سەرەکی » ئاراستە » لە یادی 36 ساڵەی شەهیدبوونی مەلا غەفور و هاوڕێكانیدا

لە یادی 36 ساڵەی شەهیدبوونی مەلا غەفور و هاوڕێكانیدا

حه‌یده‌ر مه‌نتك

شەهید مەلا غەفوور ناوێكی دیارو ئاشنا بە رێكخستنەكان و كادرێكی شەهم لەرووی جەماوەری وكۆمەڵایەتی لە سەرەتاكانی شۆڕشی نوێ.
پێشمەرگەیەك لێوان لێو لە جوامێری و بەهەیبەت وخۆشەویست لەناو لادێكان و هێزی پێشمەرگە لە دەشتی هەولێرو خۆشناوەتی تا سەركردایەتی رێزلێگیراو بوو، ئەوانەی ئەوێ‌ رۆژێ‌ ئەندام و كادیربوون لای ئەم تێكۆشەرە ماندوو نەناسە ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری یان تەجاوزی مەنتقی فكری یان كردووە، ئێستاش خۆیان بەقەرزاری شەهید مەلا دەزانن.
ئەندامێكی ئەوسای كۆمەڵەی رەنجدەران و كادری پێشكەوتووی ئێستای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوڕێی مەلا غەفوور، هەڤاڵ مەلا ئاوات دەربارەی شەهید وتی: شەهید مەلا غەفوور لە كادیرە سەرەتاییەكانی كۆمەڵەی ماركسی لینینی تێزی ماوتسی تۆنگ بوو لە شاری هەولێر، هەروەها (خەجیج)خانی هاوسەریشی پەروەردە و ئامادەكردبوو بۆ كاروباری تێكۆشانی سیاسی، ژنێكی خۆڕاگر و ماندوو نەناس بوو، بەرگەی نەهامەتیەكانی گرت و خۆنەویست بوو، بەشێوەیەكی زۆر جوان لەگەڵ ئەو هەموو كێشەو گرفتانەشدا منداڵەكانی بەوپەڕی تەندروستەوە پەروەردە كردن.
من لە ساڵی 1977دا پاش نەكسەی رێكخستنەكانی كۆمەڵە لەوساڵەدا ناسیم، پاش گیرانی شەهید مەولود هەمزەو هاوڕێكانی بەوهۆیەوە من دابڕام و شەهید مەلا غفوور سەردانی كردم و پاش ماوەیەك بە هەڤاڵ (وەرزێر خدر)ی ناساندم، شەهید مەلا غەفوور كادێریكی هەڵسوراو كارامەو بەرچاوبوو لە كۆمیتەی شەهید ئیبراهیم عەزۆ كاری رێكخراوەیی ئەنجام دەدا، فەرمانبەری كشتوكاڵی كەڵەك بوو و نووسەربوو لە بەشی خۆیەتی بوو، زۆر بوێر بوو بێ‌ ئەوەی هەستی پێ‌ بكرێت زۆرجار ئامێری چاپی فەرمانگەكەی بەكاردەهێنا بۆ نوسینەوەی ئەدەبیاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پاش دزەكردن و ئاشكرابوون و زەفەر پێبردنی دەزگا سیخوڕییەكانی بەعس، بڕیاری گرتنی خۆی و هەندێ‌ لە هاوڕێیانی كۆمیتەی ڕاپەرین كە شەهید (حەسەن كوێستانی) لێپرسراویان بوو، درا، زۆر لە هاوڕێیانیان دەربازبوون و پەیوەندیان بەهێزەكانی پێشمەرگەوە كرد، دوو لەوهاوڕێیانەی شەهید مەلاغەفوور كچ بوون، ئەوانیش هاوڕێیان (ئاشتی برایمە فەندی و خەجیجە)بوون، مەلا غەفووریش لەوكاتەدا پەیوەندی بە شاخەوەكرد و لەوێش هەڵسوڕاوێكی بەرچاوی رێكخستن و كۆمەڵایەتی و جەماوەری بوو، لەهەر گوندو ئاوەدانییەك لە هەر كۆڕو كۆبونەوەیەك ببینرابوایە دەزانرا خۆشەویستی ناو ئەو خەڵكەیە و جێگای سەرنج بوو.
لەهەر هەڵبژاردن و دەست نیشانكردنێك جێگای رەزامەندی پێشمەرگەو كادیرو رێكخستنەكان بوو، لە كۆنفرانسی ساڵی 1983 دەنگی یەكەمی هێنا و بووە لێپرسراوی كەرتی رێكخستنی شەقڵاوە، بەڵام بەداخەوە لە گەڕانەوەی جەولەی رێكخستن و بەسەركردنەوەی سنووری كەرتەكەی، لە نزیك گوندی (قوڕەبەرازە)ی سنووری بیتوێن كەوتن بەسەر لوغمێكی كۆنی سەردەمی شۆڕشی ئەیلولداو لەگەڵ ژمارەیەك كادیری دیكەدا، شەهید و برینداربوون.
بە شەهیدبوونی مەلا و هاوڕێكانی زەرەرێكی گەورە بەر شۆڕش و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوت.

ژیاننامەكەی
شەهید عەزیز خدر باوەكر شێخە ناسراو بە مەلا غەفوور، لەدایكبووی ساڵی 1940ی هەولێر، دەرچووی قۆناغی ئامادەییە.
لە ساڵی 1965 تانسكۆی 1975 پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە، ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بەرێكخستنەكانی ی.ن.ك و چەندین چالاكی كەم وێنەی ئەنجام داوە.
ساڵی 1979 بووە بە پێشمەرگە و بەشداریی چەند شەڕێكی سنووری خۆشناوەتی و سەركردایەتی كردووە، جارێكیش بریندار بووە، دوا پلەی لێپرسراوی كەرتی رێكخستنی شەقڵاوە بووە.
رۆژی 18/ 12/ 1983 لە سنووری گوندی قوڕەبەرازەی سنووری بیتوێن لەگەڵ هەر یەك لە: حاجی ئەكرەم، مامۆستا شەوقی، ئاشتی، زاهیر، بەكر، هاوار، جەعفەر، وشیار، شەهیدكران و هەریەك لەم هەڤاڵانەش برینداربوون: حاجی مەمۆ، مەهدی كاوانی، هەژار شەبیب دووگردكانی، جەوهەر و یاسین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*