یه‌كێك له ده‌نگه جدییه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی و به‌تایبه‌ت چیرۆكی ئێمه سیامه‌ند هادی-یه كه نووسه‌ری هه‌ریه‌كه له كۆمه‌ڵه چیرۆكی (خۆڵه‌مێشی ناوداره‌كان و یاده‌وه‌رییه‌كانی كۆڵانێكی خاپوركراو)ه، هه‌روه‌ها لێكۆڵینهوهیهكشی له‌سه‌ر رۆمان نووسیوه به‌ناوی (مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی رۆمان) ساڵی 2004 چاپكراوه. سیامه‌ند هادی هه‌میشه به بێده‌نگیی ده‌نووسێت و خۆی له چاوی راگه‌یاندن و دیداری رۆژنامه‌وانی به‌دوور ده‌گرێت، به‌ڵام من دوای ههوڵكی زۆر دواندم و به پێویستم زانی بیروڕاو سه‌رنجه‌كانی ده‌رباره‌ی چه‌ند پرسێك وه‌رگرم و سه‌ره‌نجامی گفتوگۆكه‌شمان ئه‌م دیداره‌ی لێكهوتهوه.
سازدانی: شاخه‌وان سدیق
1-2
*چیرۆك یه‌كێكه له ژانره كۆنه‌كانی ئه‌ده‌ب كه هه‌میشه مرۆڤ له قۆناغه جیاوازه‌كاندا چ به زاره‌كی یان به نووسین هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی داوه، گرنگی چیرۆك و گێڕانه‌وه بۆ مرۆڤ چین؟
-له سه‌ره‌تای كتێبی (شیكردنه‌وه‌یه‌كی بونیادگه‌ری بۆ چیرۆك)ی (رۆلان بارت)دا هاتووه كه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه خاوه‌نی چیرۆكی خۆی نه‌بێت. ده‌توانین لێره‌دا زیاد له‌وه بڕۆین و بڵێین هیچ كه‌سێك نییه خاوه‌نی چیرۆكی خۆی نه‌بێت. هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی مرۆڤه‌وه، چیرۆكیش په‌یدا بووه، هه‌موو كه‌سێك به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ی بینیویه‌تی و بیستویه‌تی، بۆ ئه‌وانی تری بگێڕێته‌وه. مرۆڤ به سروشت حه‌ز به گوێگرتن له چیرۆك ده‌كات، ئه‌فسانه‌كان پڕن له چیرۆك. گرنگی چیرۆك وای له فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك (ئه‌فلاتوون) كردووه، بابه‌ته فه‌لسه‌فییه‌كانی به شێوه‌ی چیرۆك و دیالۆگ بنووسێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر چیرۆك له ئایینه‌كان ده‌ربهێنین، جگه له چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك هیچی وایان لێ نامێنێته‌وه. ئه‌و زانا و وتاربێژه ئایینیانه‌ی بۆ خه‌ڵك قسه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له باسه‌كانیاندا به ته‌نها بابه‌ته ئایینییه‌كان شیبكه‌نه‌وه و ئاماژه به هیچ چیرۆكێك نه‌كه‌ن، گوێگرهكانیان ناتوانن چێژ له وتاره‌كانیان وه‌ربگرن. كه‌واته مرۆڤ له لایه‌ك چێژ له گێڕانه‌وه ده‌بینێ و له لایه‌كی تریشه‌وه زانیاری وه‌رده‌گرێت.
بێگومان ئه‌وه بابه‌تی چیرۆكه به شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستی ئێمه‌یه چیرۆكی هونه‌رییه، واتا ئه‌و ده‌قانه‌ی له‌لایه‌ن چیرۆكنووسهكانهوە ده‌نووسرێن. خوێنه‌ر كاتێك چیرۆك ده‌خوێنێته‌وه، به جیهانێكی وێناكراو و دروستكراو ئاوێته ده‌بێت، ئاشنا ده‌بێت به ژیان و به‌سه‌رهات و ڕووداوی جۆراوجۆر. ئاشنا ده‌بێت به بیرۆكه و روانینی جیاواز بۆ ژیان و كه‌سێتی و رووداوه‌كان. زۆرجار سه‌رسامبوونمان به كه‌سێتی ده‌قه‌كان، زیاتره له سه‌رسامبوونمان به كه‌سێتییه واقیعییه‌كان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، توانای گوزارشت و داڕشتن و بیركردنه‌وه‌مان فراوانتر ده‌كات و وا ده‌كات كه بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له ژیان و كێشه‌كانمان بدوێین.
ئێمه له رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌وه شاره‌زای زۆرێك له كولتووره جیاوازه‌كان و چۆنێتی ژیانی ئه‌وانی تر و گرفت و كێشه‌كانی مرۆڤ بووین، كه ئه‌وه‌ش جیهانبینی ئێمه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر فراوانتر ده‌كات. ئێمه له رێگه‌ی ده‌قه‌كانی چیخۆف و دۆستۆیڤسكی و به‌لزاك و زۆلا و كۆڵن وڵسن و هێنری جێمس و ماركیز و ئه‌لێندی و خالید حسێنی و نه‌جیب مه‌حفوز و… شاره‌زای مێژوو و كولتوور و كه‌سێتی كۆمه‌ڵگه‌كانی روسی و فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و ئه‌مه‌ریكای لاتین و ئه‌فغانی و عه‌ره‌بی و … بووین، نه‌ك له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌وه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه له‌و شتانه‌ش دابماڵین، ئه‌وا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ژانره چێژێكی تایبه‌تی به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت، كه جیاوازه له چێژی خوێندنه‌وه‌ی بواره‌كانی تر.
ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به ته‌نها له حیكایه‌ت و به‌سه‌رهات پێكنه‌هاتووه، به‌ڵكو ئه‌و بیرۆكه و روانینانه‌ی ئه‌م ژانره خوڵقاندوونی، بوونه‌ته پێكهاته‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زۆربه‌ی بواره جیاوازه‌كانی ژیان. زۆرجار ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی زانستی پێش زانست ئاماژه‌ی به بابه‌تی هێشتا ئاشكرانه‌كراو داوه. (دۆستۆیڤسكی) پێش (فرۆید) ده‌روونی مرۆڤی ناسیوه. ئه‌م بابه‌ته بۆ هه‌موو بواره جیاوازه‌كان به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و دوو نموونه‌یه‌یه. لێره‌شه‌وه ناكرێت به ته‌نها وه‌ك بابه‌تێكی دابڕاو له گۆڕانكارییه‌كان و دوور له بونیادی فیكریی بیری مرۆڤایه‌تی، ته‌ماشای ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه بكه‌ین. هه‌ربۆیه به‌درێژایی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، نووسه‌رانی ئه‌م ژانره هاوبه‌شبوون له بونیادنانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ئێستا هاتووه‌ته‌كایه‌وه. هه‌روه‌ك میلان كۆندێرا ده‌ڵێت: (پێموایه دامه‌زرێنه‌ری سه‌رده‌می نوێ به‌ته‌نها هه‌ر دیكارت نییه، به‌ڵكو سێرڤانتسیشه). به‌و مانایه‌ی ئه‌و دنیا نوێیه‌ی كه شێوه‌ی گرتووه و راڤه‌كراوه، ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه به‌شداربووه له‌و شێوهگرتنهیدا. هه‌ربۆیه له‌و بڕوایه‌دام، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه نه‌بوایه، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی رۆحی ده‌كه‌وته ژیانی مرۆڤایه‌تییه‌وه.
*چۆن له چیرۆكی ئێستای كوردی ده‌ڕوانی؟ پێت وایه ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ئێمه له كوێی دونیادایه؟ ده‌توانین بڵێین چیرۆكی كوردی خاوه‌ن سه‌بك و تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیه‌تی؟
-له زۆربه‌ی بواره‌كاندا ئه‌گه‌ر به قووڵی و دوور له هیچ سۆزێكی خۆبینین ته‌ماشای خۆمان بكه‌ین، تا راده‌یه‌ك ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئێمه له په‌راوێزی جیهاندا ده‌ژین. ناكرێت به چاوێكی گه‌وره‌تر له‌وه‌ی كه هه‌یه سه‌یری خۆمان بكه‌ین. ئه‌وه راسته كه ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه داهێنراوی ئه‌وروپایه، به‌ڵام بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك و كه‌سێك ئاساییه كه چیرۆكی خۆی هه‌بێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه كه تۆ تا چه‌ند جێده‌ستی تایبه‌تی و خاوه‌ن مۆركی خۆت له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر ئێمه به‌و شێوه‌یه ته‌ماشای ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین، ئه‌وا به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌قی ئێمه نه‌یتوانیوه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و مۆركی تایبه‌ت به خۆی بێت، به‌و شێوه‌یه‌ی له ته‌واوی ئه‌ده‌بی گێرانه‌وه‌ی ئه‌وانی تر جیاواز بێت و بناسرێته‌وه. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانی تردایه. تا ئێستا ئه‌وه‌ی من ئاگادار بم، له نێو ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیشدا ئه‌و باسه خراوه‌ته‌ڕوو، زۆربه‌ی ره‌خنه‌گران پێیان وایه كه ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی نه‌یتوانیوه به ته‌واوی خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و مۆركی تایبه‌تی خۆی بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێت ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی یان ئینگلیزی یان ئه‌مریكای لاتین.
ئه‌م روانینه به‌و شێوه‌یه ناكه‌وێته‌وه كه ئێمه چیرۆك یان رۆمانمان نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه له‌ڕووی سه‌بك و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه خاوه‌نی جۆرێكی تایبه‌ت به‌خۆمان نین. ئه‌م گوزارشته بۆ هونه‌ره‌كانی دیكه‌ش راسته، ئایا ئێمه خاوه‌نی شانۆیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆمانین؟ یان سینهمایهكمان هه‌یه كه پێی بوترێت سینه‌مای كوردی؟ بوونی شانۆ یان فیلم، ناكاته ئه‌وه‌ی كه تۆ خاوه‌نی هونه‌رێكی تایبه‌تمه‌ند و خاوه‌ن سه‌بكی تایبه‌تی خۆت بیت.
جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان دنیای رۆشنبیری ئێمه و زۆربه‌ی وڵاتانی تردا هه‌یه، وه‌ك كولتوری خوێندنه‌وه و مێژووی نووسین و چاپه‌مه‌نی. هه‌ربۆیه وا باشتره زۆر ته‌ماشای ئه‌و به‌راورده نه‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام مه‌حكومین به‌و بهراوركردنه. له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا و بۆ هه‌ندێك بواری تریش، پێویست ناكات زۆر چاومان له‌سه‌ر به‌راوردكردن بێت به ده‌ره‌وه‌ی خۆمان. ئێمه ده‌زانین چیرۆك كامه‌یه و رۆمان چۆنه، له‌به‌رئه‌وه كاتێك بۆ نموونه رۆمانێك ده‌خوێنینه‌وه، ئه‌وه گرنگه ئه‌و ده‌قه رۆمان بێت. هه‌ندێك خوێنه‌ر شێوازی نووسینی نووسه‌رێك لای خۆی ده‌كات به مۆدێلێكی تایبه‌ت بۆ نووسینی ژانرێك، هه‌ربۆیه هه‌ر كاتێك ده‌قێك ده‌خوێنێته‌وه، لای خۆی به‌رواردی ده‌كات به شێوازی ئه‌و نووسه‌ره‌ی كه كردوویهی به مۆدێل. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی سنوور و وابه‌سته‌یی به جوگرافیا و گروپه‌وه ناناسێت، به‌ڵام هه‌ندێك مۆركی تایبه‌تی هه‌یه كه شوناس به شێوه‌یه‌ك له ده‌ق ده‌به‌خشێت. پێموایه ئێمه تا ئێستا ئه‌و مۆركه تایبه‌تییه‌مان به‌ته‌واوی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه واده‌زانن جیهانیبوونی ده‌قێك به دووركه‌وتنه‌وه‌ی له كولتوور و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت، له كاتێكدا به‌جیهانیبوونی ده‌ق زاده‌ی وێناكردن و بههونهركردنی مۆركه تایبه‌تی و لوكاڵییهكانه. وه‌ك (تاهیر بن جه‌للون) ده‌ڵێت:(به‌جیهانیبوونی ده‌قێك له لۆكاڵیبوونییهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت). هه‌ربۆیه ئێمه ده‌بێت له بهرواردكردن دووربكه‌وینه‌وه و كار له روانین و مێژوو و كولتووری خۆماندا بكه‌ین. بهراودكردن وا ده‌كات زۆرجار حوكم به‌سه‌ر دوو ده‌قی سه‌ر به دوو جیهان و سه‌رده‌می جیاوازدا بده‌یت، كه له جێگه‌ی خۆیدا نه‌بێت. هه‌ر ئه‌وه‌شه واده‌كات (كیركهگۆر) بڵێت: (سه‌رچاوه‌ی هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌كان به‌رواردكارییه).
*له هه‌ردوو كۆمه‌ڵه چیرۆكی (یاده‌وه‌رییه‌كانی كۆڵانێكی خاپووركراو و خۆڵه‌مێشی ناوداره‌كان)دا به‌ر پرسیاری مه‌رگ و كوشتن وه‌ك جۆرێكی دیاریكراو له مردن ده‌كه‌وین. ئه‌م ئیشكرنه قووڵه‌ی تۆ له‌سه‌ر مردن په‌یوه‌ندی به چییه‌وه هه‌یه؟ تۆ خۆت له مردن ده‌ترسیت؟
-ئه‌و شێوه كاركردنه زیاتر له كۆمه‌ڵه چیرۆكی یه‌كه‌مدایه، مردن و كوشتنی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م جیاوازه. چیرۆكه‌كانی (یاده‌وه‌رییه‌كانی كۆڵانێكی خاپووركراو) هێڵێكی گشتی پێكه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه، ئه‌ویش رامانه له مه‌رگ، ته‌ماشاكردنی مه‌رگه له چه‌ند رووهیهكی جیاوازه‌وه، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دهرئهنجامانهیه كه مه‌رگ ده‌بێته سه‌رچاوه‌یان. بابه‌تی ده‌قه‌كان وه‌ستانه له‌سه‌ر ئه‌و ئاكامه ئاساییانه‌ی مه‌رگ له دوای خۆی به‌جێیانده‌هێڵێت. ئه‌م وه‌ستانه له به‌رده‌م مه‌رگدا، به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ك گرنگیدان و پیرۆزكردنی مه‌رگ ناكه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی وه‌ك رامانێكی ئاسایی ده‌كه‌وێـته‌وه و چه‌ند پرسیارێكی ساده به‌دووی خۆیدا ده‌هێنێت، ئه‌و پرسیارانه‌ی مه‌رگ له ساتێكی زۆر بچو‌وكدا ده‌یانگۆڕێت له شێوهیهكهوه بۆ شێوه‌یه‌كی تر. له ده‌قه‌كاندا مه‌رگ وه‌ك چه‌مكێكی سه‌ربه‌خۆ ته‌ماشا نه‌كراوه، به‌ڵكو زیاتر جیاوازی روانینه‌كان بوونه‌ته هۆی لێدوان له مه‌رگ.
ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌ش ته‌ماشای مه‌رگ بكه‌ین، ده‌بینین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مردن شتێكی زانراو و چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام له هه‌موو ساتێك‌دا هه‌ڵگری كتوپڕی و سه‌رسامییه. وه‌ستان له‌به‌رده‌م مه‌رگدا، به‌دیوێكدا وه‌ك وه‌ستان وایه له‌به‌رده‌م ژیاندا، چونكه رامان له مه‌رگ به‌شێوه‌یه‌كی پێچه‌وانه ده‌كه‌وێته‌وه، به‌وه‌ی ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ژیان، هه‌میشه مه‌رگه كه ژیانمان بیرده‌هێنێته‌وه. مه‌رگ به‌دیوێكدا ژیان خۆشه‌ویست ده‌كات و به‌دیوێكی دیكه‌دا بێبه‌هایی ژیان ده‌رده‌خات. مه‌رگ هه‌موومان له‌به‌رده‌می خۆیدا ده‌وه‌ستێنێت، رێگه نادات وه‌ك كۆتاییه‌كی بێلێكدانهوه ته‌ماشای بكه‌ین. مه‌رگ روانینهكانمان به فانتازیا گه‌مارۆ ده‌دات، به‌وه‌ی باسكردنی كه‌سێك له دوای مردنی جیاوازه له‌و باسكردنه‌ی له كاتی ژیانیدا ده‌خرێته‌ڕوو.
له‌وكاته‌وه‌ی مرۆڤ بیری كردووه‌ته‌وه، مه‌رگ بابه‌تێكی گرنگی بیركردنه‌وه‌كانی بووه. ئه‌فسانه‌كان و ئایینه‌كان و فه‌لسه‌فه و ته‌واوی بواره‌كانی تر، راڤه و تێزی جۆراوجۆریان بۆ ئه‌م چه‌مكه كردووه. (ئه‌رنستۆ ساباتۆ) له یه‌كێك له وتاره‌كانی كتێبی (نووسه‌ر و مێرده‌زمه‌كانی)دا ده‌ڵێت (ئێمه هیچ نازانین ته‌نها یه‌ك شت نه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه مردن چاوه‌ڕێمان ده‌كات). بێگومان هه‌موو مرۆڤێك بیری له‌و چاوه‌ڕوانییه كردووه‌ته‌وه. مرۆڤ له (گه‌لگامێش)ه‌وه له‌سه‌ر مه‌رگ وه‌ستاوه، گه‌ڕان به‌دوای نه‌مریدا، بۆ رێگریكردن بووه له مه‌رگ. مرۆڤ نه‌یویستووه مه‌رگ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه قبووڵ بكات، هه‌ربۆیه به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه مه‌رگ وه‌ك خاڵی كۆتایی ژیان ته‌ماشا نه‌كات و پێی وابێت له‌دوای مردن، ژیان له فۆرمێكی تر و له شوێنێكی تر به‌رده‌وام ده‌بێت.
كاتێك بیر له مردن ده‌كه‌ینه‌وه، په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه كه ئێمه ره‌شبینین، چونكه ئه‌گه‌ر ئێمه ره‌شبین بین یان گه‌شبین، بترسین یان نه‌ترسین ئه‌وا هیچ له بابه‌تی مردن ناگۆڕێت وه‌ك راستییه‌ك. ئه‌و روانینه جیاوازانه‌شی له‌سه‌ر مردن ده‌خرێنه‌ڕوو، هه‌میشه سه‌رچاوه‌كانیان له بوونی مردنه‌وه هاتووه. ئه‌گه‌ر به قووڵی و دوور له هه‌ر پاڵنه‌رێكی ده‌ره‌كی بیربكه‌ینه‌وه، ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ژیان چه‌ند بێمانایه. ماوه‌یه‌كی زۆر كورت ده‌ژین و چه‌ندین ململانێ و ناخۆشی و به‌رپرسیارێتی ده‌گوزه‌رێنین و دواتر رۆژێك كه نازانین چ كاتێكه بۆ هه‌تاهه‌تایه نامێنین. ره‌نگه هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی مرۆڤ له رێگه‌ی فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و بواره‌كانی تره‌وه به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، هه‌وڵی به‌خشینی مانایه‌ك بێت به‌و بێماناییه‌ی ژیان.