سەرەکی » مانشێت » ״كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم لە بەغدا بەردەوام دەبن״

نوێنەران دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی پەسەند كرد

״كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێم لە بەغدا بەردەوام دەبن״

كۆبوونەوەكانی وەفدی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەردەوام دەبن، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش لە دانیشتنی دوێنێیدا دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران پەسەندكرد.

نوێنەران: داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەین كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت
دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ تاوتوێكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، كۆبۆوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە 241 پەرلەمانتار ئامادەیبوون، بەپێی مادەی 75ی دەستوور، دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران پەسەندكرا.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: بەپێی مادەی 76ی دەستوور، داوا لە سەرۆك كۆمار دەكەین كەسێكی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێرێت.

كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن رادەسپێردرێت
بەپێی دەستوور، سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین فراكسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت، بەڵام تائێستا دیارنییە كام لە فراكسیۆنەكان گەورەترینن، هاوپەیمانیی سائیرونیش كە خۆی بە گەورەترین هاوپەیمانی دەزانێت لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەڕوو «دەستبەرداری مافی خۆی دەبێت لە سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتووی عیراقدا».
پێشتریش عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندبوو: حكومەتی ئێستا لە كارەكانی بەردەوام دەبێت تا كابینەی نوێ‌ پێكدەهێنرێت.

وەفدی هەرێم لە بەغدایە
هەردوێنێ وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراقدا كۆبۆوە و بڕیارە ئەمڕۆش كۆبوونەوەكان بەردەوام بن.
ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان گفتوگۆكردنە لەسەر پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عیراق و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و ئیمزاكردنی رێكەوتنە لەنێوان هەردوولادا.
لەوبارەیەوە ئەندامانی وەفدەكە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەیان بەوەدا «كۆبوونەوەكان بە ئەرێنی بەڕێوەدەچن و دوێنێش هەنگاوی باش نراوە و هیوادارین بەو لێكتێگەیشتنانەی هەیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بگەینە رێكەوتنی كۆتایی»، ئەوەشیان خستەڕوو «لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 -ەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراقدا سەرقاڵی داڕشتنەوەی ناوەڕۆكی پڕۆژەكەین».
هەرلەوبارەیەوە شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: گفتوگۆكان لەبارەی پرسی نەوت و بودجەوە لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە باشی بەڕێوەدەچن، وتیشی: ئەگەر بەغدا و هەرێم رێكبكەون، پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەران تووشی گرفت نابێت و پەسەند دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*