سەرەکی » وەرزش » كازیۆشی میۆرا تا ته‌مه‌نی 53 ساڵی له‌ یاریكردن به‌رده‌وام ده‌بێت

كازیۆشی میۆرا تا ته‌مه‌نی 53 ساڵی له‌ یاریكردن به‌رده‌وام ده‌بێت

كازیۆشی میۆرا ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌‌ی‌ كه‌ سه‌لماندویه‌تی ته‌مه‌ن ته‌نها ژماره‌یه‌ هه‌مووانی توشی سه‌ڕسورمان كردوه‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی ژماره‌ی گۆڵ و خه‌ڵاته‌ تاكه‌ كه‌سیه‌كانی نا به‌ڵكو به‌هۆی ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌كانی له‌ به‌رده‌وامبوون له‌ یاریكردن كه‌ ئه‌سته‌مه‌ كه‌سێكی تر بتوانێت له‌ داهاتوودا بیانشكێنێت.
میۆرا مانگی داهاتوو مۆمی 53 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی داده‌گیرسێنێت و به‌م دواییه‌ش بۆنده‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ یۆكۆهاما نوێ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌رزێكی تریش له‌ ریزی یانه‌كه‌ یاری بكات و ئه‌مجاره‌ش یاریكردنه‌كه‌ جیاواز ده‌بێت چونكه‌ میۆرا وه‌رزی داهاتوو بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی 2007ه‌وه‌ به‌شداری له‌ خولی پله‌یه‌كی ژاپۆن ده‌كات.
به‌رده‌وامبوونی یاریزانێك له‌ یاریكردن تا ته‌مه‌نی 53 ساڵی پێشتر رووینه‌داوه‌و ته‌نها له‌گه‌ڵ میۆرا نه‌بێت كه‌ چه‌ند جارێك دوپاتی كردۆته‌وه‌ نایه‌وێت ببێته‌ راهێنه‌ر و یاخود سه‌رۆكی یانه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی به‌ڵكو ویستی ئه‌و ته‌نها ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ خۆی ئاره‌زوی لێیه‌تی ئه‌ویش یاریكردنه‌.

بۆته‌ سیمبول بۆ یاریزانانی تر
میۆرا وه‌رزی رابردوو له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی‌ له‌ خولی پله‌ 2ی ژاپۆن دۆخی باش نه‌بوو كه‌ به‌هۆی پێكانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ته‌نها به‌شداری 3 یاری كرد به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و كاریگه‌ره‌ ده‌روونیه‌ی‌ له‌سه‌ر یاریزانه‌كانی تر هه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ سیمبولی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دات و تێكۆشان یانه‌كه‌ بڕیاری دا بۆنده‌كه‌ی‌ نوێ بكاته‌وه‌.
ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ كه‌ به‌ كینگ میۆرا ناسراوه‌ رۆژی 26ی 2ی 1967 له‌ ناوچه‌ی شیزۆكای ژاپۆن له‌ دایكبووه‌و هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ ئاره‌زوی له‌ تۆپی پێ بووه‌و ئامانجی گه‌یشتن بووه‌ به‌ لووتكه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن له‌و بواره‌داو چیرۆكی ژیانی یاریكردنی میۆراش تا راده‌یه‌كی زۆر له‌ زنجیره‌ فیلم كارتۆنی كاپتن تسوبا ده‌چێت كه‌ له‌ نێو هه‌رێمی كوردستان وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان به‌ كاپتن ماجید ناوی ده‌ركردبوو.

بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌ی‌ چووه‌ته‌ به‌رازیل
میۆرا سه‌ره‌تای یاریكردنی له‌ ژاپۆن بووه‌ تا ته‌مه‌نی 15 ساڵی و دواتر چووه‌ته‌ به‌رازیل بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌و وڵاته‌ خه‌ونه‌كەی به‌دی بهێنێت و به‌هره‌ی یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌كان وه‌ربگرێت به‌تایبه‌ت كه‌ زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌ ئه‌ستێره‌كانی تۆپی پێی ئه‌و وڵاته‌.
سه‌ره‌تای ژیانی پیشه‌گه‌ری میۆرا له‌گه‌ڵ یانه‌ی‌ سانتۆس بووه‌ و بۆ ماوه‌ی‌ 4 وه‌رزیش له‌ یانه‌كانی خولی به‌رازیل یاری كردوه‌و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ژاپۆن و یاری بۆ یانه‌كه‌ی‌ كواسیكی كردوه‌و له‌ماوه‌ی‌ 8 ساڵ له‌ 192 یاری 100 گۆڵی كردوه‌.

یه‌كه‌م پیشگه‌ری ژاپۆنیه‌ له‌ خولی ئیتاڵیا
میۆرا یه‌كه‌م یاریزانی پیشه‌گه‌ری ژاپۆنیه‌ له‌ مێژووی خولی ئیتاڵیا كاتێك به‌شێوه‌ی‌ خواستن ساڵی 1994 چووه‌ته‌ ریزی یانه‌ی‌ لازیۆ و 21 یاری بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ كردوه‌و گۆڵێكیشی كردوه‌.
ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ ساڵی 1999 چووه‌ته‌ ریزی یانه‌ی‌ دینامۆ زه‌گره‌بی كرواتی و دواتریش بۆ ماوه‌ی‌ 4 وه‌رز په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی‌ ڤیسیل كوبی كردوه‌و تا دواجار ساڵی 2005 چووه‌ته‌ ریزی یانه‌ی‌ یۆكۆهاما مارینۆس و ماوه‌ی‌ 15 ساڵه‌ له‌ ریزی ئه‌و یانه‌یه‌ درێژه‌ به‌ یاریكردن ده‌دات.

له‌ ئوسترالیاش یاری كردوه‌
میۆرا بۆ ماوه‌یه‌كیش چووه‌ته‌ خولی ئوسترالیاو بۆ یانه‌ی‌ سیدنی یاریكردوه‌ كه‌ له‌ 4 یاری 2 گۆڵی كردوه‌و به‌شێوه‌ی گشتیش له‌گه‌ڵ یانه‌كان 754 یاری كردوه‌و 221 گۆڵی تۆماركردوه‌.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش سالی 1990 بۆ یه‌كه‌م جار بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی‌ ژاپۆن كراوه‌و 10 ساڵ له‌ ریزی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ به‌رده‌وام بووه‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌ 89 یاری 55 گۆڵی كردوه‌.
له‌ دیارترین ده‌ستكه‌وتنه‌كانیشی بردنه‌وه‌ی‌ جامی ئاسیا و دیاریكردنیه‌تی به‌ باشترین یاریزانی ئاسیا له‌ ساڵی 1993، به‌ڵام دیارترین ده‌ستكه‌وتی كه‌ پێی ده‌ناسرێته‌وه‌ یاریكردنیه‌تی تا ته‌مه‌نی 52 ساڵی و تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*