سەرەکی » دۆسێ » پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا دێتەوە ئارا

ململانێی نێوان روسیا و خۆرئاوایە

پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا دێتەوە ئارا

پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا، دیسانەوە دهێنرێتەوە ئارا و ململانێی نێوان روسەكان و خۆرئاواییەكان لە وڵاتەكەدا گرمتر دەكات.
روسیا و وڵاتانی خۆرئاوا لەئێستادا خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی نوێ ئامادە دەكەن، ئەمەش لەچوارچێوەی كۆبوونەوەی ساڵانەی رێكخراوی قەدە‌غەی چەكی كیمیایی كە لە كۆبوونەوەكەیەدا تیمێك بۆ دیاریكردنی بەرپرسانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا پێكدەهێنرێت.
چاوەڕوان دەكرێت لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا ئەو تیمە لێكۆڵەرەی راسپێردراون بە لێكۆڵینەوە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا، بەرپرسانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دیاریبكەن، ئەمەش نیگەرانی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوەكە و روسیا دروست دەكات.
كۆبوونەوەكە كە چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، مۆسكۆ هەڕەشەی كردووە بە دروستكردنی گرفت بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی رێكخراوەكە بۆ ساڵی 2020، گەر بەشێك لە بودجەكە بۆ تیمە لێكۆڵەرەكە تەرخان بكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە سوریا و هاوپەیمانەكانی دژایەتی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە راگەیاندووە، زۆربەی وڵاتە ئەندامەكانی رێكخراوەكەش كە 193 تێناپەڕێنێت، دەنگیاندابوو بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتی رێكخراوەكە، بەجۆرێك كە رێگەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی تیمێكی رێكخراوەكە ناسنامەی ئەو لایەنە ئاشكرا بكەن كە چەكی كیمیایی لە سوریا بەكارهێناوە، نەك تەنیا دیاریكردنی ئەو جۆرە چەكەی بەكارهێنراوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی، چاوەڕوان دەكرێت رێكخراوەكە راپۆرتەكەی لەبارەی سوریا لە مانگی شوبات یان ئاداری ساڵی 2020 بخاتەڕوو.

ئەمریكا سوریا و روسیا تۆمەتبار دەكات
نوێنەری ئەمەریكا لە دەزگای قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی ڕایگەیاندبوو، روسیا تۆمەتبارە بە یارمەتیدانی سوریا لە شاردنەوە و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە جەنگی ناوخۆی سوریادا، ئەمەش لەڕێی پەكخستنی كاری دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندییدارەكان بە قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی.
بەپێی دوایین پێشهاتیش ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، لە 29ی تشرینی دووەمی 2019 بڵاویكردبووەوە، لەمیانی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیدا لە دەزگای قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی لە لاهای، ڕوسیا نكۆڵی لە لێدوانەكانی نوێنەری ئەمەریكا كرد لەمیانەی ناكۆكیەكانی نێوان روسیا و وڵاتانی خۆرئاوادا.
نوێنەری ڕوسیا دەڵێت» دوو كارمەندی پێشووی دەزگاكە بەڵگەنامەیەكیان دزە پێكردووە و وەكو بەڵگەیەك پیشانیانداوە و ساختەیان كردووە كە تیایدا هاتبوو ماددەیەكی كیمیایی كە گازی كلۆری تێدابووە لە هێرشێكدا لە نزیك دیمەشق لە ساڵی 2018دا بەكارهێندراوە».
هاوكات ڕوسیا و سوریا ڕەتیانكردەوە هیچ هێرشێكی كیمیایی ئەنجام درابێت و ئاشكرایانكرد، هەمووی دروستكراوە و كۆمەڵێك لاشەیان لە شوێنی دیكەوە هێناوە و لەو شوێنانە دایانناون، هەروەها ئاماژەشیان بەوەدا ڕاپۆرتەكەی دەزگای قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی سەبارەت بە دۆما ساختەیە و بۆ ئەوە بووە كە هۆكارێكیان هەبێت بۆ دەستوەردانی سەربازی ڕۆژئاوا لە سوریادا.
كینیپ وارد نوێنەری ئەمەریكا لە دەزگای قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی ڕایگەیاندبوو، ڕوسیا و سوریا بە ئاشكرا هەوڵدەدەن بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بشارنەوە لەڕێی پەكخستنی كارەكانی دەزگاكەوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئەمریكا”بەداخەوە ڕوسیا ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لەم شاردنەوەیەدا و بەهاوكاری سوریا بەردەوامن لە هەڵگرتنی چەكی كیمیایی”.

نەوتیش خاڵێكی تری ناكۆكییە
نەوتی ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، خاڵێكی تری دروستبوونی كێشە و ناكۆكییەكانە لەنێوان روسیا و خۆرئاوا كە لەئێستادا لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)دایە.
حكومەتی سوریا كە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دەكرێت، دەیەوێت دەست بەسەر كێڵگە ناوتییەكانی ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە و پێیوایە ئەو نەوتە وەك سەروەتێكی نیشتمانی وڵاتەكە دەبێت لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی دیمەشقدا بێت.
بۆ رێگریكردن لە گواستنەوەی نەوت لە سوریاوە بۆ توركیا لەلایەن قاچاخچییەكانی توركیاوە، حكومەتی سوریا ئاماژەی بە تێكشكاندنی كاروانێك نەوتهەڵگری ئەو كێڵگانە كردووە كە نەوتییان لە سوریاوە بۆ جەرابلوس و ناوچەكانی باكووری عیراق دەگواستەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی (سانا)ی سوریا، لە 27ی تشرینی دووەمی 2019 بڵاویكردەوە، هێزە كوردیەكان لە سوریا، چەند تانكەرێكی نەوتیان لە ناوچەكانی جەزیرەی سوریا تێكشكاندوە، كە لە هەوڵی بەقاچاخبردنی نەوتی سوریادا بوون بۆ ناو خاكی توركیا.
ئاژانسەكە لە زاری پەیامنێرەكەی لە پارێزگای حەسەكە بڵاویكردبووەوە، قاچاخچییەكان لە ڕێگەی چەند ڕێگەیەكەوە لە هەوڵی گواستنەوەی نەوتی كێڵگەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریادا بوون و لەلایەن هێزەكانی سوپای سوریاوە بۆردومان كراون و هەوڵەكەیان پوچەڵكراوەتەوە.
بە گوێرەی هەواڵ، لە بۆردومانی هێزەكانی سوریای سوریا ئەو كێلگە نەوتییانەش خاپوركراون، (سانا) ئاماژەی بە گرتنەبەری رێكەری پێوستیش كردبوو لەدژی ئەو لایەنانەی كە كارئاسانی بۆ قاچاخبردنی نەوتی دەكەن لەو ناوچانەدا.

ئەمریكا هێزی تر رەوانە دەكات
لەگەڵ هەوڵەكانی حكومەتی سوریا بۆ دەستگرتنەوە بەسەر ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی وڵاتەكە كە لە دوای راگەیاندنی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا و هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكە دەستیانپێكرد، ئەمریكاییەكان خەریكە لە بری پاشەكشەكردن، جارێكی تر هێز بۆ ئەو ناوچانە رەوانە دەكەنەوە و بوونی خۆیان جارێكی تر لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا پتەودەكەن.
لە دوایین هەنگاوی لەو جۆرەدا، ئەمریكا كاروانێكی تری هێزەكانی رەوانەی باكووری خۆرئاوای سوریا كرد كە لە نزیكەی 60 بارهەڵگری سەربازی پێكهاتبوون، ئەو هێزانەش لەو ناوچانەدا جێگیردەكرێن كە لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)دان.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە 28ی تشرینی دووەمی 2019 رایگەیاندبوو، ئەمریكا نزیكەی 60 بارهەڵگری سەربازی رەوانەی ناوچەكانی ژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كردووە كە چەندان تانك و زرێپۆشیان هەڵگرتبوو، هێزەكەش لەشاری قامیشلۆ جێگركراوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، ئەمریكا كاروانێكی تری سەربازی رەوانەی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا كردبوو بە مەبەستی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی لە ناوچەكە.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە دەستپێكی هێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان لە 9ی تشرینی یەكەمی2019، ئەمریكا هێزەكانی لە زۆربەی ناوچەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا پاشەكشەپێكردبوو، ئەمەش لەلایەن وڵاتانی خۆرئاوا و نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*