سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » لە خاچدانی كەركوك

خورجە

لە خاچدانی كەركوك

1
لام وایە پۆلی چواری گشتی بووم دێڕە شیعرێكم بۆ كەركوك نووسیبوو، بە لای خۆمەوە زۆر جوان بوو، نازانم جاری تر بڵاو بووبێتەوە یان نا، بەو جۆرە بوو:

هەر بژی كوردی كەركوكم یەك دڵ و گیان و ئیمانە
شاری رازاوەی وەك بوكم شەنگە گوڵی كوردستانە

راستیەكەی زەمەن دەریخست وانەبوو، چیرۆكی ئەو دەرخستنانەو وانەبوونی كەركوك بۆ جارێكی تر، لەم رۆژانەدا لە ناو كەركوك هەندێ‌ دۆست و شوێنم بەسەر كردەوە، یان ئەوەتا تەمەنی من هەڵكشاوەو زەینم لێڵە یان زۆربەی وێنەكان، تەڵخبوونە تەڵخ تا رادەی ئەوەی كە نەتوانرێت روونیەكان ببینرێن، ئەمە جۆرێكە لە لەخاچدان، لە خاچدان بەو مانایەی هەركەس خۆی دەبینێت و ئەوی تر نا، هەر كەس بیر لە خۆی دەكاتەوەو كەسی تر نا، شێخ رەزاو منیش وێڕای ئەوەی كەركوك ئازاری داوین، بەڵام هەر خۆشمانویستووە، خۆشەویستی یەكسەرە.

2
لە خاچدان هەر هەڵواسین و مێخداكوتین نیە لە سەر لەپ و پێ‌، لە خاچدان لە بوون خستنە، یان روونتر بڵێم هەركەسێك لە كەركوكدا لاسای دۆزەخ بكاتەوەو بە هیچ تێر نەخوات و هەر بڵێت هی تر هەیە، دەی ئەوە كاری لە خاچدانی كەركوكە، كەركوك لە خاچدەدات و خۆی پڕدەكات و ئەوانی تر نابینێ‌، ورگی پێش چاوی دەگرێت، لە نێو ئەرشیفی كەركوكی ئەمڕۆدا شتێك بەرچاوم كەوت كە كاتی خۆی نامەیەكە خوا لێخۆشبوویەك بۆی هێناوم، نامەكە باوكێك داوا لە دۆزەخ ئاسایەكی شار دەكات یارمەتی بدات بۆ نەشتەرگەری كوڕەكەی كە دواتر كوڕەكیشی مرد، كابرا بۆی نووسیوە 25 هەزاری بۆ خەرجبكەن، 25هەزاری بریمەری، ئەو كاتە نانێكی باش لە موحسین و عەبدوڵا پارەكەی دوو هێندە بوو، مالە خاچدان چیە ؟.

3
من هەڵەبووم لەوەدا كە دەمگوت یەك دڵ و گیان و ئیمانە، لە تەواوی تەمەنما چەند مانگێك بەرپرسی نووسینگەی پارلەمان بووم لە كەركوك، نوسینگەكەش بە هەوڵی لێبڕاوانەی خۆم كرابووەوە، خەریك بوو بمخەنە دۆخێكەوە تا مردن ئازار بچێژم، هەر زوو پشتم تێكردو جێمهێشت، ئێستا كەس بەلای ئەو شوێنەدا ناڕوات و كەواتە ڕقەكە لە كێ‌ بوو، من دەیان جار بۆكەركوك بوومەتە قوربانی، خاوەنی یەك ژوریش نیم لەو شارە، كە سۆرانی كوردەواریم بیر دەكەوێتەوە، دەڵێم چش، ئاخر سۆران لە سنەوە بە خێزانەوە هات تا دوای رزگاری كەركوك لە دەروازەكەی نوێژی سوپاسگوزاری بكات.

بۆچ بچمەوە كەركوكی قورمساغ كە لەگەڵ من
ئەهلی هەموو ناسازە وەكو ئاوی حەمامووك

 275 جار بینراوە