سەرەکی » هەواڵ » یەكهەڵوێستی پێویستییەكی چارەنووسسازی ئەم قۆناغەیە

یەكێتی و یەكگرتوو:

یەكهەڵوێستی پێویستییەكی چارەنووسسازی ئەم قۆناغەیە

وەفدێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین، رۆژی 23/1/2020 سەردانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد و لەلایەن وەفدێكی باڵای یەكێتییەوە بە سەرۆكایەتیی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی پێشوازییان لێكرا.
لە كۆبونەوەیەكدا، دۆخی سیاسی كوردستان ‌و عیراق و ناوچەكە ‌و پەیوەندیی دۆستانەی لە مێژینەی نێوان هەردوولا تاوتوێكران.
بەبۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەشەوە، هەردوولا پیرۆزباییان لە یەكتر كرد و هیوایان خواست سەركەوتنی كۆنگرەی هەردوولا ببێتە مایەی تەبایی ‌و بەدیهێنانی ئامانجەكان، بە مەبەستی خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان.
یەكێتی و یەكگرتوو جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوانیان كردەوە، بەجۆرێك كە لە بەرژەوەندیی یەكڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و خزمەتكردنی خەڵك بێت. لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی عیراق و ناوچەكەشەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەوەی كە یەكگرتوویی و هاوهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و یەكهەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێویستییەكی چارەنووسسازی ئەم قۆناغەیە و بە سیاسەتێكی هاوبەش ‌و ژیرانەی كوردستانیانە، كوردستان لە مەترسییەكان دەپارێزرێ. ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، ئەو كێشانەی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا هەن و كاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵك جێهێشتووە، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. هەردوولا كۆكبوون كە سەرباری ئەركە سیاسی ‌و حزبییەكان، لایەنە سیاسییەكان رۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی ئەو كێشانە و رێگرتن لە تەشەنەكردنیان، كە كاریگەریی خراپیان بۆ سەر كۆمەڵگە هەیە ‌و پێویستە حكومەتی هەرێم چارەسەریان بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*