سەرەکی » دۆسێ » باس لە بوونی لایەنی سێیەم دەكرێت لە نێو خۆپیشاندانەكانی عیراقدا

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ هۆشداریی دەدات

باس لە بوونی لایەنی سێیەم دەكرێت لە نێو خۆپیشاندانەكانی عیراقدا

لەگەڵ هەڵكشانی تەوژمی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق، ژمارەی قوربانییەكان لە ریزی خۆپیشاندەران روو لە زیادبوون دەكات، ئەمەش سەرنجی رێكخراوە مافپەروەرەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەلای خۆیدا رادەكێشێت، هەندێك لە لایەنە بەرپرسەكانی عیراقیش، باس لەبوونی «لایەنی سێیەم» دەكەن لەنێو خۆپیشاندانەكاندا كە بە گوتەی ئەوان «خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان» دەكوژێت.

لێپێچینەوە لە هێزە ئەمنییەكان
لەو بارەیەوە رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بواری مافەكانی مرۆڤە، داوای لە حكومەتی عیراق كرد لێپرسینەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بكات و دادگاییان بكات.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كەتایبەتە بەمافەكانی مرۆڤ و بارەگاكەی لە شاری نیویۆركی ئەمریكایە لە 14ی تشرینی دووەمی 2019 بڵاویكردەوە»هێزە ئەمنییەكانی عیراق هێرشیان كردووەتە سەر فریاگوزار و ئەو كەسانەی بەهانای خۆپیشاندەرانەوە چوون و یارمەتیان پێشكەش كردوون لەمیانی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان، هێزە ئەمنییەكان گوللـە و گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر فریاگوزارەكان و چادرەكانیان بەكارهێناوە و بەهۆیەوە فریاگوزارێك گیانی لەدەستداوە».
لەوبارەیەوە سارە لیا ویتسن بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ رایگەیاندبوو» فریاگوزارەكان بوونەتە قوربانی بەكارهێنانی هێزی لە رادەبەدەری هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەتی عیراق».
ئەو بەرپرسەی هیومان رایتس وۆچ بەپێویستی زانیبوو حكومەتی عیراق زامنی لێكۆڵینەوەیەكی سەربەخۆ بكات لەهەر حاڵەتێكی گیان لەدەستدان لەسەردەستی هێزە ئەمنییەكان بە یارمەتی پسپۆڕانی نێودەوڵەتی، ئەگەر پێویست بكات.

لایەنی سێیەم
هەر لە بارەی خۆپیشاندانەكان و زیادبوونی ژمارەی قوربانیان، لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی عیراق هۆشداری دابوو بەخۆپیشاندەران لەبارەی مەترسییەكانی لایەنی سێیەم، تەقینەوەكەی گۆڕەپانی تەحریشی بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار دانابو.
بەپێی بەیاننامەیەكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عیراق»تەقینەوەكانی گۆڕەپانی تەحریر پەرەسەندنێكی مەترسیدارن بۆ سەر سەلامەتی گیانی خۆپیشاندەران و سەلماندندنێكە دەربارەی هەبوونی لایەنی تر(لایەنی سێیەم) بۆ شێواندنی ئاسایش و بڵاوكردنەوەی پشێوی لە وڵاتدا».
ئەو كارانەی لایەنی سێهەم ئەنجامیدەدەن سەرپێچییە لە یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی و بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ
هەر بەیاننامەكەدا هاتبوو»ئەو كارانەی لایەنی سێیەم ئەنجامیدەدات سەرپێچی یاسای مرۆڤایەتی نێودەوڵەتی و بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤن».
لیژنەكە داوای لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان و هێزە ئەمنییەكان كردبوو، لە دەروازەكانی چوونە نێو گۆڕەپانەكان، بازگەی پكشنین دابنێن بۆ رێگرتن لەلایەنی سێیەم و رێگەنەدان بە ئەنجامدانی تەقینەوە لەناو خۆپیشاندەراندا.
پێشتر نەجاح شەممەری وەزیری بەرگری عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا رایگەیاندبوو»لایەنی سێیەم خۆپیشاندەرانی عیراق دەكوژێت و سوپای عیراق ئەركی پاراستنی خۆپیشاندەرانی داوەتە پۆلیسی فیدراڵی، بكوژی هەریەك لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانیش لایەنی سێیەمە».
لە 15ی تشرینی دووەمی 2019، وەزارەتی‌ بەرگری‌ عیراق رونكردنەوەیەكی لەسەر لێدوانەكەی وەزیری بەرگری بڵاوكردەوە و رایگەیاند»مەبەستی وەزیر لەلایەن سێیەم ئەو باندانەن كە هێرش دەكەنە سەر خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان و دەیانكوژن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*