سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » سه‌باره‌ت به‌رێكه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا

سه‌باره‌ت به‌رێكه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا

هاتوچۆی چڕی وه‌فده‌كانی حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ فیدراڵی به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا، بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ و كێشه‌ له‌سه‌ر به‌تایبه‌ت به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌میزانیه‌ی‌ گشتی عیراق، ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر وه‌كو سه‌ره‌تاش بێت ئه‌نجامێكی باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌ به‌پێی به‌رپرسانی هه‌رێم و به‌غداش.
بێگومان سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكانیش له‌كۆتاداو له‌م قۆناغه‌ی‌ ئێستای عیراقی پێدا تێده‌په‌ڕێت بۆ هه‌رێم زۆرباش ده‌بێت، چونكه‌ به‌رپرسانی به‌غدا هه‌نووكه‌ و به‌هۆی‌ ئالۆزی بارودۆخی شاره‌كانی ناوه‌راست و باشوور به‌به‌غدادی پایته‌ختیشه‌وه‌، هه‌ندێك له‌و خۆباییبوونه‌ی‌ مه‌ركه‌ز كه‌ له‌ دوو ساڵی رابردوودا هه‌یبوو به‌رامبه‌ر به‌ كوردستان كه‌مكردۆته‌وه‌ و ئێستا به‌رپرسانی حكومه‌تی عیراقی نه‌رمی ده‌نوێنن به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێم.
ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ست له‌كاركێشاوه‌ رۆڵی باشی بینیوه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی‌ بۆچوونه‌كان له‌نێوان هه‌رێم و مه‌ركه‌زدا، به‌پێی پۆسته‌كه‌ی‌ و هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ نزیكی له‌كورده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش زۆرجار به‌چاویدا دراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانیه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرێن نه‌مانی عه‌بدولمه‌هدی له‌پۆسته‌كه‌ی‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی نه‌رمی مه‌ركه‌ز به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێم و په‌یوه‌ندی باشی نێوان هه‌ردوولا، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێتیه‌كی‌ عه‌ره‌بی شۆفێنی بێته‌ شوێنی ئه‌و له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ وه‌زیرانی عیراق، به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ گفتوگۆكان به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش به‌رێوه‌چوون ‌رێككه‌وتنێكی باشی لێکەوتەوە كه‌ جێ ره‌زامه‌ندی هه‌ردوولایه‌، له‌و بڕوایه‌شدام تا ماوه‌یه‌كی‌ باش كار به‌ئه‌نجامه‌كانی ده‌كرێت.
به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ش كه‌ زیاتر په‌یوه‌یسته‌ به‌پرۆژه‌ بودجه‌ی‌ فیدراڵی ساڵی 2020 ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه‌ی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆ و به‌غداد بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌بێت حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی بڕی 10 ترلیۆن و نیو دینار له‌بودجه‌ی‌ خه‌مڵێنراوی عیراق راده‌ستی هه‌رێم بكات، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌غدا مانگانه‌ بڕی 454 ملیار دینار بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت.
له‌كۆتاشدا ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌ گفتوگۆ و دانوستانه‌كاندا به‌هێز و سه‌ركه‌وتووتربێت، هه‌روه‌ها ده‌سكه‌وتی باشتر به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وا ده‌بێت كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌هاوڵاتیانی كوردستان نه‌هێڵێت.
له‌حاڵی ئه‌مرۆشدا كه‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عیراق خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تی گه‌وره‌ به‌خۆوه‌ ده‌بینێت دژی شێوازی حوكمڕانی وبوونی گه‌نده‌ڵی‌و خراپی به‌ڕێوه‌بردنی جومگه‌ جیاجیاكانی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا مه‌ركه‌ز سه‌رقاڵی كێشه‌كانی خۆیه‌تی‌ و ناپرژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ دژایه‌تی‌ هه‌رێم بكات، بۆیه‌ گه‌یشتن به‌ئه‌نجام و رێككه‌وتنی باش، به‌ده‌رجه‌ی یه‌كه‌م له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی كوردستان ده‌بێـت و به‌ده‌ره‌جه‌ی‌ بۆ كۆی‌ دانیشتوانی عیراق.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*