سەرەکی » ئاراستە » بۆ هاوڕێم سه‌ڵاح ره‌نجده‌ری‌ ژیاندۆست

بۆ هاوڕێم سه‌ڵاح ره‌نجده‌ری‌ ژیاندۆست

نه‌جه‌مه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵڵا

بۆ من، چیرۆكی‌ تۆ ته‌واونه‌بوو و نابێ، كه‌ چیرۆكی‌ خه‌م و عیشق و خه‌بات و ژیانه‌، ئاخر خۆ كه‌ناره‌كانیش له‌ گشت حیكایه‌ته‌كانی‌ روبار تێناگه‌ن ئه‌گه‌ر بۆ تۆ هۆكارێك هه‌بووبێ بۆ مردن كه‌ زۆر دڵڕه‌قانه‌ له‌ به‌رچاومان ونیكردی‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو خه‌مه‌كان، هه‌زار هۆكارت هه‌بوو بۆ ژیان.
جارێ خۆ من و تۆ به‌ڵێنه‌كه‌مان نه‌برده‌ سه‌ر، كه‌ قه‌رار بوو گه‌شتی‌ شه‌وانه‌ ڕۆژییه‌ك بكه‌ین بۆ ئه‌و ده‌شت و ده‌ر و هه‌ڵه‌ت و كێوانه‌ و تا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاسمانێكی‌ تری بێگه‌رد ببینین، ئه‌ی‌ بڕیار نه‌بوو پیاسه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ به‌مه‌وله‌ویدا بكه‌ین و به‌هه‌موو تین و توانای‌ خۆته‌وه‌ خۆت بۆ ئاماده‌ ده‌كرد؟.. كه‌چی حه‌مزاتۆف گووته‌نی‌:
ڕه‌شه‌با بێزاری‌ ده‌رئه‌بڕی‌ و
بارانیش وه‌ك جاران نابارێ‌.
خۆریش له‌ ئاسمان تیشكی‌ نییه‌
تۆش وه‌ك جاران ده‌نگت نییه‌.
*****
ئیتر مه‌علوم نییه‌ بۆ ده‌بێ مردن ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ییانه‌ له‌تۆ بئاڵێ‌ و نه‌هێڵێت ساده‌ترین ئاره‌زووكانت بهێنیته‌دی؟ له‌ كاتێكدا ئه‌و چاك ده‌یزانی‌ تۆ عاشقیت، عاشقی‌ ئینسان…. ئێ ئه‌وه‌ هه‌ر تۆ بوویت كه‌ ده‌تگوت:
به‌خۆشه‌ویسته‌كه‌م بڵێن:
من گه‌واڵه‌ی‌ ده‌م بای‌ وه‌شتم
ئه‌گه‌ر تینی‌ ئه‌وه‌م نه‌بێ
یه‌ك دڵۆپم لێنابارێ
به‌خۆشه‌ویسته‌كه‌م بڵێن:
من ئه‌و روباره‌ سه‌رشێته‌ سه‌رهه‌ڵگرتووه‌م
گه‌ر به‌ره‌و ده‌ریای‌ باوه‌شی ئه‌و مل نه‌نێم
چۆن به‌م پێده‌شته‌ وشكه‌دا
ده‌چمه‌ خوارێ؟
به‌شه‌م بڵێن:
گه‌ر ئه‌مجاره‌ جوانانی‌ خێڵ به‌ره‌و خوارێ
گرتیان قه‌تارێ.
چاو بگێڕێ‌… له‌بنارێ
دێوانه‌كه‌ی چاوه‌ڕوانه‌
(ده‌ركه‌وێ له‌ ڕاگوزارێ)
خۆ تۆ ئه‌وه‌نده‌ ژیاندۆست بوویت، پڕ به‌خۆت دژی‌ ئه‌و بیرۆكه‌ مه‌رگدۆستییه‌ی‌ (ئێلوار)ی‌ شاعیر بوویت كه‌گوتبووی‌ (له‌ به‌ندیخانه‌ قفڵكراوه‌كه‌ی‌ خۆم پاڵكه‌وتم…. وه‌كو عاقڵێك، هه‌ست به‌مردن بكا…. وه‌كو یه‌كێك له‌ مردن به‌ولاوه‌ بیر له‌ هیچی‌ تر نه‌كاته‌وه‌) به‌پێچه‌وانه‌وه‌، تۆ هه‌میشه‌ ژیاندۆستانه‌ ته‌ماشای‌ مردنت ده‌كرد. ئه‌وه‌ هه‌ر تۆ بوویت كه‌ ده‌تگوت: مردن كۆتایی‌ ژیان نییه‌، ئه‌ڵقه‌یه‌كی‌ دیكه‌ و ته‌واوكه‌ری‌ ژیانه‌، ئه‌شێ ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌ڵێن ژیان، به‌شه‌ ناخۆشه‌كه‌ی‌ بێـت. چێژ، له‌ سه‌ره‌تای‌ چوونه‌ ناو ده‌ریاوه‌ نییه‌، له‌ قووڵاییه‌كه‌یدایه‌، له‌وێ، هه‌ڵنه‌گوتن نییه‌، ئارامیی‌ و ئاسووده‌یی‌ هه‌یه‌.
هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد كه‌ زۆرجار له‌ نێوان خۆماندا بڵێین: ( گوناحه‌ كاتی‌ خۆمان به‌و كه‌سانه‌وه‌ بكوژین كه‌ رقیان لێمانه‌، ده‌بێ ئینسان كاتی‌ خۆی‌ بۆ خۆشه‌ویستی‌ و جوانی‌ ته‌رخانبكات، خۆشه‌ویستیی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ خۆشمان ده‌وێن).
به‌ڵێ هاوڕێ: ده‌بوا مردن كه‌مێك شه‌رم دایگرێت، كاتێك زه‌فه‌ره‌ی‌ پێبردیت، خۆ ئه‌و چه‌ندین جار له‌پڕتاو هێرشی‌ بۆ ده‌هێنایت و له‌ چركه‌ساتی‌ دواهه‌ناسه‌كانی‌ نێوان ژیان و مه‌رگدا، به‌رۆحی‌ ژیاندۆستانه‌ی‌ خۆت ئیستێكت پێی ده‌كرد و به‌خه‌نده‌ی‌ سه‌ركه‌وتوویه‌كه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایته‌وه‌ ژیان و چیرۆكه‌كه‌ت بۆم ده‌گێڕایه‌وه‌، كه‌ چۆن له‌و چركه‌ساتانه‌ی‌ ململانێكه‌دا به‌ره‌نگاریت كردووه‌ و خۆت نه‌داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌، هه‌ر وه‌كو تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كه‌ی‌ خه‌باتی‌ نهێنی‌ و شاخ، كه‌ بۆ ژیان و سه‌رفرازیی نیشتمان و ئینسانه‌كان ده‌جه‌نگایت، له‌به‌رئه‌وه‌ هیچ به‌لای‌ منه‌وه‌ سه‌یر نه‌بوو له‌ دواهه‌مین كۆپله‌ شیعری‌ خۆتدا كه‌ به‌ر له‌دوا ماڵئاوایی‌ و له‌ گه‌رمه‌ی‌ نه‌خۆشیدا، له‌ مانگی‌ ئه‌یلول، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ كۆچكردن نووسیوته‌:
هه‌رچی‌ رێچكه‌ی‌ رێی‌ چیایه‌ من ده‌مبڕی‌ بێ پله‌
كاتێ ده‌گه‌یشتمه‌ ئه‌م لوتكه‌ ده‌مڕوانییه‌ ئه‌و مله‌
خۆ من بڕیار بوو به‌پێوه‌ تا كۆتایی‌ هه‌ر بڕۆم
مه‌خابن جه‌سته‌ لاوازه‌ و چیبكه‌م هه‌نگاوم شله‌؟
رێمبده‌ بێمه‌وه‌ خزمه‌ت شكۆی‌ به‌رزت نیشتمان
تا ئه‌به‌د خاك و خۆڵی‌ رێت بۆ چاوانم هه‌ر كله‌
*********
ده‌بوا هه‌ر وابێت هاوڕێ ژیاندۆست و عیشقدۆست و ئینساندۆست و خه‌باتدۆسته‌كه‌م، ئاخر خۆ تۆ پیاوی‌ هه‌ڵویسته‌ بچووكه‌كان نه‌بوویته‌ تا به‌بێ جه‌نگین كۆڵبده‌یت، راسته‌، هه‌ر وه‌كو شۆبنهاوه‌ر ده‌ڵێت: (چیرۆكی‌ هه‌موو ژیانت، چیرۆكی‌ ئازارێكه‌) به‌ڵام چیرۆكی‌ ئازاره‌كانی‌ تۆ هه‌ر بۆ ئه‌وانیتر بووه‌ و له‌و پێناوه‌شدا زۆر زۆرت به‌خشی‌.
تۆ بۆ ئه‌وه‌ له‌ دایك نه‌ببوویت تا له‌سه‌ر سك بخشێی‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌بوو بفڕیت بۆ ئاسمانی‌ ژیان و جوانیی‌ و تێكۆشانی سه‌ربه‌رزانه‌ له‌ پێناو ئینسان و نیشتماندا مه‌كسیم گۆركی‌ وتوویه‌تی‌ (ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ له‌ دایك بوو له‌سه‌ر سك بخشێ، هه‌رگیز ناتوانێ‌ بفڕێ).
ئیتر ئه‌وه‌ تۆ بوویت هه‌ڵوێست و وشه‌كانت باڵه‌فڕه‌یان بوو بۆ ژیانێكی‌ شایسته‌ی‌ ئینسانه‌كان، تۆ هه‌میشه‌ له‌ خه‌ونی‌ جوانكردنی‌ ژیانی‌ ئه‌وانی تردا بوویت و جوانترین چیرۆكه‌كانی‌ خه‌مخۆری‌ و له‌ خۆبوردوویی‌ و خۆشه‌ویستیت بۆ گه‌ل و نیشتمان تۆماركردووه‌، تۆ ئه‌و ڕاسپارده‌یه‌ی‌ جه‌لال به‌رزنجی‌ شاعیرت زۆر به‌جوانی‌ جێبه‌جێكرد، كه‌ ده‌ڵێت:
ئه‌گه‌ر مردیشی‌ وه‌كو ڕوبارێ‌ بمره‌
با شوێنه‌واری‌ كه‌نارت هه‌ر بمێنێ
واقیعه‌ تاڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تۆ چیتر له‌ناومان نه‌ماویت. هه‌روه‌كو (یه‌سنین)ی‌ گه‌وره‌ شاعیری‌ روس ده‌ڵێت: (هه‌موو شتێك به‌سه‌ر ده‌چێت، هه‌ر وه‌كو تۆز و خۆڵی‌ سه‌ر سێوی‌ سپی) به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌مێنێته‌وه‌ سێوه‌كه‌یه‌، وه‌ك سونبولی‌ خۆشه‌ویستی‌ تۆش له‌ پێشكه‌شكردنی‌ خۆشه‌ویستیدا درێغیت نه‌كردو و ژیانت له‌ خۆشه‌ویستیدا كۆكردبۆوه‌، له‌دڵماندای‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*