سەرەکی » مانشێت » چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان ‌و بەرجەستەكردنی ئاشتی ‌و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا

سەرۆك كۆمار لە داڤۆس:

چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان ‌و بەرجەستەكردنی ئاشتی ‌و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا

لەپەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لەداڤۆس، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا، ئەمینداری پەیمانی باكووری ئەتڵەسی، سەرۆك وەزیرانی ئوردن‌و سەرۆك وەزیرانی ئەستۆنیا، تاوتوێی پرسە گرنگەكان‌و دوایین پێشهات‌و گۆڕانكارییەكانیان كرد‌و جەخت لەسەر چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان كرایەوە لەپێناوی ئاشتی‌و سەقامگیرییدا.

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمارو راوێژكاری ئەڵمانیا
د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، خواستی عیراقی دووپاتكردەوە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەڵمانیا لەبوارە جیاجیاكاندا، بەجۆرێك كەخزمەت بەبەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات بكات، هاوكات ئاماژەیكرد بەگرنگی پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ ئەڵمانیا‌و پێویستیی بەشداریی ئەڵمانیا لەئاوەدانكردنەوە‌و هەلی وەبەرهێنان لەعیراقدا.
سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە لەسەر هەڵوێستی عیراق بۆ بەستنی هەر پەیوەندییەكی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دۆست‌و دراوسێدا لەسەر بنەمای رەچاوكردنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان‌و دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆیی. لەئاماژەكردنیش بەپێشهاتەكانی ناوچەكە‌و جیهان، «تەئكیدی لەسەر گرنگیی رەچاوكردنی دیالۆگ‌و لێكگەیشتن كردەوە بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان گشت لایەنەكان لەپێناوی بەرجەستەكردنی ئاشتی‌و سەقامگیریی لەناوچەكەدا».
لای خۆیشییەوە، راوێژكاری ئەڵمانیا، پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیریی‌و ئاسایشی عیراق‌و گرنگیی رێزگرتن لەسەروەریی وڵات دەربڕی‌و پێویستیی بەهێزكردنی پەیوەندییە هاوبەشەكان‌و چۆنێتی بەهێزكردنی هاریكاری‌و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات، دووپاتكردەوە.

دیداری سەرۆك كۆمار‌و سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا
لەكۆبوونەوەیەكیشدا لەگەڵ مارك رۆتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا، سەرۆك بەرهەم ساڵح، تەئكیدی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عیراق‌و هۆڵەندا كردەوەو داوایكرد هۆڵەندا بەشداریی بكات لەپێشخستنی ژێرخانی ئابووری‌و وەبەرهێنان لەبوارەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و كەرتی وزەی عیراقدا.
سەرۆك كۆمار پێشوازیی لە ئەمینداری ناتۆ كرد
لەدرێژەی كۆبوونەوەكانیدا، سەرۆك كۆمار، پێشوازیكرد لە یەنیس ستولتنبرگ ئەمینداری پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)‌و گفتوگۆیانكرد لەسەر بڕیاری ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بەكشانەوەی هێزە بیانییەكان لەعیراقدا. هاوكات جەختیان لەسەر گرنگیی رێزگرتن لەسەروەریی عیراق‌و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی كردەوە‌و تاوتوێی دۆخی ئەمنیشیان كرد لەڕیشەكێشكردنی تیرۆر‌و پشتیوانی لەسەقامگیریی عیراق‌و ناوچەكە.
ئەمینداری پەیمانی ناتۆش، پابەندبوونی نێردەی مەشقپێكردنی ناتۆی دووپاتكردەوە سەبارەت بەمەشق‌و پشتیوانی سەربازی، كە هێزە چەكدارەكانی عیراق پێویستیانە.

سەرۆك كۆمار چاوی بە سەرۆك وەزیرانی ئەستۆنیا كەوت
لەدیدارێكی دیكەشدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح‌و یوری راتاس سەرۆك وەزیرانی ئەستۆنیا، تاوتوێی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان‌و چۆنێتی فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری نێوان هەردوو وڵاتیان كرد‌و گفتوگۆشیانكرد لەبارەی ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی ئەستۆنیا‌و چۆنێتی سوودوەرگرتنی عیراق لێی.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیان سەبارەت بەكشانەوەی هێزە بیانییەكان تاوتوێكردو تەئكیدیشیان لەگرنگیی رێزگرتن لەسەروەریی وڵات‌و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی لەعیراقدا، كردەوە. هەروەك گرنگیی هەماهەنگی‌و كاری هاوبەش بۆ رێگرتن لەتەشەنەكردنی ئاڵۆزییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی‌و بەهێزكردنی سەقامگیری‌و ئاسایش، خرایەڕوو بەجۆرێك ببێتەمایەی خۆشگوزەرانی‌و پێشكەوتنی گەلانی ناوچەكە‌و جیهان.

كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی ئوردن
لەدیدارێكی دیكەشدا، سەرۆك كۆمار چاوی بە عومەر رەزاز سەرۆك وەزیرانی ئوردن، كەوت‌و سەبارەت بەپرسە هاوبەشەكان گفتوگۆیانكرد.
سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: عیراق خوازیاری بنیاتنانی پەیوەندییەكی باشە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا، جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگیی چەسپاندنی ئاسایش‌و سەقامگیریی لەناوچەكە‌و دووركەوتنەوە لەسیاسەتی جەمسەرگیری‌و یەكلاییكردنەوەی بەژەوەندییەكان. هەروەك تاوتوێكردنی دواپێشهاتەكانی ناوچەكە‌و جیهان‌و پەیوەندییەكانی نێوان عیراق‌و ئوردن‌و چۆنێتی بەرەوپێشبردنیان، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*