سەرەکی » دۆسێ » ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان: سەركردەی نوێی داعش عیراقییە

بەشێك لە ناسنامەكەی ئاشكرادەكات

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان: سەركردەی نوێی داعش عیراقییە

دوای ئەوەی لە 27ی تشرینی یەكەمی رابردوو، سەرۆكی ئەمریكا كوژرانی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعشی رایگەیاند، چەند رۆژێك دواتر، رێكخراوەكە دانی نا بە كوژرانی سەكردەكەیدا و سەركردەیەكی نویی بۆ داعش دەستنیشان كرد.
لە دوای دیاریكردنی سەركردە نوێیەكەی داعش كە بە ناوی «ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی»ەوە لەلایەن داعشەوە بڵاوكرایەوە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، چەند زانیارییەكی لەسەر ئەو سەركردە نوێیەی داعش بڵاوكردەوە و رەتیكردەوە جگە لە عیراقی لە رەگەزنامەی تر بێت.
بە هەمان شێوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش رایگەیاندبوو»دەزانیین سەركردە نوێیەكەی داعش كێیە»، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زیاتری لەبارەەوە رابگەیەنێت.

«ئەبو ئیبراهیم عیراقیە»
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، بوونی زانیاریی سەرەتایی لەبارەی سەركردەی نوێی ڕێكخراوی داعش ئاشكرا دەكات،پێشبینیش دەكات سەركردە نوێیەكەی ڕێكخراوەكە عیراقی بێت.
تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە لێدوانێكیدا میدیا عیراقییەكان رایگەیاندبوو”دەزگا پەیوەنیدارەكان زانیاریی سەرەتاییان لەبارەی سەركردەی نوێی ڕێكخراوی داعش دەستەبەركردووە، دەزگا عیراقییەكانیش ناوەندی زانیارییان لەبەردەستە لەسەر هەندێك لەو تیرۆریستانەی لە بەغدادییەوە نزیك بوون”.
بە گوتەی خەفاجی”ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی، لە چوارچێوەی كەسە نزیكەكانی بەغدادی نییە، بە هێڵی سێیەمی سەركردەكانی نێو ڕێكخراوەكە دادەنرێت كە بە ڕەچەڵەك عیراقیە، بەڵام دوای كوژرانی بەغدادی لەلایەن سەركردەكانی نزیك لە بەغدادی، كاندیدكراوە”.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق دەڵێت”ڕێكخراوی داعش ناسناوێكی نوێ‌ و نادیاریی بۆ سەركردەكەی بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی ناسنامەكەی ئاشكرا نەبێت وەك چۆن پێشتر بۆ بەغدادی هەمان شێوازیی بەكارهێنابوو، تا چاودێری نەكرێت و بەدووربێت، بەڵام لەچەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاریی پێویست و زۆر لەسەر ئەو تیرۆریستە دەستەبەر دەكرێت».
هەر لەو چوارچێوەیەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو، دەزانیین سەركردەی نوێی رێكخراوی داعش كێیە و زانیاریی تەواومان لەبارەیەوە هەیە.
بە گوتەی تەرەمپ»بەباشی دەزانیین سەركردە نوێیەكەی داعش كێیە».

داننان بە كوژرانی بەغدادی و دانانی سەركردەیەكی نوێ‌
دوای كوژرانی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی داعش، ڕێكخراوەكە، سەركردەیەكی نوێ‌ دەستنیشان كرد و دانیشی نا بە كوژرانی بەغدادیدا.
رێكخراوی دەوڵەتی ئسلامی ناسراو بە «داعش»،ـ لە 31ی تشرینی یەكەمی 2019دا دانی نا بە كوژرانی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی ڕێكخراوەكە و ئەبو حەسەن موهاجیری وتەبێژی داعش.
بەپێی ماڵپەڕی (سكای نیوز عربیە)”ڕێكخراوی داعش تەئكیدی لەسەر كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی ڕێكخراوەكە كردەوە».
هەر لەو بارەیەوە ماڵپەڕەكە بە پشتبەستن بە پێگەكانی گروپە توندڕەوەكان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاویكردبووەوەوە» بە هەمان شێوە داعش دانی بە كوژرانی ئەبو حەسەن موهاجیر وتەبێژی ڕێكخراوەكەدا ناوە، باس لەوەش دەكرێت كە داعش سەركردەی نوێی بۆ ڕێكخراوەكە دەستنیشان كردبێت».
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە» لەجێگەی بەغدادی، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی بە سەركردەی نوێی ڕێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی) ناسراو بە داعش، دیاریكراوە».
لە 27ی تشرینی یەكەمی 2019، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو”هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكا، ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش و ژمارەیەك لە یاریدەدەرانی بەغدادی كوشت».
ئەبوبەكر بەغدادی ناوی “ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی سامەڕایی”یە و لە سامەڕا لە عیراق لەدایكبووە.
لەدوای داگیركردنی شاری موسڵ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014،بەغدادیخۆی وەكو خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ڕاگەیاند و دواتر بووە هۆی كوژرانی هەزارانهاووڵاتی مەدەنی لە عیراق و سوریا.
ێشتر ئەمریكا بۆ كوشتن یان دەستگیركردنی بەغدادی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی خەڵاتی دیاریكردووە، بەڵام تاكو ئەمڕۆ هیچ كەسێك نەیتوانی ببێتە خاوەنی خەڵاتەكە.

كورتەیەك لەبارەی ئەبو بەكر بەغدادیەوە
لە ساڵی 1971 ئەبوبەكر بەغدادی لەدایك بووە.
لە ساڵی 1989 بەشی زانستە ئیسلامییەكانی تەواو كردووە.
لە ساڵی 1990 لە ئەفغانستان بووە و هاوكاری ئەیمەن زەواهیری بووەو بە كەسی دووەمی عاقیدە دانراوە.
لە ساڵی 2003 لە عیراق دەستی كردووە بە چالاكییەكانی.
لە ساڵی 2005 لەلایەن ئەمریكاییەكانەوە دەستگیر كرا.
لە ساڵی 2009 ئەمریكا لە زیندانەكانی خۆی ئازادی كرد.
لە ساڵی 2010 وەك فەرماندەی ڕێكخراوی داعش دەركەوتەوە.
لە ساڵی 2011 گەیشتە سوریا و لەوێ دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) دامەزراند.
لە ساڵی 2014 هێرشی كردەسەر عیراق و موسڵی داگیركرد و لەوێوە بە فەرمی ناونیشانی خەلیفەی وەرگرت.
لە ساڵی 2017 بەغدادی لە عیراقەوە بەرەو سوریا هەڵهات، ئەوكات داعش ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی لە عیراق لەدەستدا و ڕووی لە لاوازی كرد.
لە ساڵی 2019 دوای پێنج ساڵ لە دیارنەمانی، بەغدادی تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، ئەمەش لەكاتێكدابوو داعش لە عیراق و بەشێكی زۆری سوریا وەدەرنرابوو.
لە 27-10-2019 كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی لە سوریا ڕاگەیەنرا، ئەمەش لەكاتێكدایە تا ئێستا بە فەرمی كوشتنەكەی پشت ڕاست نەكراوەتەوەو بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەو بارەوە وتارێك پێشكەش بكات و وردەكاری ئۆپەراسیۆنی كوشتنی بەغدادی بخاتەڕوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*