سەرەکی » راپۆرت » ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ رزگاركردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا‌و عیراق؟

ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ رزگاركردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا‌و عیراق؟

و: کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

هێشتا ده‌رفه‌تێك ماوه‌ بۆ رزگاركردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ئه‌مریكا‌و عیراق، پێویسته‌ ئیداره‌كه‌ی‌ تره‌مپ لێنه‌گه‌ڕێ كار له‌ كار بترازێ‌و هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق بهێڵێته‌وه‌.
ئه‌مه‌ بۆچوونی‌ خاتو میگان ئۆسیلیڤان مامۆستای‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌ له‌ زانكۆی‌ هارڤارد‌و بریكاری‌ راوێژكاری‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكاش بوو بۆ كاروباری‌ عیراق‌و ئه‌فغانستان له‌ سه‌رده‌می‌ جۆرج بوش سه‌رۆكی‌ پێشتوتری‌ ئه‌و وڵاته‌دا، خاتو میگان له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ گۆڤاری‌ فۆرین ئه‌فێرز بڵاوی‌ كرده‌وه‌، هۆشداری‌ دا له‌ باره‌ی‌ رووداوه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌‌و پێی‌ وایه‌ مه‌ترسیدارترین رووداو كوژرانی‌ به‌رپرسێكی‌ ئێرانی‌ بوو له‌ به‌غدا له‌سه‌ر ده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا، مه‌ترسییه‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ ببێته‌ هۆی‌ پچڕانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان ئه‌مریكا‌و عیراق.
به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ رزگار كردنی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گرنگه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ ئیداره‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ئاماده‌یی تێدا بێت‌و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ری‌ بكات.
خاتو میگان پێی‌ وایه‌ ده‌بێ ئه‌مریكا میتۆدی‌ خۆی‌ بگۆڕێت، چونكه‌ به‌م میتۆده‌ی‌ ئێستای‌ كه‌ باس له‌ سه‌پاندنی‌ سزا به‌سه‌ر عیراقدا ده‌كات، ئه‌گه‌ر عیراق داوا بكات هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا وڵاته‌كه‌ی‌ جێبهێڵێت، سه‌رچڵییه‌كی‌ ناپێویسته‌‌و زۆر به‌ ئاسانی‌ وڵاتێك له‌ دۆسته‌وه‌ ده‌كاته‌ دوژمن.
په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ رۆژی‌ پێنجه‌می‌ مانگی‌ كانونی‌ دووه‌مدا ده‌نگی‌ دا بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ی‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و پێنج هه‌زار‌و 200 سه‌ربازه‌ی‌ ئه‌مریكاش كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ خودی‌ حكومه‌تی‌ عیراق له‌ وڵاته‌كه‌دا جێگیر كراون. پێشتریش په‌رله‌مانتارانی‌ عیراق له‌ بۆنه‌ی‌ جیاجیادا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ له‌و جۆره‌یان كردووه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ تویته‌ره‌كه‌ی‌ خۆیدا نووسیبووی‌، هێزه‌كانیان له‌ عیراق ده‌هێڵنه‌وه‌ بۆ چاودێری‌ كردنی‌ ئێران.
به‌ بۆچوونی‌ میگان ئۆسیلیڤان ئه‌م قۆناغه‌ جیاوازه‌ له‌ قۆناغه‌كانی‌ دیكه‌، ساڵی‌ رابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عیراق رێگه‌ی‌ له‌ راپه‌ڕێن‌و قه‌یرانێكی‌ سیاسی‌ گرت كه‌ به‌هۆی‌ نووسینێكی‌ تره‌مپه‌وه‌ له‌ تویته‌ر خه‌ریك بوو له‌ عیراق روو بدات، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان پشتیوانی‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان كرد كه‌ داوای‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا ده‌كات، ئایه‌توڵڵا عه‌لی‌ سیستانیش ره‌خنه‌ی‌ ئه‌مریكا گرت له‌و هێرشه‌یدا كه‌ كردیه‌ سه‌ر به‌رپرسێكی‌ ئێرانی‌، سیستانیش كاریگه‌رترین كه‌سێتی‌ ئایینییه‌ له‌ عیراقدا‌و ده‌نگێكی‌ میانڕه‌و بوو، به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆش پشتیوانی‌ له‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا ده‌كرد له‌ عیراق.
ئێستا عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ كاتی‌ عیراقه‌، ناچاره‌‌و ده‌بێ له‌ باره‌ی‌ ده‌رچوونی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ له‌ عیراق گفتوگۆ له‌گه‌ڵ واشنتۆن بكات، ئه‌و هێزانه‌ش به‌ گوێره‌ی‌ رێكه‌وتنێكی‌ ره‌سمی‌‌و دوای‌ قسه‌كردنی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ردوو وڵات به‌ ته‌له‌فۆن هاتوونه‌ته‌ عیراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تا ئێستاش جڵه‌وی‌ بابه‌ته‌كه‌ له‌ ده‌ست سه‌رۆك وه‌زیردایه‌، نه‌ك په‌رله‌مان.
خاتو میگان پێی‌ وایه‌، له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كه‌ به‌ جێبه‌جێكراو دابنێ، پێویسته‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا گفتوگۆ بكات‌و هه‌ر له‌ رێگه‌ی‌ گفتوگۆشه‌وه‌ كات به‌ده‌ست بهێنێت تا له‌ كۆتاییدا هۆكارێك ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق. له‌ باره‌ی‌ ئه‌و پرسیاره‌وه‌ كه‌ بۆچی‌ ده‌بێ كێشه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ بابه‌تیانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكرێت؟ خاتو میگان ده‌ڵێ: ئه‌مریكاییه‌كان به‌وه‌ سه‌رسام ده‌بن كه‌ ببیستن هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا هێشتا له‌ عیراق ماون، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و هێزه‌ كه‌متریش بێت له‌و هێزه‌ی‌ له‌ سه‌ره‌تای هاتنی‌ ئه‌مریكا بۆ عیراق كه‌ نزیكه‌ی‌ 170 هه‌زار سه‌ربازی‌ لێبوو، بۆچی‌ ئه‌مه‌ گرنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا پێشتر وانه‌یه‌كی‌ قورسی‌ وه‌رگرت كه‌ ساڵی‌ 2011 باراك ئۆباما بڕیاری‌ دا هێزه‌كانی‌ له‌ عیراق بكێشێته‌وه‌، له‌ راستیدا مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق زۆر گرنگه‌ بۆ راگرتنی‌ سه‌قامگیری‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست‌و پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكاش له‌ ناوچه‌كه‌.
هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق گرنگه‌ بۆ رێگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ داعش‌و ریگرتن له‌وه‌ی‌ جارێكی‌ دیكه‌ داعش هه‌مان مه‌ترسی‌ دروست بكاته‌وه‌ كه‌ پێشتر دروستی‌ كردبوو، هه‌رچه‌نده‌ توانای‌ هێزه‌كانی‌ عیراق له‌ ده‌ركردنی‌ داعش جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌، به‌ڵام هێزی‌ هاوپه‌یمانانیش به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا پشتیوانی‌ لێ كردن.
داعش تا ئێستاش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ عیراق‌و سوریا ماوه‌‌و شوێنكه‌وتووی‌ هه‌یه‌، تا چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش هه‌وڵی‌ ده‌دا سوود له‌ ناجێگیری‌ بارودۆخی‌ ئه‌منی‌ هه‌ردوو وڵات وه‌ربگرێت‌و جێپێی‌ خۆی‌ قایم بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گومانی‌ تێدا نییه‌ كه‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان به‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا كه‌ به‌ نیازن پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانیان دژی‌ داعش رابگرن، جێگه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌.
به‌ وته‌ی‌ خاتو میگان داعش تاكه‌ كێشه‌ی‌ عیراق نییه‌ كه‌ ئه‌مریكا یارمه‌تی‌ بدات له‌ چاره‌سه‌ر كردنیدا، كێشه‌ی‌ دیكه‌ش هه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌ عیراقدا نه‌بێت به‌غدا لاوازتر ده‌بێت له‌به‌رده‌م ئێراندا، ئه‌مریكا هه‌میشه‌ پێی‌ وابووه‌ كۆنترۆڵ كردنی‌ ئێران خاڵێكی‌ بنه‌ڕه‌تییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌ عیراقدا نه‌مێنێت ئێران به‌هێز ده‌كات‌و رێگه‌ی‌ بۆ خۆش ده‌بێت ده‌ست بخاته‌ په‌رله‌مانیش‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراقیشه‌وه‌، ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی‌ نه‌وتیشدا ده‌گرێت‌و رێگه‌ی‌ بۆ خۆش ده‌بێت به‌ ئازادی‌ له‌ خاكی‌ عیراقدا هاتوچۆ بكات‌و یارمه‌تییه‌كان ره‌وانه‌ی‌ ئه‌و گروپانه‌ بكات كه‌ له‌ سوریا‌و لوبنان پشتیوانییان لێ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ عیراق گرنگه‌‌و سه‌قامیگربوونی‌، یان به‌ تێكچوونی‌ سه‌قامگیریی تیایدا كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌ بازاڕی‌ نه‌وتیش دروست ده‌كات.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ پێویسته‌ ئه‌مریكا كرانه‌وه‌ پیشان بدات بۆ گفتوگۆ له‌ باره‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا، نه‌ك بڵێ، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ عیراقیش رازی‌ نه‌بێت، هێزه‌كانی‌ له‌ عیراق هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌.

موقع فورین افیرز

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*