سەرەکی » ئاراستە » كێوەكانی پشت لاوكی شەهیدانپەڕە 3

كێوەكانی پشت لاوكی شەهیدان

كاوە محەمەد ئەمین

لە خەبات و بەرخودانی گەلێكی مافخوراوی وەك گەلی كورد تا بە ئاوات و ئامانجەكانی دەگات بە هەزاران شەهیدو قوربانی دەوێ.
لە مێژووی دوور و نزیكمان دەیان و سەدان كارەساتی جەرگ بڕو تراژیدی ناخ هەژێن هەن كە برینەكانیان وا بەئاسانی ساڕێژ نابن، دەیان و بگرە سەدان خانەوادە هەن سەراپای ژیانیان بۆتە چیڕۆكی ئازار و خەم.
ئەوەتا مەیسونی سەلاری تازەبووك دوای یەك هەفتە جلی بوكێنی فڕێ دا و جلە ڕەشەكانی دووبارە پۆشییەوە، چونكە هێشتا خەم و پەژارەی شەهیدبوونی ئەحمەدی برای ئازارێكی سەخت و دژواربوو، جارێ هەر پرسەداری برا جوانەمەرگەكەی بوو، بەتەنیا عامری هاوسەری خەمی ئەو كۆستەی لەگەڵ بەشكردبوو، لەنێو ژیانێكی نوێدا، ئاواتیان بوو خێزانێكی جوان و نەوایەكی ئارام بۆ(ئامێز)ی تەمەن چل شەوە دروست بكەن.
بەڵام مخابن، جاهیلەكان، تاریكپەرستەكان، لە یەكی شوباتدا، وەك هەموو جار و پیشەی بەردەوامیان كەدژی جوانیەكانی خوداو ژیانی مروڤ و مرۆڤایەتی بوون، عامری هاوسەری و ڕەزای برای و ژمارەیەك لە هەڤاڵانیان لەمەراسیمی جەژن لە بارەگای مەڵبەند شەهید دەكەن.
هەرچەندە مەیسون خانی سەنگین و دایەئایشێی دایكی هەردوو شەهیدان (ئەحمەد و ڕەزا) و شەهید عامریش كە بووە سێیەمین شەهیدی ئەو خانەوادەیە، ئامێزی كۆرپەش بووە دوا یادگاری رێبازە پیرۆزەكەی شەهیدان.
بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەر كردنە، بڕیاری پڕهیمەت و ئیرادەی بەهێزی مەیسون خانی بوكی یەك ساڵەی شەهید عامر و خوشكی هەردوو شەهیدی جوانەمەرگ ئەحمەد و ڕەزا، كە وەكو كێو و شاخێكی بەرزو بڵند، بەرامبەر بەم كۆستە ناخهەژێنە وەستایەوە، نەیهێشت شەوەزەنگی تاریكی چرای خەونی خۆی هاوسەرو براكانی بكوژێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی خەم و ئازاری ئەم كۆستە ئەوەندە بەسوێن، ویژدانی هەموو كەس دەهەژێنێ، خاتو مەیسون سوێندی بە گۆڕی شەهیدان خوارد پەیمانی بەگیانی هاوسەرە جوانەمەرگەكەی دا، كەتا دواین هەناسە، لەناو گۆڕەكەشیدا، هەر هاوسەری شەهید عامربێ، ئیتر لەمەو دوا لەگەڵ دایكە سێجار جگەر سوتاوەكەی سەر پێكەوە بنێن و (ئامێز)ی یادگارە شیرینەكەی هەردوكیشیان، بەو ڕێبازەوە گەورە بكا كە عامرو براكانی لەپێناویدا شەهیدبوون.
ئێستا دوای 16ساڵ، مەیسونی سەلار و ڕوو سوور لەسەر پەیمانەكەی خۆی بەردەوامە و (ئامێز)ی بێبەش لەسۆزی باوك، خوێندكاری قۆناغی ئامادەییەو خۆشی بەو موچە كەمەی شەهیدان و كاری بەرگدروویی خوێندكاری كۆلێژە و ژیانێكی سەربەرزانە بەڕێوە دەبات، بێ ئەوەی لەدەرگای هیچ بارەگایەكی حیزبی یان حكومی دابێت بۆ هاوكاریكردنی خۆی و جگەرگۆشەكەی.
ئەوەندە ڕوو سوورو سەنگینە بۆ ئێمە جێگای ڕێزو شانازیە، پەیمان و وەفای خۆی گەیاندەسەر بۆ شەهید عامری هاوسەری خانەوادە شەهید پەروەرو سەربەرزەكەی.
سڵاو لەگیانی پاكی شەهیدان عامرو و رەزاو ئەحمەدو سەرجەم شەهیدانی یەكی شوبات و شەهیدانی ڕێگای ئازادی كورد وكوردستان.

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*