سەرەکی » ساڵۆنی کوردستانی نوێ » ئەشرەف تاڵەبانی: تاڵەبانییەكان لەڕێی عیرفان و عیبادەتەوە پێگەیشتوون و ئیرشادی موسڵمانانیان كردووە بۆیە پێیان دەڵێن شێخی بەرماڵ

لە دوو كۆڕی ساڵۆنی كوردستانی نوێدا

ئەشرەف تاڵەبانی: تاڵەبانییەكان لەڕێی عیرفان و عیبادەتەوە پێگەیشتوون و ئیرشادی موسڵمانانیان كردووە بۆیە پێیان دەڵێن شێخی بەرماڵ

مەجید خۆشناو: لە دونیادا زۆر چیرۆك هەن بەشێوەی ئۆركسترا وتراونەتەوە

لەم دووتوێیەدا

لەچوارچێوەی كۆڕو سیمینارەكاندا كە لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌ بەڕێوەدەچێت، لەماوەی رابردوو دوو كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی دوو كتێب بەڕێوەچوو.
كتێبی یەكەمیان بەناوی (كورتەیەك لە مێژووی شێخانی تاڵەبانی) بۆ ئەشرەف تاڵەبانی بەرێوەچوو، كە تێیدا كورتەیەكی لە بارەی مێژووی پەیدابوون و گەشەكردنی شێخانی تاڵەبانی باسكردو چەندین نموونەی لەمبارەیەوە باسكرد.
كۆڕی دووەم بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبێكی هونەری بوو بەناوی (سەربردەو رووداوی مێژویی لە لاوكەكانی كاوێس ئاغادا) بۆ نووسەرو میوزیسیان مەجید خۆشناو بەڕێوەچوو، كە كەتێیدا لەرێگەی میوزیكی زیندووەوە چەندین بەراوردكاریی و شیكاری كرد بۆ لاوكەكانی هونەرمەندی كورد كاوێس ئاغا.

ساڵۆنی كوردستانی نوێ‌

كۆڕی یەكەم

مەریوان مەسعود:
دیارە ئەم كتێبە بایەخەكەی لەوەدایە كەخۆتان دەزانن پێگەی تاڵەبانیەكان یان شێخانی تاڵەبانی لەناوچەكە بەتایبەت لەحەوزی كۆیە وەك كاك ستران وتی كەركوك وئەو ناوچانە زیاتر كاریگەریان هەبووە، بۆیە ئەم كتێبە یەكێكە لەوانەی ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بنەماڵە ئەساسیانەی یان سەرەتاكانی شێخانی تاڵەبانی كەچۆن هاتوون وكاریگەریان چۆن بووە، ئێستاش كاك شێخ ئەشرەف قسە دەكات لەسەر كتێبەكەی.

شێخ ئەشرەف:
پێشەكی سوپاس بۆ ئامادەبونی ئەم دەستە بژێرە رۆشنبیرە كەئەمڕۆ ئامادەبوون لەبەگوێ‌ گرتن لەبابەت كتێبێك كەلەسەر مێژووی بنەماڵەكەمانە، بۆچی دەستم برد بۆ نوسینی ئەم بابەتە؟ من مێژوونووسنیم بەڵام حەزم لەمێژووی بنەماڵەكانە لەكوردستان بەتایبەتی ئەوانەی كەدەورێكیان هەبووە لە ژیانی سیاسی ئەدەبی یاخود لەژیانی شۆرش گێڕی گەلی كورد ئێمە شێخەكانی تاڵەبانی سەرەتا ئێمە شێخ نەبووین واتە ئێمە سەید نین لە كتێبەكەشم بەڕوونی باسی ئەوەم كردووە كە ئێمە لقێكین لەهۆزی زەنەنە هەتا 280 ساڵ پێش ئێستا ئێمە مێژوومان بریتیە لەمێژووی هۆزی زەنەنەی گەرمیان، بەڵام لەكاتی هاتنی پیاوێك بەناوی شێخ ئەحمەدی هیندی لاهوری كە لەهیندستانەوە واتە لەلاهورەوە كەئەو كات هیندستان بەیەكەوە بووە خۆی بەنەوەی سەید عەبدولقادری گەیلانی لەقەلەم داوە هاتووە رێبازی قادری لەكوردستان بڵاوكردووەتەوە، لەو كاتەوە باپیرە حەوتەمی ئێمە مەلا مەحمودی زەنەنە كەلەدێی تاڵەبان دانیشتووە چوەتە رێبازی ئەم پیاوە بوەتە خەلیفەی و لەدوای وەفاتی ئەو ئێمە بوین بە شێخ واتە ئێمە شێخی بەرماڵین لەكوردەواری ئاوا ناودەبرێت، ئەوەی كە لەرێی تەقواو عیرفان و عیبادەتەوە پێبگات شەریعەت و تەریقەت تێبگات و بكاتە ئیرشادی موسڵمانان بكات پێی دەڵێن شێخی بەرماڵ یاخود شێخی تەریقەت بەڵام ئەوانی تر ساداتن سەیدەكان هەموو سەیدەكانی كوردستان ئەمە بابەتێكە دووروو درێژ هەڵدەگرێت بەڵام هەموو سەیدەكان ئەچنەوە سەر شێخ موسا ودەچنەوە سەر حەزرەتی حوسین یاخود حەسەن هەموو ساداتی كوردستان شێخی بەرزنجە شێخی مەردۆخەی شێخی جەباری شێخی تەكیەو بەلەكجار شێخی حەیدەری لەكوردستان شێخ زۆرە، جگە لەپیرخدرییەكان چونكە ئەمانیش خۆیان هەر بەنەوەی ئیمان رەزای مەشهەد دەزانن كەئەویش دێتەوە سەر ئیمام موسای كازم و خۆشمان دەزانین ئیمام موسا كوڕی سێیەم و چوارەم باپیرەكەی دەچێتەوە سەر ئیمام زەین عابدین ئەچێتەوە سەر حەزرەتی حوسەین ئێمە ئەو كێشەیەمان نیە ئایا ئێمە سەیدین یان سەید نین بەچەند بەڵگەیەك من ڕوونی دەكەمەوە كەئێمە سەید نین بە پێچەوانەوە كەسەیدەكان هەوڵدەدەن، بیسەلمێنن كەئەمان سەیدن من دەمەوێت ئەمە ڕوون كەمەوە كەئێمە سەید نین ئێمە بەشێكین لەهۆزی زەنەنە یەكەمین ئێمە هیچ كاتێك لەقەبی سەیدمان پێوە نەبووە، هەرگیز نەگوتراوە سەید عەبدولرەحمان سەید رەزای تاڵەبانی، وتراوە شێخ رەزای تاڵەبانی شێخ عەبدولرەحمانی تاڵەبانی بەمن وتراوە شێخ ئەشرەف قەت نەیان وتووە سەید ئەشرەف، دوو لەبنەماڵەی ئێمە قەت شاڵ نەبەسراوە شاڵ رەمزێكە بۆ سەید هەموومان ئەزانین هەموو سەیدێك لەكوردستان هەتا ئێستاش پشتێنێكی سەوزیان بەستووە ئەمە نیشانەیە كە ئەمە سەیدە، و ڕێز لێگیراوە هەتا نوكتەیەك هەیە دەڵێن یەكێك لەسەیدەكان لەگەڵ جوتیارێك بەشەڕ هاتووە جوتیارەكە نەیوێراوە دەستی لێ‌ بكاتەوە وتویەتی ئەگەر تۆ ئازایت ئەم پشتوێنە لەخۆت بكەرەوە ئەو شاڵە سەوزە ئەوجا ئەبینی من چۆن لەهەقت دێم، خاڵێكی كە زۆر گرنگە ئێمە شەجەرەمان نیە هەموو سەیدێك لەكوردستان شەجەرەیەكی هەیە كەبە 40 پشت یان بە 45 پشت یان بە 50 پشت دەچێتەوە سەر یەك لەو دوو بەڕێزانە سەید حەسەن و حوسینی ئیمامی عەلی، بەڵام ئێمە هیچ شەجەرەیەكمان نیە لەگەڵ ئەوە ئێمە خوێندەواری زۆرمان هەبووە، هەتا حەوت پشتیشمان مەلاو خوێندەوار بووە، وجگە لەوەش ئێستاش كۆمەڵێك زۆری خوێندەوار لەبنەماڵەكەمان هەڵكەوتوە هیچ كەسێك باسی شەجەرەی نەكردوە بۆیە برادەرێكیش وتی ئەمە ئیزافە بكە لەناو تاڵەبانی نەناوی بابە تاهیر نە بابە رەسوڵ نەبابە عەلی نیە، ئەم سێ‌ ناوە تایبەتە بەشێخی بەرزنجە، هەر لە سێ‌ چوارێكیان یەكێكیان ناوی بابە رەسولە بابە تاهیرە، ئەم بابەیە كە ئەگەرێتەوە سەر بابەتاهیری هەمەدانی و بابە عەلی هەمەدانی بەرێزەوە بۆ ئەو دووناوە، جا بۆیە ئێمە كەهاتوینەتە رێبازی قادری لەزەمانی مەلا مەحمود یەكەم كەسی بنەماڵەكەمان كەلەدێی تاڵەبان دانیشتووە مەلا مەحمودی زەنەنەیە بۆ ئەوەی ئیلتباسێك هەیە حەز دەكەم یەكەمین وشەی تاڵەبان شی بكەمەوە، دوو بزانم نازناوی بنەماڵەكەمان بۆچی تاڵەبانیە و لەكەیەوە ئێمە ئەو لەقەبەمان هەڵگرتووە، پێش ئەوە چی بووین؟ وەكو وتم یەكەم كەس لەبنەماڵەكەمان لەساڵی 1158ی كۆچی مەلا مەحمودی زەنەنە لەدێی قرخەوە لەسەرەتادا ئێمە لەقرخ دانیشتوین ئەوەی شارەزای جوگرافیای ناوچەكە بێت قرخ و تاڵەبان دوو دێن لەخوار چەمچەماڵەوە، ئەم شیوە سور كەلەلای چەمچەماڵ ئاوەكەی لەگەڵ ئاوی باسەرا یەك دەگرێت لەشوێنك پێی دەڵێن قرخ، تاڵەبان هەر لەپشتی قرخەوەیە لەبەرزایەكەیە لەبانووەكانە زەویەكی یەكجار زۆری هەیە 13000 دۆنمە مقاتەعەی 78ی چەمچەماڵ ئەمە پێی دەڵێن تاڵەبان كەواتە ناوی قرخ وتاڵەبان بەیەكەوە هاتووە، شێخ رەزا لەقرخ لەدایكبووە باوكی شێخ رەزاش لەقرخ لەدایك بووە، دێی تاڵەبان دێیەكە لەگەرمیانی كوردستان لەنێوان زەنگەنەو هەمەوەند جەباری و ئەمانە لەو سێ‌ گۆشەیە لەو شوێنەیەی كەئەم دوو ئاوە بەیەك دەگا ئەمە دێیی قرخ وتاڵەبانە لەدەشتی كۆیە دوو دیێ‌ هەیە بەناوی تاڵەبانی گەورەو تاڵەبانی بچووك تاڵەبانی گچكە بەلەهجەی كۆیە، ئەم دوو دیێە بەئەسڵ لەعەشرەتی خۆشناون، لەسپیدارەی لای شەقڵاوەوە هاتوون ئەم دوو دێیەیان ئاوەدان كردوەتەوە لەسەرەتادا تاڵەبانی گەورە لەدوای تاڵەبانی بچوك ئەم بودیە هیچ پەیوەندیەكی خزمایەتی ونەژادی‌و خوێنیان لەگەڵ ئێمە نیە، زۆرجار دەڵێن تاڵەبانیەكانی كۆیە خەڵكی دێیەكن لەولای كۆیەوە، نەخێر ئێمە بەشێكین لەو تاڵەبانیەی كەلەسەنگاوە ئێمە هەموومان كوڕی شێخ ئەحمەدین هەر نۆبەرە باوكەكە ئەویش كوڕی مەلا مەحمود كەلەدێی تاڵەبانی ئێرەوە تاڵەبانی گەرمیانەوە باریان كردووە بۆ كەركوك، كەواتە ئەو خزمانەی ئەوێ‌ ئەوانیش مافی خۆیانە كەلەقەبی تاڵەبانیان هەبێت پیاویان هەیە ناوی مام فەتحولڵا تاڵەبانیە، بەڵێ‌ لەقەبی شێخیان پێوە نیە قەت ناڵێن شێخ فەتحولڵای خەڵكی ئەم گوندە دەڵێن مام فەتحولڵا كاك سەعدولڵا كاك فڵان خەڵكی دێی تاڵەبانن، ئەم دوو دێیە لەولای كۆیە هەڵكەوتوون 15 كیلومەتریك بەلای شیوانشۆكەوە، بەڕەچەڵەك خۆشناون هیچ پەیوەندیەك هەتا موڵكایەتیشیان لەگەڵ ئێمە نیە، ئێمە لەسنوری ئەم دوو دێیە چەند دێیەك هەبووە جارانرتایبەت بەئێمە بووە وەك و ئیلنجاخ و داخبەسەرو بانی ماران وقەمبەر و ئەمانە، بەڵام ئەو دێیەی تاڵەبان نەبە موڵكایەتی نەبە خزمایەتی پەیوەندیان بە ئێمەوە نیە، هەقی خۆشیانە ئەوان لەقەبی تاڵەبانیان هەبێت چونكە دێیەكەیان ناوی تاڵەبانە، ووشەی تاڵەبان لەچیەوە هاتووە؟ دوو شیكردنەوەی بۆكراوە، یەكێكیان دەڵێن: لەو شوێنە گیایەك هەیە پێی دەڵێن تاڵو, تاڵو گیایەكی گەڵا پانە بە زەویەوە بڵاودەبێتەوە لە كوردستان لەزۆر شوێن هەیە گوایە ئەم شوێنە تاڵوبان بووە بان یەعنی بەرزایی یان بانو لەیەك دراوە بوەتە تالوبان دوای كورت كراوەتەوە بوەتە تاڵەبان، ئەوە بۆچونێكە بەسادەی من لەگەڵ ئەمەیان نیم، بۆچونی من ئەوەیە قاموسی سۆمەری كاتی خۆی برادەرێك بۆمی هێنا بەداخەوە لێمی وەرگرتەوە نوسرابوو تاڵەبان، تالە بەسۆمەری واتە مەزرە یاخود مەزرەعە، بانیش هەر واتە بەرزایی، واتە مەزرەعەكەی بەرزایی، ئەو مەزرەعەیە یاخود ئەو مەزرایە بەكوردی، ئەو مەزرایەی كە كەوتوەتە بەرزایی فەعلەن دێی تاڵەبان لە شوێنێكی قرخ لەچاڵەكەیە، تاڵەبان لەبەرزایەكەیەو زەویەكی زۆری هەیە تا دەگاتە شاخی سەرواتوو هەر وردە وردە بەرز دەبێتەوە كەواتە ووشەی تاڵەبان لەقاموسی سۆمەری واتە مەزراكەی سەرەوە نەك بەواتای گیای تاڵوو، ئەوەش بۆچونێكە بۆچونی تر زۆرە یەكێك دەڵێت تەلەبەیان زۆر بوە وەكو تالیبانی وەك ئەوەی ئەفغانستان ئەوانە بەلای منەوە ئارای جێگای نیقاش نین بەڵام، ئەم دوو بۆچونە هەیە لەسەر ووشەی تاڵەبان كەوا ئەوەی سۆمەریەكان بەلای منەوە نزیكترە، چونكە ئەم شوێنانە مێژووی كۆن وئاساری كۆنی زۆر لێیە هی زەمانی زۆركۆن و دێرینە، بابێنەوە سەر بابەتەكەی خۆمان بۆچی من دەستم بۆ ئەو كتێبە برد؟ بۆ سێ‌ هۆكار یەكێكیان تاڵەبانیەكان لەو سێ‌ سەدەی رابردوو كەبوون بەشێخ جێ دەستیان لەتەریقەتدا دیار بووە واتە ئەمان هەر نۆبەرە باوكەكەی تاڵەبانی شێخی قادری بوون، لەكوردستانیش لە گەرمیانی كوردستان هەر لەكەركوكەوە هەتاكە قادركەرەم و هەتا بناری گلور تا كفری و تا خانەقین بڵاوبونەتەوە، تەنها بەرە باوكی ئێمە هاتووەتە كۆیە ئەویش ئەوكاتە كۆیە عایدی كەركوك بووە؟ چونكە كەركوك تا 1873 مەركەزی ئەمارەتی شارەزوور بوە 1873 ولایەتی موسڵ دروستكراوە، شێخ رەزای مامم شیعرێكی جوانی وتووە دەڵێت: خەڵكی كوردستان قوڕ بپێون هەم مەركەزی ولایەتەكەتان نەما هەم والیەكی بێ‌ عەقڵیشیان بۆتان داناوە دووجار دەبێت قوڕ بپێون. لەو ساڵەوە كەركوك مەركەزی ویلایەتی نەماوە دەنا كویسنجاق ئەمەش بەشێك بوە لەكەركوك و كۆیە شارێكی زیندوو گەورەبووە بۆیە باپیرە گەورەمان كەئەمانەی دابەش كردووە شێخ عەبدولرەحمانی برا گەورەی باوكی شێخ رەزای لەكەركوك داناوە ئەمانی كەشی وەكو مەڵبەندەكانی ئێستا بۆیە خەڵكیان ناردوە هەر یەكە لەشوێنێك مەڵبەندێك بكاتەوە بۆ ئەوەی لەشوێنێك ئیرشاد بكات لە شوێنێك ئیش بكات بۆ رێبازەكەی تەریقەی قادری یەكێك لەوهۆكارانەی كەبۆتە كێشەیەكی گەورە لەكوردستان لەزەمانی بابانیەكان لەنێوان ئەم دوو ڕێبازە هەبووە رێبازی قادری و رێبازی نەقشبەندی، رێبازی نەقشەبەندی لەكوردستان لەماوەیەكی زۆركەمدا توانیوێتی سەرهەڵداتەوە، گەشەیەكی زۆریكردووە گرنگێكەشی لەوەدابووە یەكەمین شێخایەتی بەویراسی رەتكردووەتەوە لەلای قادریەكان شێخایەتی بەبەرە بابە، بەویراسەیە، ئەم شێخە لێهاتووبێت یان لێهاتوونەبێت هەر شێخە بەڵام، لای نەقشەبەندی بەهەڵبژاردن، وبەلێهاتووی، بەكەفائەتە، بۆیە خەڵكێكی زۆر بووەتە خەلیفەی بەوهیوایەی لە دوارۆژ ئەوانیش ببنە شێخ، دوو شێخی نەقشەبەندی لەسلێمانی دوو چینی گەورەی تێدابووە، پێیان دەڵێن ئەعیانەكان، واتە پیاو ماقولەكان، ئەسنافەكان پیشەوەرەكان ئەوەی پیشەی ناو بازاڕ كاسبكارەكان، ئەم نەهاتووە لەسەر ئەعیانەكان ئیش بكات لەسەر ئەسنافەكان ئیشی كردووە، بۆیە لەسلێمانی خەڵكێكی ئێجگار زۆر بەماوەیەكی كەم چووەتە رێبازی نەقشەبەندی وەكو مەحووی دەڵێت: بەرامبەر بە شێخ مارفی نۆدێ پیاوێكی بەتەمەن بووە مەحووی دەفرموێت: شێخی ئەو پیروو من سنە من جوانێك پیرمە. ئەوان قادریەكان شێخێكی پیرە بەتەمەنە بەڵام شێخەكەی من شێخێكی گەنج ولاوە، ململلانێ ‌و سراع لەسلێمانی هەرلەكۆنەوە لەزەمانی نەخشەبەندی وقادریەوە تازەمانی ئیتحاد ‌و تەرەقی‌و ئیتلاف، تازەمانی ئێستاو عەسری خۆمان هەبووە، سلێمانی شارێكی زیندووە شاری ململانێی ‌و سراعە، تاڵەبانیەكان بەشێكبوون لەم سراعە، لایەنگری شێخانی بەرزنجە بوون لایەنگری كاك ئەحمەدی شێخ بوون، شێخ رەزای ماممان كەدەڵێت: من مەربوتە حەیاتم بەسلێمانی و خاكی، خۆرزگەم بەسەگی قاپێكەی ئەحمەدی كاكی. لایەنگری كاك ئەحمەدی شێخ بوون، لایەنگری شێخانی قادری بوون، كاتێك حەزرەتی مەحووی تەعلیقێكی لە شێخ سەعیدی باوكی شێخ مەحمود داوە یەكسەر شێخ رەزا وەڵامی داوەتەوە دەڵێت: شێخ سەعید سەردارە شێخ مارف هەتا حەزكەی نەجیب بو بۆ جوان مەدی‌و شەجاعەت بەین وبەینەلڵا نەقیب شێخ موستەفای برای شێخ سەعید. واتە هەر كاتێك حەزرەتی مەحووی تانەیەكی لەشێخانی نەقشەبەندی دابێت شێخ رەزا گورج جوابی داوەتەوە، حەزرەتی مەحووی دەفەرموێت: شێخی هەمەوەندێكی دابوو بە وەعزوو و نەسیحەت خۆش هاتە جەواب وتی تۆ من قوتاعی تەریقم بەڵام تۆ قوتاعی تەرقەت. دەڵێت: ئێوە تەریقەتان بڕیوە قوتاعی تەریق چیە؟ من كاروانێك رووت دەكەمەوە موشكیلە نیە، شێخ رەزا جوابی داوەتەوە دەڵێت: شێخێك بەئەنابەت چووە لای زوبدە فرۆشێ‌ بۆ ئەغزی عەتا بەدڵی پڕ لەخرۆشێ‌ خۆش هاتە جەواب وتی تۆ هەقتە وەلی من مەلا چی بینی بوو دای بەكرۆشێ‌، ئیتر مەحووی وتویەتی بەس ئیتر كۆتای بەم سیراعە بێت كۆتای پێ‌ هاتووە، بۆیە ئێمەی تاڵەبانی بنەماڵەی ئێمە یەك لەرێبازی قادری زۆربەتوندی دیفاعمان لەوەكردووە و پشتیوانی شێخەكانی بەرزنجە بووین، بەیەكەوە توانیویانە بەهەموو لایەك حەزرەتی مەولانە دەرپەڕێنن بچێت بۆ هەورامان و لەوێوە شێخەكانی سەرگەڵو بیبەن بۆ كەركوك و بۆ بەغداو لەوێش ماوەیەك ئیشیان پێی بووە، خانەقایان بۆ كردوەتەوە دوای ئەوەش لەوێ‌ ڕاویان ناوە چووە بۆ هیند، لەتەمەنی 49 ساڵی لەدیمەشق وەفاتی كردووە، لەشاخی قاچین بەخاك سپێدراوە، كەواتە یەكێك لەو كتێبە ئەوەیە ئێمە بەشێك بووین لەو سیراعە دینیە یاخود سیراعی سۆفی گرییەلەكوردستان، خزمانی ئێمە شاعیرو پیاوی ئەدیب و شاعیری گەورەیان تێدا هەڵكەوتووە، كەواتە بەشێك بووین لەئەدەب و شیعرو ئەم بارە كۆمەڵایەتییەی كەلەكوردستاندا هەبووە، شێخ عەبدولرەحمانی خالس باوكی شێخ رەزا پاوێك ‌و سۆفیەكی گەورەی لاهوتیە، كتێبێكی هەیە بەناوی جەزبەت عیشق سێ‌ كتێبی هەیە لەسەر ئەوەی كە مەسنەویەكانی جەلالەدینی رومی كردووە بەكوردی وبەفارسی، شێخ موكەرەم لەسەری نووسیوە، شێخ رەزاش ئەوە بۆخۆمان دەزانین ئەحمەد تاقانە دەڵێت: كەڵە شاعیری رۆژهەڵاتی ناوەراست نەك هەر هی كوردستان چونكە بەزمانی كوردی وعەرەبی وفارسی وتوركی شیعری وتووە، شیعرەكانیشی لەسەردەمی هەمووخەڵكە، كوڕی شێخ رەزا شێخ محەمەدی خالسی شاعیرێكی زۆر بەتوانا بووە، ئەم شیعرە گرێیەكەی بۆ شێخ مەحمودی گەوروە نوسیوە كەبەراستی بانۆرامایەكی سەردەمی حوكمرانی شێخ پێشان دەدات، كەواتە تاڵەبانیەكان لەشیعرو ئەدەبیشدا جێ‌ دەستیان دیاربووە، بێینە سەرباری سیاسەت كەتاڵەبانیەكان دەستیان تێدابووە هەر كاتێك تاڵەبانیەكان لەدوای دروست بوونی رێكخراوە سیاسیەكان چی وەكو كۆمەڵەو چی وەكو ئەحزاب، یەكەم كۆمەڵەی داركەل شێخ موكەرەم و ئەمان تیایدا بوون، شێخ موكەرەم و شێخ عەتا و شێخ محەمەد نەجیب و دەیان شێخی تری تاڵەبانی بەشداری حیزبی هیوایان كردووە، كەپارتی دیموكراتی كوردستان دامەزراوە لەدوای ساڵی 47 خوالێخۆش بوو مام جەلال كادیرێكی پێشكەوتووی بەتوانا بووە دەوری بینیووە لەدروستكردنی قوتابیانی كوردستان لاوانی كوردستان هەتا لەژنانی كوردستان مام جەلال دەورێكی گرنگی هەبووە لەناو پارتیا بۆ ماوەیەكی كەم بووەتە ئەندامی سەركردایەتی ئەو پارتە، خۆشمان دەزانین لەشۆرشی ئەیلول فەرماندەی هێزی رزگاری بووە و لەشۆرشی تازەی گەلەكەشمان رابەری ئەو شۆرشەبووە، هەم بەدروستكردنی كۆمەڵە هەم لەشۆرشی نوێی گەلەكەمان رابەری یەكیتی نیشتمانی كوردستان بووە، بۆیە شێخە تاڵەبانیەكان نەك لەحەرەكەی قەومی لەحەرەكی شیوعیشدا ئێمە شێخ موكەرەم تاڵەبانیمان هەبووە ئەندامی لیژنەی مەركەزی حیزبی شیوعی بووە، هاوڕێ‌ شوانەمان هەیە ئەندامی لیژنەی مەركەزی حیزبی شیوعی بووە، بابە شێخمان هەبووە گەشتووەتە پلەی جێگری لیژنەی مەركەزی حیزبی شیوعی، ئێمە لەناو حیزبی شیوعی خەڵكێكی زۆرمان هەبووە واتە لەناو هەموو حیزبەكانی كوردستان بەگشتی كادیرەكانی یەكێتی بڵێن لەناو یەكیتیش بەتایبەتی ئێمە دەورێكی سەرەكیمان هەبووە چەند ئەندامی سەركردایەتیمان هەبووە لەو شۆرشی نوێیە بۆیە باس كردنی مێژووی شێخانی تاڵەبانی بەلای من شتێكی پێویستە پیرۆزە و ئەمەم تەنها بۆ ئەوە كردووە دەرگا بكەمەوە بۆ ئەوەی پیاوە رۆشنبیرو مێژوونووس خوێندەوارەكان لەدوای ئەو كتێبەوە شتی لەسەر بنووسن وەڵام بەنەوە رونكردنەوە بدەن، هەر ئەو كەنالڵانەی كەهاتوون مەسەلەن چیا عەبدولرەحمان پێویستە ئێستا لە ئێران دوو كتێبی لەسەر دوو شەهادەی دكتۆرای لەسەر وەرگیراوە بەڵام، بەداخەوە لای خۆمان هیچ كەسێك وەكو پێویست دیراسەیەكی لەسەر نەكردووە، زۆر كەسی ناو بنەماڵەكەمان هەیە پێویستی بەوەیە دیراسەی لەسەر بكرێت بۆیە ئەمەم كردووە بەمەدخەلێك بەداخل بونێك بە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ئەم نوخبە رۆشنبیرەی ئەوانەش كە ئەو كتێبەیان دەگاتە دەست سودی لێ ببینن، سوپاسی ئامادەبونتان دەكەم.

رەهبەر سەید برایم:
زۆر سوپاس بۆ كاك شێخ ئەشرەف بەراستی ئەم كتێبەم زۆر خوێندۆتەوە و زۆر سودیشم لێ‌ وەرگرتووە لەكتێبەكەی خۆمدا بەناوی سێوەكەی دڵ ئەو كتێبە تازە چاپ نەكراوە دەمێكە لەساڵی 2012 چاپ كراوە، بەڵام ئەو دیووە مێژووەی كورتەیەك لەمێژووی شێخانی تاڵەبان بەس كۆیەو بنەماڵەی شێخ رەزا دەگرێتەوە، حەوت بەرەبابەكەی تر ناگرێتەوە، شێخ رەزاش ماوەیەكی زۆر لەكۆیە بووە و دوایی لەمامی تورە بووە ئەو فەرتەنەی نایەوە، جگە لەوەش بەڕاستی ئەو تاڵەبانیانەی تر لە كۆیە مەشهورن، ئەویش ئەو تاڵ‌و ناوانەیە، شتێك كە باسی نەكرد رووبەڕو مەتح زەمە، شێخ ئەشرەف یەكێك لەوانەیە لە پێشەنگەكانی كۆمەڵە بووە، ئەو وەك بزانم شەهید جەمال تاهیری تەنزیم كردووە، هەم دكتۆر پێشەوای برای ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی بووە لەماوەی رابردوو ماڵ ئاوایی كرد كاك شێخ عەلیش لێپرسراوی مەڵبەندی یەك بوو لە شاخ خەباتیان زۆرە، بەڵام بەداخەوە بەرەی ماڵی مام جەلال نەوەیان زۆر كەمە لە چاو ئەو چەند ساڵەی كە لەكۆیەن، شێخ رەزاش بەو گەورەییەی خۆی نەوەی نەماوە، شێخ محەمەدی خالسی ئەو خەدرەی لێكراوە قائیم مەقامی رانییە بووە شێخ مەحمود برینداری كردووە‌و تاڵانی كردووە، لە پاش پاماچ كردن و عەرزی دوعا خوانی، وەڕین دەست پێدەكات بەچكە گەماڵی پیری گەیلانی، مەربووتە حەیاتم بە سلێمانی ‌و خاكی، خۆزگەم بەسەگی بەرقاپی ئەحمەدی كاكی، ئەویش كوڕی شێخ رەزایە، لەم رۆژانەدا یادی سلێمانی كرایەوە بەڕاستی كەس بەقەد شێخ رەزا وەسفی سلێمانی نەكردووە ئەو مێژوو نووس بووە بەس بەشیعر، كە دەڵی بە بیرم دێت سلێمانی كە داروالمولكی بابان بوو، نەمەحكومی عەجەم نەسوخە كیشی ئالی عوسمان بوو، ئەو شیعرە زۆر سلێمانی جوان كردووە، ئەو بەرە بابە نەك هەر لە خەبات‌و تێكۆشان لە شوعیەتەوە دیارە لە حزبی هیوا دیارە لە سیاتەیشا ئەوە مام جەلال هی هەموو جیهانە نەك بەتەنها هی یەكێتیی‌و كوردبێت ناوێكی زۆر گەشاوەیە لە مێژووی كورددا هیوای سەركەتنی بۆ دەخوازم بۆ ئەو كتێبە نازدارەی.

موعتەسەم نەجمەدین:
دەست خۆش بۆ كاك شێخ هەرچەندە وەك كاك ستران وتی كێشەی نێوان ئێمەو تاڵەبانی وا بەئاسانی چارەسەر نابێت، چونكە مێژوویەكی كۆنی هەیە، دەست خۆش لەكاك شێخ دەكەم بەڕاستی من پێم وایە مێژووی كورد بەتایبەتی بۆ ئەوەی كەئێمە دەوڵەتمان ماوە بەشێكی زۆری بنەماڵەكانە، نەك بەتەنها تاڵەبانی ئێستا ئەوەی كاك شێخ بە كورتی زۆر لەسەر ئەمە وتی هەندێ‌ زانیاریە رەنگە زۆربەمان نەمانبیستبێت ئەگەر بێت ‌وقوڵ بیتەوە ناوی هەندێك حەقائقی تێدایە دەربارەی كورد دەربارەی مێژووی كورد، قادری تایبەت نییە بەتاڵەبانی ڕاستە ئەوان ئیدارەیان پێكهێناوە، بەڵام قادری لەدوایدا بوەتە بەشێك لەمێژووی نەتەوەیەك لەڕێگای دیراسەكردنی مێژووی بنەماڵەكانەوە دەتوانین كۆمەڵێك حەقائق هەیە بگەرێنینەوە، ڕەنگە زۆربەی برادەران بزانن ئێستا جارێكی تر لەدنیادا وایە بیرلەوەدەكەنەوە جارێكی تر مێژوو دەنوسنەوە، مێژوو نوسینەوە ئێستا پشت بەوە نابەستێت كە تۆ بێت كتێبە مێژووەكانی كۆنەكانی پێش دیراسە بكەیت بەڵكو دێت ئەم جۆرە دیاردانە دیراسە دەكەیت شیعر یان لەئەدەب یان بابەتە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەڕووی ئەمەوە تەحلیل دەكەیت چونكە مێژووی كۆن زیاتر دەسەڵاتداران نوسیویانە بۆ بەرژەوەندی كەسیان نوسیوە، بەڵام كەتۆ دێت شیعرێك دەكەیتە سەرچاوەی توێژینەوەیەكی مێژووی ڕاستگۆترە لەوەی كە مێژوو وەكو كتێبێكی مێژوو نوسراوە سەركەوتوو بیت هیوادارم وەكو خۆت وتت خەڵكی تر بێت قسە بكات لەسەر ئەو بنەماڵانە.

شێخ ئەشرەف:
بەڵام من داوایەكم لەتۆ هەیە ئەم سەرای سلێمانییە وەكو كاكە سەید رابەر ئیشارەی پێ‌ كرد: لەبیرم دێ سلێمانی كە داروملكی بابان بوو، نەمەحكومی عەجەم نەسوخرە كێشی ئالی عوسمان بوو، بەڕاستی ئەمە هەر ئەو دوو ووشە بەسە بۆ شانازی ئەمەشوێنێكی لێ‌ بوو لەوێ‌ پەیكەرێكی شێخ رەزاو ئەو شیعرەی لێ‌ بوو بەناوی نۆژەن كردنەوە لایان بردووە، ئەم شوێنە ئەم شیعرە بەڕاستی شیعرەكە خۆی پانۆڕاما و مێژووی شاری سلێمانییە چۆن باسی شێخ ومەلا لەبەردەكی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زەعیم، ئینجا باسی ئەوە دەكات كە مەیدانی جەلیل بازی لەدەوری كانی ئێسكان واتە سلێمانی بە جوگرافیاو بەمێژوو ئەم تۆماری كردووە بەڕاستی لابردنی ئەم پەیكەرە نازانم هۆكاری چیە؟ بەڵام بەڕاستی كارێكی خراپە، لەگۆشەیەكی بەردەركی سەراوە بوو وێنەی شێخ رەزای لەسەر بوو ئەم شیعرەشی لەپاڵ نوسرابوو، كە نۆژەنیان كردەوە لایان برد چووم یەكێك دەڵێت بڕۆ بۆ شارەوانی، یەكێك دەڵێت بڕۆ لای موحافەزەیە، موحافەزە دەڵێت لە رۆشنبیریە، رۆشنبیری دەڵێت ولله دەبێت لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی قسە بكەیت ئەگەر قسەكی تێدا بكرێت‌و دابنرێتەوە زۆر باش دەبێت، سوپاستان دەكەم.

نەرمین عوسمان:
هەردووكمان لەسەرەتای كۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە بەیەكەوە بوین ئیتر دوای ئەوە ئەوان بوون بەجەماعەتی عێراقیەو تۆزێك لێمان دووركەوتنەوە، بەڵام پەیوەندی قوڵمان هەر هەبووە من زۆرسودم لێوەرگرتووە لەبیرەوەریەكانی خۆم كەخەریكی نوسینەوەم چونكە بەڕاستی زاكیرەیەكی زۆر بەهێزی هەیە ناو و لەقەب و شتەكانی هەمووی بیرە ئینجا بۆ زۆر شت بۆ زۆر ناوچە زۆر جار لای من كاك ئەشرەف بوەتە سەرچاوەیەك لەوەرگرتنی زانیاری بێگومان كاك رابەریش هەمان شت زوو زوو پرس بەویش دەكەم بۆ بیرەوەریەكان، چونكە ئێمە هەر سێكمان هەم لەهەمان ناوچەین و كەسوكاریشمان هەموو بەیەكەوە خەریكی سیاسەت بوون لەبەرئەوە من بەڕاستی دەست خۆشی لێ‌ دەكەم و بۆ ئەو كتێبە خۆش بوو خوێندمەوە دەستان خۆش بێت.

د.حسێن محەمەد:
دۆستی دێرینم كاك ئەشرەف دەست خۆش بێت، هەڵبەتە ئەوە كورتەیەك بوو لەكتێبەكە زیاتر بیخوێنینەوە، دوو سەرنجم هەیە یەكێكیان ئەوەیە ئەو ململانەی لەنێوان هەردوو ڕێبازی نەقشبەندی و قادریدا هەبووە، زۆر لەوە قوڵترە كەبەو شێوەیە باس بكرێت جێگای ئەوە نیە من پێم وایە ئەگەر هەموو كورد نەقشبەندی بوایە ئێستا خاوەنی دەوڵەتی كوردی دەبووین، چونكە ئەو سەر بەبابی عالی‌و ئەوانە نەبووە مەعلومە لە كۆمێنتەكان هەیە لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانیا، دوو من پرسیارێكم هەیە ڕاستە ئێوە لەگەڵ بنەماڵەی نۆدێییەكان بڵێن كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ مارفی نۆدێی بەینێكی باشتان هەبووە، لەسەردەمی شێخ مەحمودا كەشۆرشی شێخ مەحمود بووە لەشەڕی ئاو باریكدا هەندێ‌ لەتاڵەبانیەكان لەگەڵ ئینگلیزەكان لەشەڕی ئاوباریكدا دژی شێخ مەحود بەشداریان كردوە حەز دەكەم ئەوەم بۆ روون بكەیتەوە، زۆر سوپاس.

شێخ ئەشرەف:
زۆر سوپاس بۆ ئەو پرسیارە ئێمە لەگەڵماڵی شێخ مەحمودا یەكەمین شت لەڕووی ڕێبازەوە یەك ڕێباز بووین، كەهەردووكمان قادری بووین و شێخ وسەیدیش ئەگەر سەیدیش نەبوبین هەرخۆمان بەخزمی یەك زانیوە، ئێستاش دەڵێن هەموومان شێخین ئەوە هەر هەیە، لەسەرەتای بەین تێكچونمان لەسەر ئەو شێخ محەمەدی كوڕی شێخ رەزایە قائم قام بوە پیاوی خوێندەوار بووە لە ئەستەمبول خوێندویەتی شێخ مەحمود كە بوە بەحوكم ڕان لە ساڵی 1919 یەكەم ئیشی بە تەئسیری كۆمەڵێك لەسەیدەكانی رانیەو بۆسكین‌و ئەمانە ئەم شێخەی خزمی ئێمەیان فەسڵ كردووەلە قائم قامێت، ئەمە یەكەم خاڵی تێكچونمان بووە لەمابەینی ئێمەو شێخ مەحموود ئەگەر شیعرەكەی بخوێنیتەوە ئەزانی چی بەشێخ مەحمود وتووە یەعنی ئەمە یەكەم جار دەڵێت من تازە زانیومە حاكمی كوردان خولەیە، بە شێخ مەحمود دەڵێت خولە، ئەم سەرەتای تێكچونە لەوێوە هاتوە ئەمە یەك، خۆت دەزانیت لە عەشایەر كەیەكێك لەبنەماڵەكە فەسڵ بكرێت لەو كاتەدا و تاڵان بكرێت غەدری لێ‌ بكرێت ئەو كاتەش زەمانی شێخ محەمەد تاڵەبانیەكان ئەوەندەلەیەك دوور نەكەوتونەتەوە یان بن عامی یەك بوون یان كوڕی بن عامی یەك بوون بۆیە تەسیری رەنگدانەوەی لەسەر هەموو تاڵەبانیەكانی كەركوكیش و گەرمیانیش هەبوە ئەمە خاڵێك خاڵی دووەم بێگومان هەموو شێخەكانیش لەناو خۆیان لەسەر دەسەڵات ولەسەر موڵكداری لەسەر پلەوپایەی كۆمەڵایەتیش كێشەیان هەبوە ڕاستە بەرامبەر بە نەخشەبەندی یەكێك بوون، بەڵام لەناو خۆشیاندا سیراعیان هەبووە، لەسەر نفوسی كێ‌ مەسەلەن برا گەورە بێت لە كەركوك كێ‌ لەناوچەی گەرمیان زیاتر موڵكی هەبێت كێ‌ نفوسی زیاتر بێت كێ‌ دەروێش و مودیر و خەلیفەی زیاتر بێت، وەكو حیزبایەتی ئێستا هەركەسە ئەمە سیراعێكی خەفی هەبوە و ئەمە ناشارێتەوە ،خاڵی سێیەم لەساڵی 1931 كەشەڕی ئاوباریك بووە هەموو عەشایەریەكانی كوردیان بانگ كردوە بە ئیجباری هێناویانن بەشێك لەتاڵەبانیەكان لەگەڵ شێخ بوون شێخ فەریق و ئەمانە وە شەڕێكی ئازایانەیان كردوە نەشیان هێشتوە داخڵی چونكە ئاوباریك دێی تاڵەبانێكانە بۆ زانیاری جەنابت بناری گل 12 دێیە یەكێكیان ئاوباریكە ئەوای شێخ حەمیدە ئاوای شێخ جەلالە كۆن ومۆرە ئەمانە ئەوەی خەڵكی ناوچەكە بێت ئەزانێت ئەو بناری گلە12 دێیە تاڵەبانین ئاوباریك دێی تاڵەبانیە هەتا ئێوارە تا شێخ دەرچوە ئەم خزمانەی ئێمە مقاوەمەیان كردوە نەیانهێشتوە شێخ تەوق بكرێ‌و ئەمانە كۆمەڵێكیش لەخزمەكانی ئێمە لەگەڵ عەشائیرەكانی تر مەعادا شێخ محەمەدی جەباری خۆی دواخستوە هەموو عەشائیرەكانی گەرمیانیان هێناوە داودە، جاف، شوان، شێخ بزینی هەموو عەشرەتەكان حوكمەت مودیری شورتەی عام هاتوە و مەلیك خۆی ئیشرافی كردوە هیچ عەشیرەتێك نەیتوانیوە بەشداری ئەم شەڕە نەكات بەشداری شەڕەكەیان زۆر بەگەرمی كردووە، نزیكەی 800-900 چەكداریان هێناوە بە موستەلەحی ئێستا جاش بۆسەر شێخ لەزمنی ئەوانەش یەك دوو بەربابی ئێمە كوڕانی شێخ حەمید لەو شەڕە بوون دژی شێخ وەستاونەتەوە تەنها شێخ محەمەدی جەباری باپیرەی ئەم شێخ سەردار ئەمە خۆی رۆشتووە، بەڵام خۆی تەخیر كردوە كە گەشتوەتە ئەوێ‌ شەڕەكە تەواو بووە خۆی لەشەڕەكە نەداوە دوای ئەمانەی بەشداری ئەم شەڕەیان كردوە هەر یەكەی عەبایەك‌و شیرێك‌و پارەیەكیان وەرگرتوە كەهاتوەتە سەری ئەو ئەویش ڕیز بوە لەگەڵ مەلیك پێی وتوە قوربان تۆ زۆر تەخیر بویت لێرەش هەر تەخیر بویت لەبەر ئەوە هیچ شمولت ناكات عەباو شتەكەیان بەشێخ محەمەد نەداوە ئەوە وەكو ڕونم كردەوە ، دوای ئەوە شێخ مەحمود بۆ عیلاجی ئەمە هاتوەتە كەركوك كچی رەئیسی تاڵەبانی بۆ بابە عەلی كوڕی خواستوە بۆ ئەوەی ئاشت بونەوەیەك بێت لەمابەینی ئەم دوو بنەماڵەیە ئێستا شەهلاخان خان خێزانی بابە عەلی كوڕی شێخ مەحمود ئامۆزای باوكی منە كچی شێخ حەبیبە كوڕی ئاڵا تاڵەبانیە خوشكی باوكی شێخ حەبیب باپیرێتی ئاڵا تەحسین حەبیبە. زۆر بەخێر بێن سوپاستان دەكەم بۆ ئامادە بونتان.

كۆڕی دووەم:

دڵپاك تاهیر- بەڕێوەبەری كۆڕ:
بەخێرهاتنی هەموولایەك دەكەین، بابەتی ئەمڕۆمان لەساڵۆنی كوردستانی نوێ، بابەتێكی جیاوازەو تایبەت بەهونەر موزیك‌و لاوك، ئەویش بڵاوكردنەوەی كتێبی سەربردەو رووداوی مێژوویی لە لاوكەكانی كاوێس ئاغادا لە نوسینی هونەرمەند مەجید خۆشناوە، پێمان خۆشە كاك مەجید خۆشناو زیاتر بناسن، مەجید خۆشناو خەڵكی شەقڵاوەیە، دەرچووی بەشی موزیكی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی بەغدایە لەساڵی 1976، ساڵی 1981 چەكی پێشمەرگایەتی دەكاتە شان‌و دەبێتە ئەندامی تیپی مۆسیقای شەهید كارزان، لەدوای ڕاپەڕینی 1991 دەبێتە بەرپرسی رێكخراوی هونەرمەندان لەشەقڵاوە، چەندین نووسینی لەرۆژنامەو گۆڤارەكان بڵاوكردۆتەوە ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و عێراقە، لەشاخ وەك هونەرمەندو پێشمەرگە بەشداری لە تۆماركردنی چەندین گۆرانی شۆڕشگێڕی هونەرمەندان (حەمە جەزاو ناسری رەزازی و غولامی ومەرزیە فەریقی كردووە‌و دەیان ئاوازو هونراوەی بۆ مناڵان داناوە، تائێستا دوو پەرتوكی بەچاپ گەیاندون سەربردەو ڕوداوی مێژوویی لەلاوكەكانی كاویس ئاغادا، چەپكێك لەئاوازی رەسەن و ژیانی هونەرمەندان (پەلكە زێڕینە) كتێبی سەربردەو رووداوی مێژوویی لە لاوكەكانی كاوێس ئاغادا، چاپی دووەمە بەدەستكارییەوە لە دوو توێی ئەم كتێبەدا جگە لە چەندین وێنەی ئەرشیفی خۆی، ناوەڕۆكی كتێبەكە باس لە جۆرەكانی لاوك‌و حەیران دەكات،بەشێ,ەیەكی تێرو تەسەل چۆتە ناو لاوك‌و حەیرانەوە ئیستاش كاك مەجید خۆشناو خۆی زیاتر لەسەر كتێبەكە دەدوێت.

مەجید خۆشناو:
سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێزو ئامادەبونتان، سوپاس بۆ مەكتەبی راگەیاندن‌و كوردستانی نوێ‌ كاك رەهبەر و هەموو ئەو ستافەی لێرە كار دەكەن، بەخێرهاتنی هونەرمەندان و رۆشنبیران و ئەدیبان و هەموو روناكبیرانی سلیمانی دەكەم، ئەگەر بمانەوێت باس لە هونەری رەسەن و لاوك بكەین، دەبێت سەرەتا بەوتەی ناودارانی جیهان دەست پێبكەین فیساگۆرس گەورە فەیلەسوف و زانای ماتماتیك كەخاوەنی دەیان تیۆری ماتماتیكە دەڵێت پێك هاتەی گەردوون گەردوون بەو هەموو پێك هاتەیە ملیارەها ئەستێرەو نەیزك و هەسارەو مانگ و لەخولێكی بەردەوام دان هەر یەكە لەوانە لەو ئەستێرانە لەخولگەی خۆیان دەسوڕێنەوە ئەو خولگەیە ریتمێكی موزیكی جوان پێك دێنێت، ئەگەر ئەو ریتمە موزیكە نەبوایە لەوانەیە هیچ شتێك لەوجودا نەئەبوو، ئەگەر بینە سەر وتەی ناوداران زۆر ووتەی جوانمان دەربارەی موزیك گوێ‌ لێبوە موزیك خۆراكی گیانە موزیك زمانی گەلانە، ئارام خاسە دووریان گەوەرە كۆمپوزەرو دانەری بەناوبانگی ئەرمەنی دەڵێت موزیك پێش ئەوەی جیهانی بێت دەبێت نەتەوەیی بێت، شكسبیر دەڵێت ئەو كوسەی چێژ لەموزیك وەرنەگرێت جێگای متمانە نییە، جوانترین ووتەش كە وترابێت لەلایەن زاناو فەیلەسوفی بەناوبانگی چینی كوفنشۆزە كەدەڵێت ئەگەر دەتەوێت پلەی ژیارو پێشكەوتنی هەر میلەتێك هەر نەتەوەیەك بزانیت گوێ‌ لەموزیكەكەی بگرە، دیارە ئێمەی میللەتی كورد زۆر دەوڵەمەندین بە مەقامەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە لاوك‌و حەیران هەتا بەیتەكانی كوردیش ئێجگار زۆرن، لاوكەكانیش زۆرن، لە دونیادا زۆر چیرۆك هەن بەشێوەی ئۆركسترا دەبڕێندراوە، بەڵام ئێمەی كورد ئەو چیرۆكانەی كە هەمانە بەشێوەی زارەكی وتراوە، ئەمڕۆ باسی لاوك دەكەین لە ناویشیاندا كاوێز ئاغا كە هیچ لاوك بێژێك نەیتوانییەوە شان لە شانی بدات، لاوك ئەگەر پێناسە بكەین ئەو ئاوازە رەسەنە كوردیەیە جا چ شۆڕشگێڕی، سوار چاكی،ئەوینی بێت ئەوانە هەمویانە ئەچنە قاڵبی لاوك‌و لە ناویشیاندا كاوێز ئاغا، ناوی تەواوی كاوێز ئاغا لە هۆزی هەركییە، كاكەوەیس ئەحمەد جەمیل كانەبی كانۆیە، لەساڵی 1889 لە چارچەری هەركیان لە دایك دەبێت، هەر لە منداڵییەوە لەو كوێستانانە دەبێت دوای مردنی دایكی دەبێتە شوان لای ئەحمەد خانی هەركی، دەنگی خۆش بووە ساڵی 1915 لەگەڵ تاهیر ئاغای هەركی دێتە رواندوز، لەوی حاجی نەورۆزەفەندی بەڕێوەبەری ناحییەی رەواندوز بووە، لەوی شەوانە لاوك ‌و حەیران دەڵێت، ساڵی 1916 سوپای رووسیا دێتە رواندوز داگیر دەكری‌و نەورۆزە فەدی لەسەر میلاكی دەوڵەتی عوسمانی ئەبێتە بەڕێوەبەری ناحییەی شەقڵاوەو كاوێزیش لەگەڵ خۆی دەبات، كاوێز ئاغا یارمەتی خەڵكی هەژاری زۆری داوە لەو سەردەمەدا، ئیتر كاوێز ئاغا لە شەقڵاوە دەمێنێتەوە‌و هەر لەوی ژن دێنێت‌و چوار كوڕی دەبێت، ئەحمەد‌و محەمەد‌و جەمیل‌و عەبدوڵڵا، ساڵی 1930 دەچێتە بەغدا‌و لاوكەكانی تۆماردەكات، ساڵی 1936 كۆچی دوایی دەكات‌و لە هەرشەم بەخاك دەسپێردرێت، كاوێز ئاغا زۆر سەردانی سلێمانی كردووە‌و بەلاوكی شێخ مەحمودیش ناوبانگی دەركردووە لاوكەكان رووداوی مێژووین لەناو كوردا، ئێستا سەدان داستانی قارەمانی پێشمەرگەمان هەیە لەشەڕی داعشدا، بەڵام لاوك بێژمان نییە وەك ئەو كاتە تۆمار بكرێت.

رەهبەر سەید برایم:
بەخێرهاتنی مامۆستا مەجید خۆشناو دەكەم، دەمێك مامۆستا دەناسم، دایكی ژنێكی زۆر قارەمان بوو ناوی فاتە هەڵۆ بوو، باوكی دایكی ناوی گۆزێیە، گۆزی بەرەبابێكی گەورەن لە شەقڵاوە، ژنێكی قارەمان چەندین جار پێشمەرگەی حەشارداوە لە ماڵی خۆیدا، مامۆستا مەجید خاڵ منداڵەكانی شەهید رێبازە، باسی كاوێز ئاغا بكرێت پێاوێكی نیشتمان پەروەر بووە لاوك بێژێكی رامیاری بووە 8 لاوكی هەیە لەسەر نیشتمان پەروەری،دەبوایە مامۆستا شەرحی لاوكەكانی بە ووردی بكردایە، ئەو لاوكەی شێخ مەحمودە كە دەڵی كورد خائینە دیارە شێخیش گلەیی هەبووە، ئەمڕۆ كە باسی شێخ مەحمود دەكرێت لەم رۆژەدا لە ساڵی 1960،حەمدی بەگی بابان كۆچی دوایی كرد ئینگلیزەكان دەیان ویست بەدیلی شێخ مەحمود پەیدا بكات كە حەمدی بەگی بابان بوو لە ئەستەمبوڵ دەژیا لەبەر ئەوەی كابرایەكی ئەفەندی بووە‌و هیچی نەزانیووە ویستیان بیهێنن كە زانیان هیچی نەزانیووە نەیان هێناو ئەویش ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد ئەمڕۆ ساڵڕۆژی بوو بۆیە باسمكرد، سوپاس بۆ مامۆستا مەجید.

نیاز نوری:
دەستت خۆش بێت بێگومان كتێبخانەی كوردی لەسەر هونەر زۆر هەژارە لەسەر گۆرانی‌و مۆسیقا هەندێك كتێب هەیە ئەم كتێبەش دەبێتە كتێبێكی گرنگ لە كتێبخانەی كوردی، من حەزم دەكرد ئەو نۆتانەی كە بەدەست نوسراوە ئێستا بەرنامەی كۆمپیوتەر هەیە دەبوایە بەشێوەیەكی تر بوایە وە دەشكرێت لاوكەكان بە نۆتە هەمووی بنوسرێتەوە رای جیاوازیش هەیە لەسەر حەیران‌و لاوكەكان كە بە نۆتە بنوسرایەتەوە.

ئەنوەر قەرەداغی:
نوسینەوەی نۆتەكان زۆر گرنگە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی خۆمان بە قسە هیچمان نەهێشتۆتەوە، بەڵام شتی مەیدانیمان نییە، ئەگەر نۆتەكان بنوسرێتەوە سەرەتایەك دەبێت بۆ كاری باشترو ئەگەر هەوڵێك وابدرێت كارێكی زۆر باشە.

خالید سەركار:
دیارە ئەم كتێبە ئیزافەیەكیشە بۆ كتێبخانەی كوردی كەسانێكی كەم هەوڵی نوسینەوەی كارەكانمان ئەدەن دەبێت هەر خۆمان كارەكانمان بكەین، ئەوەی مامۆستا مەجید جێگەی دەستخۆشییە، باسی نۆتە كرا بەداخەوە وەك سیستەم نەگەیشتویەنەتە بڕیارێك كە چۆن مەقام‌و حەیرانەكان وەك نۆتە بنوسرێتەوە هەوڵێكی كەم هەیە دیارە ئەوەش ئەرشیفی كوردی دەوڵەمەند دەكات ئەگەر ئەو كارە بكەن، ئەمەلیشم بەم جیلە تازەیە نییە كە دێن كار بكەن بۆ ئەرشیفی كوردی.

ئارام عەلی:
زۆر پێخۆشحاڵ بووین كە ئێمەی خستە ناو كەش‌و هەوایەكەوە كە رۆحمان پێویستی پێیەتی، من باس لەوە دەكەم كە لاوك حەیران لە رووی هۆنراوەو ئاوازەوە ئیشی مامۆستایانی مۆزیك بوو، بەڵام دێم دەڵێم لۆ لۆ‌و لێ لێ، لۆ لۆ كە لاوكە وەرە لۆ وەرە لێ، لو لو دیارە لەگەڵ پیاوە لی لی-ش لەگەڵ ژنە، لە بابلید لو لو یەعنی پیاو، لی لی دەبێتە لەیلی مانای وایە لەسەر بنەمایەكی زانستی داڕیژراوە پێویستە ئەم لایەنانەی تیا دابڕێژرێت.

محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق:
راستیەكەی دڵخۆشكەرە، برادەران هەمویان ئەگەر لە جوغرافیای كوردستانا سەرنجێك بدەین، ناوچەكانی لەكرمانشان‌و ئیلام‌و دوای بۆ گەرمیان‌و كەلار ‌و كفری تا دەگاتە كەركوك ئەمە ناوچەی مەقامە، من جارێك پیاوێكی پیری مەقام بێژم بینی وتی سنوری بەینی مەقام‌و حەیران رووباری خاسەیە، ئەمە شتێكی سەیر بوو، بەڵام لەبەینی مەقام‌و حەیرانا تێكەڵایەك هەیە كاوێز ئاغا زاتەی ئەو تێكەڵەی سۆرانی كرمانجی زمانە، لەبەیتە كوردیەكان زۆر جار رەنگ ئەداتەوە، بەڕیزتان خەڵكی پسپۆر تیشك بخەنە سەر ئەو تێكەڵەیە، زۆر دەستخۆشیت لێدەكەم.

مەجید خۆشناو:
زۆر سوپاس بۆ كاك رەهبەر باسی خێزانی ئێمەی كورد باوكم لە شۆڕشی مهاباد بووە یەكەم كۆبوونەوەی شۆڕشی ئەیلول لەو ناوچەیە لە ماڵی ئێمە بوو زۆر بەهەژاری بەخێوكراین، سوپاس بۆ مامۆستایان مامۆستا ئەنوەر، مامۆستا خالید هەوڵ بدرێت بۆ نۆتەكان ئینشەڵڵا، بۆ كاك ئارامیش قسەكان زۆر راست بوون، مامۆستا محەمەد بابەتێكی جوانت تەرح كرد هەموو مقامانە ناوچەی خۆیان هەیە، مۆسیقای كوردی بەو فۆڕمانە دەناسرێن، ئەوانە ناسنامەی مۆسیقای كوردییە. دووبارە زۆر سوپاستان دەكەم.

 

print

 165 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*