سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » هێزی ئابووری، لە پەیوەندی دیپلۆماسیدا

پۆلەتیک

هێزی ئابووری، لە پەیوەندی دیپلۆماسیدا

لەدوای گەشەی تەكنۆلۆژیاو ئامڕازەكانی گواستنەوەو زیاتر كاریگەربوونی جیهانگیری و رەهەندی جیهانگیری ئابوری و بازرگانی نێودەوڵەتی، فاكتەری ئابوری و بازرگانی كاریگەری زۆری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندی دیپلۆماسی و بەتایبەتیش سیاسەتی نێودەوڵەتی لەنێوان وڵاتاندا دروستكردووە، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی و لەئێستاشدا لەلوتكەی گەشەكردنیدایە.
ئەو كاریگەرییە زۆرەی ئابوری لەسەر سیاسەت وایكرد تەنانەت لەزانكۆكانیش پسپۆڕی (سیاسەتی ئابوری نێودەوڵەتی) بخوێنرێت، ئەوەش بەهۆی تێكشكاندنی ئەو سنورانەبووە كە جیهانگیری لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئابوری و سیاسەت و كەلتوردا بەگشتی دروستیكردووە، هەروەكچۆن بیرمەندێكی وەكو (Kenneth Waltz) لەكتێبی دەوڵەت و جەنگدا، باس لەهەڵوەشاندنەوەی زۆرێك لەوڵاتانی خاوەن دەوڵەتی نەتەوەیی دەكات، و باس لەوەدەكات كە فاكتەرەكانی وەكو ئابوری نێودەوڵەتی و بازرگانی نێودەوڵەتی، وایكردوە هاووڵاتی نێودەوڵەتی دروست ببێت و دواتریش ئەوە سەری كێشاوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی جیهانی و كەمكردنەوەی هەژمونی دەوڵەتی نەتەوەیی.
لەدەیەكانی 70 و 80ی سەدەی رابردوودا گەشەی سێكتەری نەوت و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نێوان وڵاتان و گەشەی ئابوری جیهانی و دواتر گەشەی تەكنۆلۆژیاو جیهانگیری بەگشتی وایكرد، كە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی ئابوری جیهانی كاریگەری زۆر لەسەر ستراتیژیەتی سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، دروستبكات. و زۆر نەتەوەو وڵات بەهۆی كەمبونەوەی هەژمونی دەوڵەتی نەتەوەیی و نەژادپەرستی و هەژموونی تاكەنەتەوەیی وایكردووە كە دەوڵەتانی ناكۆك لەرابردوودا كە مێژوویی جەنگ و كوشتاریان هەبووە، بەرەو مامەڵەی هاوبەشی سیاسیی و ئابوری و بازرگانی بڕۆن.
لەئێستاشدا كە حكومەتی توركیا، هێرشی داگیركاری كردۆتە سەر كوردستانی رۆژئاوا، لەكوردستانی باشور وەكو هاوهەڵوێستی نەتەوەیی لەناوخۆو لەدەرەوەی وڵات، كەمپەینەكانی بایكۆتی كاڵاو كەلوپەل و خواردنی توركیا، هەر لەهێڵە ئاسمانییەكانەوە تا دەگات جلوبەرگ و پێداویستی ناوماڵەكان، لەژێر بایكۆتدان، ئەم هەڵمەتە دوورە لەهەڵوێستی رەسمی و سیاسیی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەڵمەتێكی نەتەوەیی خۆرسكە، بۆیە لەوانەیە كاریگەریی نەرێنی هەبێ لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا، بەڵام دواجار دروستبوونی رایگشتی لەهەمبەر هەر كێشەو بابەتێك بەئەستەم رێگەی پێدەگیرێت، هەروەكچۆن حكومەتی عێراق و لوبنان لەئێستادا بەهۆی پرسی گەندەڵییەوە ناتوانن رێگە لەخۆپیشاندەران بگرن و ناچاردەكرێن داخوازییەكانیان جێبەجێ بكەن، هەربۆیە لەكاتێكدا كە ئەم كەمپەینی بایكۆتكردنە زیاندمەنبونی پەیوەندی دیپلۆماسیشی لێبكەوێتەوە بەڵام بەهۆی كاریگەربوونی رایگشتیی و بوونی پرسی نەتەوەیی ئەم جۆرە لەبایكۆتكردن ئەستەمە رێگری لێبكرێت.
هەرچەندە دامەزراوەكانی راگەیاندن دەتوانن مامەڵەی گونجاوتر لەگەڵ ئەم پرسە بكەن، ئەگەر بۆ ماوەی كورتخایەن یان درێژخایەن بێت، دەتوانن ریكلامە بازرگانیەكانیان بۆ كاڵاوكەلوپەلی باكۆتكراوی توركی و دراماو فیلم و گۆرانییەكانیان، لەگەڵ رایگشتی بوەستێنن و ئەوانیش بەشێك بن لەم بایكۆتە نەتەوەییەی كە ئێستا دەكرێت و ریگریكردن ئەستەمە لێی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*