سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » لە ئەنجومەنی پیران ترەمپ بێتاوان دەرچوو

لە ئەنجومەنی پیران ترەمپ بێتاوان دەرچوو

لە دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ئەنجومەنی پیران، چوارشەممەی رابردووتر ئەنجومەنەكە پڕۆسەی دادگاییكردنەكەی خستە دەنگدانەوە ‌و بەپێی ئەنجامەكە، 53 سیناتۆر لە بەرژەوەندیی ترەمپ و 47 یش لە دژی دەنگیان دا، بە زۆرینەی دەنگەكانیش دۆناڵد ترەمپ لە تۆمەتەكانی بەخشرا و هیچی بەسەردا ساغ نەبۆوە، بەمجۆرە پیران، ترەمپی لە تۆمەتەكان بێبەری كرد و تاكو ماوەی یاسایی خۆی وەك سەرۆكی ئەمریكا دەمێنێتەوە.
هاتنەدەرەوەی ترەمپ لەو كەیسە لە خۆڕا نییە، بەڵكو بەستراوەتەوە بەو پێگە جەماوەرییەی كە هەیەتی، لەگەڵ بەزیندوویی هێشتنەوەی هاوپەیمانێتیی كۆمپانیا و سەرمایەدارە ئەمریكییەكان لەگەڵ ئەو سەرۆكەدا. جگە لەوەش، كۆمارییەكانیش دەستیان لێ بەرنابێ و سیاسەتی ئەوان جێبەجێ دەكات.
ئەم رووداوە لە بەرژەوەندیی ترەمپ تەواو بوو و بۆ هەڵبژاردن سوودی لێوەردەگرێت. پاش ئەو رووداوە، دەكرێت چەندین سیناریۆو نەخشە بێتە ئاراوە، كە لەوانەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رووبدەن.

ناوەندەكانی داڕشتنی سیاسەت
هەندێك وایدەبینن كە نەخشە و پلانی سیاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تەنها لە لایەن سەرۆكەوە دادەڕێژرێت، بەڵام لە راستیدا وانییە و لەو وڵاتە دوو جەمسەری داڕێژەری سیاسەت هەن، یەكێكیان دەزگایەكە بەناوی Heritage Foundation كە رەوتێكی راستڕەوە و پشتیوانی گەورە و داكۆكیكاری ترەمپ دەكات، بەڵام دەزگای The Business Round Tabl و ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە، دوو نەیاری هەرە گەورەی ترەمپن، كۆی ئەو دەزگایانە سیاسەتی داهاتووی وڵات دەكێشن و رێنمایی دەدەنە نێوەندی سیاسی. ئەو دوو رەوتە پێكهاتوون لە دوو پڕۆژەی سەرەكیی ژیانی سیاسی وڵات و بەردەوام لە ناكۆكیدان.

پڕۆژەی لیبراڵی
ئەو پڕۆژەیە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا هاتۆتە كایەوە و خۆی لەسەر جیهانگیری بنیاتناوە، لەگەڵ كرانەوەی سنوورەكان و تێكەڵاوی و سوودوەرگرتن لە میللەتە بێگانەكان، ئەم پڕۆژەیە وایدەبینێ كە كەرتی سەربازی و سوپا و پێشكەوتنی ئەو كەرتە، گرنگە بۆ ئابووری وڵات و وڵاتانی پیشەسازیی گەورەی وەك چینیش بە مەترسی نازانن بۆ سەر داهاتووی ئابووری وڵاتەكەیان، هەریەك لە بانكە گەورەكان بانكی فیدراڵی ئەمریكی و دزگای وۆڵ ستریت پشتیوانی لەو پڕۆژەیە دەكەن.

پڕۆژەی گەلپەرستەكان
هەندێك وایدەبینن كە سەرۆك ترەمپ كەسێكی راستڕەو و گەلپەرستە و هەڵگری مەشخەڵی پارتە توندڕەوەكانە، بەڵام لە راستیدا ترەمپ وانییە، بەڵكو توانیویەتی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی راستڕەوەكان ببێ و لەگەڵ ئەوان هەڵ بكات ‌و كاری وادەكات كە بەدڵی ئەوانە. بۆ نموونە، لە بواری ركابەری كۆچبەراندا رێك مەبەستی ئەوان دەپێكێت، هەروەها لە بواری ئابووری و بازرگانی و وڵاتپەرستیدا هەمان بەرنامەی ئەوانی داڕشتووە و توانیویەتی سوود لە بنكەی فراوانی ئەو گەلپەرستانە وەربگرێت و داخوازییەكانیان بهێنێتەدی.

بەرنامەی هاوبەش
بە درێژایی مێژوو، ئەو دوو جەمسەرە لە ئەمریكا لە بەربەرەكانێدان، بەڵام لە هەندێ هێڵی سەرەكیدا كۆكن و رێكەوتوون، لەوانە، بازاڕی ئازاد و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان و دەست نەبردن بۆ سەروەرییەكانی ئەمریكا، ئەمانە كاری هاوبەشی هەردوو رەوتەكەن و هەر كەسێ دەستیان بۆ بەرێت بە هەمووان رووبەڕووی دەبنەوە، بۆیە كەسایەتیی سیاسی دیموكراتەكان «بێرنی ساندەرز» كە كاندیدی سەرۆكایەتیی ئەمریكایە، پێناچێت بەخت یاوەری بێت، چونكە ناتوانێت هەموو جەمسەرەكان رازی بكات و لەسەر هێڵی هاوبەشیان كار بكات، بەڵام «جۆن بایدن» وەك كەسایەتییەكی بەهێزی دیموكراتەكان، دەتوانێت ركابەری ترەمپ بكات، بۆیە لە ئێستاوە سەرۆك ترەمپ دژایەتییەكانی لە بەرامبەردا خەستكردۆتەوە.

ئەگەری مانەوەی ترەمپ
یەكێك لە دەستكەوتە هەر نایابەكانی ترەمپ بۆ ئەمریكییەكان، گەشەپێدان بووە بە ئابووریی وڵاتەكەی لەگەڵ دەستەبەركردنی هەلی كار، پاراستنی بەرهەمەكانی نێوخۆی وڵات و ململانێی ئەوانەی دەرەوە و جوڵاندنی بازاڕی كار، ئەمانە هەموویان لە سایەی سیاسەتی ترەمپەوە هاتوونەتە ئاراوە، كە لەوانەیە ببنە بەختی مانەوەی ترەمپ لە خولێكی تری سەرۆكایەتیی وڵاتدا. بەكورتی، كەسێك دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا كە ئەو دەزگا گرنگانە لێی رازی بن و لە هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی وڵاتەكەیان لانەدات.

سەرچاوە:جەزیرەنێت، سی ئێن ئێن

print

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*