سەرەکی » ئاراستە » لە یادی 17 ساڵەی داستانی تەپەكوڕە و گردەدرۆزنەدا

لە یادی 17 ساڵەی داستانی تەپەكوڕە و گردەدرۆزنەدا

لاپەڕەی سەروەران

لە درێژەی پەلامارەكانی تیرۆریستاندا بۆسەر خەڵك و پێشمەرگە لە ناوچەكانی هەورامان و شارەزووردا، چەتەكانی تاقمی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام 17 ساڵ لەمەوبەرو رێك لە شەوی 4\5/12/2002 هێرشێكی بەربڵاوی دیكەیان لە دوو قۆڵەوە كردە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەكەش (تەپەكوڕەو گردەدرۆزنە)ی سنووری شارۆچكەی خوماڵ بوو لە شارەزوور، پێشمەرگەكان دلێرانە لێیان هاتنە دەست و بەرپەرچی هێرش و پیلانەكانی تیرۆریستانیان دایەوە، ئەگەرچی پیلانی تیرۆریستانیان لەگۆڕناو نەیانهێشت مەرامی گڵاویان بێتەدی و وەك هەرجارەكانی دی لوتی هێرشبەرەكانیان شكاند و داستانێكی قارەمانانەی دیكەیان تۆماركرد، بەڵام دیارە داستان و نەبەردییەكان بە نرخی گیانی دڵسۆزان و رۆڵە ئازاكانی گەل دەنەخشێندرێن، هەر بۆیە لە داستانی تەپەكوڕە و گردە درۆزنەشدا خوێنی پۆلێك پێشمەرگە و فەرماندە شاباشی ئارامی وڵات بوو، كە ئەوانیش فەرماندەی ئازاو بەجەرگ (محەمەد سەراوی) و 44 پێشمەرگەو فەرماندەی دیكەی خۆنەویست و دلێر بوون.
ئەو ئێوارەیەی كەتیرۆریستان هێرشەكەیانكرد، رۆژی عارفەی پێش جەژنی رەمەزانی 2002 بوو، لەو رۆژ و شەوە پیرۆزەدا تیرۆریستان هەموو بەهایەكیان كردە پێخوست لەپێناو ئامانجێكی بەتاڵدا و پێشمەرگەكانی یەكێتیش خۆیان كردە قوربانیی بۆ پوچەڵكردنەوەی مەترسیی پیلانی تیرۆریستان لەسەر گەلی كوردو حكومەتی هەرێم.
ئەوان چەندین سەعات ئازایانە جەنگان، لەتاریك و روونی ئەو بەیانییەدا رۆحی بەرزەفڕیان بووبە ئەستێرەی پڕشنگداری ئاسمانی شارەزوورو تاریكی و جەهلی تیرۆریستانیان ریسواكرد.
تەپەكوڕە ئەو گوندەی كەدوا بنكەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵی تەماس بوو لەگەڵ تیرۆریستانی (أنصارالاسلام)، پێشمەرگەی دێرین و قارەمان حەمە سەراوی لەگەڵ چەندین فەرماندەی ترو پێشمەرگەی جەربەدا، لەوێ بوون.
شەهید حەمە سەراوی كەفەرماندەی هێزەكە بووە و سەرپەرشتی شەڕەكەی كردووە، پێش شەهیدبوونی چەندین گوللەو پارچەی نارنجۆك بەر جەستەی كەوتووە، بەڵام بەو حاڵەشەوە شەڕی قارەمانانەی كردووە و سەلماندوویەتی كەفەرماندەیەكی جوامێرو لێهاتووی ناو هێزی پێشمەرگەیە، بەهەمان شێوە شەهید سدیق مەحمود خواكەرەم كەئەویش پێشمەرگەیەكی دێرین و قاڵبووی چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی و شارەزایی دەیان شەڕو نەبەردی بوو ئەویش بەخوێنی خۆی دڵسۆزی و شۆڕشگێڕی بۆ هەتاهەتایە تۆماركرد، هەروەها لەوشەڕەدا چەندین لاوی ئازا و تازە پێگەیشتووی وەك (ملازم هیواو ملازم عوبێدو ملازم ئومێد)، شەهیدبوون كە دەرچووی خولی فەرماندەیی بوون، هەروەها پۆلێك پێشمەرگەش شەهیدبوون كەهەموویان قارەمان و مەردو شۆڕشگێڕبوون و بەمەرگی خۆیان چارەنووسێكی رەشیان بۆ تیرۆریستان نووسی.
دواجار لەدوای چەندین سەعات شەڕی دەستەویەخە، كاكە حەمە سەراوی و گشت هەڤاڵەكانی گەیشتنە كاروانی نەمران، بەڵام هەر هەمان رۆژ هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیان تەپەكوڕە تا گۆمەلار لەتیرۆریستان پاكبكەنەوە.
ئەوشەوە شارەزوور بەخوێن پەڵەی داو تیرۆریستان بەخوێن دەستنوێژیان گرت، 45 پێشمەرگەی یەكێتی بەغەدر شەهیدكران كەهەموویان ئازایەتی زۆریان نواند، بەڵام ئەوەی رۆڵی زۆر گرنگ و كاریگەری بینی، شەهید حەمە سەراوی بوو كەفەرماندەی فەرماندەیی شارەزوور بوو كە لەوشەڕە خوێناوییەدا تاكو بەیانی شەڕی كردو شوێنەكەی بەجێنەهێشت، پێنج ئامۆزاشی لەگەڵ خۆیدا شەهیدبوون، یەكێكی تر لەمەردایەتیەكەی شەهید محەمەد ئەوەبوو كەزانی هیچ دەرەتانێك و پشتیوانیەكی نییە، جفرەی نهێنی جیهازەكەی شاردەوە، بۆئەوەی دەستی تیرۆریستەكان نەكەوێت، پێش ئەوەی شەهید بێت هەم بەجیهازو هەم بەهەڤاڵەكانی ئەوانەی ماون، وتبووی: ئەو گردەی ژێرپێم بڕوات من ناڕۆم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*