سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » دەستی دەرەکی لە پشت تووڕەیی جەماوەرەوە

یەکبێژ

دەستی دەرەکی لە پشت تووڕەیی جەماوەرەوە

خۆپیشاندان کاتێک چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت ئاشتیانە بێت کە بۆ داخوازییەکی دیاری کراو ئەنجام بدرێت و هیوای ئەوەی تیادا بێت کەلەڕێگەی ئەو خۆپیشاندانەوە داخوازییەکە جێ بەجێ بکرێت، هەر بۆیە جاری واهەیە رێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە بە دەسەڵات دەڵێن ئەگەر داواکەمان بەدی نەیەت ئەوە خەڵک دێنینە سەر شەقام، لێرەدا ئەنجامدەرەکانی خۆپیشاندان لەگەڵ دەوڵەت و حزبی دەسەڵاتدار جودا نین، چونکە ئامانج لە خۆپیشاندانەکە روخانی حکومەت نیە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری و ئیدارییە و دەیانەوێت لەژێر فشاری خەڵکدا حکومەت ملکەچی جێبەجێکردنی بکەن.
دەیان خۆپیشاندانمان کردوەو دیوە کە تەقەی تێدا نەکراوەو کەسیش خوێن لە پەنجەی نەهاتوە، پێچەوانەکەشی ئەوەیە کە خۆپیشاندان دەکرێت بۆ ئەوەی لەڕەگەوە حکومەت بگۆڕدرێت و سەریش دەگرێت وەک ئەوەی جەماوەری ئیران کردیان بۆ لادانی شای ئیران لەساڵی ١٩٧٩ یان ئەوەی موبارەکی میسری پێ لادرا، جاری واش هەیە خۆپیشاندانەکە درێژ خایەن دەبێت و دەبێتە ڕاپەڕینی سەرتاسەری وەک ئەوەی لیبیاو تونس و راپەڕینی کوردستان ساڵی ١٩٩١( لەمەشیاندا ئەگەر شەڕی کوەیت ڕوینەدابایە ڕاپەڕینی کوردیش سەرکوت دەکرا وەک ئەاونی پێشتر ) کەوابوو هۆکارە دەرەکیەکە کاریگەری خۆی هەیە.
ڕاپەڕینی واش هەیە درێژ خایەنەو هیچ ناکات بە هیچ وەک ئەوەی پێی دەوترێت ( ڕاپەڕینی فەلەستین یان راپەڕینی بەرد)، هەندێ جاریش ڕاپەڕینەکە بە گۆڕانکاری لە حکومەتدا کۆتایی دێت یان سەرکوت دەکرێت و بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن سەر هەڵناداتەوە.
هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی کە زوو سەرکوت دەکرێن بێ ئەوەی داخوازیەکانی جەماوەر یان خۆپیشاندەران تیایدا جێبەجێ بکرێت ، لەو ووڵاتانەدا دەبێت کە تیایدا حکومەت دەزگایەکی سەرکوتکەرە.
هەندێک خۆپیشاندانیش هەیە کە هەر لەدەستپێکیدا دەبێتە گەڕەلاوژێ و پشێوی و خوێن ڕشتن و وێرانکردنی شوێنە حکومیەکان و زیان گەیاندن بە موڵکی گشتی، ئەمەیان بەئاشکرا ئەو دەستە دەرەکیەیە کە دەیەوێت لەم ڕێگەوە زیان بەو حکومەتە بگەیەنێت.
ئاساییە کە لەپشت هەر گروپێکی ئوپۆزسیونی هەر ووڵاتێک دەستێکی دەرەکی پشتیوانی هەبێت، بەئاشکرا ئەم دیاردەیە لەساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان لە نێوان عێراق و ئیراندا بیندراوە، کاتێک ئەوانەی دژی ئیران جەنگاون لە بەغداوە هاوکاری کراون و بەپێچەوانەشەوە.
لەم کاتەدا کە ئەمریکاو ئیسڕائیل بەتایبەتی و سعودیەو هەندێ ووڵاتی دیکەی عەرەبی و ئەوروپا بەگشتی لە گەڵ ئیران لەناکۆکیدان و دەیانەوێت لە بنەڕەتەوە ئەو حکومەتە بگۆڕن ، چاوەڕوان دەکرێت دەستی ئەوانیش لەو خۆپیشاندان و سووتاندن و تێکداندا هەبێت و شتێکی سەیر نیە، لەکاتێکدا کورد لە ڕۆژئاوا بەرەو دیمەشق چوو، خێرا ئەمریکا گەڕایەوەو کەوتە مامەحەمەیی بۆ کورد تا نەهێڵێ لەگەڵ ئەسەد رێک بکەون، بەهەمان شێوە کاتێک کورد لە ڕۆژهەڵات بڵێت ئێمە لەگەڵ تاراندا لە دانوستاندا هەین و کۆمیتەی هەماهەنگیمان بۆ ئەم مەبەستە دروست کردوە، دەکرێت ئەمریکا و ئیسرائیل بێن رێگری لەم دانوستانانە بکەن، چونکە ئەوان پێیان وایە رێکەوتنی کورد لەگەڵ تاران پایەیەکی حکومەتی ئیرانی پێ پتەو دەبێت، هەر وەک ئەوەی ڕیگرییان کرد لە کورد کەدوای ڕاپەڕین ویستی لەگەڵ ڕژێمی سەدام بگاتە رێکەوتن.
زۆرێک پێیان سەیرە کاتێک ئیران دەڵێت دەستی دەرەکی لەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەدا هەیە، کە لەخۆیدا راستییەو محەمەد سەلمانی سعودیە ماوەیەک بەر لە ئێستا خۆی ووتی دەبێت ئەو نائارامییە ببەینە ناو خودی ئیرانەوە، پۆمپیوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت بەخۆپیشاندەرانم ووتوە وێنەو ڤیدیوی دەستدرێژکارییەکانی ئیرانم بۆ بنێرن، ئەی ئەگەر دەستی خۆیانی تیادا نەبێت بۆ دەڵێت بۆم بنێرن، ئەمە باس دەکەین مانای ئەوە نیە لەدژی خواست و کێشەکانی خەڵکی ئیران دەدوێین تەنها باسێکی واقیعانەی دۆخەکەیەو هیچ مەبەستێکی سیاسیم لەبەرامبەر روداوەکە نیە.
لەروانگەی ئەوەوە کە پێشتر باسمان کرد کە مەرج نیە هەموو خۆپیشاندانێک بەئەنجامی باش بگات دەبێت سەرانی کورد (لەوانەی نەیاران حسابیان بۆ دەکەن) لەهەر جێگەیەک بن خۆبپارێزن لە لێدوانی خێراو بێ بنەما، هەندێک لێدوان زیان بە پرۆسەی داهاتوو دەگەیەنێت کە ئەگەر لەبەردەمدا بێت، لێدوانی بەرپرسێک دەبێت بەرپرسانە بێت نەک ئەمڕؤ بڵێت لەگەڵداین و بەیانیش بڵێت ئێمە نەبووین.
بەهەمان شێوە ئەو خۆپیشاندانانەی لە شارەکانی عیراق روودەدەن دەستی دەرەکی لەپشتیوانی هەردوو بەشەکەدا هەیە چ بۆ پشتیوانی و مانەوەی حکومەت چ بۆ لەسەر کار لادانی، ئەوەش بەبیر دەهێنینەوە ئەگەر ووڵاتێکی گەورەی ناوچەکە بە فیعلی لەگەڵ ڕاپەڕینی بەردی فەلەستیندا بوایە ئێستا سەردەکەوت بەڵام چونکە ئەو دەستە تەنها ئەو ڕێکخراوانەیە کە لەناو خودی فەلەستینیەکانە بۆیە ئەو مەلایین بەردەی ئەمان هاویشتویانە ئەوان کۆی دەکەنەوەو ڕۆژ لەگەڵ رۆژ مستەوتەنی جولەکەکانی پێ فراوان دەکەن، ئەمەش پێێ دەوترێت راپەڕینە بێ کەسەکە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*