سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » دونیایەكی شڵەژاو،ناوچەیەكی …

لە ساڵی 2019دا

دونیایەكی شڵەژاو،ناوچەیەكی …

•بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە، هەموو ساڵەكانی مێژوومان هەر بەتاریكی و ڕەشی و بێخێری و بێ‌ خۆشگوزەرانی بەڕێدەكەین و وامان لێهاتووە كە هیچ كات خوازیاری دووبارەبوونەوەی ساڵەكانی تەمەن و ژیان و گوزەرانمان ناكەین و ناڵێن ((ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بەپار))، چونكە یەك لەیەكتری تاریك و توندتر و پڕ ئاژاوە و كارەسات و مەرگەساتی جەرگبڕترن بۆ كورد و گەلانی ناوچەكە و دونیاش.
هەربۆیەش ساڵی 2019 بەهەمان دەردی ساڵانی پێشووترە و هیچ خۆشی و خێروبێر و دەسكەوتێكی گەورەی تیادا وەدینەهاتوە نە بۆ كورد نە بۆ گەلانی ناوچەكە و نە بۆ دونیاش.
*ئەوەتا لەسەر ئاستی كوردستان بەهەر چوار پارچەكەیەوە، بە بەردەوامی لەم ساڵەدا لە باكوور گرتن و كوشتن و راوەدونان و تەنگپێهەڵچنینی كورد و سەركردە و ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە پیادەكراوە لەلایەن توركیاوە.
لە رۆژئاوای كوردستانیشدا بەهەمان شێوە لەسەر دەستی سوپای توركیا ‌و هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریاوە پەلامار و هێرش و جینۆساید و ئاوارەبوونی سەدان هەزار لە كوردان ئەنجامدراو كوردان و خاكی كوردان رووبەڕووی مەرگ و كارەسات بوونەوە.
دۆخی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەهۆی گرفتی ئێرانەوە لەڕووی ئابوورییەوە لە كوردی پارچەكانی دیكە باشترنییە ‌و دۆخی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزاییەكانی ناو ئێرانیش پڕیشكی بەر كوردی رۆژهەڵاتیش كەوتووە بەشێوەیەكی دیارتر لە نەتەوەكانی ناو ئێران.
لەباشووریش سەرەڕای بوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام ساڵی 2019 مان بە كوردستانێكی ناتەبا و هەژار و دوور لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەڕێكرد.
*لەسەر ئاستی ناوچەكە، وەك ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەك هەمیشە كوانووی ململانێ‌ و شەڕ و جەنگ و هەڕەشە و مەترسییەكان بووە، ئەوەتا لە هەریەكە لە ئێران و توركیا و عیراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و سعودیە و قەتەر و لوبنان و لیبیا و تونس و جەزائیر و سودان و فەلەستین و… هتد. هەمووان گیرۆدەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی تووڕە و زویر بوونەتەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی وڵاتەكانیان و لەهەندێكیاندا جەماوەر سەركەوتوو بووە وەك سودان و جەزائیر و تونس و لەهەندێكی تریشدا هێشتا دەسەڵاتەكان بەرگریی لەخۆیان دەكەن بۆ مانەوەیان. هەرچەندە ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانە بوونەتە خاڵی یەكلاكەرەوە و تەنانەت بڕیاردەریش لەسەر ئایندەی دەسەڵات و مێژووی و هوشیاری سیاسییان گەلێك بەرزبۆتەوە و بوونەتە جێگە و سەرچاوەی گوشار بۆ دەسەڵاتەكان و توانیویانە گۆڕانكاریی لە حكومەتەكاندا بكەن، وەك لوبنان و عیراق، بەڵام هێشتاش ململانێكان توندن و بەردەوامییان هەیەو نازانرێت ئایندە چی حەشارداوە بۆ ئەم ناوچەیە.
بەم شێوەیە لەساڵی 2019دا ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش تەواو نائارامیی سیاسی و ئابووریی و ئەمنی تەنیویەتییەوە و هیچ دەستكەوت و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانییەكی لێ نەكەوتۆتەوە.
*لەسەر ئاستی جیهانیشدا، بەهەمان شێوە جیهانێكی پڕ ململانێی سیاسیی و ئابووری و بازرگانی و ئەمنی بووە، ئەوەتا ئەوروپاییەكان ناتەباو و لێكترازاو و راوەستانی گەشەی ئابووریی و جیابوونەوەی بەریتانیاشی بەخۆوە بینیووە و لەگەڵ توركیادا نێوانیان ساردە لەسەر كێشەی قوبرس و یۆنان و چەكوچۆڵ كڕینی روسیا و ئاوارەكان و ..هتد.
ئەمریكا بۆخۆی تووشی گێژاوێكی سیاسی بۆتەوە بەهۆی كردار و گوتارەكانی سەرۆك ترەمپەوە لەبەرامبەر دۆست و نەیارەكانی ئەمریكادا و لە هەڵوێستێكی كەم وێنەدا لە مێژووی حوكمڕانیی ئەمریكادا كار گەیشتۆتە ئەوەی كە هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەو وڵاتە بدرێت لەبەر خراپی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكان و بەرژەوەندخوازیی كەسی و بنەماڵەیی و كۆمپانیاكانی.
كیشوەری ئەفریقیا و ئەمریكای لاتینیش بەدەر نەبوون لە ئاژاوە و ململانێ‌ بازرگانی و ئەمنییەكان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاكان و كارەساتە سروشتیەكان.
ئاسیاش بەبوونی كۆریای باكووری هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی كۆریای باشوور و ژاپۆن هەرگیز ئارامی بەخۆوە نابینێت.
چینی زلهێزیش كێشەی سیاسیی و ئابووریی و بازرگانی و جەماوەریی كەمی نەبووە لە ناوخۆی خۆی لە هۆنگ گۆنگ و لەگەڵ ئەمریكا و تەنانەت ڕوسیاشدا.
روسیای زلهێزیش بەهۆی دەستێوەردانەكانی لە سوریا و لیبیا لەبەرامبەر ئەمریكادا خۆی بینیووتەوە و بەهاوكاریكردنیشی لەگەڵ توركیا و ئێران چەك پێفرۆشتن و پشتگیریكردنیان و هەوڵدانی بۆ هاتنی بۆناو وڵاتانی كەنداو، هێندەی تر لەگەڵ ئەمریكادا پەیوەندییەكانی ساردیی تێكەوتووە.
لەگەلێك وڵاتی دیكەی ئاسیا و تەواوی جیهانیشدا بەهۆی برسێتی و تیرۆر و كارەساتە سروشتییەكانەوە گیرۆدەی ئاژاوە و شڵەژانی بەردەوام بوونەتەوە.
بەم شێوەیە لەساڵی 2019دا جیهانێكی شڵەژاو و نائارام و پڕ ململانێی سیاسی و بازرگانی و ئەمنی گوزەری كردووەو لەسەر ئاستی بازاڕەكانی نەوتی جیهانی و پێشكەوتنە پیشەسازییەكان و… هتد. سستی و پاشەكشەی گەورەی بەخۆوە بینیووە.
*هەرچەندە هەندێك رووداوی گرنگی ئەرێنیش روویانداوە كە بوونەتە مایەی هەڵكێشانی هەناسەیەكی ئارامی بۆ تەواوی جیهان، وەك كوشتنی خەلیفەی داعش ئەبوبەكر بەغدادی و نەتەقینەوەی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران بۆ ئاستی شەڕی رووبەڕوو كە ناوچەكە و جیهانیشی دوورخستەوە لە جەنگ و كاولكارییەكی گەورە. بەڵام هێشتاش مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و هەڵایسانی جەنگی ئەمریكا ئێران هەر ئامادەییان هەیە و ماوە.
*ساڵی 2019 بۆ تەواوی گۆی زەوی و مرۆڤایەتی ساڵێكی پڕ وەیشومە و نەهامەتی و كارەسات و دواكەوتن و ململانێی ناڕەواو جەنگ و هەڕەشە و مەترسی بووە بۆ سەر هەمووان.

print

 83 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*