشدا پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ هێنانەكایەی سیستمێكی دیموكراسی و بەدیهێنانی چاكسازی و زامنكردنی ئاستێكی بەرزی دادوەری كۆمەڵایەتین و تا ئەو ئاستە پاڵپشتی لە هەمواركردنەوەی بڕگەو ماددەكانی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەكەین كە نەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە مافە سیاسی و ئیداری و بەركەوتە داراییەكانی گەلی كوردستان و كەمیان نەكاتەوە بە تەواوی مافە كلتوری و نەتەوایەتیەكانیشمانەوەو چارەسەرە پێشنیاركراوەكانی بۆ ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی فیدراڵی عێراق نەشێوێنێت، كە ئێستا لە چوارچێوەی مادەی (140)ی دەستووردا نەخشەڕێژ كراوە،‌ هەر هەوڵێك لەلایەن هەر لایەكەوە بەو ئاڕاستەیە ڕەتدەكەینەوە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێداگری تەواو لەسەر دەستكەوت و مافە دەستوورییە‌كانی خەڵكی كوردستان دەكاتەوە و دژ بە هەر هەوڵێك دەوەستینەوە كە بۆ كەمكردنەوەیان بێتە ئاراوە. تەنانەت ئەگەر بۆ چاوبەستەكی بەرگی گەمەی خواستی شەقامیشی بەبەردابكرێت. ئێمە زۆر باش لە داخوازیەكانی شەقامی عێراقی تێدەگەین كە خواست و داوای ڕەوان و سەرەتاییترین مافن كە بە ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمە ڕەواببینرێت، كە بەداخەوە دەسەڵاتدارێتی ناوەند لە ‌بەغداد لە بەجێهێنانیان كەمتەرخەمی زۆری نواندووە‌. بۆیە ناكرێت و ناشبێت كە ئەو بابەتانەی پەیوەستن بەداخوازیە مەدەنیەكانی شەقامەوە، بكرێتە بیانوو بۆ هەر جۆرە پیلانگێڕیەك لەژێر ناوی پێداچوونەوە و هەمواركردنەوەی دەستووری هەمیشەییداو لەدژی مافە ڕەوا بەدەستهاتووەكانی گەلی كوردستان بەكاربهێنرێت.
‎سەركەوتن بۆ خەباتی ڕەوای جەماوەری گەلانی عێراق

كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك) 2/11/2019

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*