سەرەکی » راپۆرت » داعش شكستی‌ هێنا، به‌ڵام ئه‌ركی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق ته‌واو نه‌بووه‌

داعش شكستی‌ هێنا، به‌ڵام ئه‌ركی‌ ئه‌مریكا له‌ عیراق ته‌واو نه‌بووه‌

گۆڤاری‌ فۆرین ئه‌فیرز
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
له‌ مانگی‌ ته‌مووزی‌ رابردوودا، سه‌ربازانی‌ عیراق به‌ هاوكاری‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ ئه‌مریكا توانیان شاری‌ موسڵ رزگار بكه‌ن، ئه‌و شاره‌ی‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ سه‌ركرده‌ی‌ داعش له‌وێوه‌ خه‌لافه‌تی‌ راگه‌یاند. سه‌ركه‌وتن زۆر گران كه‌وت له‌سه‌ر هێزه‌كانی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر، كه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌ربازی‌ ده‌سته‌بژێری‌ عیراقین، شه‌ڕی‌ كۆڵان به‌ كۆڵانیان كرد تا داعشیان له‌ شار ده‌ركرد، داعش هاووڵاتیانی‌ مه‌ده‌نییان كردبووه‌ قه‌ڵغان، ئه‌وه‌بوو هه‌زاران مه‌ده‌نی‌ كوژران‌و زیاتر له‌ ملیۆنێكیش ئاواره‌ بوون، جگه‌ له‌وه‌ش شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی‌ موسڵ وێران كران‌و ژێرخانی‌ شاره‌كه‌ كاول بوو.
نابێ تێكشكاندنی‌ داعش هه‌ستێكی‌ درۆزنانه‌ی‌ ئارامی‌ ببه‌خشێ به‌ ئیداره‌كه‌ی‌ تره‌مپ‌و هێزه‌كانی‌ له‌ عیراق بكشێنێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ 15 ساڵی‌ رابردوودا ئه‌وه‌ روون بۆوه‌ كه‌ له‌ عیراقدا شتێك نییه‌ پێی‌ بوترێ ته‌واو. به‌ڵام وه‌ك ئیما سكای‌ نووسه‌ر له‌ په‌یمانگای‌ جاكسۆن بۆ كاروباری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سه‌ر به‌ زانكۆی‌ ێڵ-ی‌ ئه‌مریكی‌‌و خاوه‌نی‌ كتێبی‌ (هیوای‌ زۆر‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست چووه‌كان له‌ عیراق) ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رفه‌تێك بۆ ئاهه‌نگ گێڕان هه‌یه‌.
ئه‌و نووسه‌ره‌ پێی‌ وایه‌ هۆكار زۆرن بۆ خۆشحاڵ بوون به‌ رزگار كردنی‌ موسڵ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌و شاره‌دا مێشكی‌ منداڵان ده‌شۆرانه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌كاندا، ئه‌وه‌ی‌ جگه‌ره‌ی‌ بكێشایه‌ به‌ قامچی‌ لێیان ده‌دا، هاوڕه‌گه‌زبازه‌كانیان له‌سه‌ربانه‌ به‌رزه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌دێرا‌و ده‌یانكوشتن، ژنانی‌ ئێزدیان ده‌كرده‌ كۆیله‌ بۆ سێكس.. جگه‌ له‌وه‌ش سه‌ركه‌وتن له‌ موسڵ گورزێكی‌ گورچكبڕ بوو بۆ داعش، چونكه‌ هه‌زاران چه‌كداریان لێ كوژرا، سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتیان لاواز بوو، توانای‌ رێكخستنیان تێك شكێنرا‌و ناوبانگه‌ جیهانییه‌كه‌شیان كه‌م بۆوه‌.

هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌
ئیما سكای‌ ده‌ڵێ: كاتێك دۆناڵد تره‌مپ-ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا په‌ی‌ به‌ گرنگی‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌ ده‌كات، له‌وانه‌یه‌ حه‌ز بكات رایبگه‌یه‌نێت ئه‌ركه‌كه‌ی‌ ته‌واو بووه‌‌و هه‌وڵ بدات زوو له‌ عیراق ده‌ربچێت، له‌وانه‌یه‌ بڕیارێكی‌ وا جێی‌ ته‌ما بێ دوای‌ 14 ساڵ له‌ داگیر كردنی‌ عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌.

هه‌ڵه‌كانی‌ پێشوو
نووسه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رووداوه‌كانی‌ پێش به‌هاری‌ 2003، ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ ئه‌مریكا عیراقی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ گریمانه‌یه‌ك داگیر كرد، كه‌ دواتر ده‌ركه‌وت راست نه‌بوو، گریمانه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو گوایه‌ سه‌دام حسێن سه‌رۆكی‌ ئه‌و كاتی‌ عیراق سه‌رقاڵی‌ په‌ره‌پێدانی‌ چه‌كی‌ كۆكوژه‌، ئه‌وه‌بوو هه‌ر زوو سه‌ركه‌وتنی‌ سه‌ربازی‌ به‌سه‌ر عیراقدا مسۆگه‌ر كرا، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی‌ ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كرد له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا حكومه‌ته‌كه‌ی‌ سه‌دام-یان رووخاند، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی‌ سیاسی‌ قورستر بوو، ده‌سه‌ڵاتی‌ كاتی‌ له‌ 2003دا كارمه‌ندانی‌ حكومه‌تیان له‌سه‌ر كار لابرد‌و هێزی‌ چه‌كداریشیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. ئه‌و بڕیارانه‌ بووه‌ هۆی‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ ده‌وڵه‌ت‌و هه‌ڵایسانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی‌ به‌ ئه‌لقاعیده‌ خۆش كرد تا جێ پێی‌ خۆی‌ له‌ عیراقدا بكاته‌وه‌‌و ده‌رفه‌ت بۆ ئێرانیش ره‌خسا هه‌ژموونی‌ خۆی‌ بسه‌پێنێت. به‌ڵام له‌ ماوه‌ی‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ جۆرج بوش-دا، ساڵی‌ 2007 به‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌كان له‌ ژێر ناوی‌ سه‌حوه‌ی‌ سوننه‌، توندوتیژی‌ تایه‌فی‌ تاڕاده‌یه‌ك كه‌م كرایه‌وه‌‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی‌ شكستی‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ عیراق.

پێداگریی
ئیما سكای‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئیداره‌كه‌ی‌ ئۆباما زۆر پێداگریی كردووه‌ له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی‌ نوری‌ مالكی‌ له‌سه‌ر حوكم، له‌ كاتێكدا حزبه‌كه‌ی‌ كه‌ حزبی‌ ده‌عوه‌ بوو له‌به‌رامبه‌ر لیستی‌ ئه‌لعیراقیه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانیدا شكستی‌ هێنابوو، بیانووی‌ هێشتنه‌وه‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌بوو گوایه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ نیشتمانییه‌‌و دۆستی‌ ئه‌مریكایه‌. به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ به‌ قازانجی‌ ئێران شكایه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو فشاری‌ خسته‌ سه‌ر موقته‌دا سه‌دری‌ سه‌ركرده‌ی‌ شیعه‌‌و دوژمنی‌ ئه‌مریكا، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ مالكی‌ ببه‌ستێ، تا كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ 2011دا مسۆگه‌ر بێت.

پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كان
له‌ پێناو مانه‌وه‌یدا له‌سه‌ر حوكم، مالكی‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌ سه‌حوه‌ی‌ سوننی‌ دابوو پاشگه‌ز بۆوه‌‌و ناوو ناتۆره‌ی‌ تیرۆریستیشی‌ دایه‌ پاڵ سیاسییه‌ سوننه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ دووریان بخاته‌وه‌، پاشان فه‌رمانی‌ دا به‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش راپه‌ڕینی‌ سوننه‌كان سه‌ركوت بكات. مالكی‌ به‌م هه‌ڵوێستانه‌ی‌ زه‌مینه‌ی‌ خۆش كرد بۆ ده‌ركه‌وتنی‌ گروپێكی‌ نوێ له‌ پاشماوه‌كانی‌ ئه‌لقاعیده‌ به‌ ناوی‌ داعش له‌ عیراق، به‌و شێوه‌یه‌ش داعش وه‌ك پارێزه‌ری‌ سوننه‌‌و دژ به‌ مالكی‌ خۆی‌ ناساند.

وه‌رچه‌رخانێكی‌ نوێ
له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی‌ داعش له‌ موسڵ‌و نزیك بوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ 2018، عیراق كه‌وته‌ به‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێكی‌ نوێ. ئه‌و په‌رش‌و بڵاوییه‌ی‌ له‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ عیراقدا هه‌یه‌، ده‌رفه‌تێكی‌ له‌بار بۆ پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ راسته‌قینه‌ فه‌راهه‌م ده‌كات، كه‌ تایه‌فه‌گه‌ری‌ تێپه‌ڕێنێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ش دێنێته‌ ئاراوه‌، كه‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌رفه‌تی‌ كێبڕێكێی‌ سیاسییه‌كانی‌ عیراق بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات بقۆزنه‌وه‌ بۆ زیاد كردنی‌ هه‌ژموونیان له‌ عیراقدا.

هه‌نگاوه‌كان
ئیما سكای‌ ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ عیراق پێشوازی‌ له‌ پشتیوانییه‌كه‌ی‌ ئێران كرد له‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ داعشدا، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌نگاوه‌كانیشی‌ ده‌ست پێ كردووه‌ بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ هه‌ژموونی‌ ئێران، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ خۆ نزیك خستنه‌وه‌ له‌ سعودیه‌. به‌رپرسانی‌ هه‌ردوو وڵات چه‌ند سه‌ردانێكی‌ ره‌سمییان بۆ یه‌كتر ئه‌نجام داوه‌. ئه‌مڕۆش دوای‌ تێشكشكاندنی‌ داعش وه‌ك ئیما سكای‌ نووسه‌ر ده‌ڵێ، واشنتۆن كاریگه‌ریی نوێی‌ ده‌بێت، كه‌ نابێ به‌فیڕۆی‌ بدات، هه‌روه‌ها نابێ شكستی‌ داعش هه‌ستێكی‌ درۆیینه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ته‌واو لای‌ ئه‌مریكا دروست بكات‌و وای‌ لێ بكات هێزه‌كانی‌ له‌ عیراق بكشێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌روه‌كو له‌ 15 ساڵی‌ رابردوودا ده‌ركه‌وت، له‌ عیراقدا شتێك نییه‌ پێی‌ بوترێ ته‌واو، بێگومان ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ ئێرانیش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ رێ لێ گرتنی‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان ده‌ست بده‌نه‌ ده‌ستی‌ یه‌كتر‌و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی‌ هه‌ستیار رێك بكه‌ون، وه‌ك شێوازی‌ حوكمڕانی‌‌و دابه‌ش كردنی‌ داهات‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌ كه‌متر بكه‌وێته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دۆسێی كۆنگرە گەڵاڵە دەبێت؟

خەریكە دۆسێی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تەواوەتی گەڵاڵە ...