سەرەکی » ئاراستە » كاروانی‌ ژیانی پڕۆفیسۆر د.مسته‌فا زه‌ڵمی‌

كاروانی‌ ژیانی پڕۆفیسۆر د.مسته‌فا زه‌ڵمی‌

گوڵزار حه‌مه‌ فه‌ره‌ج

حه‌زره‌تی‌ مه‌وله‌وی‌ له‌ وه‌سفی‌ زه‌ڵمدا ده‌ڵێ:
زه‌ڵم تولانی‌ درێژه‌ ده‌ڵێی‌ لافاوی‌ به‌هاره‌ سه‌ری‌ خۆی هه‌ڵگرتووه‌ و رێگه‌ی‌ ده‌شت و ده‌ری‌ گرتۆته‌ به‌ر. وه‌ك دڵدارێك كه‌ عه‌شقی‌ یار شێتی‌ كردبێت، ئاوه‌كه‌ی‌ درێژه‌ وه‌ك دووری‌ یار له‌ دڵی‌ عاشقی‌ ده‌رده‌دار. كه‌ساف و مه‌نگه‌ وه‌ك گه‌یشتنی‌ یاری‌ گه‌ردن بێگه‌رد.
له‌م سروشته‌ جوانه‌ی‌ كوردستانم پایه‌یه‌ك و راگرێكی‌ زانست وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌ك گه‌شایه‌وه‌، هه‌ر له‌ رۆژه‌كانی‌ مناڵییه‌وه‌ خولیای‌ خوێندن و زانست بوو گه‌رچی‌ نه‌بوونی‌ زۆرجار هه‌ره‌سی پێهێنا بوو، سه‌ره‌تا له‌ شوانییه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌ ئیش و گه‌ڕان كردووه‌ و پله‌كانی‌ خوێندنی‌ هه‌تا ناوه‌ندی‌ خوێندووه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ خوێندن بووه‌ له‌به‌ر نه‌داری‌، به‌دوای‌ زانستدا رووی‌ له‌ زۆرێك له‌ شار و لادێكانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان كردووه‌ بۆ سنه‌ و مه‌ریوان و كرماشان و شوێ‌ كردووه‌ و ئاگاداری به‌شێك له‌ دامه‌زراندنی‌ كۆماری‌ كوردستانی‌ مه‌هاباد بووه‌، ئه‌مه‌ش گیانی‌ كوردایه‌تی‌ له‌لا به‌هێز كردووه‌ و له‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردن به‌ ناوچه‌كه‌ی‌ خۆی كه‌ ئه‌ویش زه‌ڵم و خورماڵ بووه‌، رای‌ مسه‌فا زه‌ڵمی‌ به‌رامبه‌ر ئاین هه‌موو كات ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئاین هاتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕێك و پێكی‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌موو مرۆڤێك له‌گه‌ڵ یه‌كتر روون بكاته‌وه‌، به‌ڕاست و چه‌وته‌وه‌ بخاته‌ روو، له‌ زاری‌ خۆشییه‌وه‌ هه‌موو كات ده‌ڵێت هه‌ركات زه‌مانه‌ فێری‌ ئه‌ده‌ب و ژیری‌ كردووم، ناته‌واوی‌ ئه‌قلی‌ پیشانداوم، واته‌ هه‌تا زانستم زیادی‌ بكردایه‌ زیاتر ده‌مزانی‌ كه‌ چه‌ند نه‌زانم، له‌سه‌ر ئه‌م بیر و رایه‌ داوای‌ زانستی‌ كردووه‌ هه‌موو كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ قاڵ بێته‌وه‌ له‌ نێو زانسته‌كه‌ی‌ كه‌ ده‌ی‌خوازێت.
چه‌ندین ساڵ به‌ مه‌لایه‌تی‌ دواتر به‌ فه‌قێیه‌تی‌ ژیانی‌ به‌سه‌ر بردووه‌. ژنی هێناوه‌ كه‌ كچی ئامۆزایه‌كی خۆی بووه‌، وه‌ك باسی‌ ده‌كات بووه‌ به‌ پشت و په‌نای‌ له‌ رێڕه‌وی‌ ژیانیدا، جارێكی‌ تر نه‌بوونی‌ و هه‌ژاری‌ رێگه‌ی‌ پێده‌گرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی له‌ ده‌ستدانی‌ ئازیزترین كه‌سی‌ كه‌ كوڕه‌كه‌یه‌تی‌، له‌به‌ر نه‌بوونی‌ شیر و هیچ خۆراكێك له‌ماڵدا، له‌ناخی‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ ئه‌و كات كه‌ كوڕه‌كه‌م خرایه‌ نێو گۆڕ حه‌زم ده‌كرد خۆشم بچم له‌گه‌ڵی‌ چونكه‌، وام هه‌ست ده‌كرد كه‌ تاوانی‌ منه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌ست كورتم كه‌ ژیانم له‌سه‌ر زه‌كات و سه‌رفتره‌ و ئیسقات و سه‌ر قه‌ڵه‌مانه‌ بوو، به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن هاوپیشه‌كانییه‌وه‌ دژایه‌تی‌ ده‌كراو هه‌رچی‌ راست بووایه‌ ده‌یوت، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مان و نه‌مانی‌ ژیانی‌ خۆشی بووایه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆیه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بڕیار بدات مه‌لایه‌تی‌ جێبهێڵێت و ببێت به‌ ئیمامی‌ سوپا و روویكرده‌ به‌غدادی‌ پایته‌خت و نزیكه‌ی‌ چل ساڵ ژیا، چه‌ند ساڵێك به‌ ئیمامی‌ سوپا مایه‌وه‌، دووباره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ خوێندن و پله‌كانی‌ خوێندنی‌ ته‌واوكرد، له‌ زانكۆی‌ موسته‌نسریه‌ بوو به‌ مامۆستاو دواتر له‌ زانكۆی‌ موسڵ و نه‌هره‌ین، خۆی وته‌نی‌ ده‌رسم به‌هه‌ر قوتابیه‌ك وتبێته‌وه‌ وه‌ك رۆڵه‌ی‌ خۆمم داناوه‌ هه‌تا تێنه‌گه‌یشبێت وازم لێنه‌هێناوه‌ هه‌تا تێگه‌شتووه‌، دواتر هه‌وڵی داوه‌ بۆ ماسته‌ر هه‌رچه‌ند هه‌ژاری‌ وه‌ك ره‌گی‌ گولی‌ هه‌ر لێی نه‌بۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر كۆڵی‌ نه‌داوه‌ و هه‌تا دكتۆرای‌ له‌ كۆلێجی‌ یاسای‌ شه‌ریعه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌، ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌ توێژینه‌وه‌ی‌ هزری‌ و چه‌ندان كتێبی له‌ دانانی‌ خۆی چاپ كردووه‌ و له‌هه‌ر چوار مه‌نهه‌جی‌ زانكۆكان خوێنراوه‌ و له‌ هه‌موو زانكۆكانی‌ عیراق و وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان و زانكۆكاندا كتێبه‌كانی‌ سوودی‌ لێوه‌ر گیراوه‌ و خوێنراوه‌، له‌به‌رامبه‌ر لێهاتووی‌ و زیره‌كیدا له‌ زانكۆی موسڵ قاعه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ خوێندن به‌ناوی مسته‌فا زه‌ڵمییه‌وه‌ ناونراوه‌، خاوه‌نی‌ 70 كتێبه‌ و چاپی‌ كردووه‌ و كه‌ شتی‌ تازه‌ی‌ تێدایه‌ و له‌ قورئان زۆربه‌یانی‌ ده‌رهێناوه‌، كتێبه‌كانی‌ له‌ چه‌ندین پێشانگای‌ نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شداریان كردووه‌ پڕفرۆشترین كتێب بوون، هه‌موو كات بڕوای‌ ته‌واوی‌ به‌ كوردستان هه‌بووه‌ كه‌ رۆژێ له‌ رۆژان كوردستان به‌قوه‌تترین ده‌وڵه‌ت ده‌بێت له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، زۆر یارمه‌تی‌ ئه‌و كوردانه‌ی‌ داوه‌ كه‌ چون بۆ به‌غدا له‌ رێی‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌وه‌ كه‌ ناسیونی‌. له‌ دوای‌ 40 ساڵ له‌ غه‌ریبی‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان چونكه‌ ئه‌وه‌ تاكه‌ ئاواتی‌ بووه‌، خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ بكات كاری‌ زۆری‌ له‌ سه‌ر یاسا ورد و چڕه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ كردووه‌ و كاری‌ له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ی‌ باری‌ كه‌سێتی‌ كردووه‌ و هه‌موو كات جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ جیاوازی‌ نییه‌ له‌ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌ باڵاكاندا، بۆیه‌ ده‌یوت پێوه‌ر توانا و لێهاتووییه‌ نه‌ك پیاو و ژنیی. مه‌خابن ئه‌م ئه‌ستێرانه‌مان لێ ئاوا ده‌بن، به‌ هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆڵه‌كانی‌ و نه‌وه‌كانی‌ جێگه‌ی‌ بگرنه‌وه‌ ببنه‌ پایه‌یه‌كی‌ زانستیتر، نه‌وه‌كانی‌ داهاتووش چاو له‌ دانایی و به‌ سه‌لیقه‌یی‌ و ئه‌زموونی‌ ئه‌م كه‌ڵه‌ زانستخوازانه‌ بكه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*